کەمپینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند "لە ماوەی دوو مانگی رابردوو، 74 کۆڵبەری کورد لەسەر سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان کوژراون و 76 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوونە". ئەو کۆڵبەرانه بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. هادی قائمی، گوتەبێژی کەمپینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند "کوژرانی بەردەوامی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە پاساو هەڵنەگرە و حکومەتی ئێران پێویسته بە زووترین کات ئەو تاوانه رابگرێت". ناوبراو گوتیشی "بە کاربردنی چەک لە بەرامبەر کۆڵبەرانێک که تەنها بۆ بژێوی ژیان شتومەک لە سنوورەکاندا دەگوازنەوە، پێشێل کردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانه و پێویسته لێکۆڵینەوە لەو رووداوانه بکرێت".
ئەو کۆڵبەرانه لە سنووری پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوایی (ورمێ)، سنه (کوردستان) و کرماشان ئامانجی تەقەی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بوونه. کەمپین رادەگەیەنێت کە رەنگه رێژەی راستەقینەی کوژراو و برینداربووان لەوە زیاتر بێ بەڵام بەهۆی سروشتی تایبەتی ناوچە سنووریەکانی کوردستان، زانیاریمان بە دەست نەگەیشتبێت. رێژەیەکی زۆر لە پیاوان و گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێ کاری و هەژاری، روویان لە پیشەی پر مەترسی کۆڵبەری کردووە. جگە لە هێڕشی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کۆڵبەران، ساڵانه چەندین کۆڵبەری کورد به هۆی سەرما و سەخڵەتە یان تەقینەوەی مین، لە چیا سنوورییەکانی کوردستاندا دەکوژرێن.
ئەحمەد شەهید، ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە راپۆڕتەکەی خۆیدا ئاماژەی به گوشارەکانی ئێران بۆسەر کۆڵبەرانی کورد کردووە. له راپۆڕتەکەی ئەحمەد شەهیددا هاتووە، بەپێی یاساکانی ئێران پیشەی کۆڵبەری تاوانه و کۆڵبەرانی کورد رووبەڕووی گرتن و غەرامه کردن و تەنانەت تەقەکردن و کوشتن دەبنەوە.