ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) رایدەگەیەنێت، كە دانانی پەیكەری مەعسوم كۆركماز لەسەر بڕیاری ئەوان نەبووە و بێئاگایی كەجەكەی لە دانانی پەیكەرەكە خستەڕوو. سەبری ئۆك، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان KCK رایگەیاند، "نازانین پەیكەری هاوڕێمان مەعسوم كۆركماز بە بڕیای كێ و لەلایەن كێوە دانراوە، ئەمە بڕیاری جوڵانەوەكەی ئێمە نەبووە". لەگەڵ ئەوەشدا ئۆك رەخنەی لە رووخاندنی پەیكەرەكە و شێوازی رووخاندنەكە گرت و گوتی، "دانانی پێی سەربازێكی تورك لەسەر سەری پەیكەرەكە ساڵانی دەیەی نەوەدەكانم دێنێتەوە بیر، بەڵام ئێمە رێز لە بەها مێژووییەكانی تورك و نەتەوەكانی دیكە دەگرین". ئەم گوتانەی سەبری ئۆك لەكاتێكدایە، كە لە دوای رووداوەكەوە چەند هەڵمەتێكی پارتیزانی بۆسەر بارەگا و بنكەكانی هێزە ئەمنییەكانی توركیا لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە دەستی پێكردووە. سەرلەبەیانی رۆژی 19/08/2014 هێزە ئەمنییەكانی توركیا لە گوندی سیسێ-ی سەر بە لیجەی شاری ئامەد لە باكووری كوردستان، ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ تێكشكاندنی پەیكەری مەعسوم كۆركماز، یەكەم فەرماندەی پارتیزانی پارتی كرێكارانی كوردستان رێكخست و گرژی لەنێوان خەڵك و هێزە ئەمنییەكان كەوتەوە، كەسێك كوژراو و دوو كەسی دیكەش برینداربوون. دوای رووخاندنی پەیكەرەكە، وێنەی سەربازە توركە بەشداربووەکان لە ئۆپەراسیۆنەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، كە قاچیان خستووەتە سەر دەموچاوی پەیكەرەكە. ماڵباتی كۆركماز ئەم رەفتارەی سەربازانی توركیایان وەك سوكایەتیكردن دانا و لە دادگای ئامەد داوای یاساییان تۆماركرد.
23/08/2014