دەسەڵاتدارانی گرتووخانەكانی رووسیا دژی بڕیارێكی ستالینی سەرۆكی یەكێتی سۆڤێت وەستانەوە، بەهۆی ئازادكردنی بەندكراوێكی ئەڵمانی، كە لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە كاتێكدا تەمەنی 14 ساڵ بووە بەتۆمەتی كوشتنی كوڕی ستالین لە زیندانە.
راینهارد كونزی نازناوی دوایین زیندانیی جەنگی جیهانیی دووەمی پێدراوە، لەبەرئەوەی لەوەتای ساڵی 1945ەوە واتا 69 ساڵە لە زیندانە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەمبارەیەوە رایگەیاندووە "بەهۆی نییەت پاكییەوە حكومەتی مۆسكۆ ئامادەیە شانازی نەتەوەیی بەلاوەبنێت و سۆزو بەزەیی بەرامبەر بە راینهارد نیشانبدەن و بینێرنەوە ماڵەوە".
راینهارد لە تەمەنی 12 ساڵییەوە خراوەتە ریزی جەنگاوەرە تەمەن بچووكەكانی هیتلەر و دواتر بە تۆمەتی كوشتنی یاكۆڤ-ی كوڕی جۆزێف ستالینی سەرۆكی یەكێتی سۆڤێت دەستگیركراوە.
یاكۆڤ-ی كوڕی ستالین لە شەڕێكدا دەستگیركرابوو، بەهۆی ئەوەی باوكی (ستالین) ئامادەنەبوو بەرامبەر بە ئازادكردنی ئەفسەرێكی ئەڵمانی وەكو دیل بیگۆڕێتەوە، كوژرا و راینهاردیش كە ئەو كاتە تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بوو بە كوشتنەكە تۆمەتباركرا و دەستگیركرا.
ستالین لەوكاتەدا بڕیاریدا ئەگەر هەموو تاوانبارانی جەنگ رزگاربكرێن، نابێت بكوژی كوڕەكەی رزگاربكرێت و دەبێت هەتاوەكو كۆتایی تەمەنی لە زیندان كاری پێبكرێت.
حكومەتی دیموكراتی نوێی رووسیا بەبێ بوونی هیچ بنەمایەكی یاسایی داواكەی ستالینیان جێبەجێكردووە، بەڵام پێدەچێت ئێستا حكومەتی رووسیا بۆ كەمردنەوەی گرژییەكانی لەگەڵ ئەڵمانیا بەهۆی ئۆكراینا زیندانییەكە ئازادبكات.
زۆرێك لە شارەزایان پێیانوایە ئەم كارەی رووسیا نایانگەیەنێتە مەبەستەكەیان لەبەرئەوەی دەریدەخات، كە ئەم حكومەتە بە شێوەیەكی نایاسایی بۆ ماوەی نزیكەی 70 ساڵ هاووڵاتییەكی ئەڵمانی زیندانی كردووە، ئەوەی كارەكە خراپتریش دەكات ئەوەیە ئەو هاووڵاتییە تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بووە كاتێك خراوەتە زیندانەوە.
19/07/2014