ڕێبوار ئەحمەدزادە
هێدی هێدی شەوی تاریک وئەنگوستە چاو کۆتایی پێ دێت و ڕوناکی بەرەبەیانی جێگاکەی دەگرێتەوە و منیش لەگەڵ هەموو شتێک گیرۆدە و دەست بە یەخەم. ماوەیەکی دورودرێژە بۆ خەوێکی ئارام دەجەنگم. بیروهۆشم گیرۆدەی مرۆڤایەتیەکە کە فرۆشتویانە. بەدوای چارەسەری دا دەگەڕێم. دەبێ بجەنگم و بنوسم. لەبارەی شارێکەوە بنوسم کە سەردەمانێک سروشتە جوانەکەی نیشانەو هێمای ئەو بو، بەڵام مەخابن ئێستاکە شیشە (جۆرێک ماددەی هۆشبەر) جێگای ئەوی گرتۆتەوە. لە بارەی خەڵکانێکی پاک و جوامێر و مێرخاس و سادەبنووسم کە هەندێک "مرۆڤی" دەغەڵ و چلکاوخۆر و خۆ فرۆش ناو و ڕەسەنایەتیەکەیانیانی پەڵەدار کردوە. دەمهەوێ لەسەر میلیاردێرەکانی ئەمڕۆی شارەکەم و ئەو کەسانەی کە ڕێزیان لێ دەگرن،بنوسم. دەمهەوێ لەسەر حەب و شیشە و ماددە هۆشبەرەکان بنوسم. لەسەر ئەو کەسانەی کە سات و سەودا بە مرۆڤایەتی و خودا و بەها پیرۆزەکانیشەوە دەکەن,بنووسم.