لە کۆبوونەوی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ رێبەری باڵا و سەرۆکی ئێران، باس لە رەوشی تەندروستی سەرۆک کۆماری عێراق کرا و هەردوو بەرپرسی ئێرانی ئاواتیان خواست تەندروستی تاڵەبانی باشبێت. عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سازدرا، وێڕای پرسین لە رەوشی تەندروستی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق، رایگەیاند: "جەلال تاڵەبانی دۆستێکی ئازیز و باش بووە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و هیوادارم تەندرووستی باش بێت". هەروەها حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مالیکی وێڕای تاوتوێکردنی چەند پرسێک وەک پاککردنەوەی ئاوی شەتولعەرەب (ئەروەند روود) و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە رەوشی تەندروستی جەلال تاڵەبانی پرسی و هیوای خواست بە زووترین کات باری تەندروستی باشبێت. نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ چوارشەممە 4-12-2013 گەیشتە تاران و لەلایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە پێشوازی لێکرا. جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە مانگی 12ـی 2012ەوە بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ەڵمانیا چارەسەری وەردەگرێت
5/12/2013