رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی جنێڤ-ی تایبەت بە چارەسەركردنی قەیرانەکانی یەمەن دەکات، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٧ی حوزەیران دوای دوو رۆژ لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی یەمەندا، بڕیاری دا کۆبوونەوەکان درێژتر بکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە، ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە هەوڵدەدات کۆی هەموو پرس و کێشەکان لەو کۆبوونەوانەدا بخاتە بەرباس و شاندی حوسییەکان و شاندی حکومەتی یەمەنیش پێکەوە گفتوگۆ لەسەر کۆی پرسە جیاوازەکان بکەن.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە ئەو کۆبوونەوانە تا رۆژی هەینی 19ی حوزەیران دەخایێنێت، هەوڵیشدەدات ئاگربەستێک لەنێوان هەردوولا بۆ ماوەی 15 رۆژ رابگەیێندرێت لەپێناو گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی یەمەن، بەتایبەت کە ئێستا مانگی رەمەزان دەستیپێکردووە و خەڵکی یەمەن پێویستییان بە هاوکاری زیاترە.
شاسندی حکومەتی یەمەنی، نوێنەرایەتی حوسییەکان بەوە تۆمەتبار دەکات، کە نایانەوێت گفتوگۆی جیددی بکەن و تەنیا لەنێو هۆتێلەکاندا دادەنیشن، بەبێ ئەوەی خواستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەبێت. بەڵام حوسییەکان ئامادەبوونی خۆیان لە جنێڤ بە هیوایەک دەزانن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکردووە هەردوو شاندی حوسییەکان و حکومەتی یەمەنی پێکەوە راستەوخۆ گفتوگۆ بکەن، نەک تەنها بە نێوەندگیری نەتەو ەیەکگرتووەکان. بەگوێرەی دوایین ئامار لە مانگی ئاداری رابردووەوە تا ئێستا 2 هەزار و 600 کەس لە یەمەن بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە کوژراون و رێکخراوە مرۆییەکانیش دۆخی یەمەن بە کارەسات نێودەبەن.
19/6/2015