هێمن عەبدوڵڵا
خەڵکی باشووری کوردستان دەیانەوێ چ جۆرە دەستوورێکیان هەبێت؟ ئیسلامی بێت یان عەلمانی؟ ئەگەر بە کاردانەوەی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت دەستوورێکی ئیسلامی پەسەندترە لە یەکێکی عەلمانیی “خوانەناسانە”. بەڵام مادام ئەو هەموو خەڵکە بڕوایان بە دەستوورێکی ئیسلامی هەیە، بۆچی هێشتاش پارتە ئیسلامییەکانی کوردستان نەیانتوانیوە ببنە یەکەمین و دووەمین و تەنانەت سێیەم گەورەترین پارتی باشووری کوردستانیش؟ مەتەڵێک هەیە دەبێ هەڵبهێندرێ. ناکۆکی لەسەر ناسنامەی ئاینی یان نائاینیی دەستوور وەکو ناکۆکی لەسەر ماوە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە. زۆریش گرنگترە. بۆیە گرنگترە چونکە باسی دوو ساڵی دیکە و چوار ساڵی دیکەی دەسەڵاتدارێتی و دەسەڵاتەکانی سەرۆکێک ناکات، بەڵکو بناغە دادەنێت بۆ ئایندەی دوورتر. بۆیە ئەو گەنگەشە گەرمەی لەسەر مژاری دووەم دروستبوو، دەبووایە لەسەر ئەوەی یەکەم گەرمتربێت. ئەو پشتگوێخستن و نەبردنە سەرەوەی ئاستی گەنگەشانە لەسەر پێگەی ئاین لە دەستووردا وایکرد خەڵکی کوردستان جوان لە کێشەکە تێنەگەن و ئەو کاردانەوەیەیان هەبێت کە بینیمان.