دوکتور محەممەد حسەینزادە
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی نیگەرانی و گۆشار و گەمارۆ و سزای وڵاتانی جیهانی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر خۆی و شارۆمەندانی، مووشەکی جۆراوجۆر یان لە وڵاتانی دیکە وەک کوریای باکوور و چین و ڕووسیه هاوردە دەکات و یان بەرهەمیان دێنێت و تاقیان دەکاتەوە. شیاوی ئاماژەیە کە هەوڵی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ درووستکردنی مووشەک دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شۆڕش و بە تایبەت شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق. بەڵام ئەو هەوڵە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەربڵاو پەرەی سەندووە. زنجیرە مووشەکەکانی "شەهاب ١ ، ٢ ، ٣"، "سجیل ١ ، ٢ "، "قیام"، "زلزال١ ، ٢ ، ٣ ، ٤ "، "خۆڕەمشار"، "کەنداوی فارس"، "فاتح" ، "عیماد" "عاشوورا"، "نازعات"، "فەجر" و "قەدر" کە لە ٣٠٠ تا ٢٠٠٠ کیلۆمیتر دەپێون؛ بەشێک لەو مووشەکانەن کە ئێران هەتا ئێستا تاقی کردوونەتەوە و بەرپرسان و هەواڵدەرییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئەو مووشەکانە لە پرۆسەی تاقیکردەنەوەدا ئامانجە دیاری کراوەکانی خۆیان بە سەرکەوتوویی پێکاوە.
زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا و هەروەها بەشێکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی_ئیسلامی، ناوچە لەسەر ئەو باوەڕەن کە چالاکی و هێزی مووشەکیی ئێران بووەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچە و جیهان و ئەو هێزە بە مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەبیین. بە بڕوای ئەوان ئێران لە داهاتوودا ئەو مووشەکانە بۆ هێرش کردنە سەر ئەو وڵاتانە بە کار دەهێنێت. هەڵبەت ئەو نیگەرانییه بێ هۆ نییە و بەرپرسانی سیاسی و ئەرتەشی ئێران زۆر کات هاوکات لەگەڵ تاقی کردنەوەی مووشەکەکانیان هۆشداریان داوەتە وڵاتانی دیکە و بە تایبەت هاوپەیمانانی ئامریکا لە ناوچەدا و ئەمە نیگەرانیی زۆری لای ئەو وڵاتانە درووست کردووە و هەر بە هۆیەوە هەتا ڕادەیەک گۆشار و گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێران.
بەڵام لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کاتێک کە بەرەوڕووی گوشار و گەمارۆ دەبنەوە دەڵێن کە هێزی مووشەکیی ئەوان هەڕەشە بۆ سەر هێچ وڵاتێک درووست ناکات و توانای مووشەکیی وڵاتەکەیان هێزێکی بەرگریکارانە و پێشگیرانەیە. یانی وای ڕادەگەیەنن و بانگەشە دەکەن کە چۆن وڵاتانی دوژمن وەک ئامریکا و ئیسرائیل