فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-23-20-31-58 ڤیدیۆیەکە، فەرمانی پێویستم دەرکرد بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە." داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان گوتی، "بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەش...
2025-04-23-20-28-02 گۆڵۆباڵیزم ( کەئەوکات بەسیستەمی نوێی جیهان) پێناسە دەکرا. ئەو ململانێ فکریەش لە نێوان (ساموئل هانتینگتون ) ی خاوەن تێزی (پێکدادانی شارستانیەکان) و فرەنسیس فۆکۆیامای خاوەن...
2025-04-23-19-52-21 ساڵ و دەیان ملیار دۆلاری تێچووی بوو . بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل بە بەکار هێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمەریکی توانیتی حەسەن نەسرولله کە لە قولای...
2025-04-23-19-49-44 و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆم، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدات. هەروەها لە بەرامبەریشدا، ترامپ بە كۆمەڵێك پێشمەرجی زۆر و قورسەوە، نامەیەك بۆ...
2025-04-12-15-24-28 کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی ناگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. رەنج پشدەری، چالاکڤانی کورد لە سوێد، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەید عەلی رەحیم پوور،...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

jabar amin parlemanari suidi

وەزیری دەرەوەی سوێد وەڵامی پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی سوێد جەبارئەمین سەبارەت بە لەسێدارەدان لە ئێران دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران زۆر خراپە و بەردەوام لە خراپیدایە، ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی سیاسی لەم پایزەدا هەنگاوێکی پۆزتیڤ بوو،  جگە لەوە ئێمە لە پاش هاتنی حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری تازەی ئێران هیچ هەنگاوێکی پراكتیكی شایەنی باسمان نەدیوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مافی مرۆڤ لە وڵاتە.

ئەمڕۆ سێشەممە كاژێر 3 ی پاش نیوەڕۆ بەكاتی هەولێر، کاڕڵ بیڵت (Carl Bildt)، وەزیری دەرەوەی سوێد  لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئامادەبوو بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەی، كە جەبار ئەمین، پەرلەمانتاری سوێد و بەرەگەز کورد ئاراستەی کردن سەبارەت بە هەڵوێستی سوێد بەرامبەر لە سێدارەدانی چالاكوانانی كورد و خەڵكانی دیكە لە ئێران.

کارڵ بیڵت، وەزیری دەرەوەی سوێد لە وڵامی جەبار ئەمین گوتی "ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە هاوینەوە لە بەرزبونەوەدایە، و بەم دواییەش زانیاری تازەمان پێگەیشتووە سەبارەت بە لە سێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی، وەکوو کورد و بەلوج، هەربۆیە زۆر گرنگە بە شێوەیەکی دیار و رۆشن رەخنە لەو پێشلکاریانە بگیرێت".

وەزیری دەرەوەی سوێد هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی کوشتن و لە سێدارەدان لە ئێران دەخاتەڕوو و دەڵێ، سوێد رەخنە بەگشتی لە بەکارهێنانی سزای کوشتن دەگرێت بە هەموو شێوازەکانی، بەپێی بۆچونی سوێد سزای کوشتن سزایەکی نا مرۆڤیانە و بەزەبرە و لە گەڵ پرنسیپەکانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرندا ناگونجێت.

کارڵ ئاشکراشی دەکات لەم رۆژانەدا بەرپرسی بەشی یاسایی وەزارەتی دەروەی سوێد لە ئێران بووە بۆ ئەوەی لەگەڵ نوێنەرانی باڵای ئێراندا باس لە پرسی مافی مرۆڤ بکات،  هەر لەو دانیشتنانەدا باسی سزای کوشتن کراوە و هەڵوێستی سوێد بە روونی راگەیێنراوە، بەتایبەتی پاش بەرزبونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکان. باس لەوەش دەكات، ئەم پرسەیان پێ گرنگە و بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بەتایبەت لەکاتی هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سوێد لە ئایندەیەکی کورتدا، ئەم جۆرە دانشتنانە دەکرێن و وەک هەوڵێکی هەمیشەیی سوێد ببینرێت بۆ تیشک خستنەسەر تاوانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا و هەوڵ دان بۆ گۆڕانکاری لەو بارەیەوە.

هەروەها سەبارەت بەو هەڵوێستە تازەیەی وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر ئێران وەزیری دەرەوەی سوێد گوتی، ئەو شێوە کرانەوەیەی کە ئێستا لە گەڵ ئێران هەیە بۆ گفتوگۆ هەنگاوی پۆزەتیڤ و گرنگن، بەڵام نابێ بەرپرسیاریەتیمان لە داکۆکیکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کەمبکاتەوە، سوێد بەردەوام دەبێت لە رەخنەگرتن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کار دەکات بۆ نەهێشتنی سزای کوشتن.

rudaw

27/11/2013

sewi mexakrej

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان سێوی مێخەكڕێژی بە فەرمی وەك دیاری كوردی ناساند، بۆ ئەوەی ئەمجارە هەر میوانێكی بیانی بێتە كوردستان سێوی مێخەكڕێژی بە دیاری بدرێتێ وەك سیمبولێكی كوردی.

سەیوان سەعیدیان كە خاوەنی بیرۆكەی سێوی مێخەكڕێژە و فیلمێكیشی لەسەر بەرهەمهێنا، بە (رووداو)ی راگەیاند “دەمانەوێت لە رێگای سێوی مێخەكڕێژەوە كە هێمای ئاشتی و برایەتی بووە، كەلتووری رق و كینە لە نێو گەلان بسرینەوە، سێوی مێخەكڕێژ دەبێتە ماركە و 100 ساڵیش دەمێنێتەوە”.

سەیوان گوتیشی “ئێستا لەگەڵا وەزارەتی شەهیدان و چەند وەزارتێكی دیكە لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ژمارەیەك سێوی مێخەكڕێژیان بۆ دابین بكەین، هەروەها دەمەوێت ئەوەش بڵێم سێوەكان بە دەست و پەنجەی كۆچبەرانی رۆژئاوای كوردستان مێخەكڕێژ دەكرێن”.

27/11/2013

base hozat

هاوسه‌رۆکى کۆنسه‌ى به‌رێوه‌به‌رى KCK "به‌سێ هۆزات" له‌ سه‌ر تێکۆشانى 35 ساڵه‌ى PKK و ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ له‌ کۆمه‌ڵگاى کوردان دا رووده‌ده‌ن و هه‌روه‌ها له‌ ئێستادا PKK خۆى چۆن پێناسه‌ ده‌کات ، له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ ANF هه‌ڵسه‌نگاندنى کرد و ڕایگه‌یاند:" مێژووى (35 ) ساڵه‌ى PKK ، مێژوویه‌که‌ پڕاوپڕ له‌ قاره‌مانیه‌تییه‌ ."
هاوسه‌رۆکى کۆنسه‌ى به‌رێوه‌به‌رى KCK به‌سێ هۆزات سه‌باره‌ت به‌ ( 35 ) ساڵ تێکۆشانى پارتى کرێکارانى کوردستان PKK و ئه‌و تێکۆشانه‌ى PKK له‌ کوردستان به‌رێوه‌ى بردووه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنى کرد و رایگه‌یاند :" ئه‌گه‌ر PKK ته‌نیا وه‌کو بزووتنه‌وه‌ى سه‌رهه‌ڵدانێک پێناسه‌ بکرێت ، ئه‌و پێناسه‌ کردنێکى لاوازه‌ ." هاوسه‌رۆکى کۆنسه‌ى به‌رێوه‌به‌رى KCK ده‌ستنیشانى کرد که‌ PKK ئیدى بزووتنه‌وه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند:" PKK به‌ سه‌هه‌ڵدانى (35) ساڵه‌ى خۆی، پارادیگماى نه‌ته‌وه‌ى دیموکراتی گه‌ڵاڵه‌ کردووه‌. سیسته‌مى کۆنفدراڵى دیموکراتیکى گه‌لانى په‌ره‌ پێداوه‌. له‌ ساییه‌ى ئه‌م تێکۆشانه‌دا گه‌لى کورد به‌ هێزى جه‌وهه‌رى خۆى سیسته‌مى خۆى دروست ده‌کات. PKK له‌ ئێستا دا ئاستى بزووتنه‌وه‌یه‌کى تێپه‌راندووه‌ و له‌ ڕه‌وشى سیسته‌مێکى ژیانى کۆمه‌ڵایه‌تى دایه‌ ."
به‌سێ هۆزات هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانیشى کرد که‌ ئه‌و شۆرشه‌ى PKK ئه‌نجامى داوه‌ له‌ جێگاى ترس و کۆیلایه‌تی ، زیهنیه‌تى ئازادى و باوه‌ربه‌خۆبوونى داناوه‌ و ووتى :" PKK له‌ که‌سایه‌تى ژنانى ئازاد دا شۆرشى گه‌لى به‌ شێوه‌یه‌کى ڕاست پێکهێناوه‌ له‌گه‌ڵ ئافراندنى ژنى ئازاد، گه‌لێکى ئازاد ئافرێندراوه‌. گه‌لى کورد زیهنیه‌تى کلتوورى عه‌شیره‌تى تێکشکاند و له‌ شوێنى ئه‌وه‌ زیهنیه‌تى کلتوورى نه‌ته‌وه‌یى دیموکراتیکى ئافراند. ئه‌و تێکۆشانى ئازادییه‌ى که‌ گه‌لى کورد ئه‌مرۆ به‌ پێشه‌نگایه‌تى PKK به‌رێوه‌ى ده‌بات، سه‌رچاوه‌ى هیواى هه‌موو گه‌لانى رۆژهه‌ڵاتى ناوینه‌ . تێکۆشانى ئازادى گه‌لى کورد ڕۆڵى سه‌رکى له‌ دیموکراتیزه‌بوونى هه‌رێمه‌که‌دا ده‌گێرێت. PKK سه‌رچاوى ئایدۆلۆژى و فه‌لسه‌فه‌ى ژیانى ئازادى خۆى له‌ کۆمه‌ڵگاى سرووشتى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوینه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت . سه‌رله‌نوێ کلتوورى کۆمیناڵ و دیموکراتیک زیندوو ده‌کاته‌وه‌ ."
به‌سێ هۆزات به‌ بیرى هێنایه‌وه‌ که‌ تێکۆشانى ( 35 ) ساڵه‌ى PKK هه‌ستى هاوکارى و پشتیوانیکردنى له‌ یه‌کتر به‌تایبه‌ت له‌ نێوان گه‌لاندا په‌ره‌ پێداوه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند:" PKK تیگه‌یشتنى ئازادى و دیموکراتیکى له‌ نێوان گه‌لاندا بوژانده‌وه‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گه‌لى کورد به‌ مودێلى ژیانى ئازاد و سیسته‌مى دیموکراتی خۆى و به‌ بونیادنانى کۆنفدرالیزمى دیموکراتی له‌ مێژووى دا ڕۆڵى خۆى ده‌گێرێت ."

ANF

26/11/2013

 

arduxan u nichirvvan b

رۆژنامەی ستاری توركی نزیك لە حكومەت بڵاویكردووەتەوە، كە بەمزووانە نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەكات. راشیگەیاندووە دوای ئەو سەردانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی بەغدا، كەركووك و هەولێر دەكات. سەردانەی مالیكی بۆ توركیا چاوەڕوانكراوە، چونكە لە 10 ئەم مانگەدا كاتێك ئەحمەد داود ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدای كرد، داوەتنامەیەكی ئەردۆغانی پێشكەشی مالیكی كرد و ئەویش قبوڵی كرد، كە سەردانی توركیا بكات. ئەوەش وەك هەوڵێك لەپێناو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.   رۆژنامەكە ئاماژەی بە كاتی هیچكام لە سەردانەكان نەكردووە، بەڵام سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق دەكەوێتە دوای سەردانەكەی مالیكی بۆ توركیا. هەروەك رۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە ئەردۆغان لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ عێراق دێتە هەولێر، پێشتریش سەرۆك وەزیرانی توركیا لەكاتی ماڵئاواییكردن لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە لە 16ی ئەم مانگە سەردانی ئامەدی كرد، گوتی "لە هەولێر دەتبینمەوە".  ئەمڕۆش سێشەممە 26/11/2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەردانێك دەگاتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆدەبێتەوە بۆ رێككەوتنی كۆتایی لەسەر هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هێڵی نەوتیی تازەی هەرێمی كوردستان و توركیا. بەپیێ سەرچاوەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، نێچیرڤان بارزانی لەو سەردانەدا بەشێوەیەكی فەرمی رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا واژۆدەكات، كە لە رێگەی ئەو بۆرییە نەوت و غازەوە هەناردە دەكرێت، كە سەرەتای ئەو مانگە تەواو ئامادەبووە. عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یاوەری بارزانی دەكات لەو سەردانەیدا بۆ ئەنقەرە. دوای گەڕانەوەی لە ئەنقەرە، وابڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە باسبكات و رێككەوتنەكەیان بۆ بخاتەڕوو، كە نێچیرڤان بارزانی جەخت لەسەر ئەوەدەكات، كە ئەو رێككەوتنە لە خزمەتی گەلانی عێراقدایە.

rudaw

26/11/2013

shandi eran garayawa taran

 

شاندی دانوستاندنکاری ئێران گەڕایەوە تاران و  لایەنگرانی حكومەتەكەی رۆحانیش بەگەرمی پێشوازییان كردن. رێکكەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا هیوای خەڵکی ئێرانی زیندوو کردەوە، خۆشی و شادی خۆیان بە بۆنەی کرانەوەی گرێیەک دوای یەک دەیە دەربڕی . ئەم گرێیە بەدەستی شاندێک کرایەوە کە بە دەنگی زورینەی کورد دەسەڵاتی گرتە دەست ، بەڵام کورد بە ترس و هیواوە دەڕوانێتە ئەو رێکكەوتنە. بێکاری و کەم داهاتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پلەیەکی بەرزی هەیە، گەمارۆ ئابو‌ورییەکان لە ٨ ساڵی رابردوودا پاساوی حکومەت بووە بۆ نەبوونی ژێرخانی ئابو‌وری. موسا ئومیدی، ئەندامی بەرەی یەکگرتووی کورد دەڵێت "خەڵکی کوردستان هیوادارن بە لابردنی گەمارۆ ئابورییەکان، کوردستانیش هاوکات لەگەڵ هەموو ئێران گەشانەوە بە خۆیەوە ببینێ". جەعفەر ئایین پەرەست، نوێنەری پێشووی مەهاباد گوتی "حەسەن رۆحانی قۆناخی یەکەمی بەڵێنەکانی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند ، خەڵکی کوردستانیش چاوەڕێی گۆڕانکارییەکانی ئابو‌وری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و قەرەبووکردنەوەی پشتگوێخرانی سێ دەیەی رابردوو لە حکومەت دەکەن."  

26/11/2013

hkumati harem u un- pnabar s

 

ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی د.دیندار زێباری جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتەكانی ناوخۆو كاروباری كۆمەڵایەتی و پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وهەر سێ پارێزگاكانی هەرێم و یونامی و نوێنەرانی نزیكەی چل ئاژانس و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی" لە هەرێمی كوردستان ، كۆنفرانسێك سەبارەت بەدانانی ستراتیژیەتێك بەمەبەستی زیاتر هاوكاریكردن و یارمەتیدانی پەنابەرانی رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان لە هەولێر ساز كرا. 

 لە سەرتایی كۆنفرانسەكەدا  د.دیندار زێباری جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە وتەیەكی  پێش كەشی كرد و تێدا باس  لەوی كرد كە كۆمەڵگای نێودەولەتی و لایەنە پەیوەندارەكان وەك پێویست بە هانای دام و دەزگاكانی هەرێم نەهاتوونە، بەتایبەتی لە رووی ئەوەی كە حكومەتی هەرێم ئەزموونێكی ئەوتۆی نەبووە بتوانێ خزمەتگوزاری پیوست پێشكەش بەم ژمارە زۆرە لە  پەنابەران بكات كە ژمارەیان زیاترە لە 250 هەزار.

 زێباری ئەوەشی خستەروو كە بە پێی ئامارەكانی یوئێن و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەوانەیە ئەم رێژەیە بەرز ببێتەوەو تا كۆتایی ساڵی داهاتوو بگاتە نزیكەی 500 هەزار كەس ئەگەر رەوشی سوریا بەم شێوەیە بەردەوام بێت .

جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە گوتی: ئەم رێژە زۆرەی پەنابەران و نەبوونی هاوكاری نێودەوڵەتی وەكو پێویست وای كردووە كە لە رووی ئیداری و كارگێریەوە قۆرسایەك بكەوێتە سەر دام ودەزگاكانی هەرێم ،لەگەڵ ئەمەشدا هەبوونی ئەم رێژە لە پەنابەرەكان  كاریگەری راستەو خۆ هەبووە لەسەر رەوشی ئابووری و بازار لە هەرێمی كوردستان.

لە كۆتایی دا د.دیندار زێباری داوا لە لایەنە نێودەوڵەتیەكانی كرد هاوكاریەكی جددی حكومەتی هەرێم بكەن بۆ بەهێزكردنی توانای بەرێوەبردنی كەمپەكان، وگوتی: جگە لەوەش داوادەكەین لە كۆمەڵگا نێودەولەتی بەرێگای ئاژانسەكانی یوئێن و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی هاوكاری ماددی زیاتر تەرخان بكەن و پێشكە كەش بە پەنابەرانی رۆژئاوا لە هەرێم بكەن تائەو كاتەی چارەسەری سیاسی بۆ رەوشی سوریا بگات بە ئەنجام و ئاوارەكان بتوانن دوور لە توندوتیژی بگەرینەوە بۆ وڵاتەكەیان.

 پاشان دیالۆكەكێكی كراوەو گۆڕینەوەی بیرورا لە نێوان ئامادەبووان دەستپێكرد و نوێنەرانی یوئێن و رێكخراوەو ئاژانسەكانی نێودەوڵەتی چەندین راو تێبینیان خستەروو وئاماژە بە رۆڵ و هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە بواری پێشوازیكردن و هاوكاریكردنی پەنابەرانی كە بەشێوەیەكی زۆر باشتربوو لە وڵاتانی ناوچەكە.

لەلایەن خۆیانە نێردەی یوئێن لە عیراق یونامی و یوئێن و ئێچ سی ئار و یونسێف و یون دی پی و یون هەبیتات و یونسكۆ و یونیدۆ و چەند ئاژانسێكی تری یوئێن پێكەوە لەگەڵ نوێنەرانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان وەكو خاچی سووری نێودەوڵەتی و ژمارەیەكی دیكە هەروەها چەند رێكخراوێكی ئەكتیڤی لۆكاڵی وەكو دەزگای خێرخوازی بارزانی و ژمارەیەكی تر "جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە حكومەتی هەرێم بەرنامە رێژیەكی رێك وپێك و پلانێكی تایبەتی هەبێت بۆ باشتركردنی بەرێوبردنی رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوا و پێكەە لەگەڵ حكومەتی هەرێم هاواربون كە پێویستە لەسەر ئاستی دام ودەزگاكانی هەرێم میكانیزمێكی گونجاو هەبێت بۆ دارشتنی هەماهەنگی لە نێوان لایەنەكان هەروەها دارشتنی سیاسەت و ستراتیژیەتێكی پێویست بۆ چونیەتی سەرەدەریكردن لەگەڵ پەنابەرانی سوریا كە بەو رێژە بەرزە لە هەرێمن.

 عوسمان محەمەد/ج.ع

pna

26/11/2013

naushirwa mstefa u barzani

 

نیوه‌ڕۆى دوێنێ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان "مه‌سعوود بارزانی" له‌ سه‌ڵاحه‌ددین پێشوازی له‌ ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌وشیروان مسته‌فا كرد. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌سه‌ر چه‌ندین پرسی سیاسیی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ كراوه‌ و ڕا و بۆچوونیان ئاڵوگۆڕ كردووه‌. 

دواى نیوەڕۆش نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان لە هه‌ولێر لەگەڵ ڕێکخەری گشتیی بزوونتەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا کۆ بووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باسی  پێکهێنانی حكوومەتیان کردووە، بەڵام وردەکاریی پۆستەکان بۆ لیژنەکانی دانوستانکاری لایەنەکان بەجێ هێڵراوە.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هه‌رێمی کوردستان دکتۆر فوئاد حوسێن، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی هه‌ریمی کوردستان و ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئه‌رێنى بووە، بەڵام وردەکاریی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکردووە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم دەڵێت: "کۆمەڵێک تەوەر خراونەتە بەر باس، بە تایبەت پەیوەندیی نێوان  پارتی و گۆڕان، هه‌ردوولاش بڕیاریان دا ئەو پەیوەندیانە به‌رەو باشی بچن و زیاتر سەیری ئایندەی پەیوەندییەکان بکرێت."

  فوئاد حوسێن هه‌روه‌ها ئاشکرای کرد کە مه‌سعوود بارزانی و نەوشیروان مستەفا جەختیان لەسەر دروستبوونی حکوومەتێکی بنکەفراوان کردووەتەوە.

لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و نەوشیروان مستەفاش، فوئاد حوسێن گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا باسی حکوومەتێکی بنکەفراوان کراوه‌."

گوتیشی "لیژنەی دانوستانکار بۆ پێکهێنانی حکوومەت گفتوگۆ دەکەن، بەڵام وەک پرەنسیپ باسی حکوومەتی بنکەفراوان کراوە."

ڕاشیگەیاند کە هەردوو کۆبوونەوەکە لەسەر کۆمەڵێک تەوه‌ر بووە، بەڵام نەچوونەتە نێو درێژه‌ی بابەتەکانه‌وه‌.

pna
26/11/2013

 

amricahizbolla

سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئه‌مریكا ئاشكرایانكرد كه‌ به‌رپرسانی واشنتۆن و حزبوڵای لوبنان كه‌وتوونه‌ته‌ گفتوگۆی نهێنی، له‌سه‌ر ئاستی مه‌یدانیش، سوپای ئازاد ده‌ستگیكردنی ده‌یان ئه‌ندامی ئه‌و حزبه‌ راده‌گه‌یه‌نن.

رۆژنامه‌ی ۆڵد تریبیۆن-ی چاپی ئه‌مریكا به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی لوبنانی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ دیپلۆماتكارانی ئه‌مریكا كه‌وتوونه‌ته‌ په‌یوه‌ندی و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ سه‌رانی حزبوڵا له‌ به‌یروت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ گفتوگوَكان به‌نهێنی به‌ڕێوه‌ده‌چن.

به‌پێی رۆژنامه‌كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا، ئه‌مریكا له‌ رێی لایه‌نێكی سێیه‌مه‌وه‌ چه‌ند نامه‌ و په‌یامێكی ئاراسته‌ی حزبوڵای لوبنان كردووه‌، هه‌ر ئه‌و نامانه‌ش بوونه‌ته‌ هه‌وێنی ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن چڕتر ببێته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاشكراشیكرد كه‌ گفتوگۆكانی نێوان ئیداره‌ی ئه‌مریكا و حزبوڵا په‌یوه‌ندیی به‌ سه‌قامگیریی لوبنان و چۆنێتی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی ئه‌و وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌و به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی سی ئێن ئێن، هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ناوچه‌یه‌كانی ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق، پێشڕه‌وییان كردووه‌ به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانی غوته‌ی شه‌رقی.

یه‌كێك له‌ لیژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگی سوریا رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی ئۆپۆسزیۆن ناوچه‌یه‌كی ستراتیژییان له‌ شارۆچكه‌ی (قه‌لموون) له‌ژێر ده‌ستی سوپای رژێمی سوریا ده‌رهێناوه‌.

لیژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگیی سوریا راشیانگه‌یاند كه‌ وێڕای كوشتنی فه‌رمانده‌ی كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌كانی حزبوڵای لوبنانی له‌و ناوچه‌یه‌، چه‌كیشیان به‌ 40 چه‌كداری ئه‌و حزبه‌ فڕێداوه‌و ده‌ستگیریان كردووه‌، به‌ڵام ئاژانسی سی ئێن ئێن نه‌یتوانیووه‌ له‌ راستیی ئه‌و هه‌واڵه‌ و زانیارییه‌ مه‌یدانییه‌كانی سوریا دڵنیا ببێته‌وه‌.

خەندان

25/11/2013

goran u parti u hkumat

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، بڕیارە ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا، كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەنجام بدات. ئەمڕۆ دووشەممە نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، سەردانی پیرمام دەكات و دووقۆڵی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، نەوشیروان مستەفا، بەتەنیا سەردانەكە ئەنجام دەدات و هیچ شاندێكی بزووتنەوەی گۆڕان یاوەری نابێ لەو سەردانەدا.  دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی، نانی نیوەڕۆش پێكەوە دەخۆن و دواتر رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی نێچیرڤان بارزانی دەكات و مەسەلەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم و بەشی گۆڕان لەو حكومەتەدا تاو‌وتوێ دەكرێ. هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی بەشی گۆڕان لە حكومەتی داهاتوو بە (رووداو)ی گوت "ئەگەر ژمارەی وەزارەتەكان وەك خۆی بمێنێتەوە كە 18 وەزارەتن، بزووتنەوەی گۆڕان داوای چوار وەزارەت دەكات، كە یەكێكیان سیادی دەبێ". ئاواتی شێخ جەناب، كە یەكێكە لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی گۆڕان، گوتیشی “ئەوەی شارەزاییمان هەبێ لەسەر رەفیقەكەی خۆمان (نەوشیروان مستەفا) سەردانی موجامەلە ناكات و خۆی وایە، بۆ هەر سەردانێك ئەگەر ئەنجامی هەبێ ئەوا سەردانەكە دەكات و ئەگەر ئەنجامی نەبێ نایكات”. گوتیشی "لەهەموو حاڵەتێكدا ئەو سەردانە باشە، چونكە هەر هیچ نەبێ بەستەڵەكی پەیوەندی نێوان گۆڕان و پارتی دەتوێتەوە".

25/11/2013

masihyakani ankawa

 لە بۆنەیەكی كریستیانەكانی كوردستاندا كە لە لەندەن بەڕێوەچوو، دوو سەركردەی كریستیانەكان داوای یەكێتی نێوان بیر و باوەڕە ئاینییە جیاوازەكان و نەتەوە جیاوازەكانی سەرتاسەری عێراقیان كرد. 

 سەعدی ئەلمالح، بەڕێوەبەری كاروباری كەلتوری ئاشووری لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت “ئێمە حكومەتێكی سەقامگیرمان لە بەغدا نییە و ئەو حكومەتەی ئێستاش باش مامەڵەمان لەگەڵ ناكات. ئێمەش كێشەی ناوخۆییمان هەیە، بەڵام ئێمە شەڕ دژی یەكتر ناكەین”. 

ئەلمالح و قەشە نەجیب میكائیل، كە قەشەیەكی دۆمەنیكیە و لە مووسڵ وانە دەڵێتەوە، باسیان لە مێژووی كریستیانەكانی عێراق كرد و هەروەها باسی ئەو كێشانەیان كرد كە ئێستا رووبەڕووی كریستیانەكان دەبێتەوە. 

قەشە میكائیل لە ساڵی 1990 سەنتەری دیجیتاڵی مووسڵی بۆ نووسراوە رۆژهەڵاتییەكان دامەزراند. ئەو سەنتەرە 6000 نووسراوی دیجیتەڵایزكردووە و پارێزگاری لە دۆكیۆمێنت و نووسراوە مێژووییەكان دەكات، لە نێویاندا كتێبی پیرۆزی ساڵی 942ی پاش زایین. 

میكائیل بە (رووداو) دەڵێت “ئێمە پێویستمان بە هاوكاری مادی بۆ خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵكو پێویستمان بە هاوكارییە بۆ ئەوەی ئازادی بیروباوەڕمان بپارێزین”. 

ئەو هەروەها دەڵێت “ئێمە نامانەوێت عێراق دابەش بكەین بۆ پارچەی بچووك بچووك و خەڵك و نەتەوە جیاوازەكانی لە یەكتر جیابكەینەوە. عێراق مێژوویەكی هاوبەشی هەیە و ئەو مێژووەش كە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، مێژووی هەموومانە”. 

پێش وتارەكەی میكائیل، شەماسە رایا ماتۆ سروودێكی خوێند. ماتۆ لە زۆر لە بۆنەكانی ئینگلتەرا و وڵاتانی دیكەدا سروودی خوێندووە. ئەو لە زانكۆی مووسڵ خوێندنی تەواو كردووە. 

دواتر پێشەنگایەكی فۆتۆگرافی ساڵەكانی 1940ی كوردستان لەلایەن ئانتۆنی كێرستینگەوە نمایشكرا. پێشەنگاكە وێنەی ئەرشیڤكراوی دۆمەنیكیەكانی هەولێری پایتەختی كوردستانی تێدا نمایشكرا. 

بێنام ئەلئەگزیر، یەكێك لە شەماسەكانی كەنیسەی ئاشووری كە لە 2003 مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەرگرتووە، هەندێك لە كارە زەخرەفیەكانی لە پێشەنگاكەدا نمایشكرا. كارەكانی ئەلئەگزیر نووسینەكانی لە ئینجیل و قورئانی پیرۆزەوە وەرگرتبوون. 
هەروەها نمایشێكی كورتی جل و بەرگی ئاشووری كۆمەڵگەی عەنكاوەی هەولێر پێشكەشكرا. 

هەردوو وتارخوێنەكە ئاماژەیان بەوە كرد كە ئەوان دەیانەوێت رۆڵێكی ئەرێنی لە داهاتووی كوردستاندا بگێڕن. 5%ی دانیشتووانی كوردستان كریستیانن. 

“من دەمەوێت بڵێم كریستیانەكانی عێراق نایانەوێت تەنیا لە كوردستان بژین، بەڵام لە بەشەكانی دیكەی عێراق ئازار دەدرێن و لە كوردستان بە ئارامی دەژین”. نەجیب میكائیل دەڵێت “ئێمە دەمانەوێت بەشداربین لە بنیاتنان و گەشەپێدانی ئەم هەرێمەی عێراق”. 

ئەلمالح ئاماژەی بە خوێندن بە زمانی ئاشووری كرد و وەكو یەكێك لە دەسكەوتەكانی بەڕێوەبەرایەتیەكەی ناوزەدی كرد. 

لە وەڵامی پرسیاری یەكێك لە ئامادەبوواندا كە هیوای خواست ئەویش بیتوانایە بە زمانی رەسەنی خۆی خوێندنی تەواو كردبایە، ئەلمالح باسی لە چۆنێتی دەسپێكی خوێندنی بە زمانی ئاشووری كردو و گوتی كە ئەوان لە پۆلی یەكەوە دەستیانپێكردووە و وردە وردە خوێندنەكەیان گەیاندووەتە پۆلی 11. 

“ هەست و سۆزێكی زۆر بەرامبەر خوێندن بە ئاشووری هەبوو، بە تایبەت دوای ئەوەی كە لە كاتی دەسەڵاتی سەددامدا ئاشووری زۆر بەكەمی دەخوێندرا. بەڵام ئێستا ئێمە شتێكمان دروستكردووە كە لە دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی بابلەوە (538ی پ.ز) شتی وامان نەبووە”. ئەلمالح لە وتەكانی بەردەوام بوو “ئێستا ئێمە 10 هەزار خوێندكارمان هەیە. زمانی ئێمە پێشكەوتنێكی بەخۆوە دیوە كە پێشتر هەرگیز نەیبووە”.

ئەو ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ دانانی كۆتا بۆ پەرلەمانتارانی كریستیان و “هەندێك لە ئەندام پەرلەمانەكانمان چالاكن، هەندێكیان زۆر چالاك نین” و گلەیی ئەوەشی كرد كە دابەشبوونێكی زۆر هەیە لەنێوان كریستیانەكاندا “ئێمە 13 پارتی سیاسیمان بۆ ئەم نەتەوە بچكۆلەیە هەیە”. 

نەجیب میكائیل، لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە جارێكیان لە فەرانسە لێیان پرسیوە كەی بووە بە مەسیحی. وەڵامی میكائیلیش ئەوەبوو كە 2000 ساڵ لەمەوبەر. ئاینی كریستیانی تا هاتنی عەرەبە موسڵمانەكان لە كۆتایی سەدەی حەوتەمدا، ئاینی سەرەكیی میزۆپۆتامیا بووە. 

“بۆ چەندین سەدە، كریستیانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگترین كتێبە فەلسەفی و ئاینی و گەردوونی و لۆجیكیەكانیان لە یۆنانی و ئاشووریەوە وەرگێڕاوەتە سەر عەرەبی”. میكائیل گوتی “لە رێگەی ئەوانەوە زانست گەیشتە ئیسپانیا لە سەدەكانی ناوەڕاستدا و دواتر گەیشتە تەواوی ئەوروپا”.
 
هەردوو وتارخوێنەكە نكۆڵییان لەوە كرد كە كوشتنی ئاشوورییەكانی عێراق وەكو كوشتاری ئەرمەنیەكانی سەردەمی عوسمانییەكان بێت. ئەو كوشتارگەیەی كە زۆر لە ئەكادیمیەكان بە جینۆسایدی ناودەبەن. 

ئەلمالح دەڵێت “سەدام زۆر كەسی كوشت، بەڵام ئەمە ناگاتە كۆمكوژییەكەی 1915. ئێستا كە عێراقییەكان لە بەغدا دەكوژرێن، خەڵكی ئەو ملیۆنان كوشتارەی توركیایان بیر دەكەوێتەوە”. 

ئەو هەروەها گوتی “ئێستا خەڵكی بەرگری لە خۆیان دەكەن و لە كەنیسە نزیك دەبنەوە. من لە بیرمە تەنیا یەك كەنیسە لە عەنكاوە هەبوو، ئەویش پڕ بوو لە خەڵكی بە تەمەن. بەڵام ئێستا حەوت تا هەشت كەنیسە هەن و پڕن لە خەڵكی گەنج”. 

دەربارەی بۆچوونی توندڕەوە ئیسلامییەكان كە پێیانوایە ئەو موسڵمانانەی دەچنە سەر ئاینی مەسیحی پێویستە بكوژرێن، نەجیب دەڵێت كریستیانەكان بە دوای وەرگەڕانی خەڵك نین لە ئاینەكانی دیكە. 

“ئامانجی ئێمە هاوكاریكردنی هەموو كەسێكە. ئێمە نامانەوێت هەموو كوردستان ببێتە كریستیان. ئێمە رێز لەیەكتر دەگرین”. هەروەها گوتی “ئێمە حەزدەكەین كریستیان بین نەك تیرۆریست و بكوژی خەڵك”.

شارمیلا دێڤی/ رووداو - لەندەن

25/11/2013

safin-dizayi -390x272

 

وته‌بێژى فه‌رمیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕه‌خنه‌ى له‌ سیاسه‌ته‌كانى حكوومه‌تى عیراق ده‌رباره‌ى دابه‌شكردنى بودجه‌ گرت و ڕایگه‌یاند له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌بێ 17%ى بودجه‌ى عیراق بۆ هه‌رێمى كوردستان ته‌رخان بكرێت، به‌ڵام له‌ بودجه‌ى ساڵى 2014ى عیراقدا كه‌متر له‌11%ى بۆ ته‌رخان كراوه‌. 

 

سه‌فین دزه‌یى وتیشی: بودجه‌ى عیراق بۆ ساڵى 2014 كه‌ خۆى له‌ نزیكه‌ى 175 تریلیۆن دینار ده‌دات، ته‌نیا 18 تریلیۆن دینار له‌و بودجه‌یه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان دانراوه‌، كه‌ ده‌كاته‌ كه‌متر له‌ %11، ئه‌مه‌ش به‌ هۆى زیادبوونى ساڵانه‌ى خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان كه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقى فیدراله‌وه‌ ده‌كرێت.

 

دزه‌یى هه‌روه‌ها گوتى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ مافى خۆى ده‌زانێت، هه‌موو رێكارێكى یاسایى بگرێته‌ به‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانى ڕێژه‌ى دروستى 17%ى بودجه‌ى عیراق كه‌ مافێكى یاسایى و ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستانه‌.

 

ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان / س . س

25/11/2013

haji umaran

 

بەهۆى نەبوونى تاقیگەى وەک تاقیگاکانی نێو کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە حاجى ئۆمەران، ماوەى سێ رۆژ کاڵا خۆراکیەکانى هاوردەکراو لە سنور رادەگیرێن تا گەرانەوەى نمونەى وەرگیراویان لە تاقیگەکانى سۆران و هەولێر، لە پێناو کارئاسانى زیاتر بۆ بازرگانان و پشکنینى جۆرى ئەو کالاچیانەى هاوردەدەکرێن لە نێو کۆمەڵگاى گومرگى حاجى ئۆمەران تاقیگەى جۆرى دادەنرێت. 

هاوردەدەکرێن لە نێو کۆمەڵگاى گومرگى حاجى ئۆمەران تاقیگەى جۆرى دادەنرێت. سەرپەرشتیارى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەران مەسعود باتێلى بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: لە ئێستادا ئەو کاڵاو شتومەکە خۆراکیانەى کە لە وڵاتى ئێرانەوە هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێت، دەبێت نموونەى ئەو خۆراکانە رەوانەى تاقیگەکانى جۆرى سۆران و هەولێر بکرێن و تا گەرانەوەى پشکنینەکانیان ماوەى سێ رۆژ کامیۆنە بارهەڵگرەکان لە سنور دەمێنەوە، بەمەش هەم خەرجى زیاتر دەچێتە سەر کاڵاکەو هەمیش شوێنى مانەوەى ئەو سێ رۆژە شیاوى وەستانى کاڵاو کەل و پەلى خۆراکى نیە. وتیشى، لە ئێستادا سەرقاڵى بنیاد نانى بیناى تایبەتین بۆ تاقیگەو لەو چیتر نمونەى خۆراکە هاوردەبوەکان نانێردرێتە سۆران و هەولێر و لە سنور پشکنینى ئەو کالاچو کەل و پەلانە دەکرێت. بەختیار چۆمانى

پەیامنێر

24/11/2013

goran u parti11

 

بزووتنەوەی گۆڕان بەفەرمی بڕیاری دا بەشداریی لەكابینەی هەشتەمی حكومەت بكات، بەڵام وردەكاری و شێوازی بەشداری كردنەكەی هێشتەوە بۆ لیژنەیەكی 7 كەسی. لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە فەرمی بڕیاردرا بزووتنەوە بەشدارین پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات. بزووتنەوەکە شێوازی بەشداریکردنیان لە کابینەی داهاتوو بۆ لیژنەیەکی 7 کەسی گەڕاندەوە، كە نەوشیروان مستەفای رێكخەری بزووتنەوەكە، خۆی سەرۆكایەتی دەكات. فوئاد جەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو وەفدەی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستنیشانكراوە بۆ دانوسان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، ئەوان وردەكارییەكان لەناو وتووێژەكاندا باسدەكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا پێشنیار بۆ ئێمە نەهاتووە تاوەكو قسەی لەسەر بكەین، ئەوەندەی هەیە، كە گۆڕان مەبدەئییەن بەشداری حكومەت دەكات بەپێی ئیستیحقاقی خۆی". هەروەها جەبار جەلال، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان گوتی:"لەسەر كۆنگرە، بڕیار درا وردە وردە وردە دەست بكرێت بە ئیجرائاتەكانی كۆنگرە و لەكۆبوونەوەی داهاتووی جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری رۆژی بەستنی كۆنگرە دەدرێت". لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان وەفدی پارتی و گۆڕان،. كە لەمەكۆی سەرەكی بزووتنەوەکە بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی داوەتنامەی فەرمی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی گەیاندووەتە نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران. شێخ جەنگی ساڵەیی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان رایگەیاند:"باس لە پرێس كۆنفرانسەی نێوان كاك نەوشیروان و كاك نێچیرڤان بارزانی كرا و ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەیان بۆ باسكردین، كە ئایا شێوازی بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان چۆنە، گۆڕان دەیەوێت بەشداری لە حكومەتێكی بنكە فرواندا بكات، كە هەموو لایەنەكانی لەگەڵ بێت". چەند رۆژێكە كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دەستی پێكردووە، ناوبراو کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەرمانی کوردستان بوو، تاوەكو ئێستاش زۆربەی لایەنەكانیش ئارەزووی بەشدارییان لەو كابینەیە دەربڕیوە. بزووتنەوەی گۆڕان تاوەكو ئێستا بەشداری دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردووە، لە ساڵی 2009دا 25 كورسی و لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلوولی ئەمساڵیش 24 كورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێناوە و بەدووەم پارتی سیاسی لەهەرێمی كوردستان هەژماردەكرێت. هەروەها تەنیا حزبە، كە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی خۆرێكخستنەوەی نەبەستووە.

رووداو- سلێمانی

24/11/2013

sultan kurdi bakur u deportkrdnewa

 

پارتی چەپی ئەڵمانیا DIE LINKE بە مەبەستی راكێشانی سەرنجی رای گشتی، كچە پەناخوازێكی كورد كە لەژێر هەڕەشەی دیپۆركردندایە، كاندید دەكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەكانی ئەڵمانیا. سوڵتان كارایگت، كە كچە پەناخوازێكی كوردە و لە هەرێمی میونشنی ئەڵمانیا دادەنیشێت، هەرچەندە مافی دەنگدان و خۆكاندیدكردنی نییە، بەڵام لەلایەن پارتی چەپەوە كاندید كراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی میونشن. بەرپرسانی ئەو پارتە دەڵێن ئامانجیان لەو كارە ئاگاداركردنەوەی رای گشتییە لە دۆسیەی ئەو كچە كە تاوەكو ئێستا حكومەتی ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتی نەداوەتێ. رۆزا كارایگت، یەكێكە لە بەرپرسانی پارتی HADEP كە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی رابردوو لەلایەن حكومەتی توركیاوە قەدەغەكرا، دوای فشارێكی زۆر لەسەری، ناچاربوو زێدی خۆی جێبهێڵێت و روو لە ئەڵمانیا بكات. دواتر سوڵتانی كچیشی هێنایە لای خۆی، چونكە سوڵتان بەشداری زۆربەی ئەو خۆپیشاندان و چالاكیانەی كوردانی دەكرد كە لە شارەكانی باكووری كوردستان سازدەكران، بۆیە لەلایەن پۆلیسەوە خرابووە ژێر چاودێری و چەندینجاریش پۆلیس ئاگاداری كردبووەوە كە واز لەو چالاكیانە بهێنێ. سوڵتانیش وەكو دایكی بەهۆی فشارەكانی پۆلیس ناچاربوو زێدی خۆی جێبهێڵێت، بەڵام كاتێك گەیشتە شاری نۆرنبێرگ و بە مەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی سەردانی فەرمانگەی كۆچبەرانی كرد، فەرمانگە جگە لەوەی مافی پەنابەری پێنەدا، بڕیاریشی دا كاتێك تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ دیپۆرتی بكاتەوە بۆ توركیا. سوڵتان بە پشتگیریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان و ناوەندەكانی نزیك لەو حیزبە تۆمەتبار كرابوو، بۆیە حكومەتی ئەڵمانیا ئامادە نەبوو مافی پەنابەرێتی بداتێ. هەروەها پەیوەندیكردنیشی بە كۆمەڵەی میدیا لە شاری نۆرنبێرگ وەكو تاوان بۆ حیساب كرابوو. ئەمە لە كاتێكدایە كۆمەڵەی ناوبراو بەهاوكاری فەرمانگەی كەلتووری شاری نۆرنبێرگ چەندین چالاكی كەلتووری رێكخستوون. بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی فەرمانگەی كۆچبەران "مانەوەی سوڵتان لە ئەڵمانیا مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەڵمانیا". بۆیە داوایان لە حكومەتی ئەڵمانیا كردبوو ئەو كچە كوردە سنوورداش بكاتەوە بۆ وڵاتی خۆی.  سوڵتان لە ترسی دیپۆرتكردنەوەی سەردانی چەندین رێكخراو و ناوەندی تایبەت بە پەنابەرانی كردووە. هەرچەندە ئەو مافی ژیانی هەیە لەگەڵ كەسوكارەكەی لە ئەڵمانیا تاوەكو تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ، بەڵام ئێستا لە شاری میونشن لە كەمپێكی پەنابەران دەمێنێتەوە. هەر لەبەر ئەوەی مافی مانەوەی نەدراوەتێ، سوڵتان ناتوانێت بشخوێنێت. سوڵتان ماوەیەكە مافی كاركردنی پێدراوە، لە پاڵ كاركردن لە قوتابخانەیەكی شەوانیش دەخوێنێت. تاوەكو ئێستا چەندین چالاكی بۆ پشتگیری لە سوڵتان رێكخراون، بەمدواییە پەرلەمانی هەرێمی میونشن بڕیارێكی ئەرێنی لەبارەی ئەو كچە كوردە دا، بە واژووی 2400 كەس هەندێك لە پەرلەمانتارانی هەرێمی میونشن سەردانی ئەو كچەیان كرد، بڕیارە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ لە پەرلەمانی میونشن گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئەو كچە بكرێت. پارتی چەپی ئەڵمانیاش رێگەیەكی نوێی تاقیكردووەتەوە بۆ پشتگیریكردن لە سوڵتان، دی لینكە بڕیاری داوە سوڵتان كاندید بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەكان لە شاری میونشن كە بڕیارە لە 16ی ئاداری 2014 ئەنجام بدرێ. هەرچەندە لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی ئەڵمانیا رەنگە رێگە بە خۆ كاندیدكردنی ئەو كچە كوردە نەدات، بەبیانووی ئەوەی وڵاتینامەی ئەڵمانیای نییە، بەڵام دی لینكە دەیەوێ بەو رێگەیە سەرنجی رای گشتی بۆ دۆسیەی سوڵتان رابكێشێ.

23/11/2013

eran u 51 rekawtn

 

رووداو-bbc وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، كە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رێككەوتوون. جەختدەكاتەوە كە لەمەودوا هەوڵەكانیان بۆ لابردنی گەمارۆكان لەسەر سەر ئێران چڕدەكەنەوە. محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "بەرنامەی ناوەكی ئێران درێژەی دەبێت. مافی خەڵكی ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ناوەكی چەسپاوە و لەماوەی 6 مانگی داهاتوودا و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەكان، هەوڵدەدەین  گەمارۆكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەو وڵاتانەی گەمارۆیان لەسەر ئێران داناوە،لاببرێت". ئەو رێككەوتنە،پاش پێنج رۆژ لە دانوستاندنەكانی نێوان وڵاتە زلهێزەكانی جیهان و ئێران لە جنێف لەسەر بەرنامە ناوەكییەكەی ئێران، لە كاژێر 3ی شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە 24-11-2013 راگەیەندرا. باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنی كە بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەگوازرایەوە رایگەیاند:"گەمارۆكان كاریگەریی خۆیان لەسەر ئێران دانا و لەوكاتەوە رۆحانی بووەتە سەرۆكی ئێران، دانو‌وستاندنی چڕوپڕمان لەگەڵ ئێران هەبووە، ئەمڕۆش دیپلۆماسی رێگایەكی لە بەرامبەر ئێمە كردەوە". ئوباما گوتی:" ئێمە هەوڵمان دا رێگربین لە بەرامبەر گەیشتنی ئێران بە چەكی ناوەكی و بەم رێككەوتنە لە مانگەكانی داهاتوودا و بۆ یەكەمین جار لە ساڵەكانی رابردوو، بەرنامەی ناوەكی ئێران بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە نابینێت". هەروەها جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند:"ئێمە گەیشتینە رێككەوتنێك كە بەو پێیە بەرنامەی ناوەكی ئێران بەوشێوەیەی پێشوو كە مەترسی هەبوو لەسەر وڵاتانی ناوچەكە درێژەی نابێت، بەرنامەی ناوەكی ئێران بەرەو دواوە دەچێت، ئەمە بە مانای ئاسایشە بۆ ئیسرائیل و هاوپەیمانانی ئێمە لە ناوچەكە". تاوەكوو ئێستا ناوەڕۆكی رێككەوتنەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان بڵاونەكراوەتەوە و هەردوو لایەنی ئەم دانو‌وستاندنانە خۆیان بە براوەی گفتوگۆكان دەزانن. وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی رۆژئاوا، بەرنامەی ناوەكی ئێران بە مەترسییەك بۆ ئاسایشی جیهان ناودەبەن و پێیانوایە ئێران دەیەوێت چەكی ناوەكی دروستبكات، بەڵام ئێران هەردەم ئەوە رەتدەكاتەوە و بەرنامە ئەتۆمییەكەی بە ئاشتیخوازانە دادەنێت.

24/11/2013

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان