د. جەعفەر عەلی
رەنگە لە سەرەتادا وەک ھەستێک، سۆزێک، یان تەنھا ھاوسۆزی و بەزەیی نواندن بەرامبەر بە رووداو یان کارەساتێک، کە رووبەڕووی گروپێکی مرۆیی، نەتەوەیی یان دینی، یان دەرەوەی نەتەوە و دینەکەشمان دەبێتەوە، جۆرێک لە پەرچەکردار بەپێی پابەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەوانەش فراوانتر مرۆیی، پێشانبدەین.
ئەو ھەڵوێستانەی لە سەرەتادا و وەک پەرچەکرداری ھاوسۆزی لەسەر بنەمای ھەست و عاتیفە لە دایک دەبن، ئەگەر نەگۆڕێن بۆ ھەڵوێست لە ھۆشیاریماندا، نەبن بە بەشێک لە حەقیقەتی بوونمان و لە ھۆشیاریماندا جێگە نەگرن، لەوانەیە نە ھەڵوێستە عاتیفییەکان تەمەن درێژ و، نە پەرچەکردارە ھاوسۆزییەکانمان، بەرھەمێکی گرنگی لێبچنرێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ کورد بەشێوەیەکی گشتی دەرھەق بە دۆخ و ئەزموونی کوردانی رۆژئاوا پێشانیدەدات، بە بایکۆتکردنی کاڵا و شمەکی تورکیاشەوە، ھەڵوێستە، ھەڵوێستێک کە تا ئەندازەیەکی گەورە لە پرەنسیپی ھاوسۆزی بۆ رۆژئاوا لەسەر بنەمای کوردبوون، یان نەتەوەیی، سەرچاوەی گرتووە. بۆ مرۆڤ شانازییەکی گەورەیە، کاتێک ھاوزمان و ھاونەتەوەکەی، دەتوانێ نموونە و مۆدێلێکی دیموکراسی، سیاسی و کۆمەڵایەتی جوان لە کاری بەڕێوەبردن و بە یەکەوە ژیاندا پێشکەش