عومەر ئیزەدخا
دوای ئەوەی لە ئێستادا دۆخێکی نوێ بە نیسبەت ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتە ئاراوە ، لەلایەک بەهۆی زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتیەکان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و لەلایەکیش زیادبوون و بەرینتربوونی زۆر زیاتری ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە سەرتاسەری ئێران بە دروشمی ڕادیکاڵ و شۆڕشئامێزانە ، سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی ڕاسان کە خۆی دەبینێتەوە لە بزاوتی نوێی نەتەوەیی-دێموکراتیک و پێکهێنانی بەرەیەکی فراوانی پارتەکانی رۆژهەڵات بەناوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ، ئەمانە هەموو گومانەکانی نەهاتنەئارای گۆڕانکاری ریشەیی بەنیسبەت ئێران ڕەواندونەتەوە ، پرسێکی جێگای هەڵوێست و گرنگ بریتییە لەو بەڕوشاخان (تحدي) و کێشە و ئاریشە ستراتیژیانەی کە لەبەردەم خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن ، ئاستەنگە بنەڕەتیەکان کامانەن کە دەبنە کۆسپ و کێشەی گەورە لەبەردەم داهاتووی هەنوکە و نزیکی رۆژهەڵاتی کوردستان ؟ ، لەم باسەدا هەوڵی ئاماژە و درککردن بە گرنگترین ئەو ئاستەنگ و تەحەدیانە ، پشتبەست بە تێڕوانینێکی بابەتی بۆ رۆژهەڵات بەشێوەی شیکاری دەدەین ، گرنگی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردن بە کاریگەربوونی ئەو تەحەدیانە کە رۆڵی گەورەیان لەسەر چارەنوسی کوردستان هەیە.
قۆناغی ئینتیقالی( مرحلة الانتقالیة ) یاخود حکومەتی گواستنەوە دەتوانین بەم شێوەیە پێناسە بکەین : کار بۆ دامەزراندنی بنەماکانی سیستەمێکی سیاسی نوێ دەکات ، چوارچێوەی گشتی بۆ بنەما دەستووریەکان دادەنێت ، ئەرکی راڤەکردن و لێپێچینەوە لە سیستەمی پێشووی لەسەرشانە ، لە ئەنجامی شۆڕش یان راپەرین یاخود خۆپێشاندانی جەماوەری گەورە یان کودەتا یاخود دەستێوەردانی دەرەکی دێتە ئاراوە ، لابردنی رژێمە کۆنەکە و رەخسانی دەرفەت بۆ رژێمە تازەکە ئەم گواستنەوەیە پێویستی بە دروستکردنی حکومەتی گواستنەوە هەیە ، قۆناغێک تێیدا بنەماکانی سیستەمێکی سیاسی تازەی تێدا دادەنرێت . سەبارەت بەم پیناسەیە پێویستە ئەوە ڕەچاوبکەین کە ئێمە باسی هاتنەکایەی حکومڕانییەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین ، لانیکەم لەشێوەی حکومەتێکی هەرێمی لەچوارچێوەی ئێرانێکی فیدڕاڵ ، هەربۆیە ئەو قۆناغە بە نیسبەت هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بریتییە لە قۆناغی گواستنەوە تاکو لەجێگای فەرمانڕەوایەتی پێشوو ، لە ناوچە کوردستانییەکان حکومڕانییەکی کوردی