فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-23-20-31-58 ڤیدیۆیەکە، فەرمانی پێویستم دەرکرد بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە." داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان گوتی، "بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەش...
2025-04-23-20-28-02 گۆڵۆباڵیزم ( کەئەوکات بەسیستەمی نوێی جیهان) پێناسە دەکرا. ئەو ململانێ فکریەش لە نێوان (ساموئل هانتینگتون ) ی خاوەن تێزی (پێکدادانی شارستانیەکان) و فرەنسیس فۆکۆیامای خاوەن...
2025-04-23-19-52-21 ساڵ و دەیان ملیار دۆلاری تێچووی بوو . بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل بە بەکار هێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمەریکی توانیتی حەسەن نەسرولله کە لە قولای...
2025-04-23-19-49-44 و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆم، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدات. هەروەها لە بەرامبەریشدا، ترامپ بە كۆمەڵێك پێشمەرجی زۆر و قورسەوە، نامەیەك بۆ...
2025-04-12-15-24-28 کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی ناگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. رەنج پشدەری، چالاکڤانی کورد لە سوێد، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەید عەلی رەحیم پوور،...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

حکومەتی کەنەدا ڕایگەیاند، نزیکەی ٤٠٠ پەنابەری ئێزیدییان وەرگرتووە و بڕیاریشە تا کۆتایی ئەمساڵ ٨٠٠ ئێزیدی تر وەربگیرێن.

بەگوێرەی (زە کەنەدیان پرێس) دەستپێشخەریەکە ٢٨ ملیۆن دۆلار خەرجی دەوێت. ئەوەش چوار مانگ دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی کەنەدا بە تێکڕا پاڵپشتیان بۆ داوایەک دەربڕی بۆ پەنادانی ژمارەیەکی دیارینەکراو لە کچ و ژنی ئێزیدی.

لە پەرلەمانی کەنەدا باس لە پرسی ئێزیدییەکان کرا بەوەی کە داعش جینۆسایدی دژی کۆمەڵگای ئێزیدی ئەنجامداوە و ژمارەیەکی زۆری لە کچ و ژنی ئێزدی کردووە بە کۆیلەی سێکسی.

بەگوێرەی سەرچاوە کەنەدییەکە ئەو هەزار و ٢٠٠ ئێزیدییە کوڕ و پیاویشیان تیادا دەبێت.

ئەحمەد حسێن وەزیری کۆچی کەنەدا وتوویەتی، حکومەت زانیویەتی کە داعش کوڕانی گەنجیشی کردووەتە ئامانج. حسێن ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە کەنەدا ئامادەبووە ئەو پەنابەرانە "بەبێ لەبەرچاوگرتنی دین و نەژادیان" وەربگرێت.

حسێن وتووشیەتی، ئەو ژمارە لە هاووڵاتیانی ئێزیدی لەبەر "ئاستی بەرزی توندوتیژی دژیان و ئەو ئازارەی چەشتوویانە" وەردەگیرێن. حسێن ڕەخنەشی لەوە گرتووە کە حکومەت هەوڵی تەواوی نەداوە.

حسێن ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، حکومەتی کەنەدا وانە لە ئەڵمانیا وەردەگرێت کە زیاتر لە هەزار ڕزگاربووی "باکوری عێراقی" لە دەستی داعش لەماوەی ساڵێکدا وەرگرتووە.

22/2/2017

 

ئیدارەی ئەمریكا سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بۆئەوەی میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی سەربازی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا بدۆزنەوە. بە گوتەی  بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل و ئەمریكا هاوكاری هەواڵگری پێشكەش بەو هاوپەیمانێتییە دەكەن، بۆئەوەی بە هاوبەشی چاودێریی جموجۆڵەكانی ئێران لە ناوچەكەدا بكەن.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی هاوپەیمانێتییەكە هەم ئەو وڵاتانە لە خۆدەگرێت كە دوژمنایەتییەكی لەمێژینەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، لەوانەش سعودیە و ئیمارات و هەم وڵاتانی وەكو ئوردن و میسریش لەخۆدەگرێت كە ماوەیەكی زۆرە پەیماننامەی ئاشتییان لەگەڵ تەلئەبیب واژۆكردووە. ئەو كاربەدەستانەی بۆ رۆژنامە ئەمریكییەكە قسەیانكردووە دەڵێن وڵاتانی دیكەش دێنە نێو هاوپەیمانێتییەكە.

بەرپرسێكی عەرەب رایگەیاندووە ئیمارات و سعودیە سەرسامی توانا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی ئیسرائیلن، بەڵام بۆئەوەی بە ئاشكرا و راشكاوانە هاوكاریی لەگەڵ بكەن، دەبێ ئیسرائیل پرۆسەی خانووسازی لە دیوی رۆژئاوا رابگرێ.

هەرچەندە هێشتا ماویەتی رێككەوتنەكە بە هەموو وردەكارییەكانیەوە ئامادە بكرێت، بەڵام بەگوتەی ئەو بەرپرسانەی ئاگاداری هەوڵەكانن، هاوپەیمانێتییەكە هاوشێوەی پەیماننامەی باكووری ئەتلانتیك (ناتۆ) دەبێت. واتە هەر هەڕەشە یان هێرشێك بۆ سەر یەكێك لە ئەندامانی هاوپەیمانێتییەكە هەڕەشە و هێرشە بۆ سەر هەموو ئەندامان.

ئەمە یەكەم هەنگاوی ئیدارەی نوێی ئەمریكا نییە بۆ نزیكبوونەوە لە وڵاتانی عەرەبیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەفتەی پێشوو رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد کە كۆشكی سپی سەرقاڵی تاوتوێكردنی ستراتیژێكە بۆ چارەسەرکردنی كێشەی نێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتی فەڵەستینییەكان، كە تێیدا بەشداری بە وڵاتانی عەرەبی سوننەی ناوچەكە دەكرێت.

لەو ستراتیژەدا ئیسرائیل بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە یەكەمجار لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەكە رێكدەكەوێت، دواتریش هەر بە بەشداری ئەوان هەوڵی دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل دەدات. بەڵام شارەزایان دەڵێن بۆ ئەو مەبەستە دەبێ یەكەمجار پەیوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەكە ئاسایی ببێتەوە، یان بناغەیەكی دیكە لە دەرەوەی كێشەی ئیسرائیل ـ فەڵەستین بدۆزرێتەوە بۆئەوەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی لەسەر دابمەزرێت.

وەك لە راپۆرتەكەی وۆڵ ستریتدا دەردەكەوێت، دژایەتی لەگەڵ ئێران دەتوانێت ئەو بناغەیە بێت كە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی ناوچەكە پەیوەندییە نوێیەكانی خۆیانی لەسەر دابمەزرێنن. بە گوتەی بەرپرسانی كۆشكی سپی، ئەمریكا بەنیازە ئەو بناغە هاوبەشە بقۆزێتەوە بۆئەوەی جموجۆڵەكانی ئێران لە ناوچەكەدا كۆنتڕۆڵ بكات، بەڵام نە ئەمریكا و نە ئیسرائیل بەشێك لە هاوپەیمانێتییەكە نابن.

دیپلۆماتێكی پایەبەرزی یەكێك لە وڵاتانی عەرەبی بە وۆڵ ستریتی راگەیاندووە "ماوەیەكە لە واشنتن پرسیارمان لێدەكرێت کە ئایا ئامادەین ببینە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەكەدا، كە ئیسرائیلیش بە جۆرێك لە جۆرەكان تێیدا بەشدارە. هەڵبەت رۆڵی ئیسرائیلییەكان تەنیا پێدانی زانیاریی هەواڵگری دەبێت و ئەوان بەهێزی سەربازی بەشداری ناكەن. دەزگای هەواڵگریی ئەوان ئامانجەكانمان بۆ دەستنیشان دەكەن، چونكە ئەوان لەمەدا زۆرباشن".

رۆژی چوارشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند مەرج نییە ئەمریكا پابەندی رێگەچارەی "دوو دەوڵەتی" بێت، كە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لەخۆدەگرێت، بەڵكو واشنتن خوازیاری رێگەچارەیەكە كە "هەردوولا (ئیسرائیل و فەلەستین) بەدڵیان بێت". لە كۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەكەدا باس لە هاوپەیمانێتیی عەرەبی نەكرا، بەڵام بە گوێرەی قسەكانی بەرپرسانی ئیسرائیلی "ئەم بابەتە لە ئەجێندای كۆبوونەوەی ترەمپ و ناتانیاهۆدا بووە".

كاربەدەستانی وڵاتانی عەرەبی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە کە سعوودیە و ئیماراتی عەرەبی مەرجی خۆیان هەیە بۆ بەشداریكردن لەو هاوپەیمانێتییەدا. یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانیشیان هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەیە كە رەنگە رێگە بە خێزانی كوژراوانی هێرشەكانی 11ی ئەیلولی 2001 بدات بەرپرسانی حكومەتی سعودیە راپێچی دادگای ئەمریكا بكەن.

بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە وڵاتانی كەنداویان راگەیاندووە هەوڵدەدەن كۆنگرێس رازی بكەن ئەو بڕیارە هەموار بكاتەوە، كە ساڵی پار بە دەنگێكی بەرچاو لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا پەسندكرا. هەر لەو مانگەدا جیم ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەتیش وڵاتانی كەنداو دەكات. (جورناڵ) لەسەر زاری بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكا ئاشكرایكردووە کە بڕیارە ماتیس لەو كۆبوونەوەیەدا پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە عەرەبییە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبیی ناوچەكە تاوتوێ بكات.

بەرپرسێكی دیكەی عەرەب بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە "ئێمە ماوەیەكە لەگەڵ ماتیس و مایك فلین، راوێژكاری پێشووی ئاسایشیی نیشیمانیی كۆشكی، دانوستاندن دەكەین". فلین یەكێك بووە لەو كەسانەی چەند ساڵێكە پشتگیری لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی لەمجۆرە دەكات، بە بۆچوونی فلین ئەگەر ئەم هاوپەیمانێتییە پێكبهێنرێت "وڵاتانی عەرەبی دەتوانن بەرپرسیارێتییە ناوچەییەكان لەئەستۆ بگرن".

دیپلۆماتێكی دیكەی عەرەب (كە وەك بەرپرسانی دیكە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت) بە وۆڵ ستریت جورناڵی گوتووە "بیرۆكەی بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوان موسلمینی میسر لەلایەن ئەمریكاوە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە واشنتن دەیەوێت دڵی میسر نەرم بكات لەوەی بەشداری ئەم هاوپەیمانێتییە بێت".

شوێنی بارەگای سەرەكی هاوپەیمانێتییەكە یەكێكی دیكە لەو كێشانەیە كە وڵاتانی عەرەبی لەسەری كۆك نین. ئەمریكا داوای لە میسر كردووە میواندارێتی ئەو هێزە هاوبەشە بكات، بەڵام ریاز دەیەوێت بارەگای ئەو هێزانە لە سعودیە بێت.

لە ئاداری 2015ەوە، هاوپەیمانێتییەكی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە پێكهاتووە كە ئامانجی سەرەكییان پاشەكشەكردن بووە بە  حووسییەكان لە یەمەن. وڵاتانی كەنداو، ئێران بەوە تۆمەتباردەكەن لەڕێگەی حووسییەكانەوە دەیەوێت دەست بەسەر گەرووە بازرگانییەكانی سەر دەریای سووردا بگرێت و مەترسی بۆ سەر بەرژەندییە ئەمنی و بازرگانییەكانی سعودیە و وڵاتانی دیكەی عەرەبی سوننە دروستبكات.

ئێران کۆیاندەکاتەوە

ئیسرائیل و زۆربەی وڵاتانی كەنداو دژی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015ی نێوان ئێران و گروپی 5+1ن، بەرپرسێكی سعودیش ئاشكرای كردووە سعودیە و ئیسرائیل ئێستا بە شێوەیەكی نهێنی هاوكاری هەواڵگری و ئەمنی پێشكەش بە یەكدی دەكەن. ژەنەراڵ ئەحمەد ئەسیری، راوێژكاری وەزارەتی بەرگریی سعودیە رەتینەكردەوە پلانی هاوپەیمانێتیی عەرەبی لە بواری سەربازیدا لە ئارادا بێت، تەنیا ئاماژەی بەوەدا كە پلانەكە هێشتا بە فەرمی نەكراوە. سەبارەت بە ئەگەری هاوكاریی ئاشكرای سعودیە و ئیسرائیلیش گوتی "ئێمە پەیوەندیی فەرمیمان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، بەڵام ئەوانیش وەك ئێمە رووبەڕووی هەمان هەڕەشە بوونەتەوە، كە ئێرانە".

22/2/2017

 

ئەندامێكی شاندی یەكگرتوو، كە هەفتەی رابردوو سەردانی ئێرانیان كرد، ئاشكرایكرد كە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی باسی سەربەخۆیی كوردستانیان كردووە. ئەوانیش پێیانڕاگەیاندوون کە دەبێ‌ هەرێمی كوردستان دڵنیایی بداتە ئێران كە سەربەخۆییەكەی نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئێران، "ئەوكات تەفەهومی دەكەن".

هەفتەی رابردوو، شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بەسەرۆكایەتیی سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی ئەو حیزبە، سەردانی تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد و لەگەڵ هەریەك لە عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمان و عەلی ئەكبەر ویلایەتی، گەورە راوێژكاری خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی ئەو وڵاتە كۆبوونەوە. کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ لاریجانی کاژێرێک و چل خولەکی پێچووە و چل خولەک درێژتر بووە لەو ماوەیەی بۆ کۆبوونەوەکە دانرابوو.

ویلایەتی گلەیی لە یەكگرتوو هەبووە

د.هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی و جەماوەریی یەكگرتوو، كە ئەندامی شاندەكە بووە، بەشێك لە گفتوگۆی یەكگرتوو و بەرپرسانی ئێران بۆ (رووداو) ئاشكرادەکات و دەڵێت: "ئێرانییەكان بە گرنگیی زۆرەوە گوێیان بۆ گرتین. لە گفتوگۆكانیاندا راشكاو بوون، نیمچە گلەییەكیشیان كرد كە ئێمە درەنگ چووین بۆ ئێران، یان كەم دەچین. بەتایبەتی دكتۆرعەلی ئەكبەر ویلایەتی گلەیی كرد و داوای لێكردین شاندی دیكەشمان سەردانی ئێران بكاتەوە".

لەڕووی پرۆتۆكۆڵ و رووماڵی میدیاییەوە، ئێران گرنگییەكی زۆری بە سەردانی شاندەكەی یەكگرتوو دا.  یەحیا ریشاوی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتوو، كە ئەندامێكی شاندەكە بووە، بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئاستی پێشوازی، پرۆتۆكۆڵ و رووماڵی میدیای فەرمیی ئێران بۆ سەردانەكە زۆر بەرز بوو. ئەمەش مانای خوێندنەوەی تایبەتە بۆ پێگەی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان و عێراق. چونكە ئێرانییەكان لە رۆڵ و پێگەی ئێمە لە ئاشتەوایی و پەیوەندییە هاوسەنگەكانمان لەگەڵ زۆربەی لایەنە سوننی و شیعییەكان، هەروەها نزیكایەتیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان تێدەگەن".

بەبێ‌ گۆڕان كێشەكان چارەسەر نابن

بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی عەلی لاریجانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی ئێران، سەلاحەدین بەهائەدین لەبارەی قەیرانە سیاسییەكان گوتوویەتی "ناكۆكییە نێوخۆییەكان لە رابردوودا بوونە هۆكاری پەككەوتنی پەرلەمان، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەین دیسان پەرلەمان كارابكەینەوە و ئەوەش تەنیا بە لابردنی ناكۆكییەكان و نزیككردنەوەی بۆچوونەكان دەكرێت".

سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی و جەماوەریی یەكگرتوو دەڵێت "داوامان لە ئێرانییەكان كرد رۆڵی خۆیان چڕتر بكەنەوە بۆئەوەی قەیرانە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێن، بەڵام بەبێ‌ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێكی سیاسی. ئێران بە حوكمی پێگە و پەیوەندیی سیاسیی لەگەڵ لایەنەكان دەتوانێ‌ رۆڵی لە چارەسەركردنی كێشەكاندا ئیجابی بێت، بەهەمانشێوە ئەوانیش داوایان لە ئێمە كرد لە هەوڵەكانماندا بۆ ئاشتەوایی و نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بین".

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكگرتوو ئاشكرایدەكات کە بە ئێرانییەكانیان گوتووە بەبێ‌ گۆڕان ئاسان نییە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، دەبێ‌ هەوڵی چارەسەركردنی ناكۆكیی پارتی و گۆڕان بدەن "پێمانگوتن ئەگەر گۆڕان لەنێو هاوكێشەكە نەبێ،‌ زەحمەتە یەكێتی بتوانێت لەگەڵ پارتی بگاتە لێكتێگەیشتن. بۆیە دەبێ‌ هەموو لایەنەكان بەیەكەوە، بەتایبەتی پێنج حیزبەكە لە نەخشەڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكان بەشداربن بەتایبەتی گۆڕان".

یەكگرتوو لەگەڵ مەسجدی كۆبووەتەوە

(رووداو) زانیویەتی جگە لەو كۆبوونەوە و دیدارە فەرمییەكان، شاندی باڵای یەكگرتوو لەگەڵ ئیرەج مەسجدی، كە فەرماندەیەكی باڵای سوپای قودسە و دەستەڕاستی قاسم سولەیمانییە، بە باڵیۆزی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا دەستنیشانكراوە، كۆبووەتەوە. مەسجدی كە 30 ساڵە پەیوەندی لەگەڵ كورد هەیە و بە "ئەندازیاری پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی" دادەنرێ، پێشتر لە هەولێر سەردانی یەكگرتووی كردووە و بەفەرمی بانگهێشتیکردوون و ئەویش رێكخەری ئەو سەردانە بووە.

ئێرانییەكان داوای دڵنیاییان كردووە

پرسی سەربەخۆیی كوردستان، كە ئێستا زۆرترین قسەی لەسەر دەكرێ‌، لە كۆبوونەوەكانی نێوان یەكگرتوو و ئێرانییەكاندا باسكراوە.

نووسینگەی عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری باڵای عەلی خامنەیی، لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ شاندەكەی یەكگرتوو، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە. لە بەشێكیدا دەڵێت  "سەلاحەدین بەهائەدین پشتیوانی لە یەكپارچەیی عێراق دەكات. ئێمە سەبارەت بە داهاتووی عێراق و ناوچەكە گفتوگۆمان كرد. كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە عێراقێكی یەكپارچە و یەكگرتوو دەكات كە كورد و شیعە و سوننە ساڵانێكە پێكەوە تێیدا دەژین".

رۆژێك دوای گەڕانەوەی لە ئێران، سەلاحەدین بەهائەدین رایگەیاند: "بۆ ئەوەی عێراق سەركەوتوو بێت، دەبێ‌ دەستوور جێبەجێ‌ بكرێت، لە دیباچەی دەستوورەكەش باس لەوە كراوە کە عێراق وڵاتێكی ئارەزوومەندانەیە ئەگەر دەستوور جێبەجێ‌ نەكرێت ئەو رێگای دیكە دێتە پێشەوە، لە ئێرانیش گوتم هەموو گەلێك مافی خۆیەتی مافی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، ئێمەش ئەو مافەمان هەیە، بەڵام بە هەلومەرجی رەخساوی نێودەوڵەتی".

بەپێی میدیایی فەرمی ئێران، عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بە شاندی یەكگرتووی راگەیاندووە :"نابێت رێگە بدرێت كەسانێك دووریی بخەنە نێوان كورد و حكومەتی عێراق، چونكە لەو مەودایەدا تەنیا دوژمنان قازانج دەكەن". هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتوو، بۆچوونی ئێرانییەكان لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان ئاشكرادەكات و دەڵێت "من راشكاوانە گوتم ئەگەر بەغدا پابەندی دەستوور نەبێ‌، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی پەنا بۆ بژارەی دیكە ببات، بەتایبەتی سەربەخۆیی. ئەوانیش گوتیان ئەگەر بابەتەكە بە ئاشتی بكرێت، سەربەخۆیی كوردستان نەبێتە هەڕەشە لەسەر ئێران، ئەوان تەفەهومی دەكەن، بەڵام ئەوەی هەستمانپێكرد ئەوان دڵنیانین. بۆیە چاوەڕێی دڵنیایی دەكەن".

یەكگرتوو: لە پەیوەندییە هاوسەنگەكانمان بەردەوام دەبین

یەكگرتوو كە پارتێكی ئیسلامیی میانڕەوە، لەڕووی فكرییەوە سەر بە قوتابخانەی ئیخوانە، هەرچەندە لەسەر میحوەری وڵاتانی سوننە، بە تایبەتی توركیا، حیسابكراوە، بەڵام لەڕووی جوگرافیای سیاسییەوە لەگەڵ پارتی خاڵی هاوبەشی زیاترە. دوو رۆژ پێش سەردانەكەیان بۆ ئێران، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پیرمام كۆبوونەوە. سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی و جەماوەریی یەكگرتوو دەڵێت حیزبەكەیان لە پەیوەندییەكانیدا بە هاوسەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەردەوام دەبێ‌: "ئێمە بە هەمان ئەندازە لە هەموو لایەنە سیاسییەكان نزیكین، لەسەر ئەو سیاسەت و نەهجەش بەردەوام دەبین. پێشتریش پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران باش بووە، چ لەگەڵ ئێران چ لەگەڵ توركیا، پەیوەندییەكانمان بەرەوپێشتر دەبەین".

پەیامی یەكگرتوو بە بۆینباخ بوو

لەدوای بەستنی كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتوو و گەڕانەوەی سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمە یەكەم سەردانی ئەو حیزبە بووە بۆ تاران. شاندەكە بەپێچەوانەی زۆربەی ئەو شاندانەی هەرێمی كوردستان، كە سەردانی ئێران دەكەن، بۆینباخەكەیان دادەنێن، ئەوان بە بۆینباخەوە دەركەوتن. سەركردەیەكی یەكگرتوو، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت "بە لانەبردنی بۆینباخ مەبەستمان بوو پێیانبڵێین ئامادەین بۆ بەستنی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ ئێران، بەڵام لە بڕیاری سیاسیدا خۆمان سەربەخۆین".

21/2/2017

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایدەگەیێنێت، کۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکو ئێستا ئەمری واقیعی لە هەرێمی کوردستانی رەتنەکردووەتەوە، کە باس لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت، تەئکید لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکاتەوە.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەبارەی هەڵوێستی ئێران لەبارەی سەربەخۆیی بەشداری لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کرد.

سەبارەت بە رای ئێران لەسەر هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، دەباغ رایگەیاند "تاوەکو ئێستا ئەو شاندە حیزبی و حکومیانەی سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردووە لە دانیشتنی بەرپرسە گەورەکان تاوەکو دەگاتە جێگری سەرۆککۆمار بەشداریم تێدا کردووە، هەمیشە کە باس لەو مەسەلانە دەکرێت، کۆماری ئیسلامی تەئکید لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە خۆی بە پشتیوانی گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەزانێت".

نازم دەباغ دەڵێت "ئەگەر باسی زۆر شتیش کرابێت لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە لە سەنگەری پێشەوەی پشتیوانیکردنن لەو ئەزموونەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە".

سەبارەت بە پەیامی ئێران بە شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامی، کە دەڵێن "ئێران گوتویەتی ئەگەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نەبێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئێران، تەفەهومی ئەو پرسە دەکەن"، نازم دەباغ دەڵێت "من لە کۆبوونەوەیە بەشدار نەبووم، تاوەکو بزانم راستی و دروستی ئەو پەیامە چییە. بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکو ئێستا ئەمری واقیعی لە هەرێمی کوردستان رەتنەکردووەتەوە".

نازم دەباغ دەشڵیت "لێکدانەوەی سیاسی بۆ من ئەوەیە، کە وەزیری دەرەوە یان راوێژکاری رابە یان هەر بەرپرسێکی دیکە، کە باس لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکرێت، تەئکید لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەنەوە، بە بڕوای من کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم پرسەی گەڕاندووەتەوە بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا".

بەبڕوای نازم دەباغ "تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکاندا هەمیشە دڵنیایی ئەوە دراوە، کە ئەمن و ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان و ئێران بە یەک ئەمن و ئاسایش ئەژمار دەکرێت. بۆیە دروستبوونی هەر نائارامییەک لە هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی بۆ سەر ئێران دەبێت و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە ئەو دڵنیاییە دراوە".

21/2/2017

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران دژی دروستکردنی ناوچەی ئارامە لە سووریا. دەشڵێت ئێران هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ نییە.

بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران تیشکی خستە سەر رەوشی سووریا و روونیکردەوە ئێران دژی راگەیاندنی ناوچەی ئارامە لە سووریادا.

قاسمی گوتی "بێگومان بیرۆکەی تورکیا بۆ راگەیاندنی ناوچەی ئارام لە سووریا هەڵەیە و کێشەی زیاتر لە سووریا دروستدەکات. ئەمە بەلای ئێمەوە شیاوی قبوڵکردن نییە و رەتیدەکەینەوە".
 
ئەم گوتەیەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە داوای دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین (ئارام) لە سووریا دەکات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش چەند جارێک رایگەیاندووە، پلانی هەیە ئەو ناوچەیە لە سووریا دروستبکات بۆ چارەسەری کێشەی کۆچبەری ئەو وڵاتە.

21/2/2017

 

تەقینەوەی مین لە شاری "ئەیوان"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی ئەو شارەی کردە قوربانی.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە 2017 -2- 18 دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری ئەیوان، لە کاتی کارکردن لەنێو مووچە و مەزرادا بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراو و بریندار بوون.

هەواڵدەریی (ئیرنا) لەزاری فەرماندەی پۆلیسی شاری ئەیوان بڵاوی کردەوە کە، ئەو ڕووداوە لە ناوچەی "ڕەوان"ی شاری ئەیوان ڕووی داوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لەو دوو جووتیارە کوردە لە کاتی تەقینەوەی مینەکەدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە، هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەش لەو ڕووداوەدا بریندار بوو.

ئەو هەواڵدەرییە شوناسی ئەو دوو جووتیارەی بڵاو نەکردووەتەوە.

پێشتریش بەهۆی ڕووداوی تەقینەوەی مین جووتیارێکی کورد لە شاری (قەسر شیرین) لە کاتێکدا خەریکی کشتوکاڵ بوو لەنێو مووچە و مەزراکەیدا بە توندی بریندار بوو.

ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان بە دووەمین وڵاتی ئالوودە بە مینە چێنراوەکان دێتە ئەژمار و بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە، بە شێوەی نێوەنجی ڕۆژانە سێ کەس لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە جەنگییە بەجێماوەکان لە شەڕی ئێران و عێراق، دەبنە قوربانی.

20/2/2017

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ھەماھەنگیی کوێت، 290 سۆپایان بەسەر قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر دابەش کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 20/2/2017، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی قوتابییان و ھاندانیان بۆ بەردەوامی دان بە خوێندن، تیمێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ھەماھەنگی کوێت 290 ئامێری گەرمکەرەوە (سۆپا)یان بەسەر ھۆڵەکانی خوێندنی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر دابەش کرد.

ھاوکات ھەر ئەمڕۆ دووشەممە 20/2/2017، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و LDSی ئەمەریکی بە مەبەستی ھاوکاری و پشتیوانیکردنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، سمینارێکیان بۆیان لە سەنتەری ژینی شاری ھەولێر بەڕێوە برد.

لە سمینارەکەدا ڕێنمایی تەندروستی و فێرکاری لەسەر چۆنیەتی بە کارھێنانی ئامێرەکانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بۆ بەشداربووان شی کرایەوە و لە کۆتاییدا 22 ویلچەر بەسەر کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دابەش کرا.

20/2/2017

 

بڕیارە رۆژی سێشەممە 21-2-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا کۆببێتەوە.

کۆشکی ئیلیزێ (سەرۆکایەتی فەرەنسا) رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 21-2-2017  فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەپێی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی فەرەنسا، کاژێر 16:15 خولەک بە کاتی پاریس بارزانی و ئۆلاند کۆدەبنەوە.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2015 یشدا بارزانی سەردانی فەرەنسای کرد و لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند کۆبووەوە.   

ئەوەش دوای ئەوە هات، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 دا دوای هێرشی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، فرانسوا ئۆلاند وەک یەکەمین سەرۆککۆماری وڵاتان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە.

بۆ دووەمجاریش رۆژی دووشەممە 2-1-2017  فرانسوا ئۆلاند بە یاوەری شاندێكی حكومەتی فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێكرا.
فەرەنسا وەک ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا و یەکێک لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش رۆڵێکی کارای هەیە و ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشە، لەو چوارچێوەیەشدا هاوكاری هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش دەكات.

کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە. پاریس رۆڵی دیاری لە دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبوو، کە تایبەت بوو بە راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە عێراق، ئامانجیش لە بڕیارەکە پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو لە هەر هێرشێکی رژێمی پێشووی عێراق.

لەماوەی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە دژ بە رێکخراوی داعش، فەرەنسا لە بواری سەربازییدا یارمەتی هەرێمی کوردستانی داوە و چەندینجار چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ناردووە.

فەرەنسا بە هەبوونی زیاتر لە 20 فڕۆكەی جەنگی لە شەڕی دژ بە داعشدا بەشدارییەکی چالاکی هەیە. ئەو فڕۆکانەش بارەگاکانی داعش لە عێراق و سووریا بۆردوومان دەکەن، لەوەش زیاتر، فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانە بووە میوانداری بەرپرسانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانی کردووە.

20/2/2017

 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیای لە کۆنفرانسی میونشن دایەوە و رایگەیاند، لێدوانەکان بونیاتنەر نین.

رۆژی یەکشەممە 19-2-2017 مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گوتارەکەیدا لە کۆنفرانسی میونشن رایگەیاندبوو، ئێران لە هەوڵدایە سووریا و عێراق بکاتە دوو وڵاتی شیعە و ئەوەشی بە مەترسیدار لەقەڵەمدا.

لە وەڵامی چاوشئۆغڵو بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بونیاتنەر نین و گوتی "ئەوانەی لە خەیاڵی خاوی گەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆریەتن، دەستیان بە کرداری نایاسایی، دەستوەردان و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستیەکان کردووە، ناتوانن بە پڕوپاگەندە لەژێر باری بەرپرساێتیی کارەکانیان دەربچن".

بەهرام قاسمی دەڵێت، کردارەکانی ئەوان بوونەتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە و زیادبوونی ناکۆکی و خوێنڕشتن، کە مەبەستی تورکیایە.

قاسمی  رایگەیاند "دەبێ ئەوان (تورکیا) بزانن، کە ناسەقامگیری لەناوچەکەدا هیچ هۆکارێکی جگە لە ئەوان و هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچە نییە. ئەوان ناتوانن بە تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیکە خۆیان لەو ئاڵۆزییانەی کە بۆ خۆیان دروستیانکردوون، دووربخەنەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت "رۆڵ و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا، لەلایەن گەل و دەوڵەتەکانی ناوچە و جیهانەوە پێشوازیی لێدەکرێت".

20/2/2017

 

لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی له‌ میونشن، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجێلینۆ ئەلفانۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كۆبووەوە، یەكێك لە ئەندامانی شاندی كوردستانیش دەڵێت، بارزانی لە كۆبوونەوەكاندا رایگەیاندووە هەرێمی کوردستان وەک چۆن لە شەڕی داعشدا بەشدار بووە، لە قۆناخی دوای داعش و داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا هاوکار و بەشدار دەبێت.

ئەمە حەوتەم كۆبوونەوەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆنفرانسی میونشن ئەنجامی بدات، پێشتر لەگەڵ هەریەك لە مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، جۆن مەككین، سیناتۆری ئەمریكی، جێگری سەرۆکوەزیرانی کوێت، سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان كۆببووەوە، رۆژی هەینیش 17-2-2017، لە یەكەم رۆژی كۆنفرانسەكەدا پێنج كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەنجامدان.


هێمن هەورامی، یەكێك لە ئەندامانی شاندی كوردستان لە كۆنفرانسی میونشن لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە هەرێمی کوردستان وەک چۆن لە شەڕی داعشدا بەشدار بووە، لە قۆناخی دوای داعش و داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا هاوکار و بەشدار دەبێت.
جیهان
"بارزانی: لە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاوکار و بەشدار دەبین"
لەلایەن زنار شینۆ 5 کاژێر لەمەو بەر
شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی لە كۆنفرانسی میونشن
شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی لە كۆنفرانسی میونشن

رووداو - میونشن

لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی له‌ میونشن، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجێلینۆ ئەلفانۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كۆبووەوە، یەكێك لە ئەندامانی شاندی كوردستانیش دەڵێت، بارزانی لە كۆبوونەوەكاندا رایگەیاندووە هەرێمی کوردستان وەک چۆن لە شەڕی داعشدا بەشدار بووە، لە قۆناخی دوای داعش و داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا هاوکار و بەشدار دەبێت.

ئەمە حەوتەم كۆبوونەوەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆنفرانسی میونشن ئەنجامی بدات، پێشتر لەگەڵ هەریەك لە مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، جۆن مەككین، سیناتۆری ئەمریكی، جێگری سەرۆکوەزیرانی کوێت، سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان كۆببووەوە، رۆژی هەینیش 17-2-2017، لە یەكەم رۆژی كۆنفرانسەكەدا پێنج كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەنجامدان.


هێمن هەورامی، یەكێك لە ئەندامانی شاندی كوردستان لە كۆنفرانسی میونشن لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە هەرێمی کوردستان وەک چۆن لە شەڕی داعشدا بەشدار بووە، لە قۆناخی دوای داعش و داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا هاوکار و بەشدار دەبێت.


بەگوتەی هێمن هەورامی، بۆ قۆناخی دوای داعش سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە راشکاوی لە کۆبوونەوەکاندا داوای داڕشنتەوەیەکی نوێی کردووە بۆ پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی عێراق.

هاوكات محەممەد حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی کوردستان لە کۆنفرانسەكە بە رووداوی راگەیاند، لە هەموو كۆبوونەوەكان باسی پرسی سەربەخۆیی كوردستانیان هێناوەتەگۆڕێ و پرسەكەیان بەبێ جیاوازی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان باسكردووە

19/2/2017

 

شارەکانی پارێزگای خوزستانی ئێران دەڵێن، سەردەمی بێدەنگیی کۆتایی هاتووە، چونکە ناوچەکەیان بەسەر دەریای نەوتەوەیە، بەڵام پشتگوێخراون و خزمەتگوزارییەکان وەک پێویست نین.

ئەهواز ناوەندی پارێزگای خوزستانە. خۆپیشاندەران دەڵێن، شارەکەیان لەبیرکراوە و خوازیاری دەستلەکار کێشانەوەی بەرپرسانن.

هۆکاری ناڕەزایەتی، کۆمەڵە کێشەیەک بوو کە لە ئەنجامی خۆڵبارینەکان هاتە ئاراوە. یەک هەفتە پێش خۆڵبارین، هاوکات لەگەڵ هەوای شێدار، کارەبای لەو پارێزگایەدا بڕی. بڕانی کارەبا بووە هۆی ئەوەی هێڵەکانی تەلەفۆن، گاز و ئاویش ببڕدرێ. ئەمە ژیانی لە خوزستان پەکخست. قوتابخانە و فەرمانگەکان داخران. 

ئەو رووداوانە دەنگی ناڕەزایەتی خوزستانییەکانی بەرزکردەوە. 

خۆڵبارینەکان نزیک بە یەک دەیەیە کە بەرۆکی بەشێک لە پارێزگاکانی ئێرانی گرتووە. بەرپرسان دەڵێن، سەرچاوەی خۆڵبارینەکان وڵاتانی دراوسێیە. 

بەڵام چەند رۆژ پێش یەکێک لە نوێنەرانی خوزستان، لەم پەیوەندییەدا بەرپرسانی بە درۆکردن تۆمەتبار کرد. گوتی: سەرچاوەی خۆڵبارینەکان هەر لە خوزستانە، بەڵام چونکە بەرپرسان ناتوانن چارەسەری بکەن، بە ئەنقەست دەڵێن: سەرچاوەی خۆڵبارین دەرەوەی ئێرانە. 

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ئیسنا 350 هەزار هێکتار ناوەندی خۆڵبارین لە ئێراندایە. مەحموود حوجەتی، وەزیری کشتوکاڵی ئێران، دەڵێت: لە 6 هەزار هێکتار لە ناوەندەکانی خۆڵبارینەکان دار دەچێنرێت. پێشنیاز دەکات لە کورت ماوەشدا ناوەندەکانی خۆڵبارین تەڕ بکرێن، بۆ ئەوەی تۆز دروست نەکەن.

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەت سەردانی خوزستانیان کردووە. لەوانە وزیرەکانی کشتوکاڵ، وزە و کار.

بەڵام هێشتا چارەسەرێک بۆ کێشەی خوزستانییەکان نەدۆزراوەتەوە. بەگوتەی جێگری پارێزگاری خوزستان رەنگە کارەبا دیسانیش ببڕدێت. 

پرسە ژینگەییەکان تەنیا کێشەی پارێزگای خوزستان نییە. ئەم خۆپیشاندەرانە داوای خوێندن بە زمانی دایکیش دەکەن. دانیشتوانی خوزستان عەرەبن.  

خوزستانییەکان هەروەها خوازیاری کۆتایی هێنان بە جیاوازی دانان بوون. خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی بێکاریی و پێشگیری لە گواستنەوەی ئاوەکانی ئەم پارێزگایە بۆ شوێنی دیکە بوون.

19/2/2017

 

ئێوارەی رۆژی هەینی 17-2-2017، کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی له‌ میونشن، بە بەشداری 30 سەرۆک و سەرۆکوەزیری وڵاتانی جیهان، 80 وەزیر و زیاتر لە 500 ئەندامی باڵای وڵاتان دەستیپێكرد، تاوەكو ئێوارەی 19ی مانگیش بەردەوام دەبێت.

لە یەكەم گوتاردا ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، نابێت شەڕی داعش بە ئیسلام ببەسترێتەوە، بەپێویستیشی زانی هاوكاری زۆرتری هاوپەیمانەكانیان بكەن.

لە باشووری کوردستانەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی سیاسی و سەربازی بەشداری لەم کۆنفرانسەدا دەکات، تاوەكو ئێستاش  لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدا بارزانی سێ كۆبوونەوەی گرنگی كردوون.

هەریەك لە محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، عومه‌ر عوسمان، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فوئاد حوسێن، سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، هێمن هه‌ورامی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئه‌نوه‌ر حاجی عوسمان، بریکاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ یاوه‌ری بارزانی ده‌که‌ن.

کۆنفرانسەکە ئەمساڵ ناونراوە "کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ترانس-ئەتڵەنتیک و قەیرانی سیستەمی لیبراڵ".  بەشێک لە فۆکەسی کۆنفرانسەکەش لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ناتۆ و وڵاتانی ترانس-ئەتڵەنتیک دەبێت لەدوای هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ، هەروەها قسە لەبارەی بابەتەکانی وەک هاریکاریی ئەوروپی کە بواری ئاسایش و بەرگری، پەیوەندییەکانی رووسیا و ئۆکراینیا، شەڕی سووریا و ناوچەکانی ئاسیا-پاسیفیک، نیمچەدوورگەی کۆریا، تیرۆریزم و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ژینگە و زەوی دەكرێت.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسەكەدا گوتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند "ئێمە رۆلێکی گەورەمان لە شەڕی داعشدا بینیوە، پێمانوایە دەبێ کاری زیاتریش بەیەکەوە بکەین و، پێویستە هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانمان لە بواری سەربازیدا زیاتر بکەین".

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا باسی چەند بابەتێكی دیكەیشی كرد، لەوانە: "پێویستە کاری جددی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بكەین، پێویستە ئاوڕێکی جددی لە هاوپەیمانەکانمان بدەینەوە،  نابێت شەڕی دژ بە داعش بە ئیسلام ببەستینەوە،  پێویستە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بودجەی زیاتر بۆ بواری سەربازی تەرخان بکەن".

هاوكات جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش گوتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند "ئێمە بەرپرسیارێتی زۆرمان لەسەر شانە بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا و، دەبێت بەیەکەوە رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە".

جەیمس بەپێویستی زانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بەهێزتر بکەن و، لە بواری سەربازیش پەرە بە هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانی نێوانیان بدەن.
18/2/2017

 

دوای پێنج رۆژ بەفربارین، رۆژی هەینی 17-2-2017، فێستیاڵی بووكەبەفرینە لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵكی شارەكە سازكرا.

فێستیڤاڵەكە ساڵانە بە بەشداری چین و توێژەكانی شارەكە سازدەكرێت و ئامادەبووان بووكەڵە و پەیكەری جیاجیا لە بەفر دروست دەكەن. ئەسماڵیش رێگای زرێبار بۆ فێستیڤاڵەكە هەڵبژێردرابوو.

چەند رۆژێكە شەپۆلێکی بەفر و باران سەرتاسەری کوردستانی گرتووەتەوە، لە زۆربەی شارەکان بەفر کەوتووە و لە چەند شوێنێکیش بەهۆی زۆری بەفر رێگاکانی هاتووچۆی شار و گوندەکان داخراوە.
18/2/2017

 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن، لەگەڵ شاندێکی ئێران بەسەرۆکایەتیی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 16-2-2017، بۆ بەشداریكردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گەیشتە ئەڵمانیا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینیش لەگەڵ ئێدوارد نەعلبەندیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و شاندێكی یاوەری کۆبووەوە.

بارزانی پاشان لەگەڵ جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کۆبووەوە. لەدوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یەکەمجارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ کۆدەبێتەوە.

کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی ئێوارەی رۆژی هەینی 17-2-2017  له‌ شاری میونشنی ئەڵمانیا بە بەشداری 30 سەرۆک و سەرۆکوەزیری وڵاتانی جیهان، 80 وەزیر و زیاتر لە 500 ئەندامی باڵای وڵاتان دەستیپێكرد، تاوەكو ئێوارەی 19 ی مانگیش بەردەوام دەبێت.

17/2/2017

 

ژمارەیەک چالاکوانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نامەیەکدا داوا لە سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن، بەڵێنەکانی بۆ خوێندن بە زمانی دایکی جێبەجێ بکات.

ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و پەرلەمانتاری کورد لە ئێران لە نامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ کوردستان 24 نێردراوە، داوا لە ‌حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن مادەی 15 یاسای بنەڕەتی ئێران جێبەجێ بکات و رێگە بە خوێندن بە زمانی دایک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بدرێت.

 واژووکەرانی ئەو نامەیە کە ژمارەیان 88 کەسە دەڵێن، ئەگەر رێگە بەخوێندن بەزمانی دایک بە کوردان بدرێت، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ چارەکردنی کێشەکانی پێکهاتەکانی ئێران، هاوکات داواش دەکەن حەسەن روحانی بەڵێنەکانی بۆ کوردستان جێبەجێ بکات

18/2/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان