فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-23-20-31-58 ڤیدیۆیەکە، فەرمانی پێویستم دەرکرد بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە." داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان گوتی، "بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەش...
2025-04-23-20-28-02 گۆڵۆباڵیزم ( کەئەوکات بەسیستەمی نوێی جیهان) پێناسە دەکرا. ئەو ململانێ فکریەش لە نێوان (ساموئل هانتینگتون ) ی خاوەن تێزی (پێکدادانی شارستانیەکان) و فرەنسیس فۆکۆیامای خاوەن...
2025-04-23-19-52-21 ساڵ و دەیان ملیار دۆلاری تێچووی بوو . بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل بە بەکار هێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمەریکی توانیتی حەسەن نەسرولله کە لە قولای...
2025-04-23-19-49-44 و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆم، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدات. هەروەها لە بەرامبەریشدا، ترامپ بە كۆمەڵێك پێشمەرجی زۆر و قورسەوە، نامەیەك بۆ...
2025-04-12-15-24-28 کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی ناگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. رەنج پشدەری، چالاکڤانی کورد لە سوێد، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەید عەلی رەحیم پوور،...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

magulstan u kurd

محەممەد حاجی، خەڵكی عفرینی رۆژئاوای كوردستان، 24 ساڵ لەمەوبەر رووی لە رووسیا كرد. حاجی بەهیوای مسۆگەركردنی پاشەڕۆژێكی باش دەیویست لە رووسیاوە بچێتە وڵاتێكی رۆژئاوای ئەوروپا، بەڵام قەدەری ئەو وەهابوو كە لە وڵاتێكی لاتەریكی ئاسیایی وەكو مەنگۆلیا بگیرسێتەوە. حاجی دەڵێت تاكە كوردە لە وڵاتێك دەژی كە لە هەندێك رۆژی وەرزی زستاندا پلەی گەرمای بۆ 45 پلەی ژێر سفر دادەبەزێت.

حاجی نیشتەجێی ئولان باتووری پایتەختی مەنگۆلیایە و لەوێوە باسی ژیان و گوزەرانی خۆی بۆ (رووداو) كرد.

ئەو لە گوندی مابەتان لە ناوچەی عفرین كە خەڵكەكەی عەلەوین لەدایكبووە. دوای تەواوكردنی خزمەتی سەربازی لە ریزەكانی سوپای سووریا، چووەتە رووسیا. لە رووسیاوە چەند جارێك هەوڵی داوە بە قاچاخ خۆی بگەیەنێتە ئەوروپای رۆژئاوا، بەڵام هەمووجارێك دەستگیر دەكرا و دیپۆرتی رووسیا دەكرایەوە. ماوەی 7 ساڵ لە مۆسكۆ مایەوە و هەر لەوێش ژنی هێنا “من لەو ساڵانەدا كاری بازرگانیم دەكرد، ئەوكات بازرگانی لە نێوان سووریا و رووسیادا گەرم بوو، من لە بەشە ناوخۆییەكی قوتابیان دەمامەوە، لەوێ كچە خوێندكارێكی مەنگۆلیم ناسی، حەزمان لە یەكدی كرد و خواستم، منداڵێكیشم لێی بوو”.

دوای ئەوەی باتما، ژنە مەنگۆلییەكەی محەممەد خوێندنەكەی تەواو دەكات لە رووسیا، بڕیار دەدات بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی. محەممەد ئالانی كوڕیشیان لەگەڵی دەڕۆن. بەڵام كوڕەكەیان لەوێ تووشی نەخۆشییەك دەبێت و بەهۆیەوە دەمرێ. دواتر خودا دوو منداڵی دیكەی پێبەخشین بەناوەكانی ئازاد و عەلی.

سەرچاوەی ئابووریی مەنگۆلیا كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییە، محەممەدیش لەوێ كاری ئاژەڵداری دەكات “نزیكەی 10 ساڵ ریخۆڵەی مەڕم لە گوندییەكان دەكڕی و پاكم دەكردنەوە و بە بازرگانانم دەفرۆشتەوە، دواتر لەگەڵ كارگەیەك رێككەوتین و رێخۆڵەی مەڕمان دەنارد بۆ ئەڵمانیا”.

بەهۆی سەختیی كارەكە كە زیانی بە گورچیلەكانی دەگەیاند، محەممەد وازی لەو كارە هێنا. كامیۆنێكی كڕی بۆ گواستنەوەی كەلوپەل، بەڵام ئەو كارەش زۆر ئاسان نەبوو “ماوەی سێ ساڵ كارم بەو كامیۆنە كرد، هەفتانە نزیكەی 5000 كیلۆمەتر رێگەی هاتن و چوونم دەبڕی، بەڵام رێگاكە تەنیا 100 كیلۆمەتری قیرتاوكرابوو، ئەوی دیكەی هەمووی خۆڵ بوو، ئێستاش لە كۆمپانیایەكی تایبەت بە دروستكردنی رێگەوبان كار دەكەم”.

باڵندەیەكی بە 25  هەزار دۆلار فرۆشت

محەممەد لە وەرزی هاویناندا راوی باڵندە دەكات. نزیكەی 10 ساڵە باز و شەهێن دەگرێت و دەیفرۆشێتە ئەو شێخ و میرە عەرەبانەی ساڵانە لە كەنداوەوە دێنە مەنگۆلیا بۆ كڕینی ئەو جۆرە باڵندانە.

محەممەد حاجی دەڵێت “چۆلەكە وەكو تەڵە بۆ ئەو باڵندانە دادەنێین، دوای ئەوەی داوێك لە چۆلەكەكە دەبەستین، بەرەڵڵای دەكەین، كاتێك باڵندەكە چۆلەكەكە دەگرێت، بەهۆی ئەو پەتەوە دەكەوێتە داوەكە و ناتوانێت بفڕێت و بە ناچاری دەنیشێتەوە سەر زەوی، ئێمەش كە لە دووری 200 مەتر خۆمان حەشار دەدەین، كاتێك باڵندەكە دەكەوێتە داوەكە دەیگرین”.

ئەو گوتی “جارێكیان باڵندەیەكم گرت بە 25 هەزار دۆلار بە عەرەبێكی كەنداوم فرۆشت”. دەشڵێت “برادەرێكم كە بازێكی سپی گرتبوو، بە 500 هەزار دۆلار بە قەتەرییەكی فرۆشت، فڕۆكەیەكی تایبەتیان لەقەتەرەوە هێنا بۆ بردنی باڵندەكە”.

پرسیارمان كرد كە جگە لەو هیچ كوردێكی دیكە لە مەنگۆلیا هەیە؟ محەممەد دەڵێت “لە من زیاتر یەك كوردی دیكە لەم وڵاتەدا نییە، تەنیا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندیم لەگەڵ كورد ماوە”.

لە ماوەی ئەو 17 ساڵەی لە مەنگۆلیایە، محەممەد دووجار سەردانی گوندەكەی خۆی كردووەتەوە لە عفرین، برایەكی و دایكیشی جارێك سەردانیان كردووە. ئەو ئێستاش خەون بەوەوە دەبینێت بچێتە وڵاتێكی ئەوروپا، بە تایبەتی نەرویج یان فینلەندا.
هەرچەندە ژنەكەی محەممەد پرۆفیسۆری كیمیایە لە زانكۆ، بەڵام محەممەد لە كارەكەی خۆی رازییە، ئەگەرچی دەڵێت “لەم وڵاتە دڵم تەنگ بووە، بۆ دواڕۆژی منداڵەكانم ئەوروپا باشترە، جگە لەوەش كەسوكارم بەردەوام پێمدەڵێن ئەو وڵاتە جێبهێڵە، هەموو برادەرەكانم لە ئەوروپا سەریان سوڕماوە و دەڵێن چی دەكەی لەو وڵاتە، خۆیشم نازانم چۆن 17 ساڵم لێرە گوزەراندووە”.

 

رووداو -  مەنگۆلیا

20/12/2013

 

xatami1

سەرۆکی پێشووتری ئیران دەزگاکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات، کە گوێ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی دەگرن، گوتیشی لە ئێران کەشێکی وا خولقاوە هەموو خەڵک وا هەست دەکات، کە لەلایەن دەوڵەتەوە چاودێری دەکرێت و گوێ بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنیەکانی هەلدەخرێت. محەممەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران لە دیداری چەند پارێزگارێکی پارێزگاکانی سەردەمی سەرۆکایەتی خۆیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی گوێیان لێگیراوە و بە زمانێکی گاڵتەجاڕییەوە گوتی "ئەگەر گوێش لە پەیوەندییەکانمان دەگرن، زانییارییەکان وەک خۆی بگوازنەوە". خاتەمی هیواخوازبووە پەیوەندییەکان، کە "گوێشیان لێدەگیرا زانییارییەکانی وەک خۆی بگوازرابانەوە و بە نهێنی هێڵدرابووانەوە، کەچی رۆژنامە و وێبسایتەکان درۆ و دەلەسە لە زمانی بەرپرسان دەگوازنەوە و بڵاوی دەکەنەوە". خاتەمی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، گوێگرتن لە پەیوەندییەکانی ئەو کاتە چڕتر بووەتەوە، کە ئەو پشتیوانی میر حوسێن موسەوی، کاندیدی ریفۆرمخوازەکانی کردووە لە ململانێی هەڵبژاردنی ساڵی 2009، کە تێیدا مەحموود ئەحمەدی نەژاد بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، کە ئەو کاتە دەسەڵاتدارانی ئێران رێگای سەفەری دەرەوەی ئێرانیشیان لێگرتووە. لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا خاتەمی گوتوویەتی، "دەسەڵاتدارانی تووندرەوی ناو ئێران، ناکۆکیان دروستکردووە لەنێو خەڵکدا، بەهۆی ئەوەی هەرکەسێک هاوڕا نەبووبێت لەگەڵ ئەوان بە چەندین جۆر تۆمەتباریان کردووە و ناو و ناتۆرە و گومانیان خستووەتەسەر"، بەگوتەی ئەو، خەڵکانی دیکەش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانییان خراوەتە ژێر چاودێری، بەڵام لەبەر نائومێدییان لە ئەنجامەکانی دادگا نەکەوتوونەتە دوای بەرزکردنەوەی سکاڵا.  خاتەمی ئارەزووی بەشداریکردنی مەراسیمی رێزگرتن و ناشتنی ماندێللای هەبووە، بەڵام گوتوویەتی "بەهۆی رێگا لێگرتنی سەفەری دەرەوە نەیتووانیوە بەشداری مەراسیمەکە بکات".

19/12/2013

 

bnkai kontroli kele

مەرزی كیلێی سنوری شارۆچكەی پشدەر بنكەی كۆنتڕۆڵی جۆری نیەو سەرچاوەیەكیش لە دەستەی پێوانەسازی و كۆنتڕۆڵی جۆری هەرێم دەڵێت كاری پێویستمان بۆ كردنەوەی ئەو بنكەیە دەست پێكردوە. 

مەرزی كێلێ‌ رۆژانە كەلوپەل و پێویستی جۆراوجۆری هاوڵاتیانی لێوە هاوردە دەكرێت بەڵام بۆ پشكنینی زۆرێكیان دەبێت نمونەیان ببرێت بۆ رانیە یان شاری سلێمانی و دوای ئەنجامەكەی ئەوجا رێگە بە هاوردەكردن یان رەتكردنەوەی دەدرێت، ئەوەش كات و ماندوبونێكی زۆری دەوێت.

كارزان فەقێ‌ محەمەد، لێپرسراوی بەشی هاوردەكردن لە دەستەی پێوانەسازی و كۆنتڕۆڵی جۆری هەرێم بە پەیامنێری راگەیاند، داوامانكردوە بنكەی كۆنتڕۆڵی جۆری لە 4 مەرزی تری هەرێم بكرێتەوە لەوانە مەرزی كێلێی تێدایە و پێویستی زۆری پێیەتی.

گوتیشی،ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی دامەزراندنی ئەو بنكانە داوە كە خۆی لە بیناو ئۆتۆمبیل و تاقیگەو فەرمانبەری شارەزاو كەلوپەل و پێویستی تر دەبینێتەوە بۆیە هەموو ئەوانە وردەكاری و رۆتیناتی پێویستەو دوای تەواوكردنیان بنكەكە بەرەسمی دەكرێتەوەو دەست بەكار دەبن كە بەهۆیەوە كاڵاو كەلوپەل و پێویستیەكان بەشێوەی زانستی و تەندروستی و خێرا بە هاوشێوەی سنورەكانی تری هەرێم لە مەرزی كێلێوە دەگەنە هەرێمی كوردستان.

دڵشاد ئەحمەد

pna
19/12/2013

sewxwardn

 

.لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك نوێترین سودی سێو ئاشكرا ده‌كات
"خواردنی سێوێك له‌ڕۆژێكدا له‌چون بۆ لای پزیشك ده‌تپارێزت" فۆتۆ: مكتوب
19 کانونی یەکەم, Magazine جيهان - م. ع -
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌ریتانیی نوێ هانی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌دات كه‌ ته‌مه‌نیان سه‌روو 50 ساڵه‌، رۆژانه‌ سێوێك بخۆن. ماڵپه‌ڕی BBC دوێنێ چوارشه‌ممه‌، له‌زاری لێكۆڵه‌رانی زانكۆی ئۆكسفۆرده‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، پابه‌ندبون به‌خواردنی سێوێك رۆژانه‌، ده‌كرێ ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی مردن به‌هۆی كێشه‌ی دڵ و جه‌ڵته‌ به‌ نزیكه‌ی 8500 حاڵه‌ت له‌شانشینی یه‌كگرتوو كه‌مبكاته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڤاری پزیشكیی به‌ریتانی BMJ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سێو یارمه‌تی باشكردنی ته‌ندروستیی دڵ و بۆرییه‌كانی خوێن ده‌دات و كاریگه‌رییه‌كه‌ی هاوتای هه‌ندێك ده‌رمانی وه‌ك ستاتین-ه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌رمانیشه‌وه‌، جێكاری لاوه‌كی نیه‌.

ئاماره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئامۆژگاری پزیشكه‌وه‌، دوو له‌سه‌ر سێی كه‌سانی پێگه‌یشتوو، رۆژانه‌ پێنج جار سه‌وزه‌و میوه‌ ناخۆن.

ئه‌گه‌رچی له‌هه‌موو 10 كه‌سێك نۆیان لانیكه‌م رۆژانه‌ ژه‌مێك میوه‌و سه‌وزه‌ ده‌خۆن به‌ڵام ئه‌دام بریجزو هاوكاره‌كانی له‌دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستیی به‌ریتانیی دڵ ده‌ڵێن، له‌گه‌ڵ زیادبونی ئه‌و ژه‌مه‌ میوانه‌دا سوده‌كانیش زیادده‌كه‌ن.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سانی پێگه‌یشتوو له‌سه‌رجه‌م ته‌مه‌نه‌كاندا بۆیان كرا رۆژانه‌ ژه‌مێكی زیاده‌ سه‌وزه‌و میوه‌ بخۆن، ئه‌وا ده‌كرێت تێكڕای مردن به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی بۆرییه‌كانی خوێن به‌ رێژه‌ی 11 هه‌زار حاڵه‌ت بۆ هه‌ر ساڵێك كه‌مبكات.

پزیشكان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و حیكمه‌ته‌ كۆنه‌ی ده‌ڵێت، "خواردنی سێوێك له‌ڕۆژێكدا له‌چون بۆ لای پزیشك ده‌تپارێزت" بۆ كه‌سانی سه‌روو ته‌مه‌ن 50 ساڵ كه‌ مه‌ترسی نه‌خۆشی بۆرییه‌كانی خوێنیان زیاتره‌، زۆر پێویسته‌.

ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ نوێیه‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌و سه‌رنجی پزیشكی بنیاتنراوه‌ كه‌ سه‌دان هه‌زار نه‌خۆشی له‌خۆگرتووه‌.

بریجز ده‌شڵێت، هه‌رچه‌نده‌ هیچ كه‌سێك له‌ئێستادا ناڵێت له‌بری ستاتین سێو بخۆن به‌ڵام ده‌توانین هه‌موو سودێك له‌زۆر خواردنی میوه‌دا ببینین.

سێو مادده‌ی دژه‌ ئۆكساندن و ئاوێته‌ كیمیاییه‌كانی فلاڤانۆیدی تێدایه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆ پاراستنی ژیانێكی ته‌ندروستی باشتر، به‌سودن.

له‌ئینگلیزییه‌وه‌: والی شێخ عه‌لی
سه‌رچاوه‌/ bbc.co.uk

awena

19/12/2013

kmmk mafi mrof

 

کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان بارمته‌گرتنی هاوڵاتیانی کورد له‌ رۆژئاوای کوردستان و سوریه‌ ئیدانه‌ ده‌کات
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان بارمته‌گرتنی هاوڵاتیانی کورد له‌ رۆژاوای کوردستان له‌ لایه‌ن هێزه‌ جیهادی و ئیسلامیه‌کانی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ به‌ توندی شه‌رمه‌زار ده‌کات و ئه‌و کاره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی نرخه‌ مرۆییه‌کان و هه‌ر وه‌ها پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا و بنه‌ماکانی مافه‌کانی مرۆڤ و کۆنواسیۆنه‌کانی ژینێڤ و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌زانێت.
به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵ و راپۆڕته‌کانه‌ی که‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن راگه‌یه‌ندراوه‌کان و سازیه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ سوریه‌، له‌ رۆژانی رابردوودا لانیکه‌م 300 که‌س له‌ دانیشتوانی رۆژاوای کوردستان له‌ هه‌رێمه‌کانی "جه‌رابلوس و عه‌ززازی" نزیک شاری حه‌ڵه‌ب له‌ گوندی "ئه‌حره‌س" 170 که‌س و له‌ گوندی "قه‌عرکه‌عبه‌ین" 20 که‌س و له‌ گوندی "لدویاو" 15 که‌س و له‌ گوندی کیدریش" 30 که‌س و له‌ گوندی "تل بتال" 70 که‌س له‌ لایه‌ن توندئاژۆ ئیسلامیه‌کانه‌وه‌ به‌ بارمته‌ گیراون و رفێندراون.
به‌ پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ له‌ نێوان بارمته‌کاندا که‌سانی به‌ساڵاچوو و منداڵ و ژنیش هه‌ن که‌ به‌ توندترین شێوه‌ی مومکین هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و به‌ وته‌ی شاهیده‌کانی رووداوه‌که‌ که‌سانی سه‌ر به‌ سوپای ئازاد و هێزه‌کانی گرێدراوی به‌شێک له‌ پارته‌ کوردیه‌کانیش له‌و بارمته‌گرتنه‌دا ده‌ستیان هه‌بوه.
شایانی باسه‌ هێزه‌ جیهادی و ئیسلامیه‌کانی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا چه‌ندین جار کاری دژه‌ مرۆییان ئه‌نجامداوه‌ و هاوڵاتیانی کوردیان رفاندوه‌ خه‌ساری گه‌وره‌ی گیانی و ماڵیان لێداوان. ته‌نانه‌ت له‌ هێنده‌ک حاڵه‌تدا بۆ ترساندن و تۆقاندنی خه‌ڵک هاوڵاتیانی کوردیان رفاندوه‌ و به‌ به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ کۆمه‌ڵکوژیان کردوون و به‌پێی پێناسه‌کانی جیهانی و پێوانه‌کانی مافی مرۆڤ ئه‌و کاره‌ ده‌که‌وێته‌ خانه‌ی تاوانه‌کانی شه‌ڕ و ژینوساید. ئه‌و گرووپه‌ جیهادیه‌ ئیسلامیانه‌ی گرێدراوی وڵاته‌ جیرانه‌کان ترسیان هه‌یه‌ له‌ هه‌بوونی هه‌رێمێکی دیموکراتیک له‌ رۆژاوای کوردستان و هه‌بوونی هه‌رێمێکی ئاوا له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ دژه‌ مرۆییه‌کانی خۆیان ده‌زانن. ئه‌و گرووپانه‌ هاوکات رێگرن له‌ چوونی یارمه‌تیه‌ مرۆییه‌کانی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ قازانجی سیاسه‌ته‌کانی ده‌ره‌کی و ناوه‌وه‌ی خۆیان ده‌زانن و به‌ خوڵقاندنی ترس و ئاژاوه‌ و بارمته‌گرتن ده‌یانهه‌وێ ئارامش و ئاسایش رۆژاوای کوردستان تێکبده‌ن.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان به‌ پێویست ده‌زانێت ئه‌و بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ وه‌بیر بێنێته‌وه‌:
به‌ پێی ماده‌ی 5ی جاڕنامه‌ی جیهانی مافه‌کانی مرۆڤ هیچ که‌س نابێت بکه‌وێته‌ به‌ر ئه‌شکه‌نجه‌ و بێڕه‌حمی و ئازار و موجازاتی نائینسانی و ره‌فتاری به‌ جۆرێک که‌ ئاستی شه‌ئنی ئینسانی ده‌به‌زێت.
ماده‌ 9: هیچ که‌س نابێت بکه‌وێته‌ به‌ر راوه‌دوونان و گرتن و دوورخرانه‌وه‌ی خۆسه‌رانه.
ماده‌ 12: هیچ که‌س نابێت له‌ چوارچێوه‌ی ژیانی تایبه‌تی و بنه‌ماڵه‌یی و شوێنی ژیان و پێوه‌ندیه‌کانی شه‌خسی بکه‌وێته‌ ژێر ده‌ستێوه‌ردان و موزاحیمه‌ت. هه‌ر به‌و پێیه‌ش شه‌رافه‌ت و ئابرووی هیچکه‌س نابێت بکه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستدرێژی. هه‌مو که‌س شایسته‌ی پاراستنی دادوه‌ری و یاساییه‌ له‌ هه‌مبه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و ده‌ستدرێژی.
که‌وابوو بارمته‌گرتنی دانیشتوانی رۆژاوای کوردستان کارێکی نائینسانی و دوور له‌ هه‌موو پێوانه‌کانی مافی مرۆڤه‌ و داوا له‌ هه‌موو کاربه‌ده‌ستانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ هه‌رچی زووتر بارمته‌کان ئازاد بکه‌ن بیانگڕێننه‌وه‌ شوێنی خۆیان.
کونوانسیۆنی ژنێڤ به‌ روونی عه‌مه‌ڵیاته‌کانی شه‌ڕی له‌و بوارانه‌ی خواره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ کردوه:
هێرشکردنه‌ سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ راسته‌وخۆ له‌ شه‌ڕدا به‌شدار نه‌بوونه.
هه‌روه‌ها که‌سانی چه‌کدار که‌ چه‌کی خۆیان داناوه.
که‌سانێک که‌ به‌ هۆی نه‌خۆشی، برینداری و گرتن و یان هه‌ر هۆیه‌کیتر نه‌توانن شه‌ر بکه‌ن ده‌بێ له‌ هه‌موو حاڵه‌ت دا به‌ بی هه‌ڵاواردن و پێشێلکردنێکی مافه‌ ئینسانیه‌کان هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ بکرێت.
به‌ پێی ماده‌ی 3ی کۆنوانسیۆنی ئه‌و کارانه‌ی خواره‌وه‌ مه‌منووع کراون:
خه‌سارلێدان له‌ ژیان و گشتی جه‌سته‌یی له‌وانه‌ش کوشتن به‌ هه‌موو جۆرێک و بریندارکردن، هه‌ڵسوکه‌وتی بێره‌حمانه‌، ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازار و بارمته‌گرتن.
دابه‌زاندنی حه‌یسیه‌تی که‌سه‌کان و له‌وانه‌ش ته‌حقیر و بچوککردنه‌وه
مه‌حکومکردنی بێ دادگایی و بڕیاری دادوه‌ری
هه‌ر به‌و پێیه‌ش کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان داوا له‌ سازی و رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ وه‌کوو نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و ییکیتی ئه‌وروپا و هه‌موو رێکخراوه‌کانی جیهانی و هه‌رێمی ده‌کات که‌ پابه‌ند بن به‌ هه‌موو ئه‌رکه‌کانیان له‌ مه‌ڕ ئاسایش و سه‌لامه‌تی تاک و نه‌ته‌وه‌کان و هه‌نگاوی شیاو بنێن بۆ ئازادکردنی ئه‌و هاوڵاتیه‌ کوردانه‌ی به‌ بارمته‌ گیراون و کاره‌ک بکه‌ن که‌ ئه‌و کرده‌وه‌ نامرۆییانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپانه‌وه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان

18/12/2013

helabca2013

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا شاری هەڵەبجە بۆ میوانداری كۆبوونەوەی هەرێمیی نەهێشتنی چەكی كیمیایی دەستنیشان بكات.  ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا لە بارەی بڕیارەكانی دوایین كۆبوونەوەی هەفتانەی كە بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی بەڕێوەچوو، رایگەیاند:"ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بریاریدا شاری هەڵەبجە بۆ میوانداری خولی سیازدەهەمی كۆبوونەوەی هەرێمیی نەهێشتنی چەكی كیمیایی دەستنیشان بكات و بودجەیەكی تایبەت بۆ گرێدانی ئەو كۆبوونەوە تەرخان بكات. هاوكات لیژنەیەك لە وەزارەتەكانی دەرەوەو زانست و تەكنەلۆژیای عێراق بۆ ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەكە پێكبێنێ". هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە "دەستنیشانكردنی شاری هەڵەبجە بۆ میوانداری ئەو كۆبوونەوە بەهۆی كیمیابارانكردنی شارەكەوەیە بە چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق". هاوكات بەیاننامەكە ئاشكرایكرد كە "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا كەسوكاری قوربانیانی بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندانەكانی شارۆچكەی حەویجە لە پارێزگای كەركووك لەلایەن سوپای عێراقەوە لە مانگی نیسانی رابردوو قەرەبوو بكاتەوە".

rudaw

18/12/2013

satalit taran

 

وەزیری كولتو‌ور و رێنوێنی كۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداریی دەدات لە تێكچوونی كۆمەڵگەی ئێران ‌و دەڵێ چەندین دیاردەی نەشیاو روو لە زیادبوون دەكەن. پێشیوایە پێویستە حكومەتی وڵاتەكەی كێشەی قەدەخەكردنی سەتەلایت چارەسەربكەن. عەلی جەننەتی، وەزیری كولتو‌ور و رێنوێنی كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند:"ئێستا 71% خەڵكی تاران سەتەلایتیان هەیە". گوتیشی: "درۆ ‌و خیانەت لە ئەمانەت لە كۆمەڵگەی ئێران بوونەتە دیاردە و دەبێت رێگەچارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە." جەننەتی هۆشداریدا و گوتی: "كۆمەڵگەی ئێران بەرەوە هەرەسهێنانی ئەخلاقی دەڕوات. زۆربەی هەنگاوەكان لە پرسی كولتو‌وری ئێران گاڵتەئامێزن و با كارێك نەكەین 5 ساڵی دیكە بە هەنگاوەكانی خۆمان پێبكەنین". وەزیری رێنوێنی ئێران كە لە مەراسیمی رۆژی بەدواداچوون، لە ناوەندی بەدواداچوونی كولتو‌ور،هونەر و پەیوەندییەكان گوتاری دەدا، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونەكانی جیهان كرد و رایگەیاند: "لە داهاتوویەكی نزیكدا 2 هەزار كەناڵی ئاسمانی لە رێگەی مۆبایلەوە دەبینرێت، ئایا دەمانەوێت هەر تەشویش بەكاربهێنین یان رێگەچارەیەكی دیكەمان لەبەردەستە". لە ئێران بۆ هەر ماوەیەك جارێك هێزەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستدەدەنە كۆكردنەوەی سەتەلایت لەسەر ماڵەكان و هەروەها هەوڵدەدەن بە تەشویش خستنەسەر كەناڵەكانی سەتەلایت رێگر بن لە بینینی ئەو كەناڵانە. ماوەیەك پێش ئێستا حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە وەڵامی پەیامنێری bbc كە پرسیاری لە قەدەخەبوونی سەتەلایت لە ئێران كردبوو، رایگەیاند:"ئێستا گوندەكانی ئێرانیش سەتەلایت بەكار دەهێنن، تەنها بەسە چاوتان بە سەربانی ماڵەكان بكەوێت". لە ئێراندا بەكارهێنانی سەتەلایت و كڕین و فرۆشتنی كەرەستەی سەتەلایت قەدەخەیە، بەڵام بە شێوەیەكی نایاسایی زۆربەی خەڵكی ئەو وڵاتە بەكاریدەهێنن و زۆرجاریش روبەڕووی هێزەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەبنەوە. 

18/12/2013

barzani m1

 

مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی ئالای کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی ھاولاتیان دەکات و تێیدا دەڵێت پێویستە کار بە پەیامی ئاڵا جوانەکەی کوردستان بکەین، کە بریتییە لە ئاشتیخوازی و خەبات و ھیواو ئاوەدانی. ئەرکی سەرشانی ھەموو لایەکمانە ئاڵاکەمان بپارێزین و ڕێزی لێ بگرین. 


ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە


لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا ھەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان. ئاڵاکەمان بەھایەکی ھاوبەشە و ھێمای یەکدەنگیی گەلی کوردستانە. پێویستە کار بە پەیامی ئاڵا جوانەکەی کوردستان بکەین، کە بریتییە لە ئاشتیخوازی و خەبات و ھیواو ئاوەدانی. ئەرکی سەرشانی ھەموو لایەکمانە ئاڵاکەمان بپارێزین و ڕێزی لێ بگرین. ڕۆژی ئاڵا لە ھەموو گەلی کوردستان پیرۆز بێت.

 

17/12/2013

bafr barin la arabstan

بانگخواز سعود شەریم، ئیمام و گوتارخوێنی مزگەوتی حەرام لە مەككە رایگەیاند، ئەو بەفرەی لەم دواییانە شانشینی سعودییەی گرتەوە، یەكێكە لە نیشانەكانی هاتنەدی پێشبینیەكانی پێغەمبەر (د.خ)، كە ئەو پێشتر پێشبینی ئەوەی كردووە، كە رووبار و سەوزای زۆر لە دورگەی عەرەبیدا دروست دەبن.

شەریم لە ئەكاونتەكە خۆی لە تویتتەر نووسیویەتی "بەفر سەرەكیترین سەرچاوەی رووبار و سەوزاییە، كەوتنیشی لەسەر دوورگەی عەرەبی بە گەورەترین نیشانەی هاتنەدی پێشبینییەكەی پێغەمبەرە (د.خ)، كە تێیدا گوتوویەتی رۆژی دوای نایەت تاوەكو رووبار و سەوزای نەگەڕێتەوە زەوی عەرەبەكان".

رۆژی یەكشەممە، بەفر لەسەر بەرزاییەكانی تەبووك لە باكووری رۆژئاوای سعودییە باری و پلەی گەرمای زۆر نزمكردەوە و شاخەكانی ئەو ناوچەیەی سپی كرد، كە بەهۆی زریانی ئەلێكساوە بوو و زۆربەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە.

ئەم شەپۆلە بەفربارینە بە یەكێك لە دیاردە نامۆكان دادەنرێت لە سعودییە، كەزۆربەی زەوییەكەی بیابانە.

زۆربەی ئەو كەسانەی كە وەڵامی تویتتەكانی ئەو بانگخوازەیان داوەتەوە، هاوڕابوون لەگەڵی و هەندێكی كەمیشیان گومانیان لە قسەكانی هەبوو و یەكێكیش نووسیویەتی " هەردوو جەمسەری گۆی زەوی هەمیشە بەفر و سەهۆڵن و ئەو سەوزاییەی كە لە سعودییە هەیە، لە هی ئەوێ زیاترە، ئەی بەوە دەڵێی چی ؟".
18/12/2013

arduxan u nichirvan b

 

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەحمەد داوودئۆغڵو، رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە سەردانێک دەگاتە تورکیا و پاش بەشداریكردنی لە رێوەڕەسمی شەبی عەروس، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیادا كۆ دەبێتەوە. 

داوودئۆغڵو لە بارەی سەردانەکەوە گوتی: "ئەمرۆ سێشەممە بۆ بەشداریکردن لە رێوەڕەسمی شەبی عەروس سەردانی كۆنیا دەکەم، ھەر یەک لە سەرۆکوەزیرانی لوبنان نەجیب میقاتی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئوسامە نوجێفی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش بەشداری لەو رێوەڕەسمەدا دەکەن."

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئانادۆڵ، وەزیری دەرەوی توركیا ھەروەھا رایگەیاندووە: سەرۆكوەزیرانی توركیا دەچێتە كۆنیا و لەگەڵ ھەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی و ئوسامە نوجێفی دیدار و وتووێژ ئەنجام دەدات.

pna

17/12/2013

alai eran u orupa

 

یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند ئەگەر ئێران بە بەڵێنەكانی لە چوارچێوەی رێككەوتنی جنێڤ پابەند بێت، یەكێتی ئەوروپاش بەپێی ئەو رێككەوتننامەیە بەشێك لە گەمارۆكان لەسەر ئێران هەڵدەگرێت. ئەو هەواڵە لەكاتێكدا راگەیەنرا، كە كاترین ئاشتۆن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، گوتی: "رۆژی سێشەممە 17-12-2013 لە برۆكسل و لەگەڵ عەباس عێراقچی، جێگری یاسایی و نێودەوڵەتی وەزیری دەرەوەی ئێران، كە رۆڵێكی گرینگی لە دانوستانە ناوەكییەكاندا هەبووە، كۆدەبێتەوە." ئەنجوومەنی وەزیرانی یەكێتی ئەوروپا، لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 16/12/2013 لە برۆكسل، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستانەكان لەگەڵ ئێران، راپۆرتێكیان لە كاترین ئاشتۆن وەرگرتووە و پێشوازییان لە رێككەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا دووپاتكردەوە. هەروەها بان كی مون، سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتو‌وەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرك، رێككەوتنی جنێڤ بە یەكێك لە گرینگترین دەستكەوتە دیپلۆماسییەكانی ساڵی 2013 دادەنێت و داوای لە ئێران كرد، هاوكاریی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بكات

17/12/2013

jafar anan n.pyd

 

نوێنەری پەیەده(PYD) له هەولێر باس له ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان "ئەنجومەنی نیشتیمانیی کوردی سوریا" و پەیەده دەکات که به سەرپەرشتیی "مەسعود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان و به ئامادەبوونی "عوسمان بایدەمیر" شارەداری دیاربەکر و "لەیلا زانا" سیاسەتوان و پەرلەمانتاری کورد له تورکیا بەڕێوەچوو. 

"جەعفەر حەنان" نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکراتیک(PYD) له هەولێر به ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: کۆبوونەوەکه سەعات و نیوێک بەردەوام بوو و گفتوگۆ لەسەر کێشەی نێوان هەردوولا کرا و بڕیارێکی ئەوتۆ نەدرا، تەنیا بڕیاردرا گفتوگۆکان له رۆژانی داهاتوودا بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بگەین به خاڵێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆکانی جینێڤ دوو.

جەعفەر حەنان گوتی: سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پشتگیریی خۆی بۆ ئەم بابەته دەربڕی. به گشتی ئەم کۆبوونەوەیه وەک دیمانەیەکی دەستپێک بوو.

نوێنەری پەیەده روونی کردەوه: دانوستاندنێکی گشتیش هەبوو بەتایبەت سەبارەت بەو کێشەیەی نێوان ئێمه و پارتی دیموکراتی کوردستان و گرژیی راگەیەندنەکان. هەردوولا گلەیی و رەخنەی خۆمان خستەڕوو و بۆ خزمەت کردنی گەلی خۆمان پێویسته گوێ له رەخنەکان بگرین و و هەردوولامان گوێمان لە رەخنەکان گرت.

حەنان ئاشکرای کرد: داواکاریی سەرۆکی هەرێمیش ئەوه بوو که ئەگەر لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بگەنه رێککەوتنێک ئەوه ئەویش پشتگیریی دەکات، ئێمەش دەبێت بزانین داخوازیی لایەنەکانی دیکەی رۆژئاوا چییه و گفتوگۆیان لەسەر دەکەین.

X.A

pna

logoi party komary kurdistan

 

به‌بۆنه‌ی ( 26 / سه‌رماوه‌ز ) ڕۆژی هه‌ڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی كۆماریی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی
ئاڕاسته‌ی گه‌لی كوردستان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ده‌كات

جه‌ماوه‌ری خه‌باتگێڕ و تێكۆشه‌ری كوردستان ..
بنه‌ماله‌ و كه‌س و كاری شه‌هیدانی كوردستانی مه‌زن ...

به‌بۆنه‌ی ( 26 / سه‌رماوه‌ز - كه‌( 67 ) ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان بۆ یه‌كه‌مین جار له‌میژووی خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ( كۆماری مه‌هاباد ) له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وا ( قازی محمد ) ئه‌و ئاڵا پیرۆزه‌ له‌مه‌یدانی چوار چرا و له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی حكومه‌تی كۆمار و گشت دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی كۆماری كوردستان كه‌به‌كۆماری مه‌هاباد ناوبانگی ده‌ركربوو .. هه‌ڵكرا .. ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ كورد و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ڕۆژێكی زۆر پیرۆز و به‌هاداره‌ .. به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ دوژمنان و ده‌وڵه‌ته‌ داگیركاره‌كانی كوردستان و هیزه‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارێزه‌كان و زلهیزه‌كانی جیهان په‌لێكی ڕه‌ش و شه‌رمه‌زاریه‌ كه‌نه‌یان توانی به‌رگه‌ی داخوازی گه‌له‌كه‌مان بۆ ماوه‌ی ( 11 ) مانگ بگرن و كه‌وتنه‌ پیلان و په‌رلاماردانی كۆماری كوردستان و تاگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی پێشه‌وا ( قازیش ) له‌سیداره‌ بده‌ن .. بۆیه‌ دوای ( 67 ) خه‌بات سال خه‌بات و قوربانیدان به‌كوێرایی چاوی دوژمنان و داگیركاران بۆ جارێكی تر ئه‌و ئاڵا پیرۆزه‌ به‌شكۆداری له‌باشووری كوردستان له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و گشت وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگا حكومی و كۆلیژ و قوتابخانه‌ و دایانگاكان و گشت شوێنه‌ گشتیه‌كان و باخچه‌كان و یانه‌ وه‌رزشیه‌كان ...تد ) ئه‌و ئاڵا پیرۆزه‌ی لێ هه‌ڵكراوه‌ .. بۆیه‌ له‌و ڕۆژه‌ پیرۆزه‌ سه‌ری رێز و پڕ له‌وه‌فاداری بۆ گیانی پاكی پێشه‌وا قازی و شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ عوبێدوڵڵای نه‌هری و شیخ محمود و مه‌لا مسته‌فا بارزانی و سمكۆی شكاك و حه‌بسه‌خانی نه‌قیب و مه‌ستۆره‌خان و خانزادی سۆران و له‌یلا قاسم و شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفالكراوان و بارزانیه‌كان و ده‌رسیم و گشت شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی سه‌ر ئاستی كوردستانی مه‌زن داده‌نوێنین و به‌ڵێن و سۆز نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌له‌سه‌ر ڕیبازی خه‌بات و تێكۆشانیان به‌رده‌وام ده‌بین تاگه‌یشتن به‌ كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و یه‌كگرتوو .. ئه‌مڕۆش به‌ملیۆنان كورد و كوردستانیان یادی ڕۆژی ئالای كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و ئاهه‌نگ و مه‌راسیمی به‌ربڵاوی بۆ ده‌گێرن. گه‌ر دوێنی یه‌ك ( قازی محمد یان شێخ عوبێدوڵلا یان شێخ سه‌عید یان شێخ محمود یات مه‌لا مسته‌فا بارزانی یان قاسملۆ یان شه‌ره‌فكه‌ندی .....تد ) بوو ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو گه‌لی كوردستان ڕێبواران و هاوڕێبازانی ئه‌و سه‌ركرده‌ قاره‌مانانه‌ن و ئه‌و ئاڵایه‌ به‌به‌رزی و شكۆداری هه‌ڵده‌گرن و له‌سه‌ر دڵی خۆیان ده‌ده‌ن و به‌دوژمنان و داگیركاران و تیرۆرستان ڕاده‌گه‌ینین كه‌خه‌بات و تێكۆشان و شۆڕشی گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان قۆناغێكی زۆر پێشكه‌وتوو و مه‌زنی بڕیوه‌ ، هه‌رگیز به‌ره‌و دوواوه‌قبوڵ ناكات و پرسی سیاسی گه‌له‌كه‌مان له‌ناوچه‌كه‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئیراده‌ی خۆی چه‌سپاندووه‌ و هیچ هێز و لایه‌ن و ده‌وله‌تیك ناتوانێ نكۆڵی لێ بكات.
بژی كورد بژی كوردستان . بژی پێشمه‌رگه‌ بژی گه‌ریلا

* به‌رز و شكۆدار بێت یادی ( 67 ) ه‌مین ساڵه‌ی ڕۆژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان
* نه‌مری و سه‌رفرازی بۆ گشت شه‌هیدانی ڕیگای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
*مردن و شه‌رمه‌زاری بۆ داگیركارانی كوردستان
* سه‌ركه‌وێ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان
*سه‌ركه‌وێ ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌ (باكوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات ) ی كوردستان


مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی كۆماریی كوردستان
25 / سه‌رماوه‌ز / 2713 ی كوردی 16 / 12 / 2013 زایینی

shuhakani eraq la surya

 

بۆ یەكەمجار و بەشێوەیەكی ئاشكرا مەرجەعێكی شیعەكانی عێراق، كە لە شاری قومی ئێران نیشتەجێیە رایدەگەیەنێت  "جیهادكردن لەپاڵ رژێمەكەی بەشار ئەسەددا دژی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا دروستە". ئایەتوڵڵا كازم حائیری لە وەڵامی پرسیاری یەكێك شوێنكەوتووانی سەبارەت بە رۆیشتن بۆ سووریا‌و شەڕكردن لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان و پشتگیریكردنی رژێمەكەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتە، رایگەیاند: "ئەو شەڕەی كە لە سووریا روودەدات بۆ بەرگریكردن نییە لە مەزاری سەیدە زەینەب، بەڵكو شەڕێكە كافرەكان دژی ئیسلام بەرپایان كردووە". حائری كە لە ماڵپەڕەكەی خۆی وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە، دەڵێت:"شەڕكردن لە سووریا دروستە و ئەوانەشی بۆ پشتگیریكردن لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەچنە ئەو وڵاتەو دەكوژرێن بە شەهید هەژمار دەكرێن". لای خۆشیەوە، عەشتار كەعبی یەكێك لە چەكدارەكانی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق، كە بۆ پشتگیریكردن لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد چووەتە ئەو وڵاتە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشەیتدپرێس گوتی: "ئێستا نزیكەی هەزار چەكداری سەر بە میلیشیاكەیان لە سو‌وریان و زۆربەشیان خۆبەخشانە چوونەتە ئەو وڵاتە". لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسەكەدا سەبارەت بەوەی ئایا لەدوای فەتواكەی كازم حائیرییەوە چەكدارانی شیعە بەزۆری روویان لەو وڵاتە كردووە، ئەو چەكدارەی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند:" بەڵێ ئەو فەتوایە كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەر رۆیشتنی بەلێشاوی چەكدارانی شیعە لە عێراقەوە بۆ سووریا".

16/12/2013

mandella 12345

نیلسۆن ماندێللا، سه‌رۆكی كۆچكردووی ئه‌فریقیای باشوور ماوه‌ی 27 ساڵ ژیانی له‌ گرتووخانه‌ به‌سه‌ر برد و چه‌ندین چیرۆكی نهێنی تۆماركردن، به‌ڵام جگه‌ له‌ كریستۆ براند، پاسه‌وانی ئه‌و ژووره‌ی ماندێللای له‌ ساڵی 1964 تاوەكو ساڵی 1990 تێدا زیندانی كرابوو، كه‌س نایزانێت.

كریستۆ براند له‌هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی هه‌واڵی   ABC ئه‌مریكی رایگه‌یاند:"زۆر دڵگران بووه‌ كاتێك هه‌واڵی كۆچی دوایی باوكی ئاشتی، ماندێللای بیستووه‌".

براند كه‌ به‌م دواییه‌ سه‌ردانی ماندێللای كردبوو‌ ده‌ڵێت، دوو ساڵ پێش ئێستا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له‌شاری كیپ تاون سه‌ردانی ماندێللایان كردووه‌ و ماوه‌ی سێ كاژێر له‌گه‌ڵی دانیشتوون و باسی رابردوویان كردووه.

پاسه‌وانی ژووره‌كه‌ی ماندێلا له‌ زیندان له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی 18 ساڵ بووه‌ له‌ زیندانی دوورگه‌ی ریبن (زیندانی پێشووی ئه‌فریقیای باشوور) كاری كردووه ‌و ماندێللاش كه‌ له‌ساڵی 1964 زیندانی كراوه‌، ته‌مه‌نی 46 ساڵ بووه‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ماندێللادا هه‌بووه ‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار شتوومه‌كی وه‌كو باشترین كرێمی قژی بۆ بردووە و جارێكیشیان نه‌وه‌یه‌كی ماندێللای به‌نهێنی بردووه‌ته‌ لای بۆ ئه‌وه‌ی چاوی‌ پێبكه‌وێت".

لای خۆشیه‌وه‌، ماندێلا هانی براندی داوه‌ كه‌ گرنگی بدات به‌ خێزانه‌كه‌ی.

پاش تێپه‌ربوونی 27 ساڵ كاتێك ماندێللا ئازادكراو بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌فریقیای باشوور، ئه‌ویش گرنگیه‌كی زۆر به‌ كریستۆ براند ده‌دات كاتێك كارمه‌ندێكی ئاسایی حكومه‌ت بووه‌".

براند ده‌ڵێت:" ماندێلا به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌تی هاته‌ ناو باره‌گای په‌رله‌مان و له‌كاتی چوونه‌ژووره‌وەی ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ ژووره‌وه‌ بوون و سه‌رقاڵی گفتووگۆكردن بوون له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ وڵات".

گوتیشی:" كاتێك ماندێلا منی بینی به‌ڵگه‌نامه‌كان دابه‌ش ده‌كه‌م به‌سه‌ر ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ده‌نگی به‌رزو به‌به‌رچاوی هه‌موویانه‌وه‌ سوپاسی كردم".

براند ده‌شڵێت، ماندێللا هه‌مووی تووشی سه‌رسوڕمان كردن كاتێك گوتی:"ده‌زانن ئه‌وه‌ كێیه‌؟ ئه‌وه‌ پاسه‌وانی زیندانه‌كه‌م و هاوڕێم بوو، هه‌ستم به‌شانازییه‌كی زۆر كرد كاتێك ویستیان وێنه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵ بگرن ماندێلا منی بانگ كردوو گوتتی ده‌بێت له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ بیت".

كریستۆ براند جەختدەكاتەوە كە جارێكی دیکە گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ دوورگه‌ی روبین كه‌ ماندێللای تێدا زیندانی كرابوو، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ زیندان نه‌بووه‌، به‌ڵكو  كرابوویه‌ شوێنێكی گه‌شتیاری گه‌وره‌.

له‌كۆتایی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌یدا براند باسی وەسیەتێ:ی ماندێللا دەكات و ده‌ڵێت، به‌ ماندێلام گوت كاتێك مردیت له‌ دوورگه‌ی روبین بتنێژین، ماندێلاش پێكه‌نی و گوتی بۆچی؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنێكی گه‌شتیاری خۆشه‌؟  ده‌ته‌وێ دوای ناشتنیشم له‌وه‌ی پاره‌ په‌یدا بكه‌یت، ده‌مه‌وێت كاتێك مردم له‌شوێنی له‌دایكبوونم له‌ گوندی كۆنۆ بمنێژن.

ماندیللا له 18ی تەمووزی 1918 لە ئەفریقای باشوور لە دایکبووە، لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا دوای مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کردو رۆژی 15 مانگ له‌ شوێنی له‌دایكبوونی خۆی له‌ گوندی كۆنۆ له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌رێوره‌سمێكی شایسته‌دا به‌خاكسپێردرا.
rudaw
17/12/2013

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان