عەلی خامەنەئی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە نوێژی جەژنی رەمەزان کە ئەمڕۆ شەممە 18-7-2015 لە ئێران کرایە جەژن رایگەیاند ''رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1 دەبێ بە رێڕەوێکی یاسایی چاوەڕوانکراودا بڕوات و چ پەسەند بکرێت یان پەسەند نەکرێت رێگە بە خراپ کەڵک وەرگرتن لەو رێککەوتنە نادەین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێبەری ئێران تیشکی خستە سەر سیاسەتی ئێران لەدوای رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان و رایگەیاند:" رەشنووسی رێککەوتنی ئەتۆمی پەسەند بکرێت یان نەکرێت، ئێمە دەست هەڵناگرین لە پشتیوانیکردنی دۆستانمان لە ناوچەکە، گەلانی ستەملێکراوی فەلەستین و یەمەن، گەل و حکومەتی سووریا، گەل و حکومەتی عێراق، گەلی ستەملێکراوی بەحرەین و موجاهیدانی لوبنان و فەلەستین بەردەوام لەلایەن ئێمەوە پشتیوانی دەکرێن".
گۆرانکاری سیاسەتی ئێران لەبەرامبەر ئەمریکاوە بەشێکی دیکەی قسەکانی رێبەری ئێران بوو کە رایگەیاند:" بەو دانوستاندنانەی کە بەڕێوەچوو و بەو رەشنووسەی کە نووسراوە، سیاسەتی ئێمە لەبەرامبەر ئەمریکاوە هیچ گۆرانکارییەکی بەسەردا نایەت".
عەلی خامەنەئی رێککەوتنەکە بە سەرکەوتنی ئێران هەژمار دەکات و پێیوایە ئەوان دانیان بە مافی ئەتۆمی ئێراندا ناوەوە دەڵێت:''ئێران رووبەڕووی ئەو شەش وڵاتە بووە، ئەوانیش بە ناچاری دانیان بە مافی ئێران نا لە پیشەسازی ئەتۆمیدا، رێککەوتنەکەش بە رێڕەوی خۆیدا دەڕوات و هیچ کەسێک ناتوانێت بنەما دەستوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشێل بکات''.
خامەنەئی هاوشێوەی جاران هێرشدەکاتەوە سەر ئەمریکا و دەڵێت ''ئێران هیچ کاتێک مل نادات بۆ ئارەزووەکانی دووژمنانی، ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکاش باسیدەکەن لە ملکەچبوونی ئێران ئەوە خەونێکی ئیدارەی ئەمریکایە کە هەرگیز نایبینن، پێنج سەرۆککۆماری ئەمریکا لەسەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە تاوەکو ئیستا بە خەونی تەسلیم کردنی ئێرانەوە یان مردن و یان لە مێژوودا ون بوون، تۆیش( سەرۆککۆماری ئێستای ئەمریکا) وەک ئەوانی پێشووتر هیچکات ئەو ئاواتەت نایەتە دی کە ئێران تەسلیم بکەی ''.
لە کۆتاییدا خامەنەئی باسی شەڕ دەکات و دەڵێت ''ئێمە هیچ کات شەڕخواز نەبووین، بەڵام ئەگەر رووبدات، ئەوەی تێیدا بە دۆڕاوی دەردەچێت تەنیا ئەمریکایە''.
18/7/2015