
کەیهان عەزیزی
دەسپێک
ساڵانێکە زۆرجار ئەگەر نووسینێکم بە سۆرانی بڵاو دەبێتەوە، لەلایەن یار و نەیارەوە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بوومەتەوە: "بۆچی بە هەورامی نانووسیت؟" ئەم پرسیارە بۆ من تەنیا پرسیارێکی زمانی نەبووە؛ جارێک ئازاری داوم، جارێک تووڕەی کردووم و جارێکیش وای لێ کردووم زیاتر لە خودی پرسیارەکە و لە چۆنیەتیی دروستبوونەکەی بیر بکەمەوە. جاران لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تێوەگلاوم و بە چەند ڕستەیەکی کورت وڵامم داوەتەوە، بەڵام هەر جارێک پرسیارەکە وەک خۆی ماوەتەوە. لەم ڕۆژانەش، دوای بڵاوکردنەوەی یادداشتێک، هاوڕێیەک هەمان پرسیاری لێ کردمەوە. ئەمجار پێم وابوو لە جیاتی وڵامێکی کورت، باشترە تۆزێک جدیتر لە جاران لەسەر پرسیارەکە بوەستم.
بێگومان، چەندین هۆکار و پاڵنەر لە پشت ئەم پرسیارەوە هەن؛ هەندێکیان کولتووریین، هەندێکیان ناسنامەیی و هەندێکیانیش سیاسی. ناشمەوێ لێرە ئەم بابەتانە بە وردی بکەمەوە. بەتەمام ڕاستەوخۆ بچمە سەر پرسیارەکە، چونکە لەوانەیە ئەو "بۆچی"یە کە بە سادەیی دەوترێ، لە ژێرەوەی خۆیدا پرسیارێکی گەورەتری حەشار دابێ. لە هەناوی ئەم نووسینە هەوڵ دەدەم وڵامێک بەو پرسە بدەمەوە.
1. کێشەی تێنەگەیشتن لە کوردبوون
یەکەم کێشەی ئەم پرسیارە، کێشەی تێنەگەیشتنە لە "کوردبوون". من لە کوردبوونەوە بەرەو زمان دێم، نە پێچەوانەکەی. کوردبوون خاڵی دەستپێکە؛ ئاگاهییەکە، زمان و هەموو جیاوازییەکان مانا دەکاتەوە. من هەورامیم، ئەمە ڕاستییەکی کولتوورییە و پێویستی بە سەلماندن نییە. بەڵام کوردبوون پێویستی بە سەلماندن و بیرکردنەوە و هوشیاری هەیە.
هەورامی و زمانەکەی بەشێکن لە مێژوو و بیرەوەری من، بەڵام کوردبوون وەک نەتەوە لە هەمان شوێن دەست پێ ناکا ناوچەیەک کۆتایی پێ دێت. کوردبوون، ئەگەر تەنیا کۆمەڵێک زار و ناوچەی جیاجیا بێت کە هەر یەکەیان لە سنوورێکی قەتیسدا بژین، پرۆژەی نەتەوە دەبێتە قسەیەکی ڕووت و بێبنەما. ئەگەر کوردبوون بنەما بێت، هەموو پێکهاتەکان لەو بوونە مانا دەکرێنەوە و جێگای خۆیان دەدۆزنەوە.
لە مێژووی نەتەوەسازیی مودێرندا، نەتەوە تەنیا ئەو شتە نییە کە لە ڕابردووەوە بۆمان ماوەتەوە؛ بەشێک لە نەتەوە ئەوەیە لە ئێستادا پێکەوە ئاگاهانە دروستی دەکەین. بۆیە نەتەوە تەنیا میرات نییە، بوونێکە لەسەر میراتێک بونیات نراوە.
2. زمان و ئاسۆی هاوبەش
دیارە لێرە زمان، وەک ئامراز و وەک شوناس، زۆر گرنگە. نە لەبەر ئەوەی یەک زمان لە هەموو زمانەکانی تر باشترە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هیچ کۆمەڵگایەکی سیاسی ناتوانێ بەتەواوی بەبێ ئاسۆیەکی ڕوون و بەبێ گۆڕەپانێکی هاوبەش بژیت.
سۆرانیم هەڵنەبژاردووە کە هەورامی بە کەمتر بزانم؛ هەڵمبژاردووە بۆ ئەوەی بتوانم ئەو گوتارەی لەسەری دەنووسم و بیری لێ دەکەمەوە، لە هەموو کوردستاندا بڵاو ببێتەوە. چونکە ئەوەی پرس و کەڵکەڵەی منە، ئایندەی گەلێکە بە هەموو پێکهاتە و جیاوازییەکانییەوە. لە بارەی کوردستان و کوردبوونەوە، لەگەڵ سەرجەم کوردستان قسە دەکەم. ڕەنگە بپرسن ئەمە بە هەورامیش دەکرێ و لەوانەیە مانایەکی تریشی هەبێ، منیش ئەوە ڕەد ناکەمەوە. بەڵام زمان لێرە ئامرازە، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە ئامرازێکم هەڵبژاردووە سەرەتا کوردی بێت، پاشان لە مەیدانی ئەندێشەی کوردی و تەنانەت لە ڕووبەری گشتیی ئێستای کوردستاندا مەجالی گەیاندنی زیاتری هەبێت.
نەتەوە تەنیا بەوە پێوانە ناکرێ کە چەند جیاوازیی لە خۆی هەڵگرتووە، بەڵکو بەوە پێوانە دەکرێ چۆناوچۆن جیاوازییەکان دەخاتە ناو خەیاڵێکەوە تا هەمووان خۆیانی تێدا ببیننەوە.
3. جیاوازی وەک پرد، نەک دیوار
ئەو فکرەی پێی وایە دەبێ هەر نووسەرێک بە زاری ناوچەکەی خۆی بنووسێ، یان لەبەر ئەوەی من هەورامیم دەبێ خۆم لە گوتاری گشتیی کوردستان داببڕم، ئەمە هەورامیبوون و زمانەکەم دەکا بە دیواری جیایی، بەڵام من دەمهەوێ زمانەکەم ببێتە پردی پەیوەندی. ئەمەش بە واتای پشتکردن لە هەورامی نییە؛ بەپێچەوانەوە، دەمهەوێ هەورامی بەشێک بێت لە کوردستانێکی فراوانتر، نە وەک کەسانێک بە ئاواتن هەورامی لە کورد داببڕن و کوردستان لە هەوراماندا کۆتایی پێ بێت. من بە کوردستان، لایە لایە بۆ هەورامان دەکەم.
جگە لەوەی خۆم بە هەورامیی نووسیوومە و دەنووسم، لە ساڵانی ڕابردووش زۆربەی وتارەکانم لەسەر شیعر و ئەدەب و نووسەرانی هەورامی بووە. وەک تێبینییەکی لاوەکیش، زیاتر لە بیست بۆ بیستوپێنج ساڵ لەمەوبەر، لە وڵامی پرسیارێکی پێچەوانەدا کە "بۆچی بە هەورامی بنووسین؟" زەروورەتی نووسین بە هەورامیم تەتڵە کردووە، کەچی ئەوکات هاوڕێیان فارسییان دەنووسی! کەوایە، بابەتەکە کێشەی زمان نییە؛ کێشەی کوردبوونە. هەورامی نووسینیش ئەگەر لەپێناو کوردبوون بێت، بەداخەوە بۆ بڕێک هەر ئازاربەخشە. لە کاتێکدا
بۆ من گرنگە جیاوازییەکان لەگەڵ یەکتر بن، نە دژی یەکتر؛ یەکتر تەواو بکەن، نە یەکتر بسڕنەوە.
4. لە هەورامانەوە بەرەو کوردستان
وەک نووسەرێک، من سەربە گوتارێکی نەتەوەیی و مێژوویم، لەسەر چارەنووسی کوردستان و شوناسی کوردی بیر دەکەمەوە. ئەم شوناسە بۆ من تەنیا شوناسێکی سیاسی نییە، بەڵکو شوناسێکی فەلسەفیشە. بۆیە پرسی من تەنیا کۆمەڵگا نییە، "نەتەوە ئەندێشی"شە. لێرەوە من تەنیا تاکێکی هەورامی نیم؛ کوردێکم لە هەورامانەوە دێتە ناو کوردستانەوە.
لەوانەیە جیاوازی سەرەکی من و ئەو کەسانەی سۆرانی نووسینی من بۆیان پرسیارە، لەوێدا بێت کە وتم: ئەوان لە زمانەوە بەرەو جیاوازییەکان دەچن، کەچی من لە کوردبوونەوە بەرەو جیاوازییەکان و دیاردەکان دەگەڕێمەوە. کوردبوون لای من سیاسەت، مێژوو و زمان مانادار دەکات. نەتەوە کاتێک بەهێزە بتوانێ جیاوازییەکانی بپارێزێ و لە شوناسێکی گشتی و هاوبەشدا کۆیان بکاتەوە. لەم ڕوانگەیە، هەورامی و کوردبوون دوو هەڵبژاردەی دژبەیەک نین؛ دوو ئاستی یەک هەبوونن.
5. کوردی نووسین، نەک زارێک دژی زارێکی تر
کەڵکەڵەی یەکەمی من کوردی نووسینە، جا بە هەر زارێک بنووسم، دڵخۆشم کە خەریکم بە کوردی دەنووسم. من کوردی نووسینم لە بەرانبەری "ئەویتر"دا هەڵبژاردووە، نە لەبەر قینی ئەم زار یان ئەو زاری کوردییەوە. ئەمەش نەریتێکە و لە مێژوودا بۆمان ماوەتەوە؛ هەر وەک چۆن مەولەوی مەزن بە زارێک جگە لە زارەکەی خۆی، توانی لە ڕێی شێعرە نەخشینەکانییەوە سەری هەموو کوردێک لە هەموو سەردەمەکان بەرز بکاتەوە. باوەڕم وایە ئەوەی لەم نیشتمانەیە و سامانی کوردە نابێ پشتگوێ بخرێت.
گوتاری کوردی جگە لە پاراستن و کۆکردنەوە و خاوەنداریەتیی جیاوازییەکان، پێویستە بتوانێت "بوونێکی هاوبەش"یش بنیات بنێت. نەتەوە تەنیا ئەوە نییە جیاوازییەکان بپارێزێت، ئەوەشە لە نێوان جیاوازییەکاندا ئێمەیەک دروست بکات. ئەوەی یەکێتیی دەشکێنێت جیاوازی نییە، جیاوازییکردنە.
6. کوردبوون، مرواریدی وندا
کێشە ئەوە نییە من بە کام زاری کوردی دەنووسم؛ کێشەکە ئەوەیە ئێمە چۆن کوردبوون دەفەلسەفێنین. زارە کوردییەکان موڵکی ناوچەیەکی تایبەت نین، موڵکی هەموو کوردێکن. ئەگەر کەسێک خۆی بە کورد بزانێت، نابێ زارێکی تری کوردی بە "زمانی ئەوان" وێنا بکات. نووسین بە هەر بەشێکی زمانی کوردی بۆ دژایەتیکردنی بەشێکی تر نییە، ئەمە ڕاستییەکە و پێویستە سەرجەم "زمانی کوردی" بکەوێتە خزمەتی کوردبوونەوە. زمان جگە لە ئامرازی قسەکردن، ئامرازی دروستکردنی "ئێمە"شە. هاوتەریببازی "ئێمە" دروست ناکات. نووسین بە هەر زارێکی کوردی ئامرازە، نەک شەرەف. شەرەف ئەوەیە بۆچی دەنووسیت و نووسینەکەت لە خزمەتی چییە. کوردبوون لە هیچ زار و ناوچەیەکدا قەتیس ناکرێتەوە.
کۆتایی
کێشە ئەوە نییە کێ بە کام زار دەنووسێ، کێشە ئەوەیە کەسێک بە زارچیەتی و بە ناوچەگەرییەتی، بیهەوێ جیاوازییەکان بکاتە دیوار. جیاوازی ئەگەر پرد بێت، سامانە؛ ئەگەر دیوار بێت، دابڕانە. نەتەوە بە دابەشکردنی هێماکان نایەتە بوونەوە. ئەوەی جیاوازییەکان دەخاتە بەرامبەر یەکتر دابەشکەرە، ئەوەی دەیانخاتە تەنشت یەکتر دروستکەرە.
نەتەوە لە هەناوی هاوئاوازییەوە پێک دێت. بۆیە نەتەوە بەرهەمی قین نییە؛ بەرهەمی بیرکردنەوە و هوشیارییە.









