
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) رایدەگەیەنێت، کە بۆردومانکردنی سەربازگەی رژێمی سووریا وێرانکاریی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، گرووپە توندڕەوەکانیش چەکی کیمیاوییان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەکار هێناوە.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدەی باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، ”پێویستە“ ئەمریکا و هاوپەیمانان سزای هەموو ئەو گرووپ و لایەنە سوورییانە بدەن، کە چەکی کیمیاوی بەکار دەهێنن.
ساڵح موسلیم بە ئاماژەکردن بەوەی گرووپە توندڕەوە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا پێشتر لە گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب و شاری رەققە چەکی کیمیاوییان بەکارهێناوە، بە هیچ شێوەیەک باسی بۆردومانکردنی ناوچەی خان شەیخونی بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سووریاوە نەکردووە.
هاوسەرۆکی پەیەدە پێیوایە ”هێشتا زووە“ بڕیار لەسەر ئەرێنیبوون و نەبوونی بۆردومانکردنی سەربازگەی شەعیراتی رژێمی سووریا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە، بدرێت.
ساڵح موسلیم هەروەها رایگەیاندووە، بۆردومانکردنی رژێمی ئەسەد لەلایەن ئەمریکا بازنەی شەڕی نێوخۆیی سووریا فراوان دەکات و ”سنوورێکیش بۆ دەستوەردانی تورکیا لە سووریا دادەنێت“.
دوای بۆردومانکردنی خان شەیخون بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سووریاوە، گرووپ و دەوڵەتە لایەنگرەکانی رژێمی سووریا پاساو بۆ ئەو کارە دڕندانەیە دەهێننەوە، کە هاوسەرۆکی پەیەدە یەکێک لەو کەسانەیە، جەخت لەسەر پاساوی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانیشەوە دەکاتەوە.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، سوپای رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان کشایەوە و پەیەدەی باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و تێیدا رێگا بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسیی دەرەوەی بیری ئاپۆچی نادا حزبایەتی بکات، هەروەها رژێمی بەعسی سووری تاوەکو ئێستا بنکە و بارەگای لە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە ماوە، کە لەژێر دەسەڵاتی پەیەدە دایە.
رۆژی سێشەممە 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخونی لە پارێزگای ئیدلیب بۆردومان کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58 کەس، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و برینداربوونی نزیکەی 300ـی دیکە.
رۆژی هەینی 7.4.2017، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی تۆماهۆکی ئاراستەی سەربازگەیەکی رژێم کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
9/4/2017