سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە سەرۆکی ئەمریکا دەستخۆشیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.
رۆژی سێشەممە 20ـی ئەیلوولی 2016، فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاند، کە بڕیارەی شاندی عێراقی لەگەڵ 12 سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی جیهان کۆ ببێتەوە، بۆ باسکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەو وڵاتانە و شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش.
فوئاد حوسێن، کە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات لە شاندەکەی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد، کە شاندەکە لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک کۆمارەکانی فەرەنسا، میسر و ئێران و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی ئیتاڵیا، نیوزیلەندا، بەلجیکا و دانیمارک کۆ دەبێتەوە.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند، کە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا دەستخۆشیی لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بۆ دانانی پلانێکی هاوبەش بۆ رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ.
هەروەک فوئاد حوسێن رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، ئۆباما ستایشی هێزە شەڕکەرەکانی دژی داعشی کردووە و ”چەند جارێکیش ناوی پێشمەرگەی هێناوە“.
رۆژی دووشەممە 19ـی ئەیلوولی 2016، حەیدەر عەبادی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی عێراق، کە فوئاد حوسێن تێیدا نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی دەکرد، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ باراک ئۆبا،ما، سەردانی ئەمریکای کرد.
دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.
20/9/2016