دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، له شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیاتر له یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمیان کردووه و ئەمساڵیش جیاواز له ساڵانی رابردوو به ستاندارێکی جیهانی پێشوازی له گەشتیاران دەکرێت.
"نادر رۆستایی" بەرپرسی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان سەبارەت به پلانی جەژن به رادیۆ و ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار له هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان ئەمساڵ ئامادەکارییەکی بەرفروانیان کردووه. لێژنەکانمان له بازگەکانی ئەم شارانه به دابەش کردنی شیرینی و ئاو پێشوازییان له گەشتیاران کردووه و هەروەها برۆشەریشیان دراوەتێ که رێنمایی تەواوی لەسەر شوێنه گەشتیارییەکان و هۆتێل و مۆتێل و... تێدایه.
نادر رۆستایی گوتی: هەروەها ئەمساڵ جیاواز له ساڵانی دیکه، به شێوەیەکی سەردەمیانه ئامادەکاری کراوه و به رێبەری ئەلکترۆنیی گەشتیاریمان بۆ گەشتیاران ئاماده کردووه که دەتوانن لەسەر مۆبایل دایبەزێنن و دواتر بەبێ ئینتەرنێت بەکاری بێنن که رێنماییەکه زیاتر له ٦٠٠شوێنی گەشتیاری لەخۆ دەگرێت که بریتین له هۆتێل، شوێنی مێژوویی، هاوینەهەوار، بازاڕ، مۆڵ و چەندین شوێنی دیکەی تایبەت به گەشتیاری. ئەم پرۆگرامانەش هەوڵی ٨مانگی رابردووی دەستەی گەشتوگوزاره.
رۆستایی روونی کردوه: پێشبینی دەکەین ژمارەی گەشتیاران زیاد بێت، له شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ یەک ملیۆن و دووسەد هەزار گشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووه که به بەراورد لەگەڵ شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو، سەدا٢٩ زیادی کردووه. ساڵی رابردوو٢٦٠هەزار گەشتیار بۆ جەژن هەبوو و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ زیاد بکات چونکه بەردەوام له جێژنەکان ژمارەی گەشتیاران به بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێش خۆی زۆرتر بووه.
بەرپرسی دەستەی گەشتوگوزاری ئاشکراشی کرد: فستیڤاڵ و کەرنەڤاڵ کاریگەریی لەسەر هاتنی گەشتیاری و ناساندنی هەرێمی کوردستان دەبێت. فستیڤاڵ بەبازاڕ کردنی هەولێر که دوای جەژن لەلایەن دەستەی گەشتوگوزار به هاوکاریی کۆمپانیای بابیلیۆن بۆ دووەمین ساڵ ئەنجام دەدرێت، ماوەی مانگێک دەخایەنێت که یەکێک له بڕگەکانی تایبەت به هەڵبژاردنی شاجوانی هەرێمه. هەروەها کۆمەڵێک چالاکیی دیکەشمان دەبێت که دواتر رایاندەگەیەنین.
X.A