وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک بەرامبەر ئەو گرژییانەی لە هەندێك شوێنی باکووری کوردستان و تورکیا دروستبوون، دواهەمینیشیان سووتاندنی بارهەڵگرێکی ئێران لە تورکیا، تاران بڕیای داخستنی دەروازەیەکی سنووری بەڕووی تورکیا دەركرد.
داود كیشافارزیان، بەڕێوەبەری رێکخستنی گواستنەوەی زەمینی، بۆ میدیاکانی ئێران رایگەیاند "تاران بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووری لەگەڵ تورکیا دەركرد، دوای ئەو هێرشە نوێیەی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا دژ بە باهەڵگرێکی ئێرانی کراو ئاگری تێبەربوو".
كیشافارزیان دەڵێت "دوای ئەو هێرشە نوێیەی دوێنی شەو کرایە سەر بارهەڵگرێکی ئێرانی لە تورکیا، بڕیارماندا بە داخستنی دەروازەی سنووریی بازرگان لەگەڵ ئەو وڵاتە". كیشافارزیان دەشڵێت " خۆشبەختانە شوفێرەکە لەو رووداوەدا رزگاری بوو، بەڵام بارهەڵگرەکەی سووتا".
بەڕێوەبەری رێکخستنی گواستنەوەی زەمینی ئێران ئاماژە بەوە دەدات " دەروازەی سنووریی بازرگان بە ئاراستەی تورکیا بۆ ئێران کراوەدەبێت". كیشافارزیان ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەو "ناڕەزایی دەربڕینی ئێرانی لە دیدارێکدا بە باڵیۆزی تورکیا لە تاران گەیاندووە و دوای لێکردووە حکومەتی تورکیا گەرەنتی سەلامەتی شوفێرانی ئێرانی بکات، هەروەک چۆن ئێران لەبەرامبەر شوفێرە تورکەکان مامەڵەی کردووە".
پێشووتریش کاربەدەستانی باڵیۆزخانەی ئێران لە تورکیا و کونسوڵخانەی ئێران لە ئەرزڕۆم سەبارەت بە گەشتكردنی ئێرانییەکان بۆ ئەو وڵاتە هۆشدارییان دابوو. باڵیۆزی ئێران لە تورکیا خەڵکی ئێرانی سەبارەت بە پشێووی لە هەندێك ناوچەی تورکیا و سەردانیکردن بۆ ئەو وڵاتە ئاگادارکردبووەوە. ئەم بڕیارەی تاران بەهۆی ئەو گرژییانەی لە هەندێك شوێنی باکووری کوردستان و تورکیا روویاندا، دراوە.
13/8/2015