پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆز و کۆنسوڵی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر، بەردی بناغەی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دانرا.
کۆنسوڵخانەکەی ئەمریکا لە هەولێر لەسەر ئاستی جیهان دەبێتە گەورەترین کونسوڵخانە. گوژمەی پڕۆژەکە 600 ملیۆن دۆلارە و بە چوار ساڵ تەواو دەبێت.
نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشتر و لەکاتی راگەیاندنی دەستپێکردنی دروستکردنی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە 23-4-2018 گوتی: "ئەم کارە نیشانەی بڕوا و متمانەی ئەمریکایە بە ئێستا و ئاییندەی گەشی کوردستان".
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەکاتی دانانی بەردی بناغەی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر گوتی: "هەروەک دەزانن، ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستان و حکومەتی کوردستان، ماوەی چەندین دەیەیە پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان هەبووە. ئێمە ئەمە وەک سیمبولێکی بەهێزی ئەو پەیوەندییە بەهێز و بەردەوامە دەبینین لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستان بۆ چەندین دەیەی داهاتوو. هەروەک بەڕێزتان لە وێنەکانی تایبەت بە دیزاینەکە و باڵەخانەکەوە دەبینن، ئەمە یەکێک لە باڵەخانە مۆدێڕنەکانمان دەبێت لە هەر ناوچەیەکی ئەم جیهانەدا و ئێمەش دەتوانین چەندین شتی نوێ و جیاواز لە کوردستان ئەنجام بدەین و بە پەرۆشیەکی زۆریشەوە چاومان لە دەستپێکردن و تەواوکردنی باڵەخانەکەیە بە زووترین کات".
6/7/2018