
جێگری سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان دەڵێ، ئەو شاندەی لە چینەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، هەرێمی کوردستانیان لە عێراق بە جیاواز دەبینی.
ناوەڕاستی ئەم مانگە شاندێكی حزبی و حكومی له وڵاتی چینەوە، له‌سه‌ر داوەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد.
شانده‌كه جێگری سەرۆکی ئاسیای رۆژئاوا و باكووری ئه‌فریقا له مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی لیژنه‌ی مه‌ركه‌زیی (پارتی كۆمۆنیسی چین)جیانگ جیانهوا، سه‌رۆکایەتیی ده‌كرد.
بێجگە لە پ.د.ک شاندەکەی چین، سەردانی بارەگای سەرەکی حزبی شیوعی کوردستانیان کرد.
جێگری سكرتێری گشتی حزبی شیوعی كوردستان كاوه مه‌حمود، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی سەردانی ئەو شاندە و په‌یوه‌ندی نێوان چین و هه‌رێمی كوردستان ده‌كا.
ئەو گوتی: "كۆماری چین و حزبی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و وڵاته، به گرنگی ده‌زانن په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووریی و دیپلۆماسی له‌گەڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا هه‌بێ."
کاوە زیاتر گوتی: "شاندی چین باسی ئه‌وه‌یانكرد كه چۆن هه‌نگاو بنێن بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی باشتر له نێوان ئێمه و خۆیاندا، چونكه وڵاتی چین ئه‌زموونێكی باشی هه‌یه کە موڵكی ته‌نیا چینییەکان نییه به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به هه‌موو جیهانه‌وه هەیه. ئەو وڵاتە توانیویه‌تی له داڕووخانی ئابووریی جیهان، چین به به‌رنامه و به‌و ژماره زۆرهیدانیشتوانەکەی، توانی ئابووریی خۆی به‌ره‌وپێش ببا. خه‌ونی چین ئەوەیە ده‌یانه‌وێ كۆمه‌ڵگەیه‌كی به‌خته‌وه‌ر له سایه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی و وه‌به‌رهێنان و ئاشتی به‌دی بێنن تا ساڵی 2020."
ئه‌و شانده چینیه ته‌نیا لایه‌نی سیاسی نه‌بوو، كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا له بواره جیاحیاكاندا هاتبوونه هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه، ژینگه‌ی كاركردن له هه‌رێمی كوردستان تاقیبكه‌نه‌وه.
كاوه مه‌حمود ئاماژەی پێدا، بە کۆپمانیاکانیان گوتووە پێویسته بچنە دهۆك و سلێمانیش.
كاوه مه‌حمود کە وەزیری رۆشنبیریی و لاوانی هەرێمی کوردستانیشە گوتی: "په‌یوه‌ندی سیاسی نێوان هه‌رێم و چین. بۆ ئێمه گرنگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چین وڵاتێكی زلهێزه و له‌سه‌ر ئاستی دنیا به هێمنی كار ده‌كا. هه‌روه‌ها ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه و كورد ده‌توانی په‌یوه‌ندی ئابووریی به‌كاربێنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. به پێویستی ده‌زانین له هه‌رێمی كوردستان بایه‌خ به‌و په‌یوه‌ندییانه بدرێ و کاتی نەبن یان له‌سه‌ر ئاستی تاكه حزبی و شه‌خسیدا نه‌بن، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی دیپلۆماسی نێوان هه‌رێم و چیندا بێ. سه‌ردانی شاندێكی باڵای چین له‌و ئاسته‌دا، زه‌مینه خۆشكردنه بۆ كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی چین له هه‌رێم یان سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌ردانی چین بكا، ئه‌مانه هه‌نگاوی گرنگن و ده‌توانین به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش دروست بكه‌ین به قازانجی هه‌ردوولا."
کاوە بەو جۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ شادنەکەی چین کرد: " ئه‌وه‌ی له شاندی چین ده‌خوێنرایه‌وه، چین پێیوایه نابێ هه‌رێمی كوردستان له چوار چێوه‌ی عێراقدا حیسابی بۆ بكرێ. چین ده‌یه‌وێ هه‌رێم له عێراق جیابكاته‌وه له مامه‌ڵه‌كردن، بێگومان ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌یه هه‌رێمی كوردستان بووه به ناوه‌ندێك وڵاتانی دیکە باردۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له یه‌ك جیاده‌كه‌نه‌وه، بۆیه ده‌توانین بڵێین جیهان به دوو ده‌سته‌واژه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م شوێنێك هه‌یه به ناوی كوردستان، هه‌روه‌ها عێراق. به‌گشتی ده‌سته‌واژه‌ی هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكه ده‌چێته ناو ده‌سته‌واژه‌ی سیاسی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، ئه‌مه‌یش خزمه‌ت به ئه‌زموونی سیاسی وڵاته‌كه‌مان ده‌کا. بەڵا هێشتا زووه چین پشتگیری له ده‌وڵه‌تی كوردی بکا، چونكه په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی چین له سه‌ره‌تادایه و پێویسته بزانن چین به‌رژه‌وه‌ندی چیه له هه‌رێم."
25/04/2014