رێكخراوی ئه‌منیستی ئینته‌ر ناشناڵ رایگه‌یاند، ئه‌و په‌لامارانه‌ی كه حكومه‌تی توركیا بۆ سه‌ر شاره كوردنشینه‌كان له باشوری ئه‌و وڵاته ئه‌نجامیان ده‌دات، سزادانی گشتییه. له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه موراد قه‌ره‌یلان ده‌ڵێت، توركیا هه‌موو هێزی خۆی به‌كارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌سلیم بین به‌ڵام باوه‌ڕ و متمانه‌ی ئێمه وه‌ك جاران به‌هێزه.
رێكخراوی ئه‌منستی ئینته‌ر ناشناڵ له‌ڕاپۆرتێكدا كه 21 ی ئه‌م مانگه بڵاویكردۆته‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، ئه‌و په‌لامارانه‌ی حكومه‌تی توركیا بۆ سه‌ر شارۆچكه كوردنشینه‌كان له‌باشووری ئه‌و وڵاته ئه‌نجامیان ده‌دات به‌جۆرێك گه‌مارۆی 24 كاتژمێریان له‌سه‌ر دانراوه و بێبه‌شكراون له‌خزمه‌تگوزاری، لانی كه‌م ژیانی 200 هه‌زاركه‌سی خستوه‌ته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌وه‌ش به سزادانی گشتی داده‌نرێت و پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه.
وه‌ك له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ئه‌و به‌دواداچوونه مه‌یدانییه‌ی ئه‌منستی ئه‌نجامی داوه، هاوكات ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه كراوه ده‌یسه‌لمێنن بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه به‌هۆی ئه‌و رێكاره هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی حكومه‌تی ئاكه‌په گرتونییه‌ته به‌ر، زۆر خراپه.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه یه‌كێك له دانیشتوانی شاری سلۆپی به لێكۆڵه‌رانی ئه‌منستی وتووه كاتێك كه شه‌ڕ له‌شاره‌كه‌دا بووه، یه‌كێك له خزمه‌كانی كوژراوه، به‌ڵام به‌هۆی ئابڵوقه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی تورك نه‌یانتوانیوه ته‌رمی قوربانییه‌كه‌یان بنێژن هه‌ر بۆیه به‌ناچاری 12 رۆژ ته‌رمه‌كه له خانووه‌كه‌یاندا دانراوه و بۆنی كردووه.
هاوكات مۆراد قه‌ره‌یلان به‌رپرسی سه‌ربازی پاتی كرێكارانی كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكدا كه ئه‌مڕۆ 23ی كانونی دووه‌م له ماڵپه‌ڕی فورات نیوز-ی سه‌ر به‌پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاوكرایه‌وه رایگه‌یاندووه، بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد به پرۆسه‌یه‌كی هه‌ستیاری مێژوییدا تێده‌په‌رێت و دوژمنه‌كه‌مان هه‌موو هێزی خۆی به‌كارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌سلیم بین.
قه‌ره‌یڵان ده‌ڵێت، خۆڕاگری له‌گه‌ڕه‌كی سوری شاری ئامه‌د 50 رۆژ به‌رده‌وام بوو له جه‌زیره‌ش 39 رۆژ، ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیا و رژێمی داد‌و گه‌شه‌پێدانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان.
به‌ووته‌ی مۆراد قه‌ره‌یلان به‌رپرسی سه‌ربازی پاتی كرێكارانی كوردستان" ئه‌ردوغان له دوای ده‌نگدانی ڕۆژی 1ی تشرینی دووه‌می 2015 له‌وه دڵنیا بوو كه ده‌نگده‌ره شۆڤینیه‌كانی توركیا پاڵپشتی ده‌كه‌ن به مه‌رجێك به‌رده‌وام بێت له هێرشكردنه سه‌ر كورد. ووتیشی، شه‌ڕی ئێمه له‌گه‌ڵ توركیا ساڵه‌هایه به‌رده‌وامه به‌ڵام تا ئێستا به‌و راده‌یه وێرانكردنی به خۆیه‌وه نه‌بینیوه كه له‌م چه‌ند مانگه ئه‌نجام دراوه ... به‌ڵام باوه‌ر و متمانه‌ی ئێمه وه‌ك جاران به‌هێزه".
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مڕۆ له‌سه‌نته‌ری شاری شتوتگارت-ی ئه‌ڵمانیا خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی به‌ڕێوه‌چوو بۆ ئیدانه‌كردنی ئه‌و قه‌تڵوعامه‌ی حكومه‌تی ئاكه‌په له‌دژی كوردانی شارۆچكه‌كانی باكوری كوردستان ئه‌نجامیان ده‌دا.
له‌وباره‌یه‌وه عیسا حه‌مه ساڵح یه‌كێك له به‌شداربووانی خۆپیشانداكه به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، نزیكه‌ی 500- 600 كوردی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان به‌شداریان له‌و خۆپیشاندانه‌دا كرد و تێیدا وێڕای ئیدانه‌كردن، له‌هه‌مان كاتدا واژۆ كۆكراوه‌ته‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و وه‌ستاندنی ئه‌و په‌لامارانه‌ی حكومه‌تی ئاكه‌په له‌باكوری كوردستان ئه‌نجامیان ده‌دات.
24/1/2016