لە ترسی هێرش و پەلامارەكانی داعش، سەدان هاووڵاتی عەرەبی نیشتەجێی گوندی خەربەردان لە رۆژئاوای قەزای مەخمووری سەر بە پارێزگای نەینەوا گوندەكەی خۆیان بەجێ هێشت و پاش رێكردنی بەپێ بۆ نزیكەی دوو سەعات، خۆیان گەیاندە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە.
سەرباری ماندووبوون و ناخۆشییەكان، بەڵام پێ دەچوو رزگاربوون بۆ خودی ئەو عەرەبانەش هۆكاری بزەكانی سەر لێویان بێت، بەشێك لە پیاوەكانی ئەو هەڵاتووانە كە لە یاریگەیەكی تۆپی پێی سەنتەرەكە راكشابوون، بەدەم پێكەنینەوە چاویان بۆ كامێراكان دەكردەوە، قسەكانانیشان هەمووی دژی رەفتار و كردارەكانی چەكدارانی داعش بوو.
لە پاڵ ئەو یاریگەیەی پیاوەكانی تێدابوو، یاریگەیەكی دیكە لە سەنتەرەكە هەبوو كە بۆ ئافرەتانی ئەو گوندنشینە هەڵاتووانە تەرخان كرابوو، لێرە لە پاڵ زیڕەی چەند مناڵێك زۆرێك لە مناڵان كەیفخۆش بوون و وەكو هەمیشە بۆ یاریكردن ئەگەر بۆ سەعاتێكیش بێت جێی خۆیان خۆش كردبوو و هات و هاواری خۆشیان بوو.
لەبەر بارودۆخی ئەمنی ژمارەیەك پێشمەرگە و ئاسایش مۆبایلی ئەو ئاوارانەیان وەردەگرت تا دڵنیا بن لەوەی لە ئارامیدان، لەولاشەوە كارمەندانی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی نەمر سەرقاڵی دابەشكردنی ئاو و بەشێك لە پێداویستییەكانی خەوتن و خۆراكی ئەو گوندنیشنە هەڵاتووانە بوون و خزمەتیان دەكردن.
نایلە ژنێكی رەش تاڵەی لەچەك بەسەر هێشتا نە پەنجەكانی بەتەسبیحەكەی دەستی و بە زمانیشی لە نزا و پاڕانەوە نەدەبوویەوە، ئەو زوو زوو دەستی بۆ ئاسمان بەرز دەكردەوە و سوپاسی خوای دەكرد سەرباری هەموو شتێك، چەند جارێكیش گوتی: "الجماعە ماقصروا معانا" واتە پێشمەرگە و كوردەكان كەمتەرخەمیان نەكردووە و پێشوازییان لێ كردوون.
ئەو كە بە چوار دەوریدا منداڵەكان كۆدەبوونەوە تا لە گرتەیەكدا خۆیان ببینەوە، باسی لەستەمی داعشی دەكرد و دەیگوت: "رەفتاریان خراپ بوو، خراپەكارییان زۆر بوو، لێیان دەترسیان، من بەم نەخۆشییەوە ئەمڕۆ دوو سەعات بە پێ رۆیشتووم".
لە پاڵ سەدان كەس كە لەنێو سەنتەرەكەدا بوون، چەند ماڵێك بە ئۆتۆمبیلی خۆشیان هەڵاتوون، ئەوەی ئێمە لە چەند كەسێكی ئەو ناوچەیەمان بیست، ئەمڕۆ چەكدارانی داعش چەندین كەسیان كوشتووە لەوانەی ویستوویانە هەڵبێن لە گوندەكانی دیكەوە بۆ ژێر دەستی پێشمەرگە.
عەقید مەهدی یونس كە ئەفسەرێكی هێزی پێشمەرگەیە لە میحوەری مەخموور لە نێو ئاوارەكاندا بوو و بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخی ئەوان زوو زوو هاتن وچوونی لەو دەوربەرە هەبوو، ئەو لەبارەی هاتنی ئاوارەكانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی ئەو شەڕەی چەند رۆژێكە لە نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی داعش لەم میحوەرە بەتایبەت لە چەند گوندێك هەیە، زۆرێك لە گوندەكانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و تا ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی هاتوون ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار كەس دەبن".
ئەو ئەفسەری پێشمەرگە داواشی لە رێكخراوە خێرخوازییەكان كرد كە بە هانای ئەو ئاوارانەوە بچن و هاریكارییان پێ بگەیەنن، چونكە پێویستیان پێیەتی.
ناوبراو روونیشی كردەوە" بۆ دڵنیابوون لەلایەن ئەمنیی ئەو ئاوارانە، لێژنەیەكی ئەمنی هەیە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەن، ئەو لێژنەیە زانیارییان لەسەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە هەیە و لەسەر ئەوانەشی كە دەستیان لەگەڵ داعشدا هەبووە یان چەكداری داعش بوون بەڵام هێشتا هیچ گومانێك لەسەر كەس نەكراوە لەوانەی ئەمڕۆ هاتوونەتە قەزای مەخموور".
نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر كە لەو شوێنە سەرقاڵی هاریكاریكردنی ئەو ئاوارانە بوو، رزگار عوبێد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو ئاوارانە یارمەتیمان پێشكەش كردوون لە دۆشەك و بەتانی و پێویستی منداڵان و ئافرەتان و هەروەها لە خۆراك و هەڵدانی خێوەتیش. ئێمە ئەمڕۆ و دوێنی نزیكەی دوو هەزار كەسمان هاوكاری كردووە. پێشبینی دەكەین ژمارەی زیاتریش بێن چونكە هەواڵەكان باس لە هەڵاتنی 500 كەسی دیكەش دەكەن".
27/3/2016