ئارامگەی ناحوم پێغەمبەر
نوێنەرایەتی كاروباری جووەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە هەرێمی كوردستان داوای هاوكاری لە رێكخراوی كولتووری، زانستی و پەروەردەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (یونسكۆ) كردووە بۆ ئەوەی بە هانای ئارامگەی ناحوم پێغەمبەری جووەكانەوە بێت و لە رووخان بیپارێزن.
ناحوم پێغەمبەری جوو، لە سەدەی شەشی پێش زاییندا ژیاوە و ناوی لە تەوراتدا هاتووە، لە یەكێك لە نووسینەكانیدا پێشبینی رووخانی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری كردبوو چونكە گوایە سیاسەتەكانی ناكۆك بووە لەگەڵ ئیرادەی خوا.
ئارامگەی ناحوم پێغەمبەر لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرنجی جووەكانی جیهانی بۆ لای خۆی راكێشابوو، زۆربەی گەشتیارە جووەكان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو كە ئەم ئارامگەیە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە مووسڵ نزیكە.
ساڵی پار وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتییەكی بۆ جووەكان كردەوە كە شێرزاد مامسانی سەرۆكایەتی دەكات. ئامانجی سەرەكیی ئەم نووسینگەیە بووژاندنەوەی كولتووری جووەكانە لە ناوچەكە، هەروەها پاراستنی مافی جووەكان و بەدەمەوە چوونی ئەو جووانەی بەهۆی سیاسەتی تەعریبەوە تووشی مەینەتی بوونە.
ئارامگەكە لەنێو دێرێكی مەسیحییەكاندایە لە شارۆچكەی ئەلقوش كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی مەسیحین و تەنیا 50 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە. خێزانێكی مەسیحیش ئەركی پاسەوانی و پاراستنی دێرەكە و ئارامگەكەیان لەئەستۆ گرتووە.
بەڵام مامسانی هۆشداری دا كە ئارامگەكە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەڕووخێت، ئەگەر خەمێكی لێ نەخۆن، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندییان بە دەزگا حكومییە پەیوەندیدارەكانەوە كردووە، بۆ ئەوەی هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی دێرەكە لە رووخان بخەنە گەڕ.
هەرچەندە مامسانی دەڵێت تاوەكو ئێستا یونسكۆ وەڵامی داواكارییەكەی ئەوانی نەداوەتەوە، بەڵام رێكخراوی یونسكۆ بە رۆژنامەی جەروسەلیم پۆستی ئیسرائیلی رایگەیاندووە كە چاودێریی كێشەكەیان كردووە بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاریی زیاتر و سەبارەت بە رەوشی ئارامگەكەش پەیوەندییان بە حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە كردووە.
مامسانی دەڵێت "داوای ئێمە بۆ پێدانی پارە نییە. تەنیا دەمانەوێت جیهان ئاگادار بكەینەوە كە حكومەتی عێراق زۆر شوێنەواری مێژوویی لەم وڵاتەدا تێكداوە. ئێمە وەكوو جوو و وەكوو كورد چیدی قەبووڵی ناكەین هیچ بەشێك لە مێژووەكەمان تێكبدرێت". مامسانی هەروەها دەڵێت "داواكاریی ئێمە تەنیا بۆ مەبەستی گوشارخستنە سەر یونسكۆیە كە ئەو ئارامگەیە نۆژەن بكاتەوە، نەك خەڵكانێك لەسەر خوانی ئەو شوێنەوارە خواردنی خۆیان پەیدا بكەن".
جووەكانی ئەلقوش لەساڵی 1948ەوە ئەم ناوچەیەیان جێهێشتووە، ئەمەش لەو كاتەدا بووە كە جووەكان ناچار دەكران عێراق جێبهێڵن. هەر ئەوكات كلیلی ئارامگەی ناحوم رادەستی پیاوێكی ئاشووری بەناوی سامی جاجو حەننا كراوە كە بەڵێنی داوە چاوی بەسەر ئارامگە و دێرەكەوە بێت. دێرەكە لە 1976 كۆمەڵێك نۆژەنكردنەوەی بەرایی بۆ كراوە، بەڵام وەكوو لە رەوشی ئێستای دیارە، ئەم نۆژەنكردنەوەیە كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر پاراستنی هەیكەلی كۆنی دێر و ئارامگەكە نەبووە.
بە گوتەی شێرزاد، بە مەزارگەكەی ناحومیشەوە 14 مەزار و شوێنەواری جووەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەن.
شتێكی ئەوتۆ لەبارەی ژیانی ناحومەوە نازانرێت، هەر ئەوەندە نەبێت كە بەشێكی زۆری نووسینەكانی پێشبینی بوون و لە شێوەی شیعر نووسرابوون، لەو نووسینانەدا كە لە تەوراتیشدا ئاماژەیان پێدراوە، پێشبینی رووخانی دەسەڵاتی ئاشوورییەكان و نەینەوای پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری كردووە.
یەكێك لە كێشەكانی ئەم شوێنەوارە مێژووییە پەیوەندی بە شوێنی هەڵكەوتنی شارۆچكەی ئەلقوشەوە هەیە كە دەكەوێتە ناوچەیەكەوە هەم حكومەتی عێراق و هەمیش حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هی خۆیانی دەزانن، ئەمەش ئاڵۆزییەكی زۆر بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ چاككردنەوەی شوێنەوارەكە دروست دەكات.
شێرزاد مامسانی لە لێدوانێكدا بە (رووداو)ی گوت "حكومەتی عێراق هیچ بایەخێكی بە هیچ شوێنەوارێك نەداوە، حكومەتێك نەتوانێ گیانی هاووڵاتییە زیندووەكانی بپارێزێت چۆن دەتوانێ ئێسك و پروسكی مردووەكان و مەزارەكان و شوێنەوارەكان بپارێزێت".
بەگوێرەی راپۆرتێكی ناشناڵ جیۆگرافیك، ساڵی 2007 هوو تۆماس، راوێژكار و شارەزای ئەمنی و لۆجیستیك، بەڕێكەوت لە كاتی گەڕان بەناو مەیدانەكانی جەنگدا رێی لە دێرەكە كەوتووە، دواتریش هەوڵی داوە تیمێك بۆ چاككردنەوەی شوێنەوارەكە بدۆزێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەك لە زێڕینگەرە جووەكانی نیویۆرك بەڵێنی نیو ملیۆن دۆلاریان پێداوە، بۆ ئەوەی بەم پارەیە كۆمپانیایەكی نۆژەنكردنەوە بە كرێ بگرن.
تۆماس دەڵێت "بەڕێوەبەری شوێنەوارەكانی كوردستان پێی گوتین كە كاری نۆژەنكردنەوەكە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام بەو مەرجەی خۆمان چاودێریی نۆژەنكردنەوەكە بكەین و هەموو یارمەتییە داراییە دەرەكییەكان راستەوخۆ بۆ ئەو بنێرین، ئێمە پلانەكەمان وەستاند، چونكە ئەوانەی پشتگیریی پرۆژەكەیان دەكرد، بەو پێشنیازەی عەبباس حوسێن، بەڕێوەبەری شوێنەوارەكانی كوردستان رازی نەبوون".
سەرەڕای كۆكردنەوەی نیو ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی ئارامگەكە، بەڵام تا ئێستا هیچی بۆ نەكراوە. مامسانی دەڵێت "ئەو پارانە دیار نەماون و شوێنەكەش دەستكاری نەكراوە، هیوادارم حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن خۆیەوە بە دواچوون بۆ ئەو كەیسە بكەن".
شێرزاد مامسانی دژی ئەو هەوڵەی تۆماسە و دەڵێت "ئێمە وەك نوێنەرایەتی كوردانی جوو رازی نابین بەوەی هیچ كەس و رێكخراوێك پارە بۆ ئەو مەبەستە كۆبكاتەوە، بەڵكو دەمانەوێت لیژنەیەك لە یونسكۆ و حكومەتی كوردستان و نوێنەرایەتی جوو پێكبهێنرێت و ئەو شوێنەوارە رزگار بكرێت لە لەناوچوون".
8/9/2016