
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران "شێت"ـن و بانگەشەی ئەوەی کرد، دوای کۆتا هێرشەکانی ئەمریکا، بەرپرسانی ئێران بە وریاییەکی زیاترەوە قسە دەکەن و وەک پێشووتر دەنگ هەڵنابڕن.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی شەممە لە ویلایەتی تێنسی دوای ئاماژەدان بە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە "شێت" ناوبرد و ڕایگەیاند کە دوابەدوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، دەنگهەڵبڕنیان وازلێهێناوە.
ترەمپ لە قسەکانیدا گوتی، ئەمریکا توانای ئەوەی هەیە زۆر بە خێرایی کۆتایی بە هەموو شەڕێک لەگەڵ ئێراندا بهێنێت و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی "نازانێت تاوەکو ئەمڕۆ چەندە لەگەڵیدا میهرەبان بووین". هەڕەشەکانی ڕابردووی بەرپرسانی ئێرانی بەبیرهێنایەوە و گوتی: "لە ڕاستیدا چیتر وەکو ڕابردوو قسە ناکەن."
سەرۆکی ئەمریکا دواتر قسەی لەسەر ئەو زیانانە کرد کە بەر توانای سەربازیی ئێران کەوتووە و گوتی، سوپای ئەمریکا تاوەکو ئێستا ١٥٩ کەشتی نقوومکردووە و توانا ئاسمانییەکانی ئێرانی لەناوبردووە." بە گوتەی ئەو "ئێران نە هێزی دەریایی هەیە، نە هێزی ئاسمانی و نە بەرگریی ئاسمانی."
١٦/١٠/٢٠٢٦









