فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-23-20-31-58 ڤیدیۆیەکە، فەرمانی پێویستم دەرکرد بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە." داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان گوتی، "بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەش...
2025-04-23-20-28-02 گۆڵۆباڵیزم ( کەئەوکات بەسیستەمی نوێی جیهان) پێناسە دەکرا. ئەو ململانێ فکریەش لە نێوان (ساموئل هانتینگتون ) ی خاوەن تێزی (پێکدادانی شارستانیەکان) و فرەنسیس فۆکۆیامای خاوەن...
2025-04-23-19-52-21 ساڵ و دەیان ملیار دۆلاری تێچووی بوو . بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل بە بەکار هێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمەریکی توانیتی حەسەن نەسرولله کە لە قولای...
2025-04-23-19-49-44 و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆم، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدات. هەروەها لە بەرامبەریشدا، ترامپ بە كۆمەڵێك پێشمەرجی زۆر و قورسەوە، نامەیەك بۆ...
2025-04-12-15-24-28 کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی ناگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. رەنج پشدەری، چالاکڤانی کورد لە سوێد، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەید عەلی رەحیم پوور،...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

درەنگانی شەوی رابردوو لە گوندی بەردە سووری سەر بە سیلوانای پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان، خانووی خێزانێک بە تەواوی كەوتە ژێر ھەرەسی بەفر و 2 ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا.

جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی قەیرانی پارێزگای ورمێ داوای لە ھەموو دانیشتووانی گوندەكە و ھێزەكانی فریاكەوتن كردووە ھەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ دەرھێنانی تەرمی ئەندامانی دیكەی خێزانەکە.

بە وتەی عەباس موسەوی یەكێك لە منداڵەكانی ئەو خێزانە رزگاركراوە و تا ئێستا تەرمی دوو كەسیش لەژێر ھەرەسی بەفر دەرھێنراون.

بەھۆی بارینی بەفرەوە لە چەند رۆژی رابردوودا 22 پارێزگای ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان رووبەڕووی حاڵەتی نائاسایی بوونەتەوە و لە زستانی ئەمساڵیشدا پارێزگاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بەھۆی بەفر و سەرما زۆرترین قووربانیانداوە.

17/2/2017

 


رێبەرانی بزووتنەوەی سەوزی ئێران شەش ساڵە بەند کراون، دەسەڵات هەر جۆرە داواکارییەکی بۆ کرانەوەی دەرگا بەسەر ئەوان و بزووتنەوەی ریفۆرمخوازییدا رەتکردووەتەوە.

تازەترین داواکاری محەممەد خاتەمی، کەسایەتی دیاری ریفۆرمخوازان، بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی بوو، خاتەمی گرژبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێرانی و ئەمریکا بە دەرفەت زانیبوو تا ئەو داواکارییە بێنێتە گۆڕێ.

وادیار بوو ریفۆرمخوازان بۆ دەرفەتێک دەگەڕان کە بتوانن راستەوخۆ پەیوەندیی بە رێبەری ئێرانەوە بکەن، مستەفا کەواکبیان، نوێنەری ریفۆرمخوازی پەرلەمان، داوای لە ئایەتوڵا خامنەیی کردووە، نووسینگەکەی راسپێرێت کە بوار بۆ پەیوەندیی لەگەڵ چالاکانی ناسراوی ریفۆرمخوازدا بڕەخسێنێت.

هەندێ کەس پێیان وایە، لە نەبوونی کەسایەتییەکی وەک هاشمی رەفسەنجانیدا بوونی پردێکی پەیوەندیی بۆ ئەوان لەگەڵ رێبەریی پرسێکی گرینگە.

 بەڵام سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، گرنگییەکی بە داواکارییەکی ئەوان نەدا، رێبەری ئێران لە وەڵامی خاتەمیدا ئاشتی نیشتمانی بە شتێکی بێ مانا لە قەڵەمدا و گوتی: "خەڵک لەگەڵ ئاژاوەگێڕەکاندا ئاشت نابنەوە".

17/2/2017

 

شاره‌زايان له‌ ئه‌مريكا رۆشناييان خسته‌ سه‌ر وتارێكى كۆنى سه‌رۆك وه‌زيرانى پێشووى بريتانيا ونستۆن چه‌رچڵ، كه‌ تێيدا پێشبينى هه‌بوونى ژيانى له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ساره‌ى زه‌وى كردووه‌.

وتاره‌كه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ى چه‌رچڵ له‌ كه‌رتى ڤولتۆنى ئه‌مريكا هه‌ڵگيراوه‌ و تێيدا چه‌رچڵ باسى له‌ هه‌بوونى ژيان له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ساره‌ى زه‌وى كردووه‌.

له‌ وتاره‌كه‌دا كه‌ گۆڤارى Nature  ئه‌مريكايى بڵاويكردووه‌ته‌وه‌ چه‌رچڵ باسى له‌ فراوانبوون و كشانى گه‌ردوون وه‌ك ديارده‌يه‌كى سرووشتى كردووه‌ و ئاماژه‌ى به‌ پێويستى هه‌بوونى ئاو له‌ ده‌ره‌وه‌ى گۆى زه‌وى كردووه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ ده‌گونجێت ژيان له‌ هه‌ساره‌كانى مه‌ريخ يان زوهره‌ هه‌بێت.

دۆزينه‌وه‌ى ئه‌م وتاره‌ له‌ كاتێكدايه‌ كه‌ له‌ ئێستادا زانايانى فيزياى گه‌ردوونى باس له‌ گريمانه‌ى هه‌بوونى ئاو و ژيان له‌ هه‌ساره‌ى مه‌ريخ ده‌كه‌ن.

ونستون چه‌رچڵ له‌ 30ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌رى 1874 له‌دايكبووه‌ و له‌ 24ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 1965 كۆچى دواييكردووه‌. سه‌رۆك وه‌زيرانى بريتانيا بووه‌ له‌ 1940 تا 1945 و بۆ جارى دووه‌م له‌ 1951 تا 1955 سه‌رۆك وه‌زيران بووه‌.

16/2/2017

 

بە مەبەستی دروستکردنی لۆبیەکی سیاسی، سەربازیی و ئابووری، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانێکی بۆ وڵاتانی سعودیە و قەتەر و بەحرێن دەستپێکردووە، هاوکات سەرۆککۆماری ئێرانیش سەردانی کوێت و عوممان دەکات.

ئەو سێ وڵاتەی کە ئەردۆغان سەردانیان دەکات لەبارەی قەیرانی سووریا و مەترسییەکانی زیاتر بوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا هاوڕان. سەردانەکەی ئەردۆ‌غان لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی سێشەممەش (15-2-2017)حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێرانیش سەردانی کوێت و عوممان بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، بە سەردانێکی سێ رۆژە لە وڵاتانی کەنداوە.

ئەردۆغان لەو سەردانەیدا لەگەڵ سەرکردەی هەرسێ وڵاتی سعودیە، قەتەر و بەحرێن، چەندین پرسی ناوچەی و پەیوەندیەکانی نێوان وڵاتەکەی و کەنداو باس دەکات.

16/2/2017

 

لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا دوورگەیەكی بچووك هەیە بەناوی زانزێبار. وڵاتێكی زۆر بچووكە و دەتوانین 31 زانزێبار لەهەرێمی كوردستاندا جێ بكەینەوە. دانیشتووانەكەی تەنیا یەك ملیۆن و سێ سەد هەزار كەسن.

زانزێبار كەشوهەوایەكی گەرمی هەیە، زۆربەی كات ئاسمانی ساف و ساماڵە. لەبەر گەرمیی كەشوهەواكەی میوەو درەختی جۆراوجۆری لێ دەڕوێت. خەڵكی گوندنشینی دوورگەكە لەژێر سێبەری كەپرەكانیاندا، مۆز، ئاناناس، مانگۆ، لیمۆ و پرتەقاڵی تازەیان هەڵچنیوە بۆ فرۆشتن. میوەكانیان زۆر بەتام و ئاودار و هەرزانیشن. هەروەها لەبەرئەوەی ئاوی دەریای سوێر چواردەوری زانزێباری گرتووە، چەندین جۆر خۆراكی دەریایی وەك رۆبیان، ئەختەبووت، ماسی لە چێشتخانەكانیاندا هەیە بەتام و رەنگی جیاوازەوە. ئەمەش لەبەرئەوەیە كە زانزێبار بە دوورگەی بەهارات ناسراوە. چەندین كێڵگەی زەنجەفیل، دارچین، بیبەری توند و ئاڵەت، ڤانیلا و مێخەك لە سەرتاسەری دوورگەكە هەن.

ئەم دوورگە جوان و دڵگیرە وڵاتێكی سەربەخۆ نییە. هەرێمێكی ئۆتۆنۆمییە و سەر بە تانزانیایە. زانزێبار رۆژێ لە رۆژان سەربەخۆ بوو، بەڵام بەدەستی خۆی وازی لە سەربەخۆیی هێنا و خۆی كردە بەشێك لە تانزانیا.

ئێوارەیەكی درەنگ، كەمێك پێش خۆرئاوا بوون، بە بەلەمێكی گەورە گەیشتینە بەندەری سەرەكیی زانزێبار. هەر كە بە پەیژەی بەلەمەكەدا دێیتە خوارەوە، هەست دەكەی لە وڵاتێكی جیاوازی لەچاو تانزانیا. پێش ئەوەی بگەیتە نێو شار، كەسێك بانگت دەكات و داوای پاسپۆرتت لێدەكات، مۆرێكی زانزێبار لە پاسپۆرتەكەت دەدا. هەرچەندە بەشێكە لە تانزانیا، بەڵام بۆ ئەوەی جیاوازبوونی خۆی بسەلمێنێ، حكومەتی زانزێبار مۆری خۆی لە پاسپۆرتی هەموو گەشتیارێك دەدات.

زانزێبار لەدێر زەمانەوە پەیوەندییەكی كولتووری و سیاسی و ئاینی لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی هەیە. جلوبەرگی زۆر لە دانیشتووانەكەی، بە ژن و پیاوەوە لە عەرەبەكان دەچێ‌، هەرچەندە بە رەنگ رەشپێستی ئەفریقین. بە زمانی كیسواحیلی قسە دەكەن كە پڕیەتی لە وشەی عەرەبی و 98%ی دانیشتووانەكەی موسوڵمانن. هەر ناوی زانزێبار خۆیشی لە وشەی زەنجییەوە هاتووە كە بە عەرەبی و فارسی واتە رەشپێست.

سێ سەد ساڵ لەمەوبەر زانزێبار بە تەواوی كەوتە ژێر دەسەڵاتی سوڵتانەكانی عوممان. دوورگەكە بۆ بازرگانی لەگەڵ ئەفریقا ئەوەندە گرنگ بوو كە ساڵی 1830 سەید بن سووڵتان، سوڵتانی ئەوكاتی عوممان بەیەكجاری پایتەختی سەڵتەنەتەكەی خۆی لە عومانەوە گواستەوە بۆ زانزێبار.

دوورگەی زانزێبار مێژوویەكی رەش و خەمناكی هەیە. ساڵانێكی زۆر بنكەی سەرەكیی كڕین و فرۆشتنی كۆیلە بوو.  بازرگانانی عەرەب بۆ كڕینی عاجی فیل و كەركەدەن دەچوونە ناو دەشت و جەنگەڵەكانی ئەفریقا، بەڵام لەوسەریشەوە بە زەبری چەك و چەقۆ و شمشێر خەڵكی رەش و رووتی گوندەكانی ئەفریقایان دەگرت و كۆت و زنجیریان لە مل دەكردن و دەیانهێنان لە زانزێبار دەیانفرۆشتن.

زانزێبار تەنیا شوێنی بازرگانانی عەرەب نەبوو. لە چین و هیندستانیشەوە بە بەلەم بۆی دەهاتن و بازرگانیی بەهارات و عاج و كۆیلەیان دەكرد، بەڵام هەمیشە چینی دەسەڵاتدار و خاوەنپارە عەرەبەكان بوون كە مۆركی خۆیان بەسەر سیاسەت و حكومەت و ئابووریی ئەم دوورگەیەدا هەتا ئەمڕۆش بەجێهێشتووە.

كاتێك بەنێو كوچە و كۆڵانە تەنگەبەرەكانی زانزێباردا رێ دەكەی، هەموو پەنجەرە و دەرگایەك چیرۆكێكی خۆی هەیە. هەندێ لەسەر شێوازی هیندی دروستكراون، هەندێكیان بەستایلی چینی و هەندێكیش بە ئەفریقی و عەرەبی. پەرستگای هیندۆس و مزگەوتی موسوڵمانان و كڵێسای مەسیحی لە نزیك یەك دروستكراون. دەمێك گوێت لە دەنگی بانگە و ساتێكیش لە زەنگی كڵێسا.

زانزێبار لەژیر فەرمانڕەوایی عەرەبەكان و چاودێریی بەریتانیادا مایەوە هەتا ساڵی 1963، ئەو ساڵانە بەریتانیا سەربەخۆیی بەخشی بۆ كۆمەڵێ وڵاتی ئەفریقی، لەوانەش زانزێبار، دەسەڵاتدارانی ئەوێ دەوڵەتێكی سەڵتەنەتیان بۆ خۆیان دامەزراند و كابرایەكیان بەناوی جەمشید بن عەبدوڵڵا كردە سوڵتان.

 تەمەنی سەربەخۆیی زانزێبار كەم بوو. یەك مانگ دوای سەربەخۆیی، چەند هەزار كەسێك كە بە خۆیان دەگوت شۆڕشگێڕانی ئەفریقی، هێرشیان كردە سەر بنكەكانی پۆلیس و دامودەزگای و دەوڵەت و حكومەتەكەی سوڵتان جەمشیدیان لەسەركار لابرد. لە رۆژانی دوای شۆڕشدا، چەندین هەزار كەسی مەدەنی كۆمەڵكوژكران كە زۆربەیان عەرەب بوون.

شۆڕشگێڕەكان دەیانگوت ئێمە خەڵكی رەسەنی ئەم دوورگەیەین كەچی عەرەب و ئاسیاییەكان هەموو دەسەڵاتێكی سیاسی و ئابوورییان بۆ خۆیان پاوان كردووە. لەبەرئەوە مافی خۆمان وەك خەڵكی رەشپێست دەستێنین. كەسێكیشیان بەناوی عەبد كەرۆمێ كردە سەرۆك و ناوی وڵاتیان لە سەڵتەنەتی زانزێبارەوە گۆڕی بۆ حكومەتی شۆڕشگێڕی زانزێبار.

هەرچەندە گومان هەبوو كە شۆڕشگێڕەكان ماركسین و زانزێبار دەكەنە دوورگەیەكی داخراوی چەپڕەوی سەر بە سۆڤیەت وەكو كووبا، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت بەریتانیا و ئەمریكا هیچ كاردانەوەیەكیان بەرامبەر بە شۆڕشەكە نەبوو جگە لەوەی كەشتییان نارد و هاووڵاتیانی خۆیان لەو دوورگەیە دوورخستەوە.

دەكرێ هەندێجار شۆڕشێك ژیانی خەڵكی وڵات بگۆڕێت و باشتری بكات، بەڵام بەقسەی خەڵكی زانزێبار، ئەو شۆڕشە لەبەرژەوەندیی ئەوان نەبوو. نەك ژیانیان نەگۆڕا، بەڵكو هەر بەهەژاری مانەوە. هۆكارەكەی ئەوە بوو كە تەنیا سێ مانگ دوای شۆڕش، سەرۆكە نوێیەكەیان لەگەڵ حكومەتی تەنگانیكا كەوتە گفتوگۆ و رازی بوو كە زانزێبار لە وڵاتێكی سەربەخۆوە بكاتە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی. بەوشێوەیە تەنگانیكا و زانزێبار یەكیانگرت و ئەو وڵاتە دروست بوو كە ئەمڕۆ پێیدەڵێن تانزانیا.

ئێستا خەڵكی زانزێبار باوەڕیان وایە كە سەرۆكی ئەوكاتەیان كەسێكی یان خائین بووە یان نەزان و گەمژە كە بەدەستی خۆی سەربەخۆیی وڵاتی داوەتە وڵاتێكی دیكە.

خەیری، شۆفێری ئەو تاكسییەی دەمانگوازێتەوە، خەفەت بۆ رابردووی وڵاتەكەی دەخوات و دەڵێت "سەرۆكەكەی ئێمە كەسێكی نەخوێندەوار بوو، سەرۆكی تەنگانیكاش وریا و شارەزا. پێیگوتبوو ئێوە دوورگەیەكی بچووك و هەژارن، بە تەنیا ناتوانن بژین و ئەگەر هێرشتان بكرێتە سەر كەس نییە پارێزگاریتان لێ بكات. بۆیە باشتر وایە ببنە بەشێك لە وڵاتەكەی من. ئەمیش هەڵخەڵەتاو گوتی باش".

زۆر كەسی دیكەی دوورگەكە وەكو خەیری بیردەكەنەوە. ئەوان دەڵێن ئەگەر سەربەخۆ بن، بەو هەموو گەشتیارەی لەبەر خۆشیی كەشوهەوا و سامانی سروشتی و ناوبانگی دوورگەكەیان روو لەوێ‌ دەكەن، دەتوانن بە ئاسوودەیی بژین.

بەلەمەوانێك لە دوورگەكە گوتی "تانزانیا بەو گەورەیی و دەوڵەمەندییەی خۆیەوە بەردەوام داوای پارە لەم دوورگەیەی ئێمە دەكات". گوتیشی "خەونی هەموو زانزێبارییەكە كە رۆژێ لەرۆژان ببینەوە بە خاوەن دەوڵەتی خۆمان".

حكومەتی ناوەندیی تانزانیا زۆرباش ئاگاداری خواستی خەڵكی زانزێبارە بۆ سەربەخۆیی، بەڵام بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ئەم خواستە دەكات و ئامادە نییە گوێ لە باس و خواسی جیابوونەوە بگرێت، بەڵام بەربەستەكان هەرچەند زۆر بن، خەڵكی زانزێبار بەردەوام لە ژێر سێبەری درەختە بەرزەكانیاندا و لەبەردەم شنەبای كەنارەكاندا، خەون بە جیابوونەوە دەبینن لەو وڵاتەی كە تەنیا چەند كیلۆمەترێك دەریا پێكەوەی بەستوونەتەوە.

16/2/2017

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە وڵامی لێدوانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە کە گوتبووی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیه‌ بۆ سەر ناوچەکەیە، رایگەیاند:" سعوودیە لە بەرامبەری ئێراندا تووشی وەهم بووە و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە لە ئێران بکاتە دوژمن.

لە ساڵی رابردوودا، بەرپرسانی باڵای سعوودیە لە هەر بۆنە و کۆبوونەوەیەکدا رەخنەیان لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە گرتووە. لە دوایین لیدوانیشدا رۆژی یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێرانی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زانی.

عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایگه‌یاند:" ئێمە بە چاوی خۆمان ئەو دۆخە دەبینین وا لە لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەن و لیبیا هاتووەتە ئاراوە. ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین هەموو ئەم رووداوانە بە هۆی دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتەکانی دیکەدا روو دەدەن.

ئاژانسی هەواڵی ئیماراتیش بڵاوی کردەوە، حەفتەی رابردوو عەبدولرەحیم ئەلعوزی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ئێرانی بە پێشێل کردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمەتبار کردووە و گوتویەتی ئێران بەم کردەوانەی سەروەریی خاکی یەمەنی پێشێل کردووە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی پێکدادانەکان. ئیمارات ئەندامی ئەو هاوپەیامانەتییەیە کە بە سەرۆکایەتیی سعوودیە پشتیوانی لە حکوومەتی یەمەن دەکەن.

لە بەرامبەریشدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئیسنای ئێرانی رایگەیاندووە ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی سعوودیە و ئیمارات بە هۆی نەزانی و نەبوونی زانیاریی پێویست لە سەر دۆخی ناوچەکە و کۆماری ئیسلامییە و ئەم دوو وڵاتە لە پاش ئەوەی دۆناڵد ترامپ بووەتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەڵوێستەکانیان بەرمابەر بە ئێران توندتر بووە و سیاسەتێکی توندتر لە جارانیان گرتووەتە بەر.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتووشیەتی سعوودیە بەرامبەر بە ئێران تووشی وەهم و هەڵە بووە و ئەم هەڵانەی سعوودیە پێشتریش ئەم وڵاتەیان تووشی کێشە کردووە.

بە گوتەی بەهرام قاسمی، سعوودیە هەوڵێکی زۆر دەدا و پارەیەکی زۆر خەرج دەکا بۆ ئەوەی دوژمن بۆ ئێران دروست بکات.

ئێران و سعوودیە زیاتر لە ساڵێکە هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و دیپلۆماسیان لە نێواندا نەماوە و لە هەر دوو وڵاتی سوریا و یەمەنیش خەریکی شەڕێکی ناڕاستەوخۆن لەگەڵ یەکتردا. لەم دۆخە دا لێدوانی حەفتەی رابردووی جه‌نه‌راڵ ئەحمەد عەسیری، ڕاوێژکاری باڵای وەزیری بەرگریی سعوودیە، کە گوتبووی ئێران دەبێ بۆ ناو سنوورەکانی خۆی پاشەکشەی پێ بکرێ، رەنگە ئامانج و سیاسەتی فەرمیی حکوومەتی سعوودیە بەرامبەر بە تاران بێ.

15/2/2017

 

ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەسەر چەمکی "رەجالی سیاسی" وەک یەکێک لە مەرجەکانی پەسندکردنی شیاوبوونی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کۆدەبێتەوە.

کەمتر لە دوو مانگی دیکە دەرگای نانووسی کردن بەڕووی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی خولی 12یەمی سەرۆککۆماری ئێران دەکرێتەوە. هەموو ئەو کەسانەی ناویان تۆمار دەکەن دەبێ لە فیلتەری ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور تێپەڕن.

گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە رایگەیاند، داواکارییەکان بۆ پەسندکردنی شیاوی ژنان بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری زیاتر بووە، بۆیە بڕیاریانداوە، ئەو چەمکە یەکلایی بکەنەوە.

بەشێک لە شارەزایانی یاسایی و ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور دەڵێن، مەبەست لە رەجالی سیاسی، کەسایەتی سیاسییە نەک پیاو، بەڵام بەشێکی دیکەیان بەپێچەوانە پێیانوایە تەنیا پیاوان دەتوانن ببن بە سەرۆککۆماری ئێران.

بەپێی مادەی 115ی دەستووری ئیران، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە جگە لە ئیمانداربوون بە مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی و باوەڕمەندی بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی، پێویستە لە رەجالی سیاسی و مەزهەبی بێت. لە 38 ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، هیچ ژنێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە فیلتەری پەسندکرانی شیاوبوونەکان رەتنەبووە، بەڵام ئەو خاڵە شیکردنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.

بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور پێیانوایە مەبەست لە رەجالی سیاسی، کەسایەتی سیاسییە کە دەتوانێ هەم ژن بێت و هەمیش پیاو، بەڵام بەشێکی دیکە پێیانوایە بە واتای پیاوی سیاسییە و ژنان ناگرێتەوە.

ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بڕیاریداوە، چەمکی رەجالی سیاسی شیبکاتەوە و دیاری بکات مەبەست لێی هەردوو رەگەزە یان تەنیا پیاوان.

عەباسعەلی کەدخودایی، گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووردا پرسی دەستنیشانکردنی پێوەرەکانی رەجالی سیاسی بۆ بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری دەخرێتە بەرباس و تاوتوێ دەکرێت.
کەدخودایی دەشڵێت، دوای ئەوەی کە داواکارییەکان بۆ رێگەدان بە خۆپاڵاوتنی ژنان زیاتر بووە، بڕیاریانداوە ئەو چەمکە شیبکەنەوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی یاساکانی ئەو وڵاتە بە دیموکراتیترین یاساکان لەقەڵەمدەدەن، بەڵام رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ ئەوە بە بانگەشەی بێ بنەما دەزانن. بەگوتەی ئەو رێکخراوانە یەک لە هۆکارەکانی نادیموکراتیبوونی ئێران، نایەکسانبوونی مافی ژن و پیاوە لە دەستووری ئایینی ئەو وڵاتەدا.

چەند بەرپرسی ئێران رایانگەیاندووە، پرسی رێگەدان بە خۆپاڵاوتنی ژنان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ناوەندەکانی بڕیاری ئەو وڵاتە یەکلایی بووەتەوە.

کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ژنان بە واتای کۆتایی کار نییە. هێشتا ئەوانەی پێڕەوی مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی نین، ناتوانن شانسی خۆیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا تاقیبکەنەوە.

15/2/2017

 

هیندستان لە ناردنی مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان ریکۆردێکی جیهانی شکاند، ئەوەش دوای ئەوەی 104 مانگی دەستکردی لە یەک کەشتی ئاسمانیدا بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێکرد.

ئاژانسی هەرێمی بۆشایی ئاسمانی هیندی رۆژی چوارشەممە 15-2-2017 لە یەک کەشتی ئاسمانیدا 104 مانگی دەستکردی بەرەو خوولگەی بۆشایی ئاسمان بەڕێکرد.

بەپێی ئامارە جیهانییەکان، هیندستان یەکەم وڵاتەکە لە یەک کەشتی ئاسمانیدا ئەو ژمارە زۆرەی مانگی دەستکرد بەرەو بۆشایی ئەسمان بەڕێبکات.

پێشتر رووسیا لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانە بووە کە زۆرترین ژمارەی مانگی دەستکردی لە کەشتییەکی ئاسمانیدا بەرەو بۆشایی ئاسمان ناردووە، کە ژمارەیان 37 مانگی دەستکرد بووە.

15/2/2017

لە جیاتی 20ی شوبات دانوستاندنەكانی حكومەت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە 23ی شوبات دەستپێدەكەن، بانگهێشتنامەش بە فەرمی بۆ شاندەکان نێردراون.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، یارا شەریف، گوتەبێژی ستافان دیمستۆرا، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا رایگەیاند، لە 20ی شوباتەوە شاندەكان دەگەنە جنێڤ و پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان ھەندێك کۆبوونەوەی نافەرمی ئەنجامدەدرێن.

گوتەبێژەکەی دیمستۆرا راشیگەیاند، لە 23-2-2017ـەوە كۆبوونەوە فەرمییەكان لەنێوان شاندەكان و دیمستۆرا دەستپێدەكەن. 

هاوکات بانگهێشتنامە بۆ شاندە بەشداربووەکان لە لایەن ستافان دیمستۆرا بۆ بەشداریكردن لە گفتۆگاكان نێردراوە. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شام ـی پایتەختی سووریا دەست رووداو كەوتوون، شاندی حكومەتی سووریا بە سەرۆكایەتی بەشار جەعفەری دەچێتە جنێڤ و عومەر ئۆسێ، كە كوردی رۆژئاوای کوردستانە، ئەندامێتی شاندەکە دەكات. 

شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش بە سەرۆكایەتی نەسر ئەلحەریری، کە لە 21 كەس پێكدێن، دەچنە جنێڤ. شاندی ئۆپۆزیسیۆنیش بەھەمانشێوە تەنیا یەك كوردی تێدایە، كە نوێنەری ئەنجوومەنی كوردی سووریایە بە ناوی فوئاد عەلیكۆ. 

ئەو گفتوگۆیانەی سووریا، كە بە نێوەندگیری نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ ئەنجامدەدرێت، بە جنێڤ-4  نێودەبرێت و ئۆپۆزیسیۆنی چەكدار و سیاسی لەگەڵ حكومەتی سووریا بە ناڕاستەوخۆ ئەنجامیدەدەن.

14/2/2017

 

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، ئاشكرای ده‌كات، ئامانجی وڵاته‌كه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌یه‌كی ئارامه‌ له‌ سووریا، به‌ شێوه‌یه‌ك ره‌ققه‌ و مونبجیش بگرێته‌وه‌.

ئه‌ردۆغان روونیشیكرده‌وه‌، توركیا ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، كار له‌سه‌ر ئه‌و سیناریۆه‌ بكات.

ئه‌ردۆغان له‌ وتارێكدا له‌ به‌حره‌ین رایگه‌یاند، رووبه‌ری ناوچه‌ ئارامه‌كه‌، له‌نێوان 4 بۆ 5 هه‌زار كیلۆمه‌تر ده‌بێت و پێویسته‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌ پارێزراو بێت و دژه‌فڕین بێت.

پێشتریش رایگه‌یاندبوو، ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای توركیا، له‌ناو خاكی سووریا به‌مزووانه‌ كۆتایی نایه‌ت و تا كاتی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ره‌ققه‌ له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش، سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ خاكی سووریا ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌، به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا، دامه‌زراندنی ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاند، سووریا پێویستی به‌ شتێكی له‌و بابه‌ته‌ نییه‌.

14/2/2017

 

دوو كۆڵبەر لە سنووری سەڵماسی رۆژھەڵاتی كوردستان بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە سنوور پارێزەكانی ئێران كوژران.

ماڵپەڕی ھەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤی رۆژھەڵاتی كوردستان بڵاویكردەوە، ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە لەسەر سنووری سەڵماس تەقە لە كۆڵبەران كرا و بەو ھۆیەوە دوو کۆڵبەر كوژران و كەسێكیش بریندار بوو.

ئاشكرای كردووە، كوژراوان ناویان داریوش پاشایی و خەسرەو كازمییە و دانیشتووی گوندی خورخوڕەی سەر بە شاری سەڵماسی رۆژھەڵاتی كوردستانن.

 ئەگەرچی چالاكوانانی مافی مرۆڤ و مەدەنی و پەرلەمان و حكوومەتی ئێران لە ھەوڵی راگرتنی كوشتنی كۆڵبەرانی رۆژھەڵاتی كوردستانن، بەڵام تەقەكردن لێیان ھەر بەردەوامە.

14/2/2017

 

فرانك واڵته‌ر شتاینمایه‌ر، وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی به‌ سه‌رۆكی نوێی ئه‌ڵمانیا هه‌ڵبژێردرا.

فرانك واڵته‌ر شتاینمایه‌ر، كه‌ له‌ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیادا بوو، چه‌ند جارێك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌.

شتاینامه‌ر له‌ ساڵانی 2005-2009 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بووه‌، له‌ ساڵی 2013، جارێكی دیكه‌ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرته‌وه‌ و تاكو ئه‌مڕۆ له‌ هه‌مان پۆستدا مایه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، شتاینمایه‌ری به‌ سه‌رۆكی نوێی ئه‌ڵمانیا دیاریكرد.

شتاینمایه‌ر له‌ دایكبووی ساڵی 5ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 1956ه‌ و سه‌ر به‌ پارتی سۆشیال دیموكراته‌كانی ئه‌ڵمانیایه‌.
13/2/2017

 

لە ئێران بەپێی یاسا هەر کەس 30 گرام ماددەی هۆشبەری لێ بگیرێت، سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێت. دەزگای دادی ئێرانیش پێشنیازی کردووە، حوکمی سێدارە تەنیا ئەو کەسانە بگرێتەوە کە زیاتر لە یەک کیلۆ ماددەی هۆشبەریان لێ دەگیرێت.

زەبیحەڵڵا خودائیان، جێگری سەرۆکی دەزگای داد دەڵێت "کۆمەڵێک پێشنیازی دیکەشمان خستووەتە بەردەم پارلەمانی ئێران، کە کۆمیسیونی دادوەری بڕیارە تاوتوێیان بکات".

ژێرژیک ئابرامیان، ئەندامی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هاودەنگییەک لەسەر پێشنیازەکانی دەزگای داد هەیە، بۆیە قبوڵ دەکرێن.

هەر لەسەر هەمان پرس، حەسەن نەورۆزی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران گوتی "سێدارە تەنیا خەڵکی بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هانداوە".

حەسەن نەورۆزی پێیوایە، سزای سێدارە تەنیا وردە فرۆشەکانی گرتووەتەوە و رێگە نادات باندەکانی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر بکرێن.

پرۆژە یاسای هەڵگرتنەوەی سزای سێدارە بۆ قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان ئێستا لە پەرلەمانی ئێراندایە و کۆتایی پاییز چوارچێوە گشتییەکانی پەسندکرد.

بەگوتەی نەورۆزی لە پرۆژەیاسای جێگرەوە سزای سێدارە بۆ قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان هاتووە، کە تەنیا قاچاخچییە مەترسیدار و چەکدارەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەگرێتەوە و قاخاچییەکانی دیکە حوکمی زیندانی درێژماوەیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

بەگوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان ساڵانە 20 هەزار ملیار تمەن لەڕێگەی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانەوە قازانج دەکەن. 43%ی کۆی زیندانییەکانی ئێران تۆمەتبار بە قاچاخی شتومەکی پزشکین.

12/2/2017

 

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بەرنامەی ''زیادكردنی هاوكاری سەرەتایی'' بۆ کۆچبەرانی 45 وڵات خستە بواری جێبەجێكردنەوە و 40 ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخانكردووە، هاوکات پرۆسەی ناردنەوەی کۆچبەرانیش خێراتر دەکات.

یۆهانس دیمرۆت، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند ''ئەو بەرنامەیە بۆ كۆچبەرانی 45 وڵاتە، هەر كۆچبەرێك 1200 یۆرۆی پێدەدرێت ئەگەر بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەی بدات، بۆ ئەوانەشی مافی نیشتەجێبوونیان رەتكراوەتەوە، 800 یۆرۆیان دەدرێتێ‌، بە مەرجێك جارێكی دیكە داوای مافی پەنابەرێتی نەكەنەوە".

نیوەی پارەكە بە كۆچبەرەكە دەدرێت ئەگەر بڕیاری گەڕانەوە بدات، پاشان كە دەگاتەوە وڵاتەكەی، نیوەكەی دیكەی بۆ حەواڵە دەكرێ‌.

هاوکات ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا بڕیاری داوە ئەو کۆچبەرانە بنێرێتەوە کە داوای مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.

مێرکڵ چەند بڕیارێکی دیکەی دەرکردوون تاوەکو پرۆسەی ناردنەوەی کۆچبەران خێراتر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری داوە ناوەندێکی تایبەت بەو پرۆسەیە لە سەرتاسەری ئەڵمانیا دابمەزرێنێت.

هەروەها مێرکڵ بەنیازە بەرنامە 16 ماددییەکەی خۆی تایبەت بە کۆچبەران جێبەجێ بکات، ئامانجی بەرنامەکەش خێراترکردن و زیاترکردنی ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەیە داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی رەتکراوەتەوە.

بەگوێرەی پلانەکە لە ماوەی سێ مانگدا (ناوەندی هاوبەش بۆ ناردنەوەی کۆچبەران) لە بەرلین دەکرێتەوە، ناوەندەکەش لەژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیادا دەبێت و پێداویستییەکانی ناردنەوەی کۆچبەران ئامادە دەکات.

دواتر کۆچبەران چەند هەفتەیەک بەر لە ناردنەوەیان رەوانەی (نشینگەی ناردنەوەی ناوەندی) دەکرێن و لەوێوە بە سەرە دەنێردرێنەوە وڵاتەکانیان.

12/2/2017

 

ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئیران رایگەیاند، رەنگە کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە رێگا بە فرۆکەکانی رووسیا بدات لە فرۆکەخانەکانی ئەم وڵات  کەڵک وەربگرن.

ئاژانسی ئیرنای ئێران لەسەر زاری عەلی شەمخانی بڵاویکردەوە, کەڵک وەرگرتنی فڕۆکەکانی ئێران لە ئاسمانی ئێران، پەیوەندیی بە ئامادەکاری و بڕیاڕی هاوبەش هەیە کە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدرێ.

ئەم لێدوانانی شەمخانی سێ ڕۆژ پاش ئەوە هات کە لوان جاگاریان، باڵوێزی رووسیا لە تاران گوتبووی، ئەگەر پێویست بێ مۆسکۆ بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی تیرۆریستان لە سووریا لە بنکە سەربازییەکانی ئیران کەڵک وەردەگرێ.

رووسیا لە ساڵی رابردوو دا بۆ ماوەیەکی کورت، لە فڕۆکەخانەی نۆژەی پارێزگای هەمەدان لە رۆژئاوای ئێران، بۆ ئۆپەراسیۆنی دژی نەیارانی حکوومەتی سووریا کەڵکی ورگرتبوو.
13/2/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان