فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-23-20-31-58 ڤیدیۆیەکە، فەرمانی پێویستم دەرکرد بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە." داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان گوتی، "بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەش...
2025-04-23-20-28-02 گۆڵۆباڵیزم ( کەئەوکات بەسیستەمی نوێی جیهان) پێناسە دەکرا. ئەو ململانێ فکریەش لە نێوان (ساموئل هانتینگتون ) ی خاوەن تێزی (پێکدادانی شارستانیەکان) و فرەنسیس فۆکۆیامای خاوەن...
2025-04-23-19-52-21 ساڵ و دەیان ملیار دۆلاری تێچووی بوو . بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل بە بەکار هێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمەریکی توانیتی حەسەن نەسرولله کە لە قولای...
2025-04-23-19-49-44 و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆم، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدات. هەروەها لە بەرامبەریشدا، ترامپ بە كۆمەڵێك پێشمەرجی زۆر و قورسەوە، نامەیەك بۆ...
2025-04-12-15-24-28 کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی ناگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. رەنج پشدەری، چالاکڤانی کورد لە سوێد، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەید عەلی رەحیم پوور،...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

چەکۆ رەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی ئەمنییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 11-5-2016 گیانی لەدەستدا.

تاوەکو ئێستا هۆکاری گیان لەدەستدانی دیار نییە، بۆ روونبوونەوەی هۆکارەکەش تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە لە هەولێر.

ماڵپەڕی فەرمی حدکا رایگەیاندووە، چەکۆ رەحیمی بە رووداوی لەناکاو تووشی ئازاری دڵ بووە و پێش ئەوەیکە بگەیێندرێتە نەخۆشخانەی کۆیە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەكانی رووداو، چەكۆ رەحیمی بە جەڵتەی دڵ كۆچی دواییكردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەنجامی لێكۆڵینەوەی دادی پزیشكیی رانەگەیێندراوە.

جەعفەر موبەشیرنیا، نێردراوی رووداو لەبەردەم نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر لەبارەی گیان لەدەستدانی چەمكۆ زانیاری نوێ‌ خستەڕوو.

محەممەد ساڵح قادری، ئەندامی سەركردایەتی حدكا بە رووداوی راگەیاند، زۆر نیگەرانن بۆ كۆچی دوایی چەکۆ رەحیمی و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی هەموو لایەك دەكەن.

ساڵح قادری گوتیشی "چاوەڕێی بڕیاری دادی پزیشكین بۆ ئەوەی هۆكاری گیان لەدەستدانەكەی بزانین. چونكە حاڵەتەكە لەناكاوە و تاوەكو ئەنجامەكان ئاشكرا نەبن ناتوانین هیچ بڵێین".

12/5/2016

 

رێکخەری کەمپینی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆبوونی کوردستانی باشوور رایدەگەیەنێت، کە ئاماژەکانی کۆتایی هاتنی عێراق دەمێکە دەرکەوتوون.

هێمن میرانی، مامۆستای زانکۆ و رێکخەری کەمپینی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2016 لە یاداشتی کەمپینەکەیدا رایگەیاندووە، کە بۆ ئەوەی چیتر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ دەوڵەتی کوردستان و مافە سیاسی و مەدەنییەکانی گەلی کوردستان دانەڕێژرێتەوە، پێویستە "بەیەکەوە ئەم هەڵمەتە بەڕێوەببەین و سەدان هەزار واژوو کۆ بکەینەوە".

هێمن میرانی لە پۆستێکدا، کە لە پەڕەی کەمپینەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە نیشانەکانی کۆتایی هاتنی دەوڵەتی عێراق "دەمێکە دەرکەوتوون" و لایەنە کوردستانییەکانیش "بە گوتار و ئاوازی جیاواز"ـەوە سەیری ئەو پێشهاتە دەکەن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ داوا لە هاووڵاتییانی کوردستان دەکات، کە بەشداریی کەمپینەکە بکەن، تاوەکو زۆرترین واژۆ کۆ بکرێتەوە و بکرێتە پەیامێک بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی حزبەکان و کوردستان و پێیان بگوترێ، "فەرموون ئێمە دەمانەوێ لە رۆژی راگەیاندنی فیدرالیزمدا، کە 4ـی 10ـی 1992 بوو، ریفراندۆم بکەین و بڕیاری سەربەخۆیی بدەین و کۆتایی بەو ئازارە درێژە بێنین".

هێمن میرانی پێیوایە بە واژۆکردن و بەشداریکردن لەو کەمپینە، خەڵکی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ "هەموو قوربانییەک" نیشان دەدات لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوەی کوردستانی باشوور لە عێراق و بە حزبە سیاسییەکانیش رادەگەیەندرێت، "بۆ رێک ناکەون؟ بۆ نایەنە ریزی خەڵک و واز لە بەرژەوەندییە تەسکە حزبییەکانتان ناهێنن؟".

میرانی باس لەوەش دەکات، کە دوای نزیکەی چارێگە سەدەیەک ژیان لە ژێر سایەی فیدڕالی لە عێراق، "ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵک خۆی قسەی خۆی بکات" و بڕیاری جیابوونەوە لە عێراق بدات.

رێکخەری کەمپینەکە هەروەها رایدەگەیەنێت، کە ئەم کەمپینەکە لەلایەن "هیچ کەسایەتی و حزب و لایەنێکی دیاریکراو" سەرپەرشتی ناکرێت، "بەڵکو موڵکی هەموو ئەو کەسانەیە، کە دەیانەوێ کوردستان ئاڵا، نەخشە و سنووری رەسمی خۆی لەسەر گۆی زەوی هەبێ".

چۆنێتی بەشداریکردن لە کەمپینەکە:

تکایە کلیک لە سەر ئەم لینکە بکە و بەم جۆرەی خوارەوە واژووی خۆت بکە:

https://www.facebook.com/events/877423965717764/

پاشان لە لاپەڕەی هەڵمەتەکە بە دوای یەکێک لەم وشانە بگەڕێ لە ژێر وێنەی سەرەوەی کەمپەینەکە:

ئەگەر زمانی بەکارهێنانی فەیسبووکت کوردییە، لەسەر وشەی ( چوون) کلیک بکە.

ئەگەر زمانی بەکارهێنانی فەیسبووکت ئینگلیزییە، لەسەر وشەی Going کلیک بکە.

ئەگەر زمانی بەکارهێنانی فەیسبووکت عەرەبییە، وشەی (أنوي الحضور) کلیک بکە.

بەم جۆرە واژووەکەت لەم هەڵمەتە تۆمار دەکرێ.

ئاگادار بە، بە تەنیا لایک کردن لە سەر بڵاوکراوەکانی ئەم هەڵمەتە یان گۆڕینی وێنەکەت بۆ "بەڵی بۆ ریفراندۆم" بەشداری کاریگەر نیت لەم هەڵمەتە، بەڵکو تەنیا بە واژووکردنت بەم رێگەیەی سەرەوە خۆت تۆمار دەکەیت.

میرانی تکاش لە بەکارهێنەرانی فەیسبووک دەکات ئەم بڵاوکراوەیە بەردەوام شەیر بکەن، "بۆ ئەوەی هاوڕێکانتان ئاگادار بن و بەشداری بکەن".

11/5/2016

 

تەقینەوەیەکی بەهێز لەشاری سەدر لە بەغدا روودەدات و بەهۆیەوە 32 کەس کوژران و برینداربوون.

پۆلیسی شاری بەغدای پایتەختی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، تەقینەوەکە سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 11ـی ئایاری 2016 لەرێی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە روویداوە و گومان دەکرێت ژمارەی کوژراو و بریندارانیش بەرزبێتەوە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە، کە لە بازاڕێکی ناوچەی داخل لە شاری سەدری بەغدا روویداوە، بووەتە ھۆی کوژرانی حەوت ھاووڵاتی و برینداربوونی 25ـی دیکە.

11/5/2016

 

هاووڵاتییەکی ئەمەریکی سکاڵا لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمار دەکات و بەگوتەی خۆی چوار ساڵ لە بەندیخانەکانی ئێراندا ئەشکەنجە کراوە.

دوێنێ سێشەممە (10.5.2016)، گۆڤاری پۆلۆتیکۆی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە؛ "ئەمیر ‌حیکمەتی" هاووڵاتیی ئەمەریکی کە ماوەی چوار ساڵ لە ئێران دەستبەسەر کرابوو، سکاڵا لەدژی ئێران تۆمار دەکات.

ئەمیر حیکمەتی چەکداری پێشووی سوپای ئەمەریکا بووە و دەڵێ: "لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی کەلە بەندیخانەکانی ئێران دەستبەسەر بووم، هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەشکەنجەیان داوم".

حیکمەتی سکاڵای لەدژی ئێران تۆمار کردووە و داوای قەرەبووکردنەوە دەکات.

ئەمیر حیکمەتی بۆ ماوەی چوار ساڵ بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستبەسەر بووە، ئەوە لە کاتێک دایە کە حیکمەتی بەمەبەستی سەردانی بنەماڵەکەی رۆیشتبووەوە ئێران.

ئەو بەندکراوە دوای چوار ساڵ و دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەگەڵ بەندکراوانی ئێرانی لە ئەمەریکا ئاڵوگۆڕی پێکراوە.

11/5/2016

 

میدیاکانی ئەمریکا باس لە کاردانەوەکانی وتارەکەی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئاماژە بەوە دەدەن کە ئێران بە هەموو توانایەوە دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.

دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وتارێکی سەبارەت بە ڕەوشی عێراق و ئایندەی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، تاوەکوو ئێستا، لە لایەن میدیاکانی جیهانەوە باس لە وتارەکە و کاردانەوەکانی دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا ماڵپەڕى (ئۆیڵ پرایس)ـى ئەمریکى، لە بابتێکدا ئاماژە بە کاردانەوەکانى ئێران لە بەرامبەر وتارەکەی مەسرور بارزانی دەکات و دەڵێت: “ئێستا ئێران پێى ناوەتە بابەتەکەوە و هەوڵ دەدات بە هەموو شێوەیەک ڕێگرى لە پارچەبوونى عێراق بکات”.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بە دوا وتارى ڕاوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان داوە و تێیدا ڕستەیەکی لە وتارەکە هەڵبژاردووە کە دەڵێت: “عێراق وڵاتێکى شکستخواردووە، کە خەڵکانێک بە جیاوازیی زۆرەوە لە ناو سنوورەکانیدا جێگیر کراون، بۆ ئەوەى بەرەو داهاتوویەکى نادیار هەنگاو بنێن”. هاوکات ئەو ماڵپەڕە نووسیویەتی: “ئێران کە تا ئێستا بە وریاییەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاوى دەنا، ئێستا پێدەچێت زەنگێکى ئاگادارکرنەوەى هەبێت، بەوەى هەوڵ دەدات ڕێگە لە دابەشبوونى عێراقى دراوسێى بگرێت”.

ئەمە لە کاتێک دایە کە دوێنێ دووشەممە 9\5\2016، جابر ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: ”هیوادارین بەرپرس و نوخبەکانی ئێستای عێراق ئەولەویەت بە شەڕی دژی تیرۆریستان بدەن و ئەو کارەش تەنیا بە یەکپارچەیی عێراق دەکرێت". دووپاتیشی کردەوە: ”سەربەخۆیی و یەکپارچەیی عێراق بۆ ئێران گرنگە و عێراق بە یەکپارچەیی دەتوانێت بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بێت". بۆ خوێندنەوەی دەقی وەڵامەکەی ئێران لە بەرامبەر وتارەکەی مەسرور بارزانی، کلیک لێرە بکە.

لە وتارێکیدا بۆ ماڵپەری (Washington Post)ی ئەمریکی، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە دوای روخانی عوسمانییەکان و دروستبوونی عێراق، ئەو وڵاتە شکستی ھێیناوە و خەڵکانێک، بە کەمترین لێکچوون و خاڵی ھاوبەش، "ناچار کراون بەیەکەوە بەرەو داھاتوویەکی نادیار بڕۆن". بۆ خوێندنەوەی بەشێک لە وتارەکەی مەسرور بارزانی، کلیک لێرە بکە.

11/5/2016

 

سکرتێری ھەردوو حزبە دیموکراتەکان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)، لە لێکتێگەیشتن بۆ نەخشەڕێگای یەکگرتنەوە لە یەکدی نزیک دەبنەوە و سەرکردەیەکی (حدک) دەڵێ: "بۆ بڕیاری کۆتایی چاوەڕوانی کۆنگرەی (حدکا)ین".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوە و دیدارەکانی ھەردوو حزب بۆ (باس) رای گەیاند، لە ماوەکانی رابردوودا، ھەردوو سکرتێری حدکا و حدک، مستەفا ھجری و خالید عەزیزی لە ھەولێر دیداریان ھەبووە.

سەرچاوەکە گوتیشی: "لەو دیدارەدا ھەردوو سەرکردەی دیموکراتەکان سوور بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت پارتەکانیان یەک بگرنەوە".

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ھەردوو سکرتێر باسیان لە ئامادەکردنی نەخشەڕێگای لێک تێگەیشتن بۆ یەکگرتنەوە کردووە، کە لەلایەن حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) پێشکەش بە حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) کراوە، خاڵی ئەرێنیش لە دیدارەکەدا زۆر زیاتر بووە لە باسکردنی ئەو لەمپەرانەی لەبەردەم یەکگرتنەوەدان.
بەڵام سەرچاوەکە نەشیشاردەوە کە لە ھەردوولا ژمارەیەک سەرکردە ھەن نایانەوێ یەکگرتنەوە روو بدات، چونکە پێیان وایە ئەو یەکگرتنەوەیە ئەوان لە پۆست و بەرپرسیاریەتی دوور دەخاتەوە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ھەردوو حزب زیاتر لە ٢٢ ئەندامی دەفتەری سەرکردایەتییان ھەیە و یەکگرتنەوەی ئەو دوو ھێزە وا دەکا ژمارەیەک لەو سەرکردانە کە لاوازن، لە پێگە و بەرپرسیاریەتی نەمێنن، ئەوانەش دەیانەێ لەمپەر لەبەردەم یەکگرتنەوەی ئەو دوو باڵەدا دروست بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لەناو ھەردوو حزبدا سەرکردەی زۆری دیکەش ھەن دەیانەوێ بە ھەر شێوەیەک بێت لەم قۆناغە یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵەکە روو بدات، گوتیشی: "کێشەی حدکا ئەوەیە کە نایەوێ حدک وەکو حزب بەو ناوە بناسێنێت و ئێستاش بە باڵێ جیابووەوە دەڵێت ھاوڕێیانی پێشوو، لەکاتێکدا حدک ئێستا پارتێکی سەربەخۆیە و ئەندامی فەرمیی رێکخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆنالە".
لەبارەێ بۆچوونی (حدک)یش ئەو سەرکردەیە رای گەیاند، لەناو ئەو ھێزەشدا سەرکردە ھەیە لەگەڵ یەکگرتنەوەدا نییە، بەتایبەتی ئەوانەێ لەدوای جیابوونەوە بوون بە حدک و بەرپرسیاریەتییان پێ دراوە، ئەوان پێیان وایە یەکگرتنەوە لەسەر حسابی ئەوان دەبێ.

لە ماوەکانی رابردوودا حزبی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی شازدەی خۆی ساز کرد. بڕیار بوو ئەو کۆنگرەیە دوای یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵی دیموکرات (حدک و حدکا) ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆنگرەکە بەر لە یەکگرتنەوە بەڕێوە چوو.

لە کۆنگرەکەدا سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان خالید عەزیزی، پەیامێکی ئاراستەی ھاوخەباتەکانی خۆی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرد.
بە شێوەیەک بەربەستەکانی یەکگرتنەوەی لابرد و ھیچ پێشمەرجێکی بۆ یەکگرتنەوە دیار نەکرد، لە بەرامبەریشدا حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش رەزامەندیی دا بە ئەنجامی کۆنگرەکەی حدک، بەدوای ئەوەشدا دیدار و دانیشتن لەنێوان ھەردوو سەرکردەی دیموکراتەکان ھەبووە و سەرکردەکانی (حدک) چاوەڕێی ئەوە دەکەن بڕیارەکانی کۆنگرە چاوەڕوانکراوەکەی (حدکا) لە ساڵی ٢٠١٦ بە ھەمان شێوە ھیچ پێشمەرجێکی بۆ یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵەکە نەبێ و ئەوان بە فەرمی وەکو حزبی دیموکراتی کوردستان بناسێنێ.

مەولود سوارە، ئەندامی دەفتەری سەرکردایەتیی حزبی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، تاکە شتێک لای ئەوان ئەوەبووە کە دەبی (حدکا) بە شێوەیەکی فەرمی ئەوان بناسێنی، تاوەکو بتوانن وەکو دوو حزب بڕیاری یەکگرتن بدەن، چونکە لە واقعی ئێستادا ئەوان پارتی سەربەخۆن و پەیڕەو و پڕۆگرامی تایبەت بە خۆیان ھەیە، گوتیشی: "لە راستیدا ئێمە و حدکا لە قاعیدە یەکین و ھیچ گرفتێکمان نییە، جیاوازییەکە لە سەرکردایەتییە و نابێت ئەوە بشارینەوە کە بەرژەوەندی دەوری ھەیە لە یەک نەگرتنەوەدا".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوان وەکو سەرکردەیەکی دیموکرات ئامادەن لەپێناوی یەکگرتنەوەیان دەستبەرداری بەرپرسیاریەتییەکەی ئێستایان بن، گوتیشی: "ھەردوو لامان بۆ بڕیاری کاری سیاسی و چەکداری و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە روو دەدەن ھاوھەڵوێستین و کێشەی سیاسیمان نییە، تەنیا دەبێ لە رێگەی پلان و نەخشەڕێگایەکەوە بڕیاری گەڕانەوە بۆ لای یەکدی بدەین".

راشی گەیاند، ئەوان چاوەڕوانی (حدکا)ن و پێیان وایە ئێستا تۆپەکە لاێ ئەوانە، گوتی: "چاوەڕوانی کۆنگرەی داھاتووی (حدکا)ین، کە یەکەم جار ئێمە بە فەرمی بناسێنێت و دووەم جار دەست بە گفتوگۆ بکەین بۆ دیارکردنی رێگاکانی یەکگرتنەوە".

لای خۆشیەوە رۆستەم جەیھان، ئەندامی دەفتەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان نەخشەڕێگای یەکگرتنەوەیان داوەتە باڵەکەی دیکەی دیموکراتەکان، بەڵام ھێشتا ئەوان وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان بەوان نەداوە، گوتیشی: "ئێمە چاوەڕوانی ئەوانین بۆ یەکگرتنەوە و ئەوانمان لە کۆنگرەی ١٥ وەکو حزب ناساندووە، تەنیا گرفت لە ناوەکە بووە و پێمان وایە ئێمە خاوەنی ناوی (حزبی دیموکراتی کوردستان)ین و باشتر وایە ئەوان ناوی خۆیان بگۆڕن و لەناو یەک ھاوپەیمانییەتیدا دەست بە جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاکەمان بکەین".

ئەو سەرکردەیەی (حدکا) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێشبینی ناکات لە کۆنگرەی چاوەڕوانکراوی ٢٠١٦ی پارتەکەی ئەو بڕیارەی کۆنگرەی پێشوو گۆڕانی بەسەردا بێت، گوتی: "ئەگەرچی کۆنگرە خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و ئەوەی کۆنگرە بڕیاری لەبارەوە بدات ئێمە جێبەجێکارین، بەڵام پێشبینی ناکەم کۆنگرە بەفەرمی ناوی حزبی دیموکراتی کوردستان بە برادەرانی پێشوومان بدات، چونکە ھەردوو ناوی دیموکرات، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان یەکە، ھەر لەبەر ئەوەشە ئێمە نامانەوێ بڕیارێکی وا بدەین، بەڵام لە رووی حزبەوە ئەوان پارتێکی فەرمین و ئێمە ئەوەمان قبووڵە، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا چاوەڕوانی ئەوەین جیاوازییەکان بەلاوە بنرێن و یەکگرتنەوە لەم قۆناغە ھەستیارە لە کۆنگرەیەکی ھاوبەشدا و بەپێی ئەو نەخشەڕێگایەی کە دیاریمان کردووە، روو بدات".

لای خۆشیەوە مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری حزبی دیموکراتی کوردستان لە وتارێکیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەێ بڵاو کراوەتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوە داوە، لە ھەلومەرجی ئێستادا یەکگرتن گەورەترین پێداویستیی گەلی کوردە، بە تایبەتی بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان کە دەبێ ھەستێتەوە سەر پێ، نووسیویشیەتی: "پێویستە و گرنگیشە لەم قۆناغە حدک و حدکا پێشەنگ بن و ھەردووکیان ئامادەبن مایە لە خۆ دابنێن، لەپێشدا بە یەکگرتنەوەیان و دواتریش بە یەکگرتنیان لەگەڵ حزب و ڕێکخراوەکانی دیکە، گوڕ و تین بە خەباتی کوردایەتی و جەماوەری بدەن و گەلەکەمان لە خۆرھەڵاتی کوردستان دڵگەرم کەن و بیھێننەوە مەیدان".

10/5/2016

 

شەڕ لە تورکیا و ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی باکوور لەنێوان سوپای ئەو وڵاتە و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ھەموانی نیگەران کردووە و کوردانی باکوور و چاودێران و ئاگەدارانی تورکیش ئومێدیان بە ھەوڵەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ وەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی و پرسی چارەسەری، داواش دەکەن بارزانی چی زووە لەوبارەیەوە ھەوڵەکانی بخاتەوە گەڕ.

مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی پرسی چارەسەری لە تورکیا، یەکێک بووە لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەو پڕۆسەیە و حکوومەتی تورکیا گرنگیی زۆریان پێ داوە و بەردەوام لە رێگەی بارزانییەوە درێژەیان بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا داوە، ھەربۆیە چەندین جار بە فەرمی لەسەر ئەو پرسە داوەتی تورکیا کراوە.

وەکو وەبیرھێنانەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٣ سەرۆکی حکوومەتی ئەوکاتی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆگان، لە داوەتێکی تایبەتدا لە ئامەد پێشوازیی لە بارزانی کرد، بینیمان لەوێ گوتەکانی ئەردۆگان و بارزانی باسکردن بوو لە ئاشتی.

بارزانی لە وتەکەیدا ھیوای خواست کە کێشەی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت نەک شەڕ. ھەروەھا داوای لە ئەردۆگان کرد کە ھەوڵی جدی بدات بۆ ئەوەی ئەمجارەیان لەسەر دەستی حکوومەتی ئاکپارتی شەڕ کۆتایی پێ بێت و لەگەڵ کورددا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و ئامادەیی خۆشیی پیشان دا بۆ ھەر ھاوکارییەک لەپێناو گەیشتن بە ئاشتی و چارەسەری.

نابێت وتەی ئەردۆگانیش لەو مەراسیمە تایبەتەی ئامەد لە بیر بکرێت کە سوپاسی بارزانیی کرد بۆ ئەو ھەوڵەی داویەتی لەسەر بەرەوپێشچوونی پرسی چارەسەری.
بوونی ھەردوو ھونەرمەندی گەورە شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتلیساسیش لەو مەراسیمە تایبەتەدا گرنگ بوو، بە تایبەت کاتێک ھەردووکیان گۆرانییان بۆ ئاشتی چڕی، شڤان خۆشحاڵ بوو بەوەی لەگەڵ بارزانیدا ھاتووەتەوە زێدی خۆی و بە دەنگی بەرز داوای ئاشتی دەکات.

بەداخەوە لە دوای ھەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی تورکیا، لە ٢٢ی تەمووزدا شەڕ لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا دروست بووەوە، پرسی چارەسەریش بەرەو کاڵبوونەوە چوو. لەو شەڕەدا کە ماوەی ٩ مانگە بەردەوامە، ٢٠٠ ھەزار کورد لە باکوور ئاوارە بوونە و زیاتر لە ٣٠٠ ھاووڵاتیی سڤیلیش کوژراون و ١٥٠ ھەزار منداڵیش لە خوێندن بێبەش بوونە، بۆیە ئێستا ھەموو تورکیا بە ئومێدی دووبارە گیان بەبەرداکردنەوەی پرسی ئاشتییە لە تورکیا.

بۆ ئەو مەبەستەیش ئومێدی گەورەیان بە بارزانییە تا ھەردوو لا لە یەکتری نزیک بکاتەوە. پارتی دیموکراتی گەلانیش (ھەدەپە) بە باشی دەزانێت بارزانی نێوەندگێری بکات و شەڕ کۆتایی پێ بێت.

ئومید فورات، نووسەری دیاری تورکیا پێی وایە ئێستا نێوانی تورکیا و قەندیل لەوپەڕی ناخۆشیدایە و بە ھیچ شێوەیەک ناتوانن لە یەکتری نزیک ببنەوە، بۆیە گرنگە بارزانی لەم کاتەدا نێوەندگیری بکات و ئەو ٢ لایەنە لە یەکتری نزیک بکاتەوە.
ئومید پێی وایە، ئەگەر دووبارە ئەو ٢ لایەنە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، پێویست ناکات باس لە پرسی چارەسەری بکەنەوە، بەڵکو پێویستە رێگەیەکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بدۆزنەوە.

ئومید تایبەت بۆ (باس) دەڵێت: "مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دەزانێت کە ئیدی ئەو رێگەیەی دەوڵەت و پەکەکە گرتوویانەتە بەر تا سەر نابێت و پێویستە دانوستاندن بکەن، بۆیە رۆڵی نێوەندگێری دەبینێت. بارزانی لەو رووەوە سەرەتا دەیەوێت ھەڵوێستی حکوومەتی تورکیا بزانێت و پاشان لەو رێگەیەوە ھەنگاو بۆ چارەسەری راوەستانی شەڕ بنێت. نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە حکوومەتی تورکیا دەزانێت بارزانی سەرۆکێکی جێی بڕوا و متمانەی کوردە، بەتایبەت بە لای کوردانی باکوور، بۆیە گرنگی بە پێشنیازەکانی بۆ پرسی چارەسەری دەدات. پێم وایە لە ماوەیەکی نزیکدا بارزانی ئەو ئەرکە دەخاتە ئەستۆی خۆی و دووبارە ئاشتی بۆ باکوور دەگەڕێتەوە".

ئادەم گێڤەر، ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە، پێی وایە کە ھەنگاوێکی لەو شێوەیەی بارزانی ھەنگاوێکی زۆر ئاقڵمەندانەیە و لە کاتی خۆیەتی، ئێمە پشتگیری لە ھەنگاوێکی لەو شێوەیە دەکەین.

ئەو بۆ (باس) گوتی: "بڕوام بەوە ھەیە کە بارزانی بە نییەتێکی دڵسۆزانەوە نێوەندگیری لەنێوان پەکەکە و ئەنکەرا دەکات، چونکە کێشەی کورد لە باکوور کێشەی باشووریشە، بۆیە بارزانی بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە ئەو ھەنگاوە بگرێتە بەر. ئێمە وەکو ھەدەپە ھەموو توانایەکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی شەڕ لە باکوور کۆتایی پێ بێت و ئاشتی جێگەی بگرێتەوە".

عەلی حەیدەر، وەستای سەتەلایتە و خەڵکی جەزیرەیە، ئەو لەبەر شەڕ ماوەی ٢ مانگ دەبێت ماڵ و حاڵی خۆی لە جەزیرە جێھێشتووە و ئێستا لە ئیستەنبۆڵ لەگەڵ خێزانەکەی و ٤ منداڵی ژیانێکی نوێی دەست پێ کردووە.

ئەو دەڵێت لەبەر ئەو شەڕەی لە جەزیرە رووی دا زیانێکی مادی زۆرم بەر کەوتووە، بەڵام بە لامەوە گرنگ نییە و تەنیا ئاشتیمان بۆ بگەڕێتەوە ماڵی دنیا ھیچ نرخێکی نییە.

ئەو لە رێگەی (باس)ـەوە وەکو ھاووڵاتییەکی باکوور خۆشحاڵە کە دەنگۆی ئەوەی بیستووە بارزانی دەیەوێت دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە یەکتری نزیک بکاتەوە. ھەروەھا باس لە دڵسۆزیی بارزانی دەکات بۆ میللەتی کورد و دەڵێت: "باکوورییەکان دەزانن کە بارزانی خەمی ھەموو کوردێکی گرتووەتە ئەستۆ لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، بۆیە دڵنیام نیگەرانە بەو حاڵەی ئێستا باکوور دووچاری بووەتەوە، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ راوەستانی شەڕ. ئێستا بارزانی باوکی ئێمەیە و چاومان لە دەستی ئەوە تا ھەنگاو بنێت بۆ لە یەکتر نزیک کردنەوەی ئەو ٢ لایەنە. ئێمە زۆر بێزار بووین و زۆر ئازارمان چەشتووە، بەسە ئیدی ئاشتیمان دەوێت".

10/5/2016

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەڵامی وتارەکەی مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت: ”عێراق بەیەکپارچەیی دەتوانێ لە بەرامبەر قەیرانەکاندا خۆی بگرێت“.

دوای ئەوەی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وتارێکی لە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، عێراق ئەو سنوورەیە کە خەڵکانێک بە جیاوازیی کەلتووری و نەتەوەییەوە بە زۆر تێیدا جێگیر کراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق وڵاتێکی ڕووخاوە و هەرێمی کوردستان شایانی جیابوونەوەیەکی ئاشتییانەیە لە عێراق.

لە بەرامبەردا، ئەمڕۆ دووشەممە 9\5\2016، جابر ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: ”هیوادارین بەرپرس و نوخبەکانی ئێستای عێراق ئەولەویەت بە شەڕی دژی تیرۆریستان بدەن و ئەو کارەش تەنیا بە یەکپارچەیی عێراق دەکرێت". دووپاتیشی کردەوە: ”سەربەخۆیی و یەکپارچەیی عێراق بۆ ئێران گرنگە و عێراق بە یەکپارچەیی دەتوانێت بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بێت".

ئێران لە کاتێکدا داوای پاراستنی یەکپارچەیی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکات کە حکوومەتی بەغدا خۆی لە پێدانی زۆربەی هەرە زۆری مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دزیوەتەوە و زیاتر لە 2 ساڵیشە، مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی کوردستانی بەبێ پاساوێکی یاسایی بڕیوە.

10/5/2016

 

مامۆستایەکی زانکۆ هەڵمەتێک بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەست پێدەکات و داوای بەشداریکردن لە هاووڵاتییانی کوردستان دەکات.

هێمن میرانی، مامۆستای زانکۆی سۆران، کە ئێستا خوێندکاری دکتۆرایە لە بەریتانیا، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کەمپینێکی بە ناونیشانی "بانگەواز بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ 4ـی ئۆكتۆبه‌ری 2016" دەست پێکردووە.

هێمن میرانی بە (باسنیوز)ی رایگەیاند، کە ئامانجی ئەو کەمپینە دروستکردنی گوشارە لەسەر سەرکردایەتیی حزبەکان بۆ ئەوەی بە زووترین کات لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان رێکبکەون و ئامادەکاریی بو سەربەخۆیی بکەن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە پۆستەکەیدا داوا لە ھەموو کوردستانییان لە ھەر کوێیەکی جیھان بن دەکات، بەشداریی ئەو کەمپینە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بکەن و بڵاوی بکەنەوە (لەم بەستەرە دایە)، تاوەکو سەرکردایەتی حزبەکانی کوردستانیش "ناچار بکەین" لە نێوان خۆیاندا رێکبکەون.


میرانی هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو رۆژەی بۆ ساڵیادی راگەیاندنی فیدڕالی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە 4ـی تشرینی یەکەمی 1992 گەڕاندووەتەوە و پێیوایە کورد 24 ساڵ خەباتی بۆ بە فیدڕالیکردنی عێراق کرد و ئێستاش "عێراق له‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیدا كۆتایی هاتووه‌".

هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە میانی وتارێکدا، کە لە رۆژنامەی (واشنتن پۆست)دا بڵاوی کردەوە، رایگەیاند، کە سەربەخۆیی کوردستان "تاکە هەڵبژاردە"ی گەل و سەرکردایەتیی کوردستانی باشوورە.

پێشتریش مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا لەگەڵ سەرکرایەتیی حزبەکانی کوردستانی باشوور، داوای کرد ئامادەکاریی بکرێت، تاوەکو بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2016) ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێت.

9/5/2016

 

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە فەرماندەرانی هێزی ئینتزامیی ئێران کرد، لە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی “ئەمنیەتی ئەخلاقی"دا بەبێ گوێدان بە میدیاکان و گوتە و رەخنەی دژبەران کارەکانی خۆیان بەرەوپێش ببەن.

خامنەیی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرماندەکانی ‌هێزی ئینتزامی ڕایگەیاندووە: "لە پرسی ئەمنیەتی ئەخلاقی وێڕای پلانڕێژییەکی ورد، قایم و ئاوەزمەندانە، نابێ گوێ لە قسەی هێندێ کەس، یان میدیاکان بگرین، بەڵکوو دەبێ پشت بە خوا کارەکان بەرەوپێش ببەیەن."

ماڵپەڕی زمانحاڵی خامنەیی لەزاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نووسیویەتی: "هەوڵی دوژمنان بۆ پێکهێنانی نائەمنی، ڕەشبینی و دووبەرەکێ لە ناوخۆی وڵاتە" و دووفاقی و دووبەرەکێ، زەبرێکی گوروچوبڕە کە دوژمن بەدوایدا دەگەڕێ."

حەسەن ساجیدی، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی تاران، پێشتر رایگەیاندبوو کە تەنیا لە تاران7 هەزار هێزی نهێنی، کەسانی سەرپێچیکار، هەروەها ئەو کەسانەی کە بەدوای "نامووس"ی خەڵک دان شناسایی دەکەن.

حەسەن ڕوحانیش بەبێ ئاماژەکردن بە چۆنیەتیی دابینکردنی ئەمنیەتی خەڵک، ڕایگەیاندبوو "سەرەکیترین ئەرکی حکوومەت لە بەرامبەر خەڵکدا، ڕێزدانانە بۆ کەسایەتی و کەرامەتی ئەوان."

هێندێک لە میدیا فارسییەکان، گوتەکانی حەسەن ڕوحانیان بە دژایەتیکردنی قسەکانی حەسەن ساجیدی لەقەڵەم دا، ئەوە لە کاتێک دایە کە خامنەییش باسی لە کەرامەت و کەسایەتی و ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی چاوەدێریی زیاتر لەلایەن هیزی ئینتزامییەوە کردووە.

بە بڕوای چالاکانی سیاسی و چاوەدێران، حەسەن ڕوحانی بە کردەوە سەلماندوویەتی کە نەتەنیا هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ خامنەیی و سوپای پاسداراندا نییە، بەڵکوو هەڵوێستەکانی ڕوحانی پشتیوانی و داکۆکیکردن لە کردەوەکانی سوپا و قسەکانی ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بوون".

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، حەسەن ڕوحانی و عەلی خامنەیی لە هەڵوێستێکی هاوشیوەدا هێرشی توندیان کردە سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل و پشتیوانیی خۆیان بۆ فەلەستین و یەمەن دووپات کردەوە.

سەرەڕای ئەوەش هێندێ لە میدیاکانی نزیک بە ئیسلاح تەڵەبەکان، سیمایەکی کراوە لە دەوڵەتی ڕوحانی و کابینەی ناوبراو پیشان دەدەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕەوتی لەسێدارەدران و سەرکوت و زیندانی کردن و گرانی و دابەزینی هێڵێ هەژاری، بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی پێشوو زیاتر بووە.

9/5/2016

 

رۆژنامەی (تایمز)ی لەندەن نووسیویەتی، سەدام حوسێن، سەرۆک کۆماری لەسێدارەدراوی عێراق، لە دوایین شەوی ژیانیدا هیچی نەخواردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، چێشلێنەرەکەی سەدام لە دوایین شەوی ژیانیدا مریشکی بۆ سوور کردبووەوە و هاوکات جگەرەشی بۆ بردبوو، بەڵام هیچی نەخواردووە.

سەدام بە خوێنڕێژترین سەرکۆماری مێژووی عێراق ناسراوە و لە ماوەی دەسەڵاتداریی خوێدا سەدان تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەنجام داوە لە هیچ چەشنە تاوانێک بەرامبەر هاووڵاتیانی خۆی درێخیی نەکردووە.

لە تاوانەکانی سەدام دەتوانین ئاماژە بە ئەنفالکردنی هەزاران کورد، کیمیابارانکردنی هەلەبجە، سەرکوتی شیعەکان و داگیرکردنی کوێت بکەین.

9/5/2016

 

ئاژانسی "فارسنیوز"ی ئێرانی نزیك له‌سوپای پاسداران، باس له‌ دابه‌شكردنی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات له‌سه‌رده‌ستی ئه‌مریكا و ئه‌وه‌ی سایته‌كه‌ ناوی ناوه‌" ئیمپریالیزمی جیهانی".

له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌نوسێت: " ئیمپریالیزمی جیهانی ماوه‌یه‌كی زۆره‌ دابه‌شكردنی ناوچه‌كه‌ی خستۆته‌ ناو به‌رنامه‌ی كاری خۆیانه‌وه‌. بۆئه‌وه‌ش گروپه‌ تیرۆریسته‌كان و جودایی خوازه‌كانیان به‌كارهێناوه‌، هه‌ر له‌سوریا و پاكستانه‌وه‌، تاكو ده‌گاته‌ لیبیا و عێراق و توركیا و وڵاتانی تری ئیسلامی".

هه‌روه‌ها ده‌نوسێت: " چه‌مكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یه‌كێكه‌ له‌و چه‌مكه‌ هه‌ره‌ باوانه‌ی كه‌له‌دوای هێرشه‌كانی 11/سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر زاری سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا زۆرترین جار به‌كارده‌هێنرێت. لێدوان و قسه‌ی زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌ی دابه‌شكردنه‌وه‌یه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌ندێك پێیان وایه‌ دابه‌شكردنی فه‌له‌ستین ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتوو بووه‌ بۆ ڕۆژئاوا، چونكه‌ توانای عه‌ره‌بیان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشهاتی له‌و جۆره‌دا ده‌كه‌ن".

هه‌روه‌ها ده‌نوسێت: " پرۆسه‌ی داگیركردنی عێراق سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو".

جگه‌له‌وه‌ش ده‌نوسێت: " سیاسه‌تی ڕۆژئاوا و وڵاته‌ كاریگه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست دابه‌ش بكرێت و، چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی بچوكی لێ دروست بكرێت".

8/5/2016

 

ڕۆژنامه‌ی"واشنتۆن پۆست"ی ئه‌مریكی ئاشكرای كرد كه‌ ئێران فشاری خستۆته‌ سه‌ر "موقته‌دا سه‌در" تاكو جموجوڵه‌كانی ناڕه‌ازیی له‌دژی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ڕابگرێت.

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ تاران له‌دوای ناڕه‌زاییه‌كان بانگهێشتی سه‌دری كرد، له‌كاتێكدا خۆپیشاندانه‌كانی لایه‌نگرانی سه‌در داوای ده‌رچوونی ئێرانی له‌عێراق ده‌كرد. ئامانجێكی تری ئێران له‌دانانی ئه‌و فشاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆتایی به‌ناكۆكییه‌كانی ناوماڵی شیعه‌ بێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌"سه‌لاح عه‌بدولڕه‌زاق" به‌ڕۆژنامه‌ی "واشنتۆن پۆست"ی ڕاگه‌یاند: " ئێرانیش وه‌كو ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت عێراق سه‌قامگیربێت، به‌تایبه‌تی ئۆقره‌یی به‌غدا بۆ ئه‌وان زۆر گرنگه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ جه‌خت له‌گرنگی ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێران ڕۆڵی ناوه‌نگیر بگێڕێت له‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان شیعه‌و سوننه‌دا، به‌تایبه‌تی چونكه‌ ئێران نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز، بۆئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ خرابووه‌ سه‌ر موقته‌دا سه‌در.

8/5/2016

 

 

گۆڕان و یەکێتی دوو هێزی سەرەکی باشووری کوردستانن، زیاتر لە ساڵێکە باس لە رێککەوتنێک دەکرێت لەنێوان یەکێتی و گۆڕاندا، بەڵام دەنگی نوێ بڵاوە کار گەیشتووەتە واژۆکردن، لەسەر رێکكەوتنەکە زۆر دەنووسرێ و دەگوترێ، بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیش پێیانوایە رێکكەوتنەکە هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە بۆ یەکێتی، مەبەستی گۆڕان ئەوەیە گوشاری پێبخاتە سەر پارتی. ئەوان دەشڵێن گۆڕان دەیەوێ یەکێتی وەک حیزبێکی کارا و کاریگەر بقۆزێتەوە بۆ ئامانجێک کە خزمەت بە گۆڕان دەکات نەک یەکێتی.

بەپێی زانیارییەكان، رێکكەوتنەکە هەوڵێکە بۆ جێبەجێکردنی هەندێك لە خاڵەکانی لێکگەیشتنی دەباشان، بە زیادەی هەندێ پرسی دیکە کە لەگەڵ بەرژەوەندی حیزبی لەم قۆناخەدا دەگونجێن، یەکخستنی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان لە ئاستی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پەرلەمانی کوردستان و عێراق لە خاڵە سەرەکییەکانن. هەردوولا دەیانەوێ سیستەمی حوکمڕانی وەک بەغدا پەرلەمانی بێت، دەستوور هەمواربکرێتەوە و هەندێ بڕگەی لێ بگۆڕدرێن. لەدوای هەڵبژاردنی 2017 وە یەکێک لەم پۆستەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لای ئەم 2 حیزبە دەبێت، ئیدی خۆیان رێکدەکەون لە دەست کامیاندا بێت.

نێوەڕۆكی رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی

- یەکخستنی فراکسیۆنەکانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان.

- گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی.

- هەموارکردنەوە دەستوور و گۆڕینی چەند بڕگە و ماددەیەک.

- وەرگرتنی یەکێک لە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان و سەرۆکوەزیران.

كورسییەكانیان لە پەرلەمانەكانی كوردستان و عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكان

کورسییەکانی گۆڕان

24 پەرلەمانی کوردستان

8 پەرلەمانی عێراق (پەرلەمانتارێكی دیكەشی بەهۆی گرژییەكانی بەغدا دوورخستەوە)

ئەنجوومەنی پارێزگاکان

12 سلێمانی
4 هەولێر
2 دهۆک

یەکێتی لە پارلەمانی کوردستان 18 کورسی هەیە

لە پەرلەمانی عێراق 21 كورسییە

ئەنجوومەنی پارێزگاکان
11 سلێمانی
6 هەولێر
2 دهۆک

بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردن لە ئاستی عێراق و باشووری کوردستان

گۆڕان و یەکێتی دوو لایەن خاوەنی زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار دەنگن، کە دەکاتە زیاتر لە 35% دەنگەکانی باشووری کوردستان.

مێژووی پەیوەندییەكەیان:

نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ساڵی2006 لە یەکێتی جیابووەوە و کۆمپانیای وشەی دامەزراند،
لە ساڵی 2009 لەسەر نێوی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداریکرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. بوو بە هێزی دووەم لە ئاستی باشووری کوردستان، یەکەم رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی دەگەڕێتە وە بۆ 24-09-2012 لەنێوان جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بەناوی لێکگەیشتنی دەباشان.

لەدوای دروستبوونی قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بزووتنەوەی گۆڕان لێژنەیەکی پێكهێنا بەمەبەستی ئامادەکردنی پڕۆژەیەک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی دەباشان، لەم چوارچێوەیەدا سەرەتای مانگی دوو پڕۆژەیەکی سێ خاڵییان داوەتە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان. بڕیارە رێککەوتنەکە رۆژی یەکشەممە 8-5-2016 لە سلێمانی واژۆبکرێت.

8/5/2016

 

71 ساڵ بەسەر سەرکەوتنی سوپای رووسیا بەسەر نازییەكاندا لە جەنگی جیهانیی یەكەم تیدەپەڕێت و حکومەتی رووسیا بەو بۆنەیەوە هەموو ساڵێک یادی سەرکەوتنی سوپاکەی لە هەموو شارەكان دەکاتەوە، گەورەترین ئاهەنگ و نمایشی سەربازیش لە مۆسكۆ دەبێت. ئەمساڵ تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم میدیای کوردی بەفەرمی بۆ رێوەڕەسمەکە بانگهێشتکراوە.

خالید حوسێن، پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 9ی ئایاری 2016، حکومەتی رووسیا یادی سەرکەوتنی 71 ساڵەی سوپاکەی دەکاتەوە کە لە جەنگی یەکەمی جیهان بەسەر نازییەکاندا بەسەرۆكایەتی هیتلەر سەرکەوتنی تۆمارکردووە، بەو بۆنەیەوە لە 9 ی ئایاری هەموو ساڵێک یادی سەرکەوتنەکەی سوپای رووسیا دەکرێتەوە.

پەیامنێری رووداو گوتیشی "لە مەیدانی سووری مۆسکۆ یادی سەرکەوتنی سوپای رووسیا دەکرێتەوە و ئێستا رێوڕەسمەكە بە بەشداری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستیپێكردووە و، تێیدا چەند یەکەیەكی سەربازی ئامادەن و نمایشی سەربازی پێشكەش دەكەن، هاوکات ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی رووسیش لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارن".

خالید حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ یەکەمجارە حکومەتی رووسیا کەناڵێکی میدیایی کوردی بانگهێشتی ئامادەبوونی رێوەڕەسمی سەرکەوتنی رووسیا و سوپاکەی دەکات.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە رێوڕەسمەكەدا گوتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، لەم رۆژەدا بە سەدان تانک و فڕۆکە بەرگرییمان لە وڵاتەکەمان کرد و، رووسیا لەم رۆژەدا نائومێدی بە ئومێد گۆڕی.

پوتین هەروەها گوتی " ئەم رۆژە وەرچەرخانێکی گەورەبوو بۆ رووسیا و وایکرد دووژمنانی رووسیا مل کەچ بکەن". ئاماژەی بەوەشكرد ئەوكاتەی هیتلەر هێرشیكردووە، رووسیا هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نەبووە جگە لە بەرگری.

9/5/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان