بە دەموچاوێكی هیلاكەوە خۆی كرد بە ژووردا. لەلایەك هێشتا دروستكردنی حكومەتی هاوپەیمانی سەرینەگرتووە، لەلایەكی دیكەوە پرۆسەی چارەسەریی پرسی كورد خەریكە بە بنبەست دەگات، وڵاتەكەشی لەبەردەم هێرشی پەكەكە و داعشدایە. ئەحمەد داودئۆغڵۆ سەرۆكوەزیرانی توركیا لەسەر خواستی خۆی لە جەنجاڵترین كاتەكانیدا چاویكەوت بە كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی باشووری كوردستان. داودئۆغڵۆ رۆژی پێنجشەممە 13ی ئابی 2015، لە كۆشكی چانكای لە ئەنكەرە وتارێكی پێشكەشكرد، كە تێیدا دیدگای خۆی بۆ مەسەلەی كورد و رۆڵی توركیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسكرد.
داودئۆغڵۆ باسی ئەوەیكرد كە كورد و تورك و عەرەب هەموویان برای یەكن و سنوورە دەستكردەكان لێكی جیاكردوونەتەوە. ئەو گوتی: "سنوورەكانیش جیامانبكاتەوە هەر بەدڵ دەبێ یەكبین".
بۆ رۆڵی وڵاتەكەشی لە ناوچەكەدا، سەرۆكوەزیرانی توركیا، كە یەكێكە لە پرۆفیسۆرەكانی مێژوو و تیۆریستەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، باسی لە دوو بەرە كرد كە لە چاویلكەكەیەوە تەماشای پێدەكات و ئێستا ئەجێندای سیاسەتی وڵاتەكەیەتی، "بەرەی یەكەم: ئەو كەسانەن کە باوەڕیان بە ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیان هەیە، كە كورد و تورك و عەرەب و فارسی تێدایە"، بەرەكەی دیكەش ئەو كەسانەن، وەك خۆی گوتی: "عەرەبی تێدایە وەك داعش و كوردیشی تێدایە وەك پەكەكە و توركیشیان تێدایە كە باوەڕیان بە كوشتنە".
سنوورەكان بۆ داودئۆغڵۆ دەستكردن و پێیوایە رۆژێك دێت لابچن. ئەو باسی لەوە دەكرد كە لە دانیشتنەكانیدا لەگەڵ شاندی وڵاتانی دراوسێی توركیا بە هەرێمی كوردستانەوە هەمیشە گوتوویەتی "رەنگە ئەگەر سنوورێك كەمتر یان شاخێك كەمتر لەنێوانماندا هەبووایە، ئەوە یەكێك لە ئەندامەكانی شاندەكەی ئێوە رەنگە لە ریزی ئێمەدا دابنیشتایە یان بە پێچەوانەوە".
قسە تیۆرییەكانی داودئۆغڵۆ، لەسەر خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە واقیعدا جۆرێكی دیكەن. ئێستا لە نێوخۆدا توركیا دووچاری كێشەی پێكنەهێنانی حكومەت و پەكەكە بووەتەوە لە دەرەوەش هەڕەشەی داعش و نەبوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ زۆر لە وڵاتانی درواسێی دەبینرێ.
بۆ ئەم مەسەلەیەش داودئۆغڵۆ مێژوو دەكاتە بنچینەی سیاسەت و دەڵێ بڕیاری دروست بدەیت خۆت لە مێژوویەكی راستدا دەبینیتەوە و مێژوو رەحم بە زۆرداران و دۆستەكانی ناكات.
بۆ مەسەلەی كێشەی كوردیش لە توركیا، بەبڕوای سەرۆكوەزیرانی و راوێژكارانی ئێستا لە توركیا كوردێك و توركێك وەك یەك كێشەیان هەیە و ئەوە نەما كەس لەسەر كولتوور و زمان بچەوسێتەوە.
لەكاتێكدا داودئۆغڵۆ باسی ئاشتیی دەكرد لە ئەنقەرە لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەكەی كە باكووری كوردستانە، هەواڵی كوژرانی سەربازەكانی و شەڕ و پێكدادان دەهات.
داودئۆغڵۆ لە بارەی هەڵگیرسانەوەی شەڕ گوتی "چ دەوڵەتێك كوژرانی دوو پۆلیسی خۆی قبوڵدەكات؟" ئەو كوژرانی دوو پۆلیسەكەی توركیا وەك بیانوویەك بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕ باسکرد.
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی: "لە ماڵەوە بووم كاتێك هەواڵی كوژرانی دوو پۆلیسەكەیان بۆ هێنام، بە دەزگا ئەمنییەكانم گوت لێكۆڵینەوە بكەن بزانن كێیە، یەكسەر پەكەكە تۆمەتبار مەكەن، چونكە گرووپی زۆر هەیە حەزی لە هەڵگیرسانەوەی جەنگە، بەڵام پەكەكە دوای دوو كاژێر لێپرسراوێتیی گرتە ئەستۆی خۆی".
لەبارەی كوژرانی مەدەنییەكانی زارگەلیش، سەرۆكوەزیرانی توركیا نكۆڵیی لەوە كرد كە سوپای وڵاتەكەی خەڵکی مەدەنی بكاتە ئامانج و گوتی: "پەكەكە خەڵکی مەدەنیی بردووەتە كەمپی سەربازیی خۆی".
وەك یەكێك لە چارەسەرەكان لە گفتوگۆكەی رۆژنامەنووسانی باشوور و داودئۆغڵۆ، ئازادكردنی ئۆجەلان درایە بەرگوێی سەرۆكوەزیرانی توركیا، كە ئێستا كۆشكەكەی ئەتاتورك مەنزڵیەتی، بەڵام ئەو گوتی "پەكەكە بەگوێی ئۆجەلانیش ناكەن، ئەگەر بیانكردایە دەبووایە لە ساڵی 2013 چەك دابنێن".
17/8/2015