سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات و لە پەیامێکدا سوپاسیشی دەکات.
رۆژی سێشەممە 18.4.2017، کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) بڵاوی کردووەتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەبۆنەی سەرکەوتنی ریفراندۆمی هەمواری دەستووری تورکیا، بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دۆناڵد ترەمپ باسی پێویستیی سزادانی رژێمی سووریای بەرامبەر کیمیابارانکردنی هاووڵاتییان کردووە و سوپاسی رەجەب تەییب ئەردۆغانیشی کردووە بۆ پشتگیریکردنی تورکیا لە هێرشە مووشەکییەکەی ئەمریکا.
رۆژی هەینی 7.4.2017، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی تۆماهۆکی ئاراستەی سەربازگەیەکی رژێم کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.
رۆژی یەکشەممە 16.4.2017، هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و تورکیا چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، تاوەکو بە بەڵێ یان نەخێر، هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەمواری دەستووری تورکیا دەرببڕن.
بەپیی ئەنجامە نافەرمییەکان، %51.4ـی هاووڵاتییانی بەشداربوو دەنگیان بە بەڵێ دا و %48.6ـیش دەنگیان بە نەخێر دا.
هەردوو پارتیی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار و بزووتنەوەی نەژادپەرستی تورکیا (مەهەپە) پشتگیریی هەموارکردنەوەکەیان دەکرد و هەدەپە و پارتی گەلی کۆمارییش دژایەتیی هەموارکردنەوەکەیان دەکرد.
بەپێی دەستوورە هەموارکراوە، ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا هەڵدەوەشێتەوە و دەسەڵاتەکەی رادەستی سەرۆک کۆمار دەکرێت.
رۆژی سێشەممە 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخونی لە پارێزگای ئیدلیب بۆردومان کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58 کەس، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و برینداربوونی نزیکەی 300ـی دیکە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
18/4/2017