
کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران، دوا زانیارییەکانی سەبارەت بە چۆنییەتی لە سێدارەدرانی "حەبیبوڵا گوڵپەری پوور و رەزا ئیسماعیلی"، گیراوانی سیاسیی کورد لە گرتووخانەکانی ورمێ و سەڵماس بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکە، ئەو دوو گیراوە کوردە، رۆژی هەینی، ٣ی خەزەڵوەر، لە گرتووخانەی ورمێ و سەڵماسەوە بۆ ژووری تاکەکەسی راگوێزراون و رۆژی شەممە[٤ی خەزەڵوەر]، بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرانیان، لە ژێر چاوەدێری نوێنەرانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای قەزایی، لە سێدارە دراون.
سەرەتا، رۆژی هەینی، بەرپرسانی گرتووخانەی ورمێ، بە بیانووی راگوازتنی بۆ گرتووخانەیەکی تر، حەبیبوڵا گوڵپەری پوور، لە بەندی گیراوانی سیاسی بردۆتە دەر و بۆ قەرەنتینەی گرتووخانەکەیان گوازتۆتەوە و پاش چەند کاتژمێر، بە هەمان بیانوو، کەلوپەلی شەخسی حەبیب، لە بەندی ١٢ لەگەڵ خۆیان دەبەن.
کاتژمێر شەشی ئێوارەی هەمان رۆژ، هاوکات لەگەڵ داخرانی بەند و پچڕانی تەلەفۆنەکان، نیگەرانییەکان لەمەڕ رەوشی حەبیبوڵا زیادی کردووە و گیراوانی بەندی ١٢ و باقی بەندەکانی زیندان، دەستیان کردووە بە ناڕەزایەتی دەربڕین و داوایان لە بەرپرسان کردووە کە "یوسف کاکەمەمی"، بە نوێنەرایەتی گیراوان، چاوی بە حەبیب بکەوێ.
بەرپرسانی گرتووخانەکە نەتەنیا ئیزنیان نەداوە کەس چاوی بە حەبیب بکەوێ بەڵکوو هەڕەشەشیان کردووە کە ئەگەر ناڕەزایەتی دەربڕین درێژەی هەبێ، ناڕازییان دەگوازنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. هاوکات راشیان گەیاندبوو کە حەبیب بۆ ژووری قەرەنتینە گوازراوەتەوە تا ئێعدام بکرێ.
هاوبەندییەکی حەبیب کە ئەو زانیارییانەی داوە، لە درێژەدا وتوویەتی: کاتژمێر ٩ی شەو، هێزەکانی ئیتلاعات هاتنە ناو بەندی گیراوانی سیاسی و ئەمجار "عەلی ئەحمەد سلێمان"، کە ئەویش مەحکووم بە ئێعدامەیان برد و خستیانە ناو ژووری تاکەکەسی. ئەمەش نیگەرانییەکانی ئێمەی سەبارەت بە ئەگەری لە سێدارەدانی عەلی و حەبیب زیاتریش کرد. عەلی لە کاتی گوازتنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسیدا، بە عەلی وتبوو کە فەرمانی جێبەجێکرانی حوکمەکەی دراوە و تا چەند کاتژمێری دیکە، لە سێدارە دەدرێ.
حەبیب وتبووی کە "داوا لە گیراوانی سیاسیی دۆستم دەکەم نیگەرانی من مەبن، بە خۆشحاڵییەوە بەرەوپیری مەرگ دەچم و چ ترسێکم لە جەستەیدا نییە.
پاش نیو کاتژمێر، عەلی ئەحمەد سلێمان گەڕێندراوەتەوە بەندی ١٢ و کاتژمێر ١١ و نیوی شەو، دوو گیراوی تر بە ناوەکانی "قودرەت و یەدوڵا"، کە بەهۆی شەڕکردن، پێشووتر گوازرابوونەوە ژووری تاکەکەسی، شایەتی بردنی حەبیب بۆ شوێنی لە سێدارەدانی بوونە. بە گوتەی ئەو دوو شایەتحاڵە، حەبیب لە کاتی بردرانی بەرەو تەنافی دار، سروودی "ئەی رەقیب"ی وتۆتەوە و سەرئەنجام کاتژمێر ١٢ی شەو، لە ژێر چاوەدێری نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای قەزایی ئێعدام کراوە و نزیک کاتژمێر پێنجی بەیانیی رۆژی شەممە، بە ماشێنێکی سپیی ئیتلاعات، تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی ورمێ گوازراوەتەوە.
بە گوێرەی دایکی "حەبیب"، پاش ئەوەی هەواڵی گوازتنەوەی کوڕەکەی بۆ ژووری تاکەکەسییان بیستووە، داوایان لە پارێزەری حەبیب کردووە بەدواداچوونی مەسەلەکە بکات و ئەویش وێڕای ئەوەی کە ئاگادارنەبوونی خۆی لە مەسەلەکە راگەیاندووە، وتووشییەتی کە شەممە وەدوای مەسەلەکە دەکەوێ. بەهۆی نیگەرانی بنەماڵە، لە سنەوە بەرەو ورمێ کەوتوونەتە رێ و بەیانی شەممە لە بەر دەرگای گرتووخانەی ورمێ پێیان راگەیاندوون کە کوڕەکەیان لە سێدارە دراوە و تەرمەکەی بۆ ساردخانە گوازراوەتەوە. دایکی حەبیب وتوویەتی کە سەرەڕای سەردانی پزیشکی قانوونی، ساردخانە، پارێزگاری و … تەرمی رۆڵەکەیان نەدراوەتەوە و پێیان راگەیاندراوە کە کوڕەکەتان بە تاوانی موحارەبە/شەڕ لەگەڵ خوا، ئێعدام کراوە و هەر بۆیەش، تەرمەکەتان نادەینەوە.
حەبیبوڵا گوڵپەری پوور، کوڕی ناسر، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی سنە، رۆژی ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨، لە رێگەی مهاباد بەرەو ورمێ، بە هەندێک کتێبەوە، لە لایەن هێزەکانی حەفازەتی ئیتلاعاتی سپای مهاباد قۆڵبەست کرا و پاش چەندین مانگ ئەشکەنجە و ئازاری توندی جەستەیی و دەروونی لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی مهاباد، سنە و ورمێ، دواجار لە ٢٤ی رەشەممەی ٨٨، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهاباد، لە لایەن قازی خودادادییەوە لە دانیشتنێکی چەند خولەکیدا، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، بە ئێعدام مەحکووم کرا. ناوبراو داوای پێداچوونەوەی بەسەر حوکمەکەیدا کرد و داواکەی بۆ لقی ٣١ی دیوانی بەرزی ئێران رەوانە کرد بەڵام دادگای پێداچوونەوەش ئێعدامەکەی پەسەند کرد.
کەسانی نزیک لە حەبیب، هەموو دەڵێن کە حەبیب لە سەرجەم قۆناخەکانی لێکۆڵینەوە، لە دادگا و ئیتلاعاتدا، رەتیکردۆتەوە کە بەشداری لە ئۆپێراسیۆنی چەکداریدا کردبێ و ئیتلاعات تەنیا بە هۆکاری هەبوونی چەند کتێب و پێوەندی بە دایکانی ئاشتیی مهاباد، ناوبراوی بە هاوکاریی کاریگەر لەگەڵ پەژاک، تۆمەتبار کردووە و تا ساتی لە سێدارەدرانیشی، ئەو گیراوە سیاسییەی لەژێر زەخت و گووشاری دادگادا بووە.
حەبیب لە مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا، نامەیەکی سەرئاوەڵای سەبارەت بە ئەشکەنجەکرانی دەروونی و جەستەیی لە ماوەی گیرانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات لە ورمێ و مهاباد بڵاوکردەوە. ناوبراو لە بەشێک لە نامەکەیدا نووسیبووی: "سەرەڕای ئەوەی کە سکاڵام سەبارەت بە دەستبەسەربوونی درێژخایەن و ئەشکەنجەدرانی دەروونی و جەستەییم تا ئاستی مردن، بۆ ناوەندە جیاجیاکانی دەوڵەت ناردووە، لەو مەملەکەتەدا دەنگی ئێمە تەنانەت لە ژوورەکانی گرتووخانەش تێناپەرێ چ بگا بەوەی کە بیسەرێکی هەبێ".
حەبیبوڵا گوڵپەری پوور، مانگی رەشەممەی ١٣٩٠، بە بڕیارێکی لەناوکاو، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بۆ گرتووخانەی سمنان گوازرایەوە و پاش ١٤ مانگ راگیران لە بەندی گیراوانی مەترسیداری سمنان، دووبارە لە ٢٣ی گوڵانی ١٣٩٢دا بۆ گرتووخانەی ناوەندی ورمێ گوازرایەوە.
هەمان رۆژ، لەگەڵ لە سێدارەدانی حەبیب، گیراوێکی سیاسی تر لە گرتووخانەی سەڵماس لە سێدارە درا.
"رەزا ئیسماعیلی"، کوڕی تۆفیق، خاوەن هاوسەر، ٣٤ ساڵان و خەڵکی گوندی دێرکی سەڵماس، پاش تێپەڕبوونی ٤٩ مانگ لە دەستبەسەربوونی، لە سێدارە درا".
رەزا ئیسماعیلی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٨، دەستبەسەر و مانگێک لە ئیتلاعاتی سەڵماس بە تۆمەتی هاوکاری پەژاک ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحی کرا و لەژێر لێدان و کوتان دابوو. ناوبراو دواتر بۆ گرتووخانەی سەڵماس گوازراوەتەوە و پاش شەش مانگ، بە تۆمەتی موحارەبە[بە مانای شەڕ لەگەڵ خوا لە عورفی قەزایی کۆماری ئیسلامیدا] لە رێگەی ئەندامەتی لە پەژاکدا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆی بە ئێعدام مەحکووم کرا.
دەگوترێ بنەماڵەکەی ٣٥ میلیۆن تمەنیان دەستحەق بە چەند پارێزەر داوە تا لە دیوانی باڵای دادی ئێران بەدواداچوونی دۆسیەکە بکەن و حوکمی ئێعدامەکە هەڵبوەشێننەوە بەڵام هەوڵەکان سەری نەگرتووە و حوکمەکە وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.
سەرلەبەیانیی شەممە، ٤ی خەزەڵوەر، هاوڕێیانی رەزا لە گرتووخانەی سەڵماس بە بنەماڵەکەی رادەگەیەنن کە کوڕەکەیان چەند کاتژمێر لەمەوبەر، لەسێدارە دراوە. پاش ئەوەی کە بنەماڵە و خزم و قەومی ئەو گیراوە سیاسییە ئێعدامکراوە لەبەر دەرگای زیندانی سەڵماس کۆدەبنەوە، پێیان رادەگەیەندرێ کە تەرمەکەی لە شوێنێک بەخاک ئەسپێردراوە.
بنەماڵەی ناوبراو لە رێگەی خزمێکەوە شوێنی بەخاکسپێردرانی کوڕەکەیان دەدۆزنەوە و کاتێک دەیانهەوێ تەرمەکە لە گۆڕ دەربهێننەوە و بیبەنەوە گوندەکەی خۆیان، تووشی تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکان بوونە بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی خزم و کەسی رەزا ئیسماعیلی، چەکدارانی ئێران ناتوانن پێش بە جەماوەر بگرن.
دواجار بنەماڵەی ئەو گیراوە ئێعدام کراوە، تەرمی رۆڵەکەیان دەبەنەوە دێرکی سەڵماس و ئەسپەردەی خاکی دەکەن بەڵام ناوچەکە بە چەکداری دەوڵەتی تەنراوە و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کراوە کە بۆیان نییە پرسە لە مزگەوتی ئاوایی بگرن و جگە لە ماڵی خۆیان و ئەویش بە ئاستیکی سنووردار".
ئامادەکردن و وەرگێڕان: ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ
29/10/2013