فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-23-20-31-58 ڤیدیۆیەکە، فەرمانی پێویستم دەرکرد بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە." داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان گوتی، "بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەش...
2025-04-23-20-28-02 گۆڵۆباڵیزم ( کەئەوکات بەسیستەمی نوێی جیهان) پێناسە دەکرا. ئەو ململانێ فکریەش لە نێوان (ساموئل هانتینگتون ) ی خاوەن تێزی (پێکدادانی شارستانیەکان) و فرەنسیس فۆکۆیامای خاوەن...
2025-04-23-19-52-21 ساڵ و دەیان ملیار دۆلاری تێچووی بوو . بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل بە بەکار هێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمەریکی توانیتی حەسەن نەسرولله کە لە قولای...
2025-04-23-19-49-44 و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆم، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدات. هەروەها لە بەرامبەریشدا، ترامپ بە كۆمەڵێك پێشمەرجی زۆر و قورسەوە، نامەیەك بۆ...
2025-04-12-15-24-28 کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی ناگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. رەنج پشدەری، چالاکڤانی کورد لە سوێد، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەید عەلی رەحیم پوور،...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

دوای رۆژێک لە کۆبوونەوەکانی ئەستانە، شەڕ لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا دەست پێدەکاتەوە.

رۆژی چوارشەممە 25/1/2017، لە گوندی (عەین فەیجە) لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای دیمەشق گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا بە پاڵپشتیی میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنانی رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا هەوڵیان داوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن پێشڕەویی بکەن.

هەروەها هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا تۆپبارانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنیان کردووە، کە بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون.

دروستبوونەوەی شەڕ لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا لە کاتێک دایە، کە رۆژانی دووشەممە 23/1/2017 و سێشەممە هەردوولا بە سەرپەرشتیی رووسیا و تورکیا لە شاری ئەستانەی پایتەختی کازاخستان، کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ.

25/1/2017

 

هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندێکی سەر بە شنۆ لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بۆ بڕایەوە و شەش کەسی دیکەش بە 100 ساڵ زیندان سزا دران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی (هەنگاو) ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردەی دانیشتووی گوندی "قەرەسەقەل"ی سەر بە شاری شنۆ ڕۆژی دووشەممە 2017 -1- 23 لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ورمێوە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی پارتێکی کوردیی دژبەری ئێران" دادگایی کراون و یەکیان سزای سێدارەی بۆ براوەتەوە و ئەو حەوت کەسەکەی دیکەش سەرجەم 100 ساڵ زیندانییان بۆ بڕاوەتەوە.

ناسنامە و حوکمی دەرکراو بۆ هەرکام لەو هاووڵاتییانە بەم چەشنەیە:
- هیدایەت عەبدوڵاپوور، سزای سیدارە
- حاسڵ عەزیزی، 25 ساڵ بەندکردن
- محەمەدزاهیر فەرامەرزی، 20 ساڵ بەندکردن
- یەعقووب بائێکرام، 15 ساڵ بەندکردن
- جەلال مەسرووری، 15 ساڵ بەندکردن
- کەمال مەسرووری، 11 ساڵ بەندکردن
- سدیق بائێکرام، 10 ساڵ بەندکردن

ئەو حوکمانە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ورمێ و بە تۆمەتی "هاوکاریی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران" بۆ ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردە دراوە.

ئەو حەوت هاووڵاتییە کورد دانیشتووی گوندی "قەرەسەقەل"ی سەر بە شنۆن کە تێیدا بەهاری ساڵی پێشوو لە نێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) تێکهەڵچوون ڕووی دا و شەش پیشمەرگەی (حدکا) شەهید و جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی شنۆ و چەندین ئەندامی دیکەی خۆجێی سوپا کوژران و پاشان سوپای پاسداران بەشێک لە خانووی دانیشتوانی گوندەکەی وێران کرد.

25/1/2017

 

دادگای فەرەنسی دۆسیەی کوژرانی سێ ژنە چالاکوانەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەخات.

بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 24/1/2017 دادگای باڵای فەرەنسی دوایین دانیشتن لەبارەی دۆسیەی کوژرانی ئەو سێ ژنە بەڕێوە ببات و بڕیاری کۆتایی لەبارەی عومەر گونەی، تۆمەتبار بە کوشتنیان، بدات.

بەهۆی ئەوەی عومەر گونەی هەروەک پۆلیسی فەرەنسی رایگەیاند لە رۆژی 18/12/2016 لە زینداندا کۆچی دوایی کرد، دادگا دۆسییەکەی بە تەواوی داخست.

عومەر گونەی، کە هاووڵاتییەکی تورک بوو، تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی هەرسێ ژنە چالاکوانی پەکەکە ساکینە چانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان بوو.

ساکینە چانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز رۆژی 9/1/2013 لە بنکەیەکی پەکەکە لە شاری پاریس کوژران.

چانسز، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و کەسێکی نزیکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بوو، لە ساڵی 1979 تاوەکو 1992 لە تورکیا زیندانی کراوبوو، هەروەها فیدان دۆغان کەسێکی دیپلۆماتکاری پەکەکە بوو لە ئەوروپا و لەیلا شایلەمەزیش چالاکوانێکی گەنجانی پەکەکە بوو.

24/1/2017

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران ڕای گەیاندووە، هێشتا زووە و ناکرێت لێکدانەوەیەکی ورد لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری نوێی ئەمریکا بکەین.

ئەم هەڵوێستەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە حاڵێک دایە کە سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران ڕوو بە ترەمپ لەبارەی ئاکامی هەڵوێست و لێدوانەکانی لەبارەی موسڵمانان هۆشداری داوەتە ترەمپ.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ دووشەممە 2017 -1- 23 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئاڵوگۆڕی پەیام و پەیوەندیی پشتی پەردە لە نێوان ئێران و ئەمریکا ڕایگەیاندووە "هیچ پەیام و پەیوەندییەک لە نێوان دوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕ نەکراوە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بێجگەلە دانوستانی ئەتۆمی "هیچ پەیوەندییەک"ی لەگەڵ ئەمریکا نییە و ئاسۆیەکیش بۆ پەیوەندی نابینێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە "ترەمپ هێشتا لەبارەی "ترسان لە ئیسلام" پرسە جیهانییەکان، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکای لاتین "هەڵوێستێکی ورد و ڕوون"ی ڕانەگەیاندووە و دەبێ چاوەڕوان بین هەتا ببینین لە "چوارچێوەی ڕوانین"ی ئەو و سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەبارەی پرسەکانی جیهان ڕوون ببێتەوە.

قاسمی گوتیشی "هاوکات کۆماری ئیسلامی "هیوایەکی ئەوتۆی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی" و گۆڕینی تێڕوانین لە دەسەڵاتی ئەمریکای نییە.

لە بەرانبەردا سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران دوێنێ دۆناڵد ترەمپی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لێدوانەکانی "ڕەنگ و بۆنی ڕەگەزپەرستانە"یان پێوە دیارە و داوای کردووە کە سەرنجی جیدی بەم هەڵوێستانە بدرێت.

24/1/2017

 

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هەر هەوڵێک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی دروستکردنی حزب، سەر ناگرێت و حکوومەت ڕێگە بە دروستکردنی حزبی چەکداری نادات.

نازم هەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێیی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ناتوانن مۆڵەتی حزبی وەربگرن، چونکە یاسایەکمان هەیە بە ناوی (یاسای حزبەکان لە هەرێمی کوردستان)، ناکرێت ئەمانە چەکدار بن و حزب دامەزرێنن، هەر حزبێک دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت، دەبێت لە کوردستان بێت و نابێت چەکدار بێت”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "گرنگە حزبەکە ناسنامەیان دیار بێت، ئاشکرایە پەکەکە دەیانەوێت حزبێک دامەزرێنن بۆ ئەوەی توندوتیژی دروست بکەن، ئەگەر حکوومەتی عێراقیش مۆڵەتیان بدات، ئێمە قەبوڵی ناکەین، چونکە ئاگادارین ئەوان دەیانەوێت ئیش لەسەر ئەوە بکەن کە حزب دامەزرێنن، بەڵام ناکرێت، چونکە یاسامان هەیە و دەبێت لە وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی پێ بدرێت".

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە بە خوێن سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیاری کردووە کە شنگالیش یەکێکە لەو ناوچانە، هەر بایەتێک لەم ناوچانە “دەبێت لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ”وە بێت، نابێت بەغدا دەستوەردان بکات، هەر گەڕانەوەیەک لەم شوێنانە بۆ بەغدا بەبێ ئاگاداریی هەرێمی کوردستان، “وەک جاشایەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".
پێشتر (باسنیوز) ئەوەی بڵاو کردەوە کە پەکەکە کار بۆ ئەوە دەکات، پارتێکی چەکداری دروست بکات و لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقیشەوە مۆڵەت وەربگرێت.

24/1/2017

 

پێوەند بە گەشەسەندنی رەوتی سەلەفی و توندڕەوەکان لە زۆنی سەوز، ئێران ھۆشداری دەداتە دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ (باس)، ھەفتەی رابردوو شاندێکی ھاوبەشی ئیدارەی ئیتلاعاتی ھەردوو پارێزگای سنە و کرماشان بۆ ئەو پرسە ھاتوونەتە سلێمانی و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی یەکێتیدا کۆبوونەوەیان کردووە و ھۆشدارییان داوەتە یەکێتی کە زۆنی سەوز لە لە گەسەندنی رەوتی سەلەفی و توندڕەوەکان بپارێزێت و کۆنترۆلی رەوشەکە بکات، چونکە ھاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئایندەدا دەبێتە مەترسی بۆ سەر دۆخی تەناھیی ئەو وڵاتە.

سەرچاوەکە روونی کردەوە، شاندی ئێران نیگەران بوون لەوەی کە ململانێی سیاسیی نێوان حزبە باڵادەستەکانی زۆنی سەوز و ھەروەھا زۆربوونی باڵەکانیان و کێشەی بەردەوامی نێوان باڵ و ئاراستە جیاوازەکانیان و پشێوییەکانیان، وای کردووە بۆشایی سیاسی و ئەمنی لەو زۆنەدا دروست بێت و بەو ھۆیەوە رەوتی سەلەفی و ئیسلامییە توندڕەوەکان پەرە بستێنن، ئیرانییەکان بەئاشکرا بە نوێنەرانی دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییان گوتووە کە زۆنی سەوز ھاوسنوورە لەگەڵ ئیران و ئەوان قبووڵ ناکەن ئەو رەوتە لە سنوورەکەیان گەشە بکەن.

ئەو شاندە ئێرانییە کە بەمەبەستی گفتوگۆ و بەدواداچوونی پەرەسەندنی رەوتی سەلەفی و توندڕەو و دەرکەوتنی چەند مەفرەزەیەکی سەر بە داعش لە گەرمیان و ھەڵەبجە سەردانی سلیمانیی کردووە، نیگەرانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بەرپرسە ئەمنییەکانی یەکێتی راگەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، شاندەکە دوودڵیی خۆی سەبارەت بارودۆخی زۆنی سەوز و پشێوییەکانی ئەو زۆنە بۆ بەرپرسە ئەمنییەکانی یەکێتی باس کردووە و ھۆشداریی ئەوەشی داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نیگەرانە لەو زانیارییانەی لەو ناوچەیەدا سەبارەت بە جموجۆڵی ئیسلامییە توندرەوەکان و سەلەفییەکان و ھەندێک ئاراستەی چەکداریی تر ھەیانە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە شاندەکە بە بەرپرسەکانی یەکێتیی راگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکێتی بە دۆستی خۆی دەزانێت و پێشی وایە کە چەندین ساڵە توانای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی زۆنی سەوزی ھەبووە، بەڵام ئێستا ململانێی بەردەوامی سیاسی لەو زۆنە و ھەندێک رووداوی دیکە، بوونەتە ئاما‌ژە بۆ ئەوەی کە ئێران وا ھەست بکا یەکێتی توانای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکەی لاواز بووە کە ھاوسنوورە لەگەڵ خۆی.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، شاندەکە بارودۆخی ھەرێمی کوردستانی بە ھەستیار لەقەڵەم داوە و سەرچاوەی گرفتە ئەمنییەکانیشیان بۆ بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان گێڕاوەتەوە، پێشنیاریان بۆ بەرپرسە ئەمنییەکان کردووە کە ھانی سەرکردەکانیان بدەن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی زۆنی سەوز، چونکە بەپێچەوانەوە گوتوویانە کە ئەوان وەکو کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر بزانن یەکێتی گەیشتووەتە ئاستێک کە نەتوانێت زۆنی سەوز کۆنتڕۆڵ بکات، ناچار دەبن وەکو دەوڵەتی ئێران بیر لە بژارەی دیکە بکەنەوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی دەزگای ئاسایشی سلێمانیش، لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٦٠ تیرۆرست دەستگیر کراون و ١٤ تیرۆرستی دیکەش لە ھەندێک ناوچەی دەسەڵاتی ئەواندا کوژراون.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا، کە دانپیانانی ھەندێک لەو تیرۆرستانە تێیدا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە ئۆپەراسیۆنی ماوەی ٣٦٠ رۆژی دەزگای ئاسایشدا ٦٠ تیرۆرست دەستگیر کراون و ١٤ تیرۆرست لە دەربەندیخان و دەبەرندی ژاڵە و سەنگاو و سنوورەکانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستاندا کوژراون.

لەم بارەوە دانا جەزا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ (باس) رای گەیاند، لەو ماوەیەدا لە سنووری ھەڵەبجە و دەربەندیخان ژمارەیەک چەکداری داعش، کە بەپێی زانیارییەکانیان ئەو داعشانە لە سنووری گەرمیان، کەرکووک، سەعدییە و حەمرینەوە دزەیان کردووەتە ئەو ناوچانە و ھەروەھا گوتی: «ئەو داعشانە ویستوویانە لەو ناوچەیەی کە بۆی ھاتوون شانە و گرووپ دروست بکەن و دواتر وەکو کەرکووک دەست بۆ کردەوەی تیرۆرستی درێژ بکەن، بەداخەوە کە زۆربەیان کورد و ھەندێکیان خەڵکی ناوچەکەش بوون، ناتوانرێ بڵێین کەلێنی ئەمنی نەبووە، چونکە ئەوانە ھاتوون، لەگەڵ ئەوەشدا ناشکرێ ھاتنیان بە موستەحیل بزانین، چونکە داعش دەستی گەیشتووەتە ئەوروپا و لەوێدا کردەوەی تیرۆرستیی کردووە، بەڵام گرنگە ئیجرائاتی توند بکرێ لەگەڵیان و گومان دەکرێ ئێستاش شانەکانیان مابن».
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو شوێنانە کە لە سنووری ئێرانەوە نزیکن، گومانی تێدا نییە کە ئێران لە پەلھاوێشتنیان و بوونیان دەترسێ و ھەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مەترسییەکە دەدات.

بەڵام مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھەموو ئەو دزەکردنانەی چەند مەفرەزەیەکی داعش لەو سنوورە کۆنتڕۆڵ کراون و ھەرێمی کوردستان قۆناغی سەختتری تێپەڕ کردووە و راشی گەیاند کە ئاگاداری ھاتنی شاندی ئێرانیش نییە بۆ ئەو مەبەستە.

24/1/2017

 


حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەربڕیوە بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان ‌و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دابین بكات، كە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێن، لەسەر ئەو بنەمایەش كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكان دەستی بە ئامادەكاری كردووە.

د. جووتیار عادل، ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەمان كردووە، ئامادەییان نیشان داوە بودجەی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‌و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دابین بكەن".

ئەو ئەندامەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان باسی لەوەش كرد، لەسەر ئەو بنەمایە دەستیان بە ئامادەكاری بۆ هەر دوو هەڵبژاردنەكە كردووە، گوتیشی "نازانین دۆخی سیاسی كوردستان بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات، بەڵام بەپێی ئەوەی هەیە، دەبێت لە 6-11-2017 هەردوو هەڵبژاردنەكە بكرێن، لەسەر ئەو بنەمایەش دەستمان بە ئامادەكارییەكان كردووە".

بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە یەك كاتدا ئەنجام بدرێن.

23/1/2017

 

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەكات كە ئیمتیاز دەدرێت بەو وەبەرهینەرانەی پرۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن.

سامان عەرەب، بەڕێوەبەری وەبەرهینانی پارێزگای هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسای وەبەرهێنانی ژمارە 4ی ساڵی 2006ی پەرلەمانی كوردستان، كۆمەڵێك ئیمتیازات بۆ ئەو كەسانە دانراوە كە دەیانەوێت پرۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، ئەو ئیمتیازاتانەش پێم وا نییە لە هیچ وڵاتێكی دونیادا هەبێت، كە بریتین لە ( بەناوكردنی زەوین بۆ ئەو كەسانەی وەبەرهێنان ئەنجام دەدەن، بەخشین لە پێدانی 10 ساڵ باجدان، لێخۆشبوون لە وەبەرهێنەر و ..هتد)، بەڵام ئێمە ساڵی 2010 داوای هەمواركردنەوەی ئەو یاسایەمان كرد و تا ئیستا هەموار نەكراوەتەوە".

گوتیشی:"ئێستا لەگەڵ (كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری بۆ بەڕێوەبەری كۆنفرانس) بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسێك بە ئامانجی كۆكردنەوەی وەبەرهێنەرەكان و بەرەوپێشچوونی كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان خەریكی ئامادەكارین ".
هێمای بۆ ئەوەش كرد "بڕیارە كۆنفرانسەكە لە مانگی 4ی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، كە دەبێتە هاندەرێك بۆ وەبەرهێنەر و سەرمایەدارەكان، وەك چۆن حكوومەتی هەرێم لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە بەرەپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، دەبێ لە كەرتی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوەش بە هەمان شێوە بەرەوپێش بچێت".

23/1/2017

 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک یەکەم گفتوگۆی تەلەفۆنیی نێوان بنیامین نتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکای بە گرنگ و کاریگەر وەسف کردووە.

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە "ئەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەی نێوان ترەمپ و نتانیاهۆ دوانیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە 2017 -1- 22 ئەنجام دراوە و سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و پرۆسەی ئاشتیی فەلەستین بە وردی پێکەوە قسەیان کردووە."

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) نتانیاهۆ ئەو گفتۆگۆیەی زۆر بە گەرم و دۆستانە لەقەڵەم داوە و ئاشکرای کردووە کە سەرکۆماری ئەمریکا بە فەرمی ئەوەی بانگهێشتی کۆشکی سپی کردووە.

بەپێی بەیاننامەکەی نووسینەگی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەردوولایەن لەو گفتۆگۆیەدا لەبارەی ڕێککەوتینی ئەتۆمیی ئێران پرۆسەی ئاشتیی ئیسرائیل و فەلەستین و چەند پرسی دیکە قسەیان کردووە.

ڕاگەیەنەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە "دۆسیەی ناوکیی ئێران و جموجٶلە ناوچەییەکانی ئێران" لە دەستووری کاری هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکایە و سەرکۆماری نوێش گرنگی بەم بابەتە دەدات.

شەوی 2017 -1- 22 بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا ڕوو بە خەڵکی ئێران گوتی "ئێمە لەسەر حکوومەتی ئێران زۆرمان قسە کردووە، بەڵام هیچکات باسی خەڵکی ئێرانمان نەکردووە، دەبێ بڵێم ئێمە دۆستی خەڵکی ئێرانین و حیسابی خەڵک لە حکوومەت جیا دەکەینەوە، ڕژێمی ئێران بێ بەزەییە، خەڵک ئاوا نین، حکوومەت شەڕخوازە، بەڵام خەڵک زۆر بە بەزەیی و خوێنگەرمن."

23/1/2017

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە سەر حوکمی عێراق، یەکەم کاری ئەو راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دەبێت.

رۆژی دووشەممە 23/1/2017، رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، کە تێیدا تیشکی خستووەتە سەر چەندین پرسی پەیوەندیدار بە کوردستان و عێراق.

مەسعود بارزانی رایگەیاندووە، کە لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی (2006-2014) هەزاران هاووڵاتیی نەتەوە و تایفەکانی عێراق تیرۆر کراون و ”ناوەکانیشمان لایە“.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە، کە نوری مالیکی سیاسەتێکی تائیفی گرتەبەر و لە گەلی کوردستان و عەرەبی سوننەی دا، ”بەداخەوە هەرگیز لەو باوەڕە نەبووم مالیکی بگاتە ئەو ئاستەی رکوکینە و دوژمنایەتی بۆ کورد“.

مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەگەر نوری مالیکی، کە ئێستا جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسایە، بگەڕێتەوە سەر حوکمی عێراق (ببێتەوە سەرۆک وەزیران)، ئەوا ”سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیەنم“ و گوێش بە قسەی هیچ کەس و لایەنێک نادات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەگەر سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا هێزی سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمی بەعسی لەناوچووی هەبووایە، ئەوا ”چەندین هەنگاویش لە سەدام تێدەپەڕی“، هاوکات مالیکی بە خیانەتکار“ لە برایەتی و هاوکاریی دادەنێت.

23/1/2017

 

لەسەر چوونەوەی پێشمەرگەی کوردستانی ڕۆژئاوا، ئاگاداری ئەمریکا دەکرێتەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)ش دەڵێت: “ئەمریکا لەدژی چوونەوەی ئەو هێزە نییە".
سەعید عومەر، ئەندامی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بڕیارە بەم نزیکانە، شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بچێتە کۆنگرەی (ئەستانا)، لە کۆنگرەکەدا قسە لەسەر ڕاوەستانی شەڕ دەکرێت، ئێمەش پاکێجێکی تایبەتمان دەبێت بۆ ئەوەی ئایندەی ناوچەکە دیاری بکەین”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “لەسەر هێزی پێشمەرگەی (ڕۆژ) کە هێزێکی کوردستانی ڕۆژئاوایە، قسەمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی کردووە و ئەمەریکاش تائێستا ڕەزامەندی تەواوی نیشان نەداوە، بەڵام دژیشی نەبووە".
هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ، هێزێکی پێشمەرگەیە کە لە گەنجانی کوردی کوردستانی ڕۆژئاوا پێکهاتووە، بەڵام لەلایەن پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)وە ڕێگری لە گەڕانەوەی دەکرێت.

22/1/2017

 

ئەمڕۆ یەكشەممە 2017 -1- 22 لە کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتیی زانكۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هونەرمەندان و شاعیران و دۆستانی ئەدەبی كوردی، یادی 71مین ساڵڕۆژی دامەزرانی كۆماری كوردستان كرایەوە.

لە سیمینارێكی تایبەتدا کە بە یارمەتیی ناوندی ڕۆشنبیریی زانکۆی سلێمانی بەڕێوە چوو، مامۆستایانی بەشی مێژوو بە تێروتەسەلی باسی چۆنیەتیی دامەزارندنی كۆماری كوردستانیان بۆ خوێندكارانی ئەو زانكۆیە كرد.

شەنگە دارا، ڕێكخەری سیمینارەكە لە لێدوانێكدا بە (باسنیوز)ی گوت:" بە سەرپەرشتیی كۆمەڵێك خوێندكاری زانكۆی سلێمانی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان، ئەم سیمینارەەمان ساز کرد بێگومان ئامانجی ئێمە لەم سیمینارە زیندووكرنەوە و ناساندنی كورماری كوردستان و پێشەوا قازی محەمەدە بە خوێندكاران و نەوەی نوێ، هەروەها لە ناوەڕۆكی سیمینارەكەدا بە تێروتەسەلی باسی چۆنیەتیی دامەزارندنی كۆماری كوردستان كراوە و تاڕادەیەكی زۆر خوێندكارانی زانكۆ ئاشنا كران بە كۆماری كوردستان و پێشەوا قازی محەمەد.

گوتیشی: "خوێندكارانی زانكۆ بەتایبەتی ئەوانەی ئەمساڵ وەرگیراون سوودێكی زۆریان لە سیمینارەكە بینیوە، چونكە ئەو چینە بە شێوەیەكی گشتی زانیارییەكی ئەوتۆیان لەسەر كۆماری كوردستان نییە، بەڵام بەهۆی ئەم سمینارەوە بە شێوازی جۆراوجۆر باسی دامەزاراندنی كۆماری كوردستان پێشەوا قازی محەمەد كراوە، بێگومان سوودێكی زۆری هەبووە و خوێندكاران زانیاری باشیان دەستكەوتوە."

22/1/2017

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەترسیی هەوڵەکانی دەوڵەتی یاسا لە دژی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "هەوڵێکی جددی لەلایەن ئیئتیلافەکەی مالیکییەوە هەیە”.

خەلەف عەبدولسەمەد، یەکێک لە سەرکردەکانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای گەیاندووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پرسی دەستگرتن بەسەر كێڵگە نەوتییەكاندا لە لایەن پێشمەرگەوە، “كەمتەرخەم” بووە و پێویستە لە كەمترین كاتدا حكوومەتی مەركەزی دۆسیەی نەوت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان یەكلا بكاتەوە. دەشڵێت: “بەغدا ئەگەر ناچار بكرێت، هێز بەكار بهێنێت”.

ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەو پیاوە کەسێکی سەرکردایەتیی حزبی دەعوەیە و کەسێکی نزیکە لە نووری مالیکییەوە، کەسێکی شۆفێنی و دارەدەستی مالیکییە”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئێستا لەلایەن نووری مالیکییەوە هەڵمەتێک بۆ قسەکردن لە دژی هەرێمی کورستان و فشار دروستکردن لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە. دەشڵێت: “دەیانەوێت شکستی خۆیان بشارنەوە، چونکە ئاگادارین چۆن دەوڵەتی یاسا پیلان لە دژی هەرێمی کوردستان دادەنێت".

ئەو ئەندامە کوردەی پەرلەمانی عێراق ئەوەی نەشاردەوە کە: "هەوڵێکی جددی هەیە لەلایەن دەوڵەتی یاساوە، بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ئاڵۆزتر بکات، ئێستاش هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لەدژی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەک گوێ بە هەڕەشەی دەوڵەتی یاسا نادەین".

22/1/2017

 

ژمارەیەک چەکدار بە مووشەک هێرش دەکەنە سەر ئاسایشی ئیستەنبوڵ و بارەگای پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا.

شەوی هەینی 20/1/2017، چەکدارانی نەناسراو مووشەکێکی جۆری (لاو)یان ئاراستەی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبوڵ کردووە، کە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

هەروەها چەکدرێکی دیکە مووشەکێکیهەمان جۆری ئاراستەی بارەگای ئاکەپە لە ئیستەنبوڵ کردووە، بەڵام مووشەکەکە نەتەقیوەتەوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

واسیب شاهین، پارێزگاری ئیستەنبوڵ رایگەیاندووە، کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی چەکدارە هێرشبەرەکان کردووە.

21/1/2017

 

مەعسوومە ئاباد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی شارەوایی تاران بە میدیاکانی راگەیاندوو کەلە تاران سێ هەزار بیانی هاوشێوەی پلاسکۆ هەن و مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی شاری تاران کە سەرۆکی کۆمیتەی قەیرانە لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (تەسنیم)ی گوتووە "سێ هەزار بینا و بازار و شوێنی جۆراوجۆر هەنە کە هاوشێوەی بینای پلاسکۆن و چەشنی بۆمبی کاتژمێری وان و دەبێ چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە."

بەپێی بەراوردی کۆمیسیۆنی سینفی ئابووریی شاروانیی تاران بەهۆی داڕووخانی بینای پلاسکۆ زیاتر لە 1500 ملیارد تمەن خەسار بە بازار و خەڵک گەیشتووە و لەناو پلاسکۆدا 560 دووکان سەرقاڵی کار بوون و بەو بۆنەوە چوار هەزار کەس بیکار بوون.

بەپێی دوایین زانیاریی فتمی فریاگوزاریی و ناوەند دەرمانییەکانی تاران دوای سێ ڕۆژ لە داڕووخانی بینای پلاسکۆ لە تاران، هەتا ئێستا تەرمی 25 تیمی فریاگوزاری کە زۆربەیان ئاگرکوژێنەوە بوون، نەدۆزرانەوتەوە و تەنیا تەرمی دوو کەس لە 30 کەسەکە دۆزراوەتەوە و سێ کەسی دیکەش پاش گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە.

22/1/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان