جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ جەختی لە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ کردەوە و، دەڵێ دەتوانین لەگەڵ رووسیا کێشەکانی جیهان چارەسەربکەین.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە توویتێکدا نووسیویەتی "هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ رووسیا، شتێکی باشە، نەوەک خراپ. تەنیا کەسانی گێل پێیان وایە ئەوە کارێکی خراپە".
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێ، چەندین کێشەی گەورە لە جیهاندا هەن، بۆیە پێویست ناکات کێشەی دیکە زیاتر بکرێن. راشیدەگەیێنێت، پێدەچێت هەردوو وڵات بەیەکەوە کاربکەن بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کێشە گەورەکانی جیهان.
لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا، چەندینجار ڤلادیمێر پوتن، سەرۆککۆماری رووسیا، پێشوازیی لە لێدوانەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن کردووە.
پوتن، دەڵێ "بەڕێز ترەمپ، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاند: گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا ئاسایی بکرێنەوە. گوتیشی ناکرێت ئەم پەیوەندیانە گرژتر بکرێن. منیش هاوڕام لەگەڵیدا، بۆیە پێکەوە بیر لەوە دەکەینەوە چۆن بتوانین ئەم پەیوەندییانە ئاسایی بکەینەوە".
توویتەکانی ترەمپ لە کاتێکدان، دەزگا هەواڵگریی ئەمریکا، لە رێی بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکەوە، ئاشکرایکردووە، رووسیا هەوڵیداوە زیان بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی هیلاری کلینتن، کاندیدی پارتی دیموکراتەکان بگەیێنێت و، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی نۆڤەمبەری رابردووی ئەمریکا لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ هەبێت.
هەروەها لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، ئەمریکا دەیان سەربازی هێزە تایبەتییەکانی بۆ پۆڵەندا، لاتیڤیا، لیتوانیا و ئەستۆنیا گواستووەتەوە، ئەوەش وەک پیشاندانی پاڵپشتییەک بۆ سوپای ئەو وڵاتانە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی رووسیا.
رۆژی هەینی رابردوو 6-10-2017 دەیان تانک و ئۆتۆمبێلی دیکەی سەربازیی ئەمریکا گەیشتنە باکووری ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی لەوێوە بۆ وڵاتانی ئەستۆنیا، پۆڵەندا، لاتیڤیا و لیتوانیا بگوازرێنەوە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا نزیکەی 3500 سەربازی دیکەی ئەمریکی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆوە بگەنە ئەو وڵاتانە.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن ئامانج لە گواستنەوەی ئەو سەرباز و چەکە پێشکەوتووانە، یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنە لە وڵاتانی هاوپەیمانیان لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا.
20-1-2017 دۆناڵد ترەمپ، وەکو 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت، بەڵام روون نییە ترەمپ و پوتین کۆتایی بە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ، هەروەها رەوشی نیگەرانکەرانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەهێنن، یان نا.
10/1/2017