سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لەسەردانێکیدا بۆ لەندەن توشی حاڵەتێکی شەرمەزارکەربووەوە کە لە بەردەم دەرگای سەرۆکایەتی وەزارەتی بەریتانیا ماوەیەک چاوەڕوانیکرد تا دەرگای لێبکەنەوە.
دوانیوەڕۆی دوێنێ ٦ی شوباتی ٢٠١٧، بنیامین ناتانیاهو سەردانی بنکەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاکرد و لەدوای دابەزینی لە ئوتومبیلەکەی سڵاوی لە میدیاکان کرد.
ناتانیاهو لە چاوەڕوانی تێریزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیادا نزیکەی نیو خولەک لەبەردەم دەرگای بینای سەرۆک وەزیراندا ڕاوەستا و دواتر دەرگای لێکرایەوە.
ناتانیاهو لەگەڵ مەی کۆبووەوە و باسیان لە هەماهەنگی نیوان هەردوولا و هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کرد .
دوابەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا بڵاویکردەوە "سوپاسی پێشوازیە گەرمەکەی تێریزا مەی دەکەم و ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و بەریتانیا".
سەرچاوەیەک لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاوە لەبارەی حاڵەتە شەرمەزارکەرەکەی ناتانیاهوەوە بە ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیلی ڕایگەیاند "ئەو کێشەیە هەندێک جار ڕوودەدات و هەموو شتێک باش بووە".
هاوکات تۆڕی ڕادیۆی سەربازی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری ڕوودانی ئەو حاڵەتە ئەوە بووە کە ناتانیاهۆ چەند خولەکێک زووتر لەکاتی خۆی چووەتە شوێنەکە.
تانیاهو توشی حاڵەتێکی شەرمەزارکەر دەبێت لە لەندەن
7/2/2017