بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 7%ی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەدەرەوە دەژین. ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ئێرانییەکانی دەرەوەی ئێران، ژمارەی ئێرانییەکانی دەرەوەی بە نزیکەی 6 ملیۆن کەس مەزەندەکردووە. زۆربەیان لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامین و دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی و لەماوەی 37 ساڵەی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی لە 26 وڵاتی جیهان بڵاوبوونەتەوە. نزیکەی یەک ملیۆن و نیویان لە ئەمریکا دەژین. هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایان لە دەرەوەی ئێران بەڕێوەناچێت و تاران لە هیچ وڵاتێک بنکەی دەنگدانی نەکردووەتەوە.
زیاتر لە 30 حیزب و لایەنی سیاسی ئێرانی و کوردی لە دەرەوەی ئێرانن کە زۆربەیان هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە. ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران کە رێکخراوی موجاهیدنی خەڵقیشی لەخۆ گرتووە و ناوەندی سەرەکی لە فەرەنسایە، هەڵبژاردنەکانی ئێرانی بایکۆت کردووە. مریەم رەجەوی بەناوی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی بەرگری ئێران رایگەیاندووە: "ئەنجامی سیناریۆی هەڵبژاردنەکان هەرشتێک بێت، رژێمی ئێران لاواز دەکات و پەرەبە کێشە نێوخۆییەکانی مەلاکان و ناڕەزایەتییە گشتییەکان دەدات".
ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێران کە لەلایان رەزا پەهلەوی، کوڕی دوایین شای ئێران سەرۆکایەتی دەکرێت، داوای لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا نەکەن کە مەشروعیەت بە رژێمێک دەدات کە بەرەو رووخان هەنگاوی دەنێت.
حیزبە چەپەکانی ئێران بە کۆمۆنیست، مارکسیست، لێنینست و مائۆئیستی و حیزبی توودەوە، هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان بایکۆتکردووە.
بایکۆتکردنی ئەو حیزبانە لەکاتێکدایەتاران هەموو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بە نایاسایی و هەڵوەشاوە ناوبردووە و رێژەی راستەقینەی ئەندام و لایەنگرانیان لەناوخۆی ئێران ناڕوونە.
سەرەڕای هەڵوێستی بایکۆت، هەندێک لە کەسایەتیە سیاسییە ئێرانییەکانی دەرەوە پشتیوانی لە رەوتی ریفۆرم دەکەن و پێیانوایە خەڵک دەتوانێ بە هەڵبژاردنی ریفۆرمخوازان، بەرە بەرە رێگا بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و حکومەتێکی کراوە خۆش بکات. لەو نێوەدا یەکێتی کۆماریخوازانی ئێران بەپێچەوانەی رای گشتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی داوای لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.
فەروخ نیگەهدار، سەرکردەی یەکێتی کۆماریخوازان کە بۆ هەڵبژاردنی پێشوو گەڕابووەوە ئێران، دەڵێ "بایکۆت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر رای خەڵک نابێت. زۆربەی دەنگدەران دەنگ بە گۆڕان و ریفۆڕم دەدەن. ئەگەر هێزە ریفۆڕمخوازەکان یەکگرتوو و یەکهەڵوێست بن، دەتوانن پیلانی توندڕەوەکان تێک بدەن".
بەپێچەوانەی هەڵوێستی چەندساڵەی ئۆپۆزیسیۆن، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، زۆرینەی شەقامی ئێران بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و ئێستاش لایەنگرانی هەڵبژاردن، مزگێنی ئەوەدەدەن کە بە سەرکەوتنی ریفۆڕمخوازان، قۆناخێکی نوێی چاکسازی و گۆڕانکاری لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەستپێدەکات.
27/2/2016