هەڵوەشاندنەوەی گردبوونەوەیەکی ڕەوەندى تورکى لەشارێکی ئەڵمانیا بۆ پشتگیریکردن لە پرۆژەیاساى هەموارکردنەوەى دەستورى تورکیا، بەرپرسانی تورکیای توڕەکرد و لەکاردانەوەیەکدا حکومەتی ئەنقەرە باڵیۆزی ئەڵمانیای بانگهێشتکرد و هەردوولاش یەکتریان بە وڵاتێکى نادیموکراسى ناوبرد.
بەکر بوزداغ وەزیری دادی تورکیا کە بڕیاربوو لە گردبوونەوەکەدا بەشداریی بکات جەختیکردەوە، سەردانێکی بۆ ئەڵمانیا و کۆبونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی ڕەتکردووەتەوە.
بوزداغ سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا چۆن وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا کە بەردەوام باس لە مافەکانی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسا و ئازادی ڕادەربڕین دەکات، کۆبونەوەیەکی ڕەوەندی تورکیا لە خاکەکەیدا ڕەتدەکاتەوە بە پاساوی ئەوەی ئەو هۆڵەی بڕیاربووە گردبوونەوەکەی تیایدا ئەنجام بدرێت بچوک بووە.
بۆزداغ لە وتەیەکدا لە شاری مەلاتیا داواى لە وڵاتانى رۆژئاوا کرد کە واز لە سیاسەتی دووفاقی بهێنن و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکەن.
وەزیرى دادى تورکیا هێرشى زیاترى کردە سەر حکومەتى ئەڵمانیا و وتى، ئەوانەی دەیانەوێت تورکیا فێرى دیموکراسی و یاسا بکەن با بگەڕێنەوە و سەیری ڕابردووى خۆیان بکەن.
باسی لەوەشکرد، ئەڵمانیا ڕێگەنادات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە بەدەنگی خەڵک هەڵبژێردراوە لە ڕێى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە وتار بۆ ڕەوندى تورکى بدات، بەڵام ڕێ بە لایەنگرانى پەکەکە دەدات وتار بدەن، لەکاتێکدا ئەوان لەلیستى تیرۆردان.
لای خۆشیەوە مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەڵمانیاى بەوە تۆمەتبارکرد کە دەست لەکاروبارى ناوخۆى وڵاتان وەردەدات، وتیشى ئەو ڕەفتارەى ئەڵمانیا هیچ پەیوەندى بە دیموکراسى و ئازادى بیروڕا و ئازادى ڕێکخستنى گردبوونەوە نییە و تورکیا ناتوانێت ئەو ڕەفتارەی ئەڵمانیا قبوڵ بکات.
چاوش ئۆغڵۆ ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەڵمانیا دەیەوێت پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ تورکیا هەبێت پێویستە بەباشى مامەڵە بکات.
پێشتریش بەهەمان شێوە گردبونەوەیەکی تری ڕەوەندی تورکیا لەشاری کۆڵۆنیا هەڵوەشێندرایەوە کە بڕیاربوو نیهاد زەیبەقچی وەزیری ئابوری تورکیا وتاری تیادا بخوێنێتەوە.
بڕیارە ١٦ی مانگی داهاتوو پرۆژەیاساى هەموارکردنەوەى دەستور بخرێتە ڕیفراندۆمەوە، کە هەدەپە و جەهەپە بەتوندى دژایەتى دەکەن و کار بۆ ئەوە دەکەن لە ڕیفراندۆمەکەدا ڕەتبکرێتەوە.
کاردانەوەى ئەڵمانیا بەرامبەر نیگەرانییەکانى تورکیا بەشێوەیەک بوو کە زیگمار گابرێڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، پەیوەندیی نێوان بەرلین و ئەنقەرە ساردە و ئاڵۆزیی تێکەوتووە، وتیشی مامەڵەی نەشیاوی تورکیا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسێکی ئەڵمانی بەڕەگەز تورک زیانی زۆری بەو پەیوەندیانە گەیاندووە.
لەو کاتەوەی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا لە تەموزی ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێکەوتووە.
ئەڵمانیا ڕەخنەی توندی لەهەڵمەتی بەرفراوانی دەستگیرکردن گرت کە تیایدا نزیکەی ٤٣ هەزار کەس دەستگیرکران و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی تورکیاش لەکارەکانیان دورخرانەوە، ئەوە جگە لە داخستنی نزیکەی ١٧٠ دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر.
ناکۆکی و شەڕى ڕاگەیاندنەکانی نێوان هەردوولاش کاتێک گەیشتنە لوتکە، کە سێشەممەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی تورکیا دەنیز یوجەلیان دەستگیرکرد کە لە ڕۆژنامەی (دی فێڵت) ی ئەڵمانی کارى دەکرد.
ئەوەش وایکرد حکومەتی ئەڵمانیا باڵیۆزی تورکیا لە وڵاتەکەى بانگهێشت بکات.
4/3/2017