سوپای پاسداران ئامادەکاری دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگە و گەریلاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش مانۆڕیکی سەربازییان لە داڵاهۆ و قەسری شیرین ئەنجامدا.
عەبدوڵڵا عێراقی، جێگری فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران دەڵێت، مەبەستی مانۆڕەکە ئامادەکردنی هێزەکانیانە بۆ شەڕ لەدژی گرووپە چەکدارەکانی دژی کۆماری ئیسلامی، ئەمەش زاراوەیەکە، کە بەرپرسانی سوپای پاسداران بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاریدێنن.
جێگری فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران هەروەها دەڵێ، دەیانەوێت لەڕێگەی ئەو مانۆڕەوە، چۆنییەتی لێدان و زیانگەیاندنی قورسی گیانی بە حیزبە کوردییەکان تاقی بکەنەوە.
بەگوتەی بەرپرسانی باڵای هێزی زەمینی سوپای ئێران، ئەوان خۆیان ئامادەدەکەن تاوەکو لەسەر بنەمای پێشکەوتووترین ئامێرەکانی گوێگرتن و سیخوڕیکردن لەدژی ئەو کەسانەی سنووری ئێران دەبەزێنن، بێنە مەیدان و لە زووترین کاتدا مەترسییەکان لەسەر سوپای پاسداران نەهێڵن.
حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران لەبارەی مانۆڕەکەوە دەڵێ "خاڵی گرنگی مانۆڕەکە بۆ سوودوەرگرتنە لە تێکەڵکردنی سیستەمە سیخوڕییە کۆن و مودێرنەکان، کە سوپا بۆ کۆنترۆڵی ئەمنییەتیی لە شوێنە جیاوازەکان بەکاریان دەهێنێت، ئەو سیستەمانە تێکەڵەیەکن لە چاودێریی ئاسمانی، گوێلێگرن و چاودێری ئەلیکترۆنی".
مانۆڕی ئەمنییەتی هێزی زەمینی سوپای پاسداران بە ئامادەبوونی یەکە جیاوازەکانی سوپا لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی شاخاوی لە داڵاهۆ و قەسری شیرینی کرماشان ئەنجامدرا. محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپاش لە رۆژی یەکەمی مانۆڕە ئەمنییەکە ئاشکرای کرد: پاراستنی سنوورەکانی (رۆژهەڵاتی کوردستان) بە تەواوەتی دراوەتە سوپای پاسداران و، لەمەودوا لە جێگەی پۆلیس، سوپا لەسەر سنوور جێگردەکرێت. فەرماندەی هێزی زەمینی راشیگەیاندووە ئامادەن رووبەڕووی هەر چەشنە هەڕەشەیەک ببنەوە.
محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران دەڵێ "ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشەیەک ئامادەین، چ گرووپە تەکفیرییەکان یان گرووپە تیروریستییەکانی دیکە بن".
چاودێرانی ئەمنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی سوپا لەگەڵ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەهار و هاوینی ئەمساڵ گۆڕانکارییەکانی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە و، پێیان وایە: سوپای پاسداران دەیەوێ ئەزموونی سووریا لە رۆژهەڵاتی کوردستان تاقی بکاتەوە، چونکە توانیویێتی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە سووریا ئەزموونێکی زۆری سەربازی و ئەمنی کۆبکاتەوە.
29/1/2017