کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند یەکێتی ئەوروپا پێویستی بەوەیە بە هەماهەنگی و پلانێکی هاوبەش کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەری بکات، فەرەنساش داوا دەکات وڵاتانی دیکەی ئەوروپا چاو لە ئەڵمانیا و فەرەنسا بکەن و بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئەستۆی خۆیان بگرن، هاوکات دوایین ئامار دەریدەخات، کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی تەنیا لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە ئەوروپا بۆ 293 هەزار کەس بەرزبووەتەوە، جگە لەوەی بەشێکی دیکەی کۆچبەران لەڕێگای تورکیاوە دەگەنە یۆنان و وڵاتانی باڵکان.
لە ماوەی مانگێکدا ژمارەی پەنابەران بۆ ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، لەو مانگەدا ژمارەی کۆچبەران بەرەو ئیتاڵیا لە 90 هەزارەوە گەیشتەووەتە 110 هەزار، یۆنانیش لە دوایین ئاماردا رایگەیاند ژمارەی کۆچبەران بۆ یۆنان گەیشتووەتە 181 هەزار کۆچبەر، کە بەشێکی زۆریان لەڕێگەی مەکدۆنیا و سربیا خۆیان دەگەیەننە هەنگاریا، بەمەش ژمارەی ئەوانەی گەیشتونەتە هەنگاریا لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا هەزاری تێپەڕاندووە، بەڵام بەشێک لەو ژمارەیە لە یۆنانەوە نەهاتوون، بەڵکو لە وڵاتانی دیکەی باڵکانەوە وەک کۆسۆڤۆ و ئەلبانیا و چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە هاتوون، نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە ژمارەی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا تا دێت لە زیادبووندایە.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت :" لەڕاستیدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە 293 هەزار کۆچبەر و پەنابەر هەوڵیدان داوە لە دەریای ناوەڕاستەوە بگەنە ئەوروپا و 2240 کەسیش لەو رێگەیدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دەریدەخات ئەوروپا لەبەردەم ململانێیەکی جددیدایە".
رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە جنێڤ لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە رەوشی کۆچبەران بەڕێوەچوو، فەرەنسا داوایکرد هاوشێوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بەشداری لە پلانی یەکێتی ئەوروپادا بکەن.
بێرنارد کازانۆڤ، وەزیری ناوخۆی فەرەنساش دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت" پرسیارێک هەیە لەبارەی هەماهەنگی و هاوکاری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە دەبێت بکرێت، بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو پرۆسەیەوە بکەن، کە دەستمان پێکردووە لەپێناو چارەسەرکردنی رەوشی کۆچبەریدا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی تەواوی خۆیان لەئەستۆگرتووە و پێشنیازیشیان لەو بارەیەوە کردووە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی هەوڵی هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاین بۆ ئەوەی هەموو هەوڵەکان کۆبکەینەوە".
ئەڵمانیا لە قەیرانی کۆچبەریدا رۆڵی سەرکردایەتیکردنی چارەسەری کێشەی کۆچبەری دەگێڕێت، ئەوەشی دووپات کردووەتەوە، کە لەمساڵدا چاوەڕێی گەیشتنی 800 هەزار کۆچبەر بۆ وڵاتەکەی دەکات، هاوکات ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا لەکاتی سەردانی کامپەکانی کۆچبەران رایگەیاند حکومەتی ئەڵمانیا بە هەموو جۆرێک دژ بە بیرۆکەی دژە کۆچبەران و پەنابەرانە لە وڵاتەکەیدا و لەو جۆرە کارانە خۆش نابێت کە دژ بە کۆچبەران دەکرێن.
ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا دەربارەی ئەو پەنابەرانەی روو لە وڵاتەکەیان دەکەن دەڵێت:" مامەڵەکردن بەشێوەیەکی مرۆییانە و پاراستنی کەرامەتی خەڵک کە دێنە وڵاتەکەی ئێمە لە بنەما سەرەکییەکانی تێگەیشتنە و ئەمەش دەبێت ببێتە رەمزێک بۆ ئەڵمانیا، ئەوەی دژ بە کۆچبەران ئەنجامدراوە مایەی شەرمەزارییە، ئەڵمانیا یارمەتی هەرکەسێک دەدات کە پێویستی بە یارمەتی بێت".
لە بەرامبەردا باراک ئۆباما لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مێرکڵ ستایشی رۆڵی ئەڵمانیا و کارەکانی ئەنگێلا مێرکڵی کرد، لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەراندا و ئەڵمانیای بە سەرکردایەتیکردنی پڕۆسەی چارەسەری قەیرانی کۆچبەری ناوبرد.
28/8/2015