
میدیاكانی ئێران لە رۆژی یەكشممە 7-2-2016 گرنگیان بە چەند پرسێكی وڵاتەكەیان و ناوچەكە دا، كە گرنگتریان پرسی هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە بوو.
شەهیندوخت مۆلاوێردی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان بەراوردێکی کردووە لەنێوان رێژەی بەشداری ژنان لە پەرلەمانی وڵاتانی ناوچەکە و ئێران و دەڵێت، لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق، رێژەی بەشداری ژنان 35%ـە، بەڵام لە پەرلەمانی ئێران ناگاتە 3%.
هەمدڵی
دوایین هەواڵەکانی هەڵبژاردن سەبارەت بە بەربژێرە قبووڵکراوەکان، سەردێری رۆژنامەکانی رۆژی یەكشەمەی ئێران بوو، بەڵام رۆژنامەی هەمدڵی لە بابەتێکدا بەشداریی ژنانی لە روانگەی شەهیندوخت مەولاویردییەوە لێکداوەتەوە.
مەولاویردی دەڵێت ژمارەی ژنان لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق 35%ـە، لە عێراق 25% و لە لۆیی جەرگەی ئەفغانستان 275، کەچی لە ئێران ناگاتە 3%. بەبڕوای جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ژنان و خێزان کردەوەی ژنانی پەرلەمانتار لە رابردوودا وایکردووە ژنانی ئێرانی متمانەیان بە ژنی پەرلەمانتار بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان نەمێنێ و دەنگ بە پیاوان بدەن.
ئیعتماد
رۆژنامەی ئیعتماد لێدوانێکی محەممەد جەواد لاریجانی سکرتێری مافی مرۆڤی دەزگای دادی ئێران هێناوە، کە باس لە لادان لە رەوتە سیاسییەکانی ئێراندا دەکات و دەڵێت: لادان تەنیا تایبەت بە حکومەتە محافزەکارەکەی ئەحمەدی نەژاد نییە، کە هەموو شتێکی بە ئیمام زەمانەوە گرێ دەدا و دەیوت ئیتر پێویستمان بە مەرجەعەکان و زانایان نییە، بەڵکو رەوتی ریفۆرمخوازیش لادەرن کە دەڵێن ئیتر ئیسلام وەڵامدەرەوەی پێویستییەکان نییە و وەک ئەوەیە بتەوێ بە پاسکیل بچیتە سەر مانگ و دەیانەوێت حکومەت بەرەو سیکۆلارلیبراڵ ببەن.
مەردومسالاری
سەروتاری رۆژنامەی مەردومسالاری دەڵێت "لەم رۆژانەدا دڵپەرۆشەکان سازی تازە لێدەدەن و هەر رۆژە و نیگەرانی بابەتێکی نوێن، پێشتر دەیانگوت دانوستاندنە ئەتۆمییەکان بێ ئەنجام دەبن و گەمارۆکان لانابرێن، ئێستاش رۆژێک نیگەرانی گرێبەستە نەوتییەکانن و رۆژێک نیگەرانی کڕینی فڕۆکەی تازەن. هۆی نیگەرانییەکانیشیان روونە.
نووسەری سەروتارەکە دەڵێت "بەڵام ئێستا من خۆشحاڵم کە پاش دە ساڵ وڵاتەکەم گەڕاوەتەوە کۆمەڵگای جیهانی و دەتوانم ژیانی دوور لە سێبەری قورسی بڕیارنامە دژەئێرانییەکان ئەزموون بکەم".
کەیهان
بەڵام راپۆرتی سەرەکیی رۆژنامەی کەیهان پێچەوانەی سەروتارەکەی هەمدڵییە. کەیهان بە سەردێڕی زانین مافی خەڵکە، ئاماژەی بە راپرسییەکی زانکۆی مریلەند و دامەزراوەی ئیرانپۆل کردووە، کە دەڵێت 76%ی ئێرانییەکان لە رێککەوتنی ئەتۆمی رازین، 14% تاڕادەیەک بەدڵیان نییە و 7% بەتووندی دژایەتیی دەکەن.
کەیهان نووسیویەتی ئەوانەی رێککەوتنەکەیان بەدڵە، لەبەر ئەوەیە زانیاریی دروستیان سەبارەت بە رێکەوتنەکە و ئەنجامەکانی بۆ ئابووریی وڵات و گوزەرانی خەڵک نییە و رەنگە روحانی پاش هەڵبژاردنەکان و پاش ئەوەی رەوتەکانی نزیک لە خۆی جێگیر بوون بیەوێت راستییەکان بە خەڵک بڵێت.
جەوان
رۆژنامەی جەوان نووسیویەتی: جێگری شاندی راوێژکارانی رێبەری ئێران بۆ کاروباری سەربازی دەڵێت: ئەگەر ئێران تووشی شەڕێکی دیکە ببێت ئەمجارە وەک پێشوو نابێت و ئێمە هاوکێشەکان دیاری دەکەین. بە گوتەی ئەمیرناسر ئاراستە پاش کۆچی دوایی ئیمام خۆمەینی دەبوو، ئێران نزیکی 11 شەڕی بەسەردا بسەپایە، بەڵام تەدبیری ژیرانەی رێبەر، وڵاتی لەو شەڕانە پاراستووە.
ئاراستە گوتوشیەتی "ئەمریکا ئەگەر لە لاوازبوونی ئێران دڵنیا بووایە، ساتێکیش هێرشکردنە سەر ئێرانی دوانەدەخست".
ئێران
لە هەواڵێکی رۆژنامەی ئێراندا هاتووە "پارێزگاری کرماشان رێککەوتنامەیەکی لەگەڵ گرووپێکی سەرمایەدانەری هیندی، کۆری و ئێرانی واژۆ کردووە کە هەشت بڕگەی دامەزراندنی ناوەندەکانی فرۆشتن و پانێلی هەتاوی، دروستکردنی هێزگەی هەتاوی و بادی، دروستکردنی شاری یاری، تەلەفریکی کرماشان، نەخۆشخانە، گەشەپێدانی بواری گەشتیاریی تەندروستی و هاوکاری لە واری نەوت و پیترۆکیمیا لەخۆدەگرێت".
ئەفکار
لە رۆژنامەی ئەفکاردا هاتووە "محەمەدباقر قوربانی سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی سنە دەڵێت وانەی زمان و ئەدەبی کوردی کە لەلایەن فەرهەنگستانی زمانی فارسی بۆ زانکۆکانی سنە مۆڵەتی پێدراوە، پێشوازیی زۆری لێکراوە و لە کۆرسی رابردوودا ئەو وانەیە لە زانکۆی ئازاد لە شەش پۆلدا دەگوترایەوە، بەڵام ئێستا بووە بە دە پۆلی 40 کەسی و 400 خوێندکار ئەو وانەیە دەخوێنن".
8/2/2016