
ناوەندی ویڵسن لە واشنتن بە بابەتێکی 32 لاپەڕەیی و سیمینارێک بە بەشداری شارەزایانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەدات و لەسەرەتای بابەتەکەیدا دڵنیایی دەدات کە کوردستان سەربەخۆیی بەدەستدەهێنێت بەڵام کاتەکەی نازاندرێت.
سەنتەری ویڵسنی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە، بایەخ بە بابەتی سەربەخۆیی کوردستان دەدات. لە ژمارەی پاییزی 2016ی گۆڤاری سەنتەرەکەدا، بابەتێکی تێروتەسەلی 32 لاپەڕەیی رۆژنامەنووس عەمبەرین زەمان بە ناونیشانی "لە خێڵەوە بۆ نەتەوە: کوردستانی عێراق لە لوتکەی بەدەوڵەتبووندا" بڵاوکردووەتەوە.
دوای بڵاوکردنەوەی بابەتەکەی زەمان، سەنتەرەکە سیمینارێک بۆ نووسەری بابەتەکە لەگەڵ هەریەک لە عەباس خەدیم، شارەزای کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، ئەلیزا مارکوز، نوسەری کتێبی خوێن و باوەڕ؛ شەڕی پەکەکە و کورد بۆ سەربەخۆیی و هێنری بارکی، شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا رێکخست و بابەتی سەربەخۆیی کوردستانی خستە بەردەم گفتوگۆی رۆژنامەڤانان و کەسانی ئەکادیمی.
سیمینارەکە لە ژێر ناونیشانی "سوودوەرگرتن لە بەدەوڵەتبوونی کوردستانی عێراق: چۆن سەربەخۆیی کورد دەتوانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرە بە دیموکراسیی بدات و ناکۆکییەکانیش کەمبکاتەوە" بەڕێوە چوو.
عەمبەرین زەمان، لە سیمینارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە داننان بەوەی کە کورد مافی ئەوەی هەیە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی زۆر زیادیکردووە. هەوڵەکانیش بۆ بونیاتنانی ئەم دەوڵەتە لە هەمووکاتێک زیاتر بوون. بە نیسبەت کوردی عێراقەوە بابەتەکە لەوە تێپەڕیوە کە کورد دەوڵەت رابگەیەنێت یان نا، بەڵکو ئێستا بابەتەکە بابەتی کاتە. بابەتی ئەوەیە کەی ئەم دەوڵەتە رابگەیەنرێت.
هەر بۆیە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا خۆیان بۆ سەرهەڵدانی یەکەمین دەوڵەتی کوردیی لە باکووری عێراق ئامادە بکەن و بە شێوەیەکی مۆدێرن مامەڵەی لەگەڵ بکەن. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کوردیش بەهەمانشێوە، واتە بە شێوەیەکی مۆدێرنانە، مامەڵە بکات.
ناوەندی ویڵسن، یان ناوەندی نێودەوڵەتیی وۆردرۆو ویڵسن بۆ لێکۆڵەرەوان، ناوەندێکی ئەکادیمیی نێودەوڵەتییە، بنکەی سەرەکیی لە واشنتن دی سی-یە لە ئەمریکا. وەک بەشێک لە دامەزراوەی سمیسۆنیان و بە بڕیارێکی کۆنگرێسی ئەمریکی لە ساڵی 1968 دامەزراوە. یەکێکە لە 10 باشترین سەنتەرەکانی توێژینەوەیە لە هەموو جیهان.
15/9/2016