گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ "عەبادی نوێنەری هەموو عێراقە". ئەم لێدوانە وەڵامێک بوو بۆ پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە پرێس کۆنفرانسێکدا، کاتێک پرسیاری بانگهێشتنەکردنی هەرێمی کوردستانی لێکرد بۆ کۆبوونەوەکەی لەندەن.
رۆژی پێنجشەممە 22/1/2015 ، لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆنگرەی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش بەڕێوەچوو. هەرێمی کوردستان بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا، بۆیە هەمان رۆژ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێكی ناڕەزایی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەكەیدا بارزانی دەڵێ: " ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد هەموو لایەك رێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرن و داوای بەشداربوونی نوێنەری كوردستان لەم كۆنگرەیە و كۆنگرە هاوشێوەكان بكەن. هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە ئێستا كاریگەرترین هێز كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و كردەیی رووبەڕووی تیرۆریزمی جیهانی بووەتەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە".
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئەمڕۆ ئەو ناڕەزاییەی بارزانی کردە پرسیار و لە پرێسکۆنفرانسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاراستەی جێن ساکی گوتەبێژی ئەو وەزارەتەی کرد، بەڵام ئەو سەرەتا ئامادە نەبوو وەڵامبداتەوە. سووربوونی پەیامنێرەکەی رووداو لەسەر پرسیارەکەی بۆ وەرگرتنی وەڵام، وایکرد جێن ساکی بە گرژییەوە بڵێ: "بەڵێ، حەیدەر عەبادی نوێنەری هەموو خەڵکی عێراقە".
پەیامنێری رووداو : نامۆ عەبدوڵڵا
24/1/2015