کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە پێناو بەرگری کردن لە زمانی دایک( کوردی) کەمپینێکی تۆمار کردنی ١٠٠٠٠ ناو لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینترنێت و یەک لەوان فەیسبۆک پێک هێناوە و داوا لە هەموو تاکێکی کورد دەکەن ناوی خۆیان لەو کەمپینەدا تۆمار بکەن .
ئەو کەمپینە وەک پرچەکردارێک دژ بە هەڵوێستی دوژمنکارانەی " فەرهەنگستانی زمانی فارسی" لەبەرانبەر زمانی باقی نەتەوەکانی تری ئێران و بەتایبەت زمانی کوردی پێک هاتووە .
لە بەیاننامەیەکدا ، پێک هێنەرانی کەمپینی ئاماژە پێکراوە کە کەسانێکی چالاک و خۆش ناوی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانن ، ڕایانگەیاندووە کە :" داوای ئێمە ئەوەیە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مافی خوێندن بە زمانی دایک بەهرەمەند بێ ".
ئەوە خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە
بژی مافی خوێندن بە زمانی دایک!
ئێمە داوای مافی منداڵەکانمان دەکەین!
دژایەتیی زمانی دیکە ناکەین!
بزووتنەوەیەکی بەرین بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ساڵ لەوە پێشەوە دەستی پێکردووە. خوێندن بە زمانی دایک زیاتر لە جاران بووەتە جێگەی سەرنج. ژمارەیەکی زۆر لە دایک و باوکەکان لەو ڕاستییە ئاگادارن کە بێبەشیی منداڵەکانیان لە خوێندن بە زمانی دایک، بێبەشبوونیانە لە ئیمکانی یەکسان بۆ فێربوون و بەهرەمەندی لە ناسنامەی شارۆمەندی ئازاد.
ئێمە، بە ڕێز و بایەخەوە دەڕوانینە ئەو بزووتنەوەیە و پشتیوانیی لێدەکەین.
ئەو بزووتنەوەیە بە پشتیوانیی زیاتری جەماوەری ئازادیخواز و ڕۆشنبیران دەتوانێ بە شێوەیەکی ئامانجدارتر و کاریگەرتر هەنگاوەکانی خۆی دیاری بکا لە هەمانکاتیشدا، بە پەرەگرتنی ئەو بزووتنەوەیە، دەستوپێوەندە فەرهەنگی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کەوتوونەتە نیگەرانیدەربڕین و چارەجۆیی بۆ پێشگرتن بەو ڕەوتە.
.
ڕایانگەیاندووە کە بەهرەمەندیی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران لە مافی خوێندن بە زمانی دایک، دەبێتە هۆی لاوازبوونی زمانی فارسی و بەمجۆرە هەوڵ دەدەن دژایەتیی بەشێک لە خەڵکی ئێران لە دژی ئەوانی دیکە هەڵخڕێنن.
ئێمە ئەو کردەوەیەی "فەرهەنگستانی زمانی فارسی" بە بەشێک لە هەڵوێست و سیاسەتی پاوانخوازانەی دەسەڵات دەزانین و مەحکوومی دەکەین.
ئێمە ڕادەگەیەنین کە ئەو بزووتنەوەیە، دژایەتی و ناتەباییی لە گەڵ هیچ زمان و نەتەوەیەک و لەگەڵ مافی هیچ گرووپێکی قەومی و نەتەوەیی دیکە نییە.
ئەو بزووتنەوەیە دژی بوونی زمانی هاوبەش بۆ دانیشتوانی ئێرانیش نییە.
داوای ئەو بزووتنەوەیە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان لە مافی خوێندن بە زمانی دایک بەهرەمەند بن.
ئەوە ئەرکی حکوومەتە کە پێویستییەکانی خوێندن بە زمانی دایک بۆ شارۆمەندان دابین بکا. لە هەمان کاتیشدا، ئێمە دەزانین ئەو ڕەوتە کە لە ناخۆی کۆمەڵگەی کوردستانەوە دەستی پێکردووە، دەتوانێ لەو بوارەدا خۆی هەنگاوی کاریگەر هەڵگرێ. نووسین و دوان بە کوردی لە ڕۆژنامەکان و رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکاندا لە هەر جێیەک دەرفەت هەبێ، لە تۆڕەکۆمەلاتییەکان و لە پەیوەندە کۆمەڵایەتی و تاکە کەسییەکاندا و لە نێو خێزاندا، دەتوانێ ئەو ڕەوتە بەرەوپێش بەرێ. دایک و باوکەکان دەتوانن یارمەتیدەری منداڵەکانیان بن بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایک. ئەوە یارمەتییان دەدا بۆ باشتر فێربوون، بۆ خۆناسین، بۆ هەستکردن بە ناسنامەی کەسایەتیی ئازاد و خاوەنی مافی یەکسان و، بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە دەوروبەر.
ئێمە بە بایەخەوە دەڕوانینە کاری ئەو کەسانە کە هەوڵ دەدەن باس و لێکۆڵینەوە و سەرچاوەی پێویست و بەکەڵک بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی زمانی دایک بخەنە بەردەستی شارۆمەندان.
بۆ پێشەوە بەرەو پەرەپێدانی بزووتنەوەی زمانی کوردی.
بەلێنم بە دایکی نیشتمان داوە، تا ماوم دەی پارێزم...
بۆ بەشداری کردن و پەیوەست بوون بەو کەمپینەوە ، لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە کلیک بکەن