ئازاد وەڵەدبەگی
پێشەکی
لە چەند مانگی رابردوو، بەتایبەت پاش کارەساتی شنگال لە ٣/٨/٢٠١٤، زۆر جار لە دەزگاکانی راگەیاندن، گوێمان لی دەبێت کە باس لە کارەساتی جینۆسایدی شنگال دەکرێ، کە لەم دەڤەرە دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدیی ئەنجام دراوە. لێرەدا بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەم بابەتە، خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ ئەم تاوانە دەکەین. چەمک و واتای جینۆساید لێک دەدەینەوە و لە سەر ئەو کارەساتە پیادەی دەکەین، کە لە شنگال روویداوە.
چەمک و واتای گشتی جینۆساید
جینۆساید (Genocide) لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانی- لاتینییە و لە دوو بەش پێکهاتووە، وشەی یۆنانی (Genos) بە واتای نەژاد و رەگەز و هەروا وشەی لاتینی (caedere) بە واتای کوشتن، کە سەرجەم بە واتای کۆمەڵکوژیی یا کوشتاری بەکۆمەڵ دیت. ئەم زاراوەیە، یەکەمجار لە لایەن پرۆفیسۆر (رافائل لیمکن) لە ساڵی