
24-7-1923 لە شاری لۆزانی سویسرا رێکەوتننامەیەک واژۆ کرا. دەوڵەتە براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم لەگەڵ تورکیای میراتگری دەوڵەتی عوسمانی رووخاو لەسەر سنوورەکانی کۆماری تورکیای نوێ رێکكەوتن کە دوای چەند مانگێک دادەمەزرا.
ئەم رێکەوتننامەیە بە گرنگترین دەستکەوت دەبینرێت بۆ تورکەکان و وەک خاڵی وەرچەرخان ناودەبرێت کە موستەفا کەمال ئەتاتورک لەسەر جەستەی بێگیانی عوسمانی دەوڵەتێکی نوێ و بەهێز بەچاو دراوسێکانیدا هێناوە دنیاوە.
بە پێچەوانەی رێکكەوتنی سیڤەرەوە کە 10-8-1920 لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی واژۆکرابوو، ئەمجارە هاوپەیمانەکان رووبەڕووی پێداگری و کێشمەکێشمکاری سەرکردەکانی ئیدارەی ئەنقەرە دەبوونەوە. جیاوازییەکی گەورە هەبوو لە نێوان ئەم دوو گرووپەدا، لەبەرئەوەی دەوڵەتی عوسمانی دۆڕاوی جەنگی جیهانی یەکەم بوو، بەڵام ئیدارەی ئەنقەرە براوەی جەنگی سەربەخۆیی تورکیا بوو کە بە سەرۆکایەتیی ئەتاتورک لە 1919 هەتا 1923 بەردەوامبوو و بە دەرکردنی سەرجەم سەربازی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان کۆتایی پێهاتبوو.
ئەنقەرە 20-11-1922 کە رۆژی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بوو، یەکێک لە جەنەراڵەکانی جەنگی سەربەخۆیی نارد تا نوێنەرایەتی بکات لە لۆزان. ئەم جەنەراڵە کەس نەبوو بێ لە عیسمەت ئینۆنو، ئینۆنو لۆزانی بە بەرەیەکی جەنگ دەبینی و سووربوو لەسەر ئەوەی دەستکەوتەکانی جەنگ لەسەر مێزی گفتووگۆ بپارێزێت و بناغەکانی دەوڵەتێکی بەهێز دابمەزرێنێت.
هەوڵەکانیشی بێ ئەنجام نەبوون، بە پێچەوانەوە لۆزان بووە مەنەفێستی کۆمارێکی بەهێزی تورکی کە بەدرێژایی سەدەی 20 ەم و هەتا ئەمڕۆ دەسەڵاتی خۆی لەسەر خاکی ئەنادۆڵ و باکووری کوردستان سەپاند بە چەشنێک کە سەرجەم نەتەوەکانی دیکە بە کوردیشەوە بناڵێنن بەدەست ژێردەستی و بێبەشکردن لە مافە نەتەوایەتییە سەرەتاییەکان.
ئەمە نەخشەی تورکیایە بە پێی رێکوەوتننامەی سیڤەر کە دابەشکراوە بەسەر دەوڵەتە هاوپەیمانەکان و تەنها چەند شارێکی چواردەوری ئەنقەرە ماونەتەوە بۆ تورکەکان. ئەم نەخشەیە هەواڵی دەوڵەتێکی کوردیشی دەدا بە گوێی جیهاندا، بەڵام نەخشەی تورکیای نوێ دوای رێکكەوتننامەی لۆزان دابەشکردنی خاکی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی تورکی، بە فەرمی تۆماردەکرد کە تەنانەت باسکردنی مافی نەتەوەکانی دیکە تیایدا بڤە دەبوو.
لەم رێکەوتننامەیەدا شاندی تورکی ویستی ویلایەتی موسڵیش بکات بە بەشێک لە دەوڵەتە نوێکە کە لە ئەنقەرەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام ئەوەی بۆ نەچووە سەر و پرسی ویلاتەی موسڵ بە هەڵپەسێردراوی مایەوە هەتا دوای چەند ساڵیک بە لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە کۆتایی پێهات. بەڵام هەڵگرتنی ژێربارییەکانی سەر تورکیا و وەرگرتنەوەی خودموختاری بۆ بەڕێوەبردنی گەروەکانی ناو سنووری ئەو وڵاتە بە دەستکەوتە گرنگەکانی ئینۆنو دەزانرێت لە رێکكەوتنەکەدا.
شتێکی دیکە کە پێویستە بگوترێت بابەتی نوێنەرایەتی کوردە لەم رێکكەوتننامەیەدا. هەرچەندە ئینئۆنو دەیگوت ئەو نوێنەرایەتی تورک و کورد دەکات و ئەتاتورکیش بە ئاشکرا باسی لە پێدانی مافی خۆبەڕێوەبەری دەکرد بۆ کوردەکان، بەڵام هیچ یەک لەمانە رەنگیان نەدایەوە لە رێكکەوتننامەکەدا.
تەنها شتێک کە لەبارەی مافی کوردەوە گوترابێت لە لۆزاندا، خاڵی 38 ی رێکكەوتنەکەیە کە ناوی کوردی تێدا نەهاتووە و بە شێوەیەکی گشتی دەڵێت "حکومەتی تورک پەیمان دەدات ژیان و ئازادی سەرجەم پێکهاتەکانی تورکیا بپارێزێت بە بێ گوێدانە جیاوازی ئایینی و نەتەوەییان". خاڵی 39 ش رێگە لە تورکیا دەگرێت بەکارهێنانی زمانی پێکهاتەجیاوازەکانی ئەو وڵاتە قەدەغەبکات. بەڵام ئیجرائاتەکانی ئەنقەرە لە 1923 ەوە هەتا ئەمڕۆش ئاشکرای دەکەن، ئەم تاکە دوو خاڵەش جێبەجێ نەکراون و تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەز ماونەتەوە.
ئەمڕۆ نزیکەی سەدەیەک بەسەر رێکكەوتننامەی لۆزاندا تێتدەپەڕێت، لەم ماوەیەدا گۆڕانکاری ریشەیی زۆر روویداون لە جیهاندا. بەڵام زیادەڕەوی نابێت ئەگەر بڵێین پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە کە ئومێدی هەڵگرتنی سنوورە دەستکردەکانی نێوان کورد بهێنێتە ئاسۆی کوردستانەوە.
25/07/2014