تەندروستیی "ئەفشین سوهراب زادە" بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان لە مەترسی دایە و بە گوێرەی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە کوردستان ئەو بەندکراوە کوردە بە دەست شێرپەنجەی ریخۆڵەوە دەناڵێنێت، بەرپرسانی بەندیخانەش بەرامبەر بەو بەندکراوە کەمتەرخەمن.
سوهراب زادە بە تۆمەتی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان و ئەندامبوون لە حزبێکی کوردیی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە سزای 25 ساڵ بەندکردنی بۆ بڕاوەتەوە.
بە گوتەی ناوەندی بەرگریی لە مافی مرۆڤی کوردستان کە لەزاری کەسوکاری سوهراب زادەوە گواستوویەتەوە، دادگا تەنیا لە 5 خولەکیدا سزای 25 ساڵ زیندانیکردنی بۆ سوهراب زادە بڕیوەتەوە.
سوهراب زادە ئێستا لە بەندیخانەی شاری میاندواو بەند کراوە و ئەمە لە کاتێک دایە ماوەیەکە بە دەست شێرپەنجەی ریخۆڵە و خوێنبەربوون و نەخۆشیی گورچیلەوە دەناڵێنێت.
ئەفشین سۆهراب زادە هاوینی ساڵی 2015 بە مەبەستی چارەسەرکردنی پزیشکی گواستراوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین، بەڵام دوو مانگ لەمەوبەر بەبێ وەرگرتنی چارەسەری و بە گوتەی بەرپرسانی ئێران بەهۆی گرانیی تێچووی دەرمان (185 ملیۆن تمەنی ئێرانی) گەڕێندرایەوە بەندیخانەی میاندواو.
ئەفشین سوهراب زادە، تەمەنی 24 ساڵە و خەڵکی شاری کرماشانە و لە 8ی حوزەیرانی 2010 وە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری کامیارانەوە دەستبەسەر کراو و دوای لێپێچینەوە گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە و دواتر بۆ بەندیخانەی میاندواو دوور خرایەوە.
سوهراب زادە لە میانەی نامەیەکدا بۆ ئەحمەد شەهید نێردراوی نەیەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ نووسیویەتی: "ئەوەندی لە بیرم بێت بەرلە دەستبەسەر کرانم باری تەندروستیم تەواو جێگیر بوو، بەڵام لە ئیدارەی ئیتلاعات ئەشکەنجەیەکی زۆریان کردم".
10/3/2016