ماوەی سێ رۆژە هاوپەیمانی نیشتیمانی سووریا لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەتەوە و تاوەکو درەنگانی ئەمشەو یەکشەممە 2-8-2015 کۆبوونەوەکە بەردەوام دەبێت.
ئەمە سێیەم خوولی دانیشتنی هاوپەیمانیی نیشتیمانی سووریایە و تێیدا باس لە پەرەسەندنە سیاسییەکانی نێوخۆی سووریا و ناوچەکە دەکەن، هەروەها پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دەخرێتە بەرباس.
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، پرسی رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی 5+1 و کاریگەرییەکانی لەسەر "شۆڕش"ی سووریا، یەکێکی دیکەیە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، جگە لەوەی باس لە پرسی کارەکانی لێژنەی سەرپەرشتیار بۆ پێکهێنانی لێژنەی سەربازی دەکرێت، کە ماوەیەک پێش ئێستا لە ناوچەی رەیهانلی لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا لەلایەن چەند پلەدارێکی سەربازی نێو سوپای ئازادی سووریا دامەزرا.
هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گرووپی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەیە و بارەگای سەرەکیان لە تورکیایە.
ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و چەند حیزبێکی رۆژئاوای کوردستان لەناو ئەو هاوپەیمانیەدا ئەندامن و ئەو هاوپەیمانییە کە سوپای ئازادی سووریاش لەخۆ دەگرێت لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهان دانیپێدا نراوە وەک نوێنەری راستەقینەی گەلی سووریا.
2/8/2015