سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت به هەواڵێکی "ئاژانسی ئانادۆڵ"ی تورکی که باسی له دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کردووه، روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوه.
ئەمەش دەقی روونکردنەوەیەکەیه:
"ئاژانسی ئەنادۆڵ هەواڵێکی بڵاو کردۆەتەوە و هەندێ سایتی هەرێمی کوردستانیش بەبێی ئەوەی بەدواداچوونی دروست بۆ هەواڵەکە بکەن، هەواڵەکەیان گواستۆتەوە کە گوایە دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە گشت لایەک رادەگەیێنێت کە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی. بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی دانیشتنەکانی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی، لەگەڵ ئەوە بووە کە کۆنگرە لە زووترین کاتدا ئەنجام بدرێت.
دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی هیچ پەیوەندیی بە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبووە و بە بڕیاری کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی و لەسەر داوای لایەنە بەشداربووەکان بووە و ئەوە لە راگەیەندراوی رۆژنامەوانیی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی لە رێکەوتی 3ـی 9ـی 2013ـدا بەڕوونی باس کراوە کە هەڵبژاردنەکانی پارلەمان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هۆکاری دواخستنی کۆنگرەن.
کۆنگرەی نەتەوەیی مۆڵکی هەموو تاکێکی کوردە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمانی پێوە بەندە. بۆیە داوا لە هەموو دەزگەکانی راگەیاندن دەکەین کۆنگرەی نەتەوەیی نەکەنە کەرەستەی یاری پێکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
7ـی 9ـی 2013