فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-23-20-31-58 ڤیدیۆیەکە، فەرمانی پێویستم دەرکرد بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە." داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان گوتی، "بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەش...
2025-04-23-20-28-02 گۆڵۆباڵیزم ( کەئەوکات بەسیستەمی نوێی جیهان) پێناسە دەکرا. ئەو ململانێ فکریەش لە نێوان (ساموئل هانتینگتون ) ی خاوەن تێزی (پێکدادانی شارستانیەکان) و فرەنسیس فۆکۆیامای خاوەن...
2025-04-23-19-52-21 ساڵ و دەیان ملیار دۆلاری تێچووی بوو . بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل بە بەکار هێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمەریکی توانیتی حەسەن نەسرولله کە لە قولای...
2025-04-23-19-49-44 و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆم، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدات. هەروەها لە بەرامبەریشدا، ترامپ بە كۆمەڵێك پێشمەرجی زۆر و قورسەوە، نامەیەك بۆ...
2025-04-12-15-24-28 کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی ناگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. رەنج پشدەری، چالاکڤانی کورد لە سوێد، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەید عەلی رەحیم پوور،...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

رۆژی هەینی 24-3-2017، لە کۆتایی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە جنێڤ، پرسی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ئەسما جەهانگیر، ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران خرایە دەنگدان و ماوەی کارکردنی بۆ ساڵێكی دیکە درێژکرایەوە.

ئەمریکا، سوێد، مەگدۆنیا و مەڵدۆڤیا رەشنووسی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ئەسما جەهانگیریان ئامادەکردبوو. لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤیش بە 22 دەنگی بەڵێ لەبەرامبەر 12 دەنگی نەخێر پەسەندکرا.

یەکێتی ئەوروپا، ئەڵمانیا و بەریتانیا پشتیوانییان لە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ئەسما جەهانگیر کرد، لەبەرامبەردا ڤەنزوێلا، کوبا و عێراق دژی رەشنووسەکە قسەیان کرد. 13 وڵاتیش بێلایەنانە دەنگیاندا.

نوێنەری بەرازیل لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە ئێران هەروا مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکرێن، بەڵام بەهۆی جێبەجێکردنی جاڕنامەی مافی هاووڵاتیبوون لەلایەن سەرۆککۆماری ئێران و هەوڵەکان لەو وڵاتە بۆ گۆڕینی سزای لەسێدارەدان، بێلایەن دەنگدەدات.

هەروەها نوێنەری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی کاركردنی ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکانی بە سیاسی و لایەنگرانە لەقەڵەمدا.

لە ساڵی 2011 ـەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ریپۆرتەری تایبەتی بۆ چاودێریکردنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران دەستنیشانکردووە. ئەحمەد شەهید بۆ ماوەی شەش ساڵ و، لە ساڵی رابردووشەوە ئەسما جەهانگیر وەکو ریپۆرتەر دەستنیشانکراوە.

25/3/2017

 

سەرۆککۆماری ئێران بەیانی ئەمڕۆ شەممە 25-3-2017 بۆ کردنەوەی چەندین پرۆژەی وەبەرهێنان و پیشەسازی ، گەیشتە شاری سنەی ناوەندی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران، سەرۆککۆماری ئێران لەو سەردانەیدا چەندین پرۆژە بەبەهای 2 هەزار و 750 ملیار تمەنی ئێرانی دەکاتەوە ، کە هەلی کار بەشێوەی راستەوخۆ بۆ 6 هەزار کەس دابین دەکات. پرۆژەکان بریتین لە کارگەی پێترۆکیمیایی کوردستان ، کارگەی تایەی بارزی کوردستان ، کردنەوەی دوو بەنداوی چرا وەیسی سەقز و زیویەی کامیاران ، بەرهەمهێنانی کۆنستانترەی ئاسنی سەبانوور ، کیمیا کانزاکانی سپاهان و کیمیا چاندنی ئەتیببا.

25/3/2017

 

بەفری دوای نەورۆز و ساردبوونی کەشوهەوا کێشەی بۆ گەشتیاران لە کرماشان دروستکردووە و سەفەری زۆربەی گەشتیارانی بەرەوڕووی کێشە کردووەتەوە. رەنگە ئەمە خراپترین حاڵەتێک بێت کە گەشتیارێک بیری لێ دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هاتنی گەشتیاران بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

لە نەورۆزەکاندا زۆربەی گەشتیارەکان لە خێوەتەکاندا دەمێننەوە. بەڵام لەم بەفر و بارانەدا ئیدی مانەوە لە خێوەتدا دژوارە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی میراتی کولتووری و گەشتیاری کرماشان، لە 6 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 45 هەزار کەس لە شوێنەکانی تایبەت بە مانەوەی گەشتیارەکان جێگیر کراون، کە ئەمەش بەگوێرەی ساڵی رابردوو لەسەدا 142 بەرزتر بووەتەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە سەرجەم ئەو کەسانەی هاتوون و بە شێوەی کاتی لە کرماشان ماونەتەوە نزیک بە 324 هەزار کەسە. واتە لەسەدا 11 لە ساڵی پار زیاتر بووە.

بەپێی راپۆرتی پۆلیسی ئیلام، رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ ئەم پارێزگایەش بە گوێرەی ساڵی رابردوو لەسەدا 20 زیاتر بووە. لە پارێزگای ئیلام بەپێچەوانەی بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیار، بەرێژەی 100% لە رووداوەکانی هاتووچۆ کەم بووەتەوە. بەڵام لە پارێزگای کرماشان لە ماوەی چەند رۆژی رابردووی نەورۆزدا رێژەی مردن بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە 33% بەرز بووەتەوە.

لە پارێزگای سنەش لە چوار رۆژی یەکەمی نەورۆزدا نزیک بە 50 هەزار کەس سەردانی ئەو پارێزگایەیان کردبوو. زۆرترین ژمارەی ئەم گەشتیارانە روویان لە شاری مەریوان کردووە. بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 33 هەزار کەسیان روویان لە مەریوان کردووە.

چالاکانی مەریوانی چەند رۆژ پیش کەمپەینێکیان بۆ راکێشانی گەشتیار بەڕێوە برد. رەنگە بەشێکی هاتنی ژمارەی زۆری گەشتیاران بۆ مەریوان، ئەمان هۆکار بووبن.

ئامارێک لە هاتنی ژمارەی گەشتیاران بۆ ورمێ بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام شەپۆلێکی بەفر و باران ئەو پارێزگایەشی گرتووەتەوە. ئەم نەورۆزە رەنگە تاوەکو ئێستا یەکێک لە ناخۆشترین نەورۆزەکان بۆ گەشتیاران بووبێت.

24/3/2017

 

 

لە چەند شارێکی باکووری کوردستان ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو و هاونیشتمانیان روویان لەسەیرانگە و دەشتەکان کرد بۆ گەشت.

لە شاری وانی باکووری کوردستان بە گردبوونەوەیەکی فراوان پێشوازی لە نەورۆز کرا، بەرپرس و پەرلەمانتارانی هەدەپە و دەبەپە، هەروەها کۆمەڵێک هونەرمەند و کەسایەتییەکان بەشداری یادی نەورۆزیان کرد.

لە گردبوونەوەی خەڵك بۆ نەورۆز لە شاری وان سری سوورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند:" سەد ساڵی داهاتوو سەردەمی کورد دەبێت لە ناوچەکەدا".
24/3/2017

 

بەهۆی رنووی بەفر، لە ناوچەی کوتول یان قوتوری سەر بە شاری خۆی لە باکووری پارێزگای ورمێ، چوار کۆڵبەری کورد کە سێیان خەڵکی گوندی ترساباد و یەکیان خەڵکی گوندی گیورانە، گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.

بەڕێوەبەری مانگی سووری خۆی رایگەیاند، ئەو کەسانە نزیکەی نیوە شەو، پەیوەندییان بە ناوەندەکانی فریاکەوتن کردووە و ئەوان هەوڵی رزگارکردنیان داون، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن، گەیشتنی هێزەکانی فریاکەوتن بۆ شوێنی رووداوەکە زۆری خایاندووە و تاوەکو کاژێر حەوت و نیوی بەیانی تەرمی هەر چوار هاونیشتمانییەکە لەژێر بەفر دەرهێندراوەتەوە.

گیان لەدەستدانی ئەو کۆڵبەرانە لەکاتێکدایە کە هێزەکانی سوپای پاسداران و پاسەوانی سنووری ئێران، زۆربەی ناوچە سنوورییەکانیان کۆنترۆڵکردووە و رێگەی هاتووچۆکردن بە کۆڵبەران نادەن.ئەوانیش ناچارن بە رێگەی دژوار کەلوپەلەکانیان بگوازنەوە.

بەپێی دوایین ئامار، خۆی کە دووەم گەورەشاری پارێزگای ورمێیە، 348 هەزار کەس دانیشتووی هەیە.

بەپێی ئامارێکی مەیدانی 63%ی دانیشتووانەکەی ئازەری و 37%ی کوردن. لە ناوەندی شار، بەخشی ئەیواغ ئۆغڵی و 116 گوند ئازەری زۆرینەن. 87 گوندی شارەکە بەتەواوی کوردن و لە 18 گوندیش کورد و ئازەری پێکەوە دەژین.

خۆی 90 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ پارێزگای وانی باکووری کوردستان هەیە. دانیشتووانی گوندە سنوورییەکان کوردن. ئەو شارە دەروازەیەکی سنووری نێودەوڵەتی بەناوی رازی هەیە و هێڵی ئاسنی ئێران بۆ ئەوروپا بە ناوچەی کوتولی خۆی تێدەپەڕێت کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن.

24/3/201

 

چوونی پەنابەران بۆ ئەوروپا، دیاردەیەکە هەرگیز کۆتایی نایەت. دەریای ناوەڕاستیش کە ڕێڕەوی ئاوى پەڕینەوەی پەنابەرانە بۆ ئەو کیشوەرە، بێ بەزەییە لە ڕۆح کێشانی ئەوانەی بە قاچاغ پیایدا تێپەڕدەبن.

لە کاتێکدا سەرکردەکانی ئەوروپا لەهەوڵی ئەوەدان هاوکاریی دارایی لیبیا بکەن تا چالاکیی قاچاخچیەکان کەم بکاتەوە کە هۆکاری سەرەکیی چوونی پەنابەرانن بۆ ئەوروپا، جۆیل میلمانی، وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی پێشبینی کرد کە لەگەڵ باش بوونی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ژمارەیەکی زیاتر لە پەنابەران لەڕێگەی دەریاوە ڕوو لە ئەوروپا بکەن.

ڕێژەی چوونی پەنابەران لە ڕێگەی یۆنان و دوورگەکانیەوە بۆ ئەوروپا وەک ساڵانی پێشووتر نەماوە و کەمی کردووە و ئێستا ئیتاڵیا جێگەی گرتووەتەوە، کە بەوتەی ڕێکخراوی کۆچى نێودەوڵەتی تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە ٢٠ هەزار پەنابەر ڕوویان تێکردووە.

دیمتریس ئەفراموپۆلس، کۆمسیاری کۆچی نێودەوڵەتی لە یەکێتی ئەوروپا داوایکردووە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کەمتەرخەمی لە وەرگرتنی پەنابەران نەکەن و کار بۆ سوککردنی فشارەکانی سەر یۆنان و ئیتاڵیا بکەن کە زۆرترین پەنابەر لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە ڕوویان تێکردوون.

بەڵام پێناچێت زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتیەکە  بەدەم ئەو داوایەوە بچن و وڵاتێکی وەک پۆڵەندا کە بەپێی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لەساڵی ٢٠١٥ دا پێویست بوو  ٦ هەزار و ٢٠٠ پەنابەر وەربگرێت، یەک پەنابەری وەرنەگرتووە. هەرچی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیاشە سەبارەت بە پەنابەران، زۆربەی خاڵەکانی جێبەجێنەکراون.

لە کاتێکدا هەریەک لە یۆنان و ئیتاڵیا بەپێی ڕێککەوتنەکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لانی کەم ١٤ هەزار و ٥٠٠ پەنابەریان لە کۆی ١٦ هەزار پەنابەر کە بۆیان دیاریکراوە وەرگرتووە کە زۆربەیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە ڕوویان لەو وڵاتانە کردووە.

لەلایەکی ترەوە چیرۆکە دڵتەزێنەکانی حاڵەتەکانی خنکانی پەنابەران لە دەریای ناوەڕستدا درێژەیان هەیە کە پێشبینی دەکرێت لە سەرەتاى ئەمساڵەوە نزیکەی ٥٠٠ پەنابەر تیایدا خنکابن.

لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا زیاتر لە ٦ هەزار پەنابەر لەدەریای ناوەڕاست لەنێوان لیبیا و ئیتاڵیا لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانەوە ڕزگارکراون، کە ٧٥٨ یان تەنیا لەڕۆژی هەینی ڕابردوودا بووە.

لەماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ نزیکەی ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار پەنابەر ڕوویان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کردووە، بەڵام چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەنابەرانە و دابەشکردنیان بووە خاڵێکی ناکۆکی لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە.

ئەگەرچیش کۆمسیۆنی ئەوروپا کە باڵی جێبەجێکاری یەکێتیی ئەوروپایە، لە توانایدایە سزای ئەو وڵاتانە بدات کە پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێوشوێنی بەرانبەر هیچ وڵاتێک سەبارەت بە دۆسێی پەنابەران نەگرتووەتەبەر.

23/3/2017

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەر ئەوروپا بەو شێوەیە بەردەوامبێت، هیچ ئەوروپاییەک لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا ناتوانێت بە سەلامەتی بە شەقامەکاندا بڕوات، وەک تورکیا داوا لە ئەوروپا دەکەم "ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی بگرێت".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا لە وتارێکدا لە ئەنقەرە کە پێشکەشى ژمارەیەک ڕۆژنامەنوسیکرد، وتى "تورکیا وڵاتێک نییە یاری پێبکرێت، وڵاتێک نییە بتوانرێت هاوڵاتیانی لەسەر شەقام ڕابکێشرێن".
ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا لەم هەفتانەی دواییدا گرژییەکی زۆری تێکەوت دوای ئەوەی لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و سوید ونەمسا ڕێگە بە وەزیر و بەرپرسانی تورکیا نەدرا وتاری پشتیوانی لە هەموارکردنەوەی دەستوری تورکیا پێشکەشی ڕەوەندی تورکی بکەن.
ئەنقەرە ئەم هەڵوێستەی ئەوروپاییەکانی بە هاوشێوەی ڕەفتاری نازییەکان ناودێرکرد و دەڵێت ڕێگە بە ئازادی ڕادەربڕین نادەن.
لە لایەکی دیکەوە فرانک ڤالتەر شتاینمایەر ڕۆژی چوارشەممە لە یەکەم وتاریدا وەک سەرۆکی ئەڵمانیا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕەخنەی توندی لە سەرۆکی تورکیا گرت و وتی"بوەستە لە بەراوردکردن لەگەڵ نازیسمدا، پەیوەندی مەبڕە لەگەڵ ئەوانەی هاوبەشییان لەگەڵ تورکیا دەوێت، ڕێز لە سەروەری یاسا و ئازادی ڕۆژنامەگەری بگرە و دێنیز یوجەل ئازادبکە".
دێنیز یوجەل پەیامنێری ڕۆژنامەی دی ڤێڵتی ئەڵمانیە، لە مانگی شوباتەوە لە تورکیا بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوێکی تێرۆرستی دەستگیرکراوە. ئەنقەرە دەڵێت، دێنیز ڕۆژنامەوان نییە، بەڵکوبەکرێگیراوێکی تێرۆرستە.
23/3/2017

 

ئه‌مڕۆ داواكاری گشتی كۆریای باشوور، له‌گه‌ڵ "پارك كون هیه‌" سه‌رۆكی پێشووی وڵاته‌كه‌، به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلانی له‌ 13 دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كرد.

سه‌رۆكی له‌ كارلادراوی كۆریای باشوور، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌ باڵه‌خانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی داواكاری گشتی، بۆ ئه‌وه‌ی پرسیاری ئاراسته‌ بكه‌ن، قسه‌یكرد و بۆ یه‌كه‌مجار داوای لێبوردنی له‌ گه‌لی كۆریای باشوور كرد.

پارك كون، له‌سه‌ر پلیكانه‌كانی دادگا قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد و گووتی" داوای لێبوردن له‌ گه‌ل ده‌كه‌م‌ و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا هاوكارده‌بم"، ئه‌و قسانه‌شی به‌ یه‌كه‌مین لێدوانی سه‌رۆكه‌ له‌ كاردوورخراوه‌كه‌ داده‌نرێت بۆ گه‌لی‌ كۆریا، پاش ئه‌وه‌ی له‌ 10/3 له‌ كارلادرا.

سه‌دان كه‌س له‌ لایه‌نگرانی پارك كون، له‌ ناوچه‌ی جانجنامی سیۆلی پایته‌خت، له‌ به‌رده‌م میدیاكاندا گردببوونه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی پیشبینییه‌كان، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا 13 تۆمه‌ت ئاراسته‌ی سه‌رۆكی پێشووی كۆریای باشوور ده‌كرێت، زۆربه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه‌ ده‌بێت، وه‌ك وه‌رگرتنی به‌رتیل له‌ "لی جیه‌ یۆنگ" سه‌رۆكی كۆمپانیای سامسۆنگ بۆ ئه‌لیكترۆنیات، تا له‌ به‌رامبه‌ردا كۆمپانیاكه‌ی له‌ چه‌ند بڕیارێك سوودمه‌ندبێت. هه‌روه‌ها ناچاركردنی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ك و به‌خشینه‌كانیان بده‌نه‌ دامه‌زراوه‌ی "میر" و "كی ئیسپۆرت" و ئاماده‌كردنی لیستێكی ره‌ش بۆ هونه‌رمه‌ندان و دزه‌پێكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كان".

22/1/2017

 

هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان لە پەیامێکی نووسراوی هاوبەشدا، بەبۆنەی نەورۆز پیرۆزبایی لە گەلانی ناوچەكە دەكەن و رایدەگەیێنن، "لە ئاستی زوڵم و زۆردارییەكان سەر نەوی ناكەین و چۆكدانادەین. لە هەر كوێیەك بێت شكۆی نەتەوەكەمان دەپارێزین".

سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی هەدەپە، كە لە 4-10-2017 لەگەڵ 10 پەرلەمانتاری دیكەی هەدەپە زیندانین، بەبۆنەی نەورۆزی 2017 پەیامێكی نووسراویان بڵاکردەوە.

دەمیرتاش و یوكسەكداغ دەڵێن "لە هەر كوێیەك بێت شكۆی نەتەوەكەمان دەپارێزین و هەڵبەتە سەردەكەوین. ئێمە لە حەوت ساڵییەوە تاوەكو 70 ساڵی نەورۆز پیرۆز دەكەین و هیوادارین نەورۆز ببێتە هۆكاریێك بۆ چارەسەری دیموكراسی و ئاشتی".

هاوسەرۆكانی هەدەپە بە سەرەنجدان لەسەر بانگەوازییەكەی عەبدولڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، رایانگەیاند "هەرچەندە بەڕێز ئۆجەلان لە نەورۆزی 2013 پەیامەكەی بڵاوكرایەوە، بەڵام لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا ئاشتی بۆ گەل نەكراوەتە دیاری و هۆكارەكەشی پێداگری سیاسەتی سەردەستە لەسەر شەڕ و مڵنەدانیەتی بۆ ئاشتی، بەڵام ئێمە لەبەرامبەر گەلەكەمان خۆمان بە قەرزاربار دەزانین".

22/1/2017

 

ھێزی پێشمەرگە وەك پارێزەری وڵات، لە جەژن و بۆنەكانیش لە سەنگەرەكان لە ئامادەباشیدان، بۆ ئەوەی خەڵك بە ئاسوودەیی جەژن و یادەكان بەسەربەرن، بەشێك لە پێشمەرگەكان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەرساڵی كوردی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی كورد و كەسوكاریان دەكەن، ھەروەك داوای یەكڕیزی و تەبایی لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەن، بۆ بەدیھێنانی ئامانجەكانی گەلی كورد.

21/3/2017

 

رێدور خه‌ليل، گوته‌بێژى يه‌په‌گه‌ رايگه‌ياند، رووسه‌كان له‌ عفرين ناوه‌ندێكى سه‌ربازى ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا ئه‌و لێدوانه‌ى ره‌تكرده‌وه‌.

گوته‌بێژى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل، رێدور خه‌ليل بۆ رۆيته‌رز ئاشكرايكردبوو، كه‌ دوێنێ له‌گه‌ڵ رووسه‌كان گه‌يشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و هێزى سه‌ربازى رووسيا له‌ عفرين ناوه‌ندێكى سه‌ربازى ده‌كاته‌وه‌.

وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ى ئازار/ مارسى 2017 رايگه‌ياند، رووسيا نايه‌وێت بنكه‌ى سه‌ربازى نوێ له‌ باكوورى سووريا بكاته‌وه‌.

له‌ به‌ياننامه‌يه‌كى وه‌زاره‌ته‌كه‌دا هاتووه‌: هيچ پلانێك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى هێزى سه‌ربازى رووسيى و كردنه‌وه‌ى بنكه‌ى سه‌ربازى له‌سه‌ر خاكى سووريا له‌ به‌رده‌ستدا نييه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌يانه‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌وه‌ى وتراوه‌ له‌و باره‌يه‌وه‌ بريتييه‌ له‌ "سه‌نته‌رى ئاشته‌وايى" كه‌ رووسيا ده‌يه‌وێت له‌ رێگه‌يه‌وه‌ هاوكارى دانووستانه‌كان و گه‌يشتن به‌ رێككه‌وتنى ناوخۆيى بۆ راگرتنى شه‌ڕ و به‌رقه‌راركردنى ئاگربه‌ست بكات.

هه‌روه‌ها هاتووه‌، ئه‌و سه‌نته‌ره‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ پارێزگاى حه‌له‌ب و له‌ نزيك عفرين جێگير ده‌كرێت بۆ رێگه‌گرتن له‌ شكاندنى ئاگربه‌ست.

21/3/2017

 

رۆژی دووشەممە 20-3-2017، تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان بۆ بەشداریی لە پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شار و گوندەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان  دەستپێدەکات و بڕیارە تاوەکو هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

ئەنجوومەنەکان ئێستا ناویان زیاتر لەگەڵ گەندەڵییەکان تێکەڵاو بووە، بەشداریی ژنان لەواندا زۆر نزمە، ناکۆکی لەنێو ئەندامانی ئەنجوومەندا زۆرجار کۆسپی بەردەم بەرەوپێش چوونی کارەکان بووە. هەروەها لە زۆر شوێن زیاتر لە پێکهاتەیەکی رواڵەتی دەچن و رۆڵیان لە هیچدا نییە. بۆیە لە زۆر شوێن کەس ئامادە نییە خۆی بۆ ئەندامەتی لە ئەنجوومەنەکانی شار و گوندەکاندا کاندید بکات.

لەبەر ئەمەش لە بەشێکی زۆری گوندەکاندا بەرپرسانی شارەکان گوند بە گوند دەگەڕێن و هەوڵ دەدەن خەڵک رازی بکەن تا ناوی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکاندا تۆماربکەن.

ئەنجومەنی شار و گوندەکان رۆڵی پەرلەمانە خۆجێیەکان دەگێڕن، گرنگترین کاریان هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانییە.

ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان پێنجەمین خولی هەڵبژاردن دەبێت، یەکەم خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان ساڵی 1998 بەڕێوەچوو.

20/3/2017

 

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە پەرلەمانی بەریتانیا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا و ئەندامانی حزبی ئازادی و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان لەو کەسانەی لە بوارە جیاجیاکاندا سەرکەوتوو بوون، ساز کرا.

بۆ ئەمساڵ خاتوو زەینەب عەلی كەمال توانی خەڵاتی سەرکەوتووترین گەنجی بەدەستهێنا كە توانیویانە هەر لە منداڵییەوە خۆیان درووست دەكەن و پێدەگەیەنن لەبری ئەو سەركەوتنەی كە لە بواری بیزنسدا لە ماوەی رابردوودا بەدەستی هێناوە و بەشدارییەكی كارای هەبووە لە كاری خێرخوازیدا.

لەم بارەیەوە زەینەب عەلی كەمال لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە: "ساڵانە لەسەر ئاستی پەرلەمانی بەریتانیا ئەو خەڵاتە لە چواردە بوار و تەمەنی جیاجیا پێشكەش دەكرێتک منیش ئەمساڵ خەڵاتی سەرکەوتووترین گەنجم بەدەستهێنا كە توانیویانە لە بواری خۆیاندا خۆیان پێ بگەیەنن و لە كارەكانیاندا سەركەوتوو بن لە هەمانکاتدا وێڕای کارەکانیان سوودیان بۆ كۆمەڵگە دەبێت و لە بواری خێرخوازیشدا بەشدارییەكی كارایان هەیە، ئەم خەڵاتەش وەک هاندانێکە بۆ ئەوەی پەرە بە کار و تواناکانیان بکەن."

زەینەب عەلی هەروەها دەڵێت "من وەكوو كچێكی كورد ئەم خەڵاتە پێشكەش بە گیانی بەرزە فڕی ئەو شەهیدانەی كوردستان دەكەم كە توانیان بە قوربانیدان و گیانبەخشین سنوورەكانی وڵات بپارێزن و رێگایان نەدا دوژمنان نزیكی خاكی كوردستان بكەون، هەروەها پێشكەشی دەكەم بە پێشمەرگە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و خوشك و دایك و هاوسەر و رۆڵەكانیان كە لە سەنگەرەكانی بەرگری دان بەرانبەر بە دوژمنانی مرۆڤایەتی، بەتایبەتی ئەو پێشمەرگە ئافرەتانەی كە شانبەشانی براكانیان لە سەنگەرەكانی سەرفرازی دان."

لە كۆتاییدا خاتوو زەینەب وتی: "بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم كە هاوكار و یارمەتیدەرم بوون لە كارەكەمدا بەتایبەتی خانەوادەكەم كە ئەگەر پشتگیری و پاڵپشتی ئەوان نەبوایە من نەمدەتوانی ئەو سەركەوتنە لە كارەكەمدا بەدەست بهێنم."

19/3/2017

 

نەورۆز وردە وردە هاتەوە، کاتێک بۆ گەشتوگوزار. بەهۆی کەشوهەوای گونجاو، پشووی زۆر و دەرفەتێک بۆ دەرکردنی ماندوویەتی ساڵێک کە رابرد. ئەو چالاکڤانانەی خەڵکی مەریوان لەم کلیپەدا دەڵێن: بۆ ئەم مەبەستە کوێ باشتر لە مەریوان.

چالاکڤانانی مەریوان ئەمساڵ کەمپەینێکیان بۆ راکێشانی گەشتیار بۆ مەریوان داناوە. بۆ یەکێک لە ناوەندە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. کەمپەینێک بەناوی "مەریوان شاری سەیران و بازرگانی".

زرێباری مەریوان ناوازەیە، گەورەترین دەریاچەی ئاوی شیرینی جیهانە. جگەلە زرێبار لە کلیپێکدا زۆر شوێنی گەشتیاری دیکەش بە گەشتیاران پێشنیاز کراوە.

ئەوان قامکیان لەسەر شتێکی جێی سەرنجی دیکەی مەریوان داناوە. بازاڕی هەرزانی مەریوان. بازاڕێک کە کاڵا و کەلوپەلی بیانی هەرزانتری لێ دەست دەکەوێ. ئەمان بە گەشتیاران دەڵێن: بە تیرێک دوو ئامانج بپێکە.

ساڵانی رابردوو بازاڕییەکانی مەریوان زۆر لە بازاڕ رازی نەبوون. دەیانگوت کڕیاریان کەمبووەتەوە. داخستنی سنوورەکان کاڵا و کەلوپەلی لە شارە سنوورییەکاندا لە چاو ساڵانی پێشوو گرانتر کردووە. بۆیە لە ژمارەی گەشتیارەکانیش کەمتر بووەتەوە.

مەریوان لە بواری گەشتیاریدا کێشەی دیکەشی هەیە. یەکیک لەوان رێگاوبانەکانە. ئەمە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان بۆ هەر شوێن و ناوچەیەکی گەشتیارییە.

رۆژهەڵاتی کوردستان شوێنی گەشتیاری زۆر هەیە. هاوکات لەگەڵ سنوورداریەتی تایبەت بە خۆیان. شوێنە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر پەرەیان پێدراوە. گەشتیاری وەک دەرفەتێک بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار و پەرەپێدانی رۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار. ئەمە پێویستیی بە سەرمایەگوزاری و پەرەپێدانی ژێرخانەکان هەیە. لەوانە هۆتێلەکان، رێگای رێکوپێک، رێکخستنی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەورۆزان خەڵکێکی زۆر روو لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. گەرچی زۆر کەس دەڵێن: بەشێکی زۆری شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەرڕێی هاتووچۆی گەشتیاران هەڵکەوتوون. واتە شوێنی مەبەستی گەشتیار نین. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەم چالاکانە دەیانەوێ یەکێک لە سنووریترین شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندێکی گەورەی گەشتیاری بێت.

19/3/2017

 

ڕۆژنامەی ڕوسیا ئەمڕۆ ١٩ی ئازاری ٢٠١٧ بڵاویکردەوە، سوپای ڕوسیا ئەرکی چاودێریکردنی گروپە شیعە چەکدارەکانی لە ئەستۆ گرتووە لە ناوخۆی سوریا، لە پێش هەموویانەوە چەکدارانی حزبوڵای لوبنان، کە شان بە شانی سوپای سوریا لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەجەنگن.

 ڕۆژنامەی ئیزڤیستیای ڕوسیا بڵاویکردەوە، سەنتەرە سەربازییە ڕووسییەکان بە درێژایی هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ چاودێری ئاگربەستی ناوخۆی سوریا دەکەن، لە ناویشیاندا چاودێری چالاکی و جموجوڵەکانی چەکدارەکانی حزبوڵای لوبنانیش دەکەن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەشداربوانی گفتوگۆکانی ئەستانەی پایتەختی ئۆزبەگستان ، چەندین نەخشەی سەربازییان ئاڵوگۆرکردووە، کە تایبەت بووە بە دیاریکردنی بنکە و شوێنی کۆبوونەوەی گروپە چەکدارە جیاجیاکانی ناوخۆی سوریا.

ئەوە لەکاتێکدایە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕابردوو ١٧ ئازاری ٢٠١٧ ڕایگەیاند،  فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆمبارانی چەندین چەک و جبەخانەیان کردووە، کە بە وتەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەکەکان بۆ حزبوڵای لوبنان چووە.

20/3/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان