سەرۆکوەزیرانی تورکیا بە یاوەری شاندێکی ئابووری و سیاسی لە ئێرانە. میدیاکانی ئێران دەڵێن داودئۆغڵو لەو سەردانەیدا، داوا لە بەرپرسانی ئێرانی دەکات، سنوورێک بۆ پێشڕەوییەکانی کورد لە نزیک سنوورەکانی تورکیا دابنێن.
شەوی هەینی 4-3-2016، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەیاوەری وەزیرانی وزە، ئابووری، گومرک و بازرگانی و گواستنەوە و گەیاندن گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەلایان وەزیری پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.
بڕیارە رۆژی شەممە 5-3-2016، سەرۆکوەزیرانی تورکیا و شاندی یاوەری زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی ئەنجامبدەن.
میدیاکانی ئێران پرسی کوردیان بە یەکێک لە سەرەکیترین تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان داودئۆغڵو و بەرپرسانی ئێرانی ناوبردووە و نووسیویانە: "بەو پێیەی کوردەکانی سووریا هاوکاری و هەماهەنگییەکی پتەویان لەگەڵ ئێران و رووسیا هەیە، داودئۆغڵو داوا لە ئێران دەکات، سنوورێک بۆ پێشڕەوی و جموجۆڵی کورد لەسەر سنوورەکانی تورکیا دابنێت".
هەر بەپێی میدیاکانی ئێران، تورکیا پێشڕەوی هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بە زیانی ئاسایشی ناوخۆیی خۆی و زیاتر شڵەژانی دۆخی باکووری کوردستان دەبینێت و دەیەوێ ئێران جموجۆڵیان لەسەر سنوورەکانی تورکیا کەمبکاتەوە.
جگە لە پرسی کورد، پرسی رووسیا و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ لەسەر سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی داودئۆغڵو لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دەبێت. تورکیا دەیەوێ لەو سەفەرە، لەڕێگای ئێرانەوە پەیامێک بۆ رووسیا بنێرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە گەشتە ئەفریقاییەکەی لە ناو فڕۆکەدا بە میدیاکانی راگەیاندووە، سەردانەکەی داودئۆغڵو بۆ ئێران زۆر گرنگە. راشیگەیاندووە "ناوچەکە بە رەوشێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەرێت و هیوادارین جەنابی سەرۆکوەزیران بە ئەنجامێکی خێرەوە بگەڕێتەوە".
پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی ئەنکەرە و تاران، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی داودئۆغڵو لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانییە. تورکیا یەکێک لە کڕیارانی سەرەکی نەوت و گازی ئێرانە، بەڵام دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ نەوت و گازی ئێران و رێگادان بە راکێشانی بۆری سەربەخۆی نەوتی کوردستان و پشتیوانی لە راکێشانی بۆری گازی کوردستان لە خاکی تورکیاوە، ساردی خستووەتە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەو دوو وڵاتە لەساڵی 2012ەوە بەرەو داکشان چووە، بەشێوەیەک کە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لە 21 ملیارد و 89 ملیۆن دۆلار لەساڵی 2012 بۆ 6 ملیار و ملیۆنێک دۆلار لە ساڵی 2015 دابەزیوە.
7/3/2016