
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدیداری مێری ئاشکرایکرد، ناوچەكە لەژێر مەترسییەكی گەورەدایە و پێویستە سیاسیەتی خۆمان لە بەغداد بگۆڕین، چونكە عیراقێکی دەوڵەمەند و ئارام واتای کوردستانێکی دەوڵەمەند و ئارامە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدیداری مێری سەبارەت بە بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزتر، یەكگرتن، ئاسایش و هاوبەشی ناوچەیی رایگەیاند، ناوچەكە لە دۆخێكی مەترسیداردایە و گرنگە وەك وڵاتانی دەوروبەرمان خۆمان ئامادە بكەین و لەگەڵ لایەنەكانی دیكە رێكبكەوین بۆ روبەڕووبوونەوەی دۆخەكە، چونكە لەڕووی ئابوورییەوە هەموو جیهان دۆخی خراپە و لە عیراق و كوردستانیش مەترسی ئەمنی و ئابوری هەیە، بۆیە پێویستە چارەسەر بدۆزینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەموومان پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی بكەین، لەئێستاشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كار لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی دەكات و لە چەند بوارێكدا بەرەو پێشەوەی دەبەین، هاوكات پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانمان زۆر باشە و لەگەڵ زۆربەی لایەنەكان پەیوەندیمان هەیە و پەیامی یەكێتی روونە.
باسیلەوەشکرد، شانازی دەكەم پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریكا، ئێران، روسیا و بەریتانیان و چەندین وڵاتی جیهان هەیە، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیاوی كەس نەبووە و نابێت، بۆیە ئەوەی دەڵێت یەكێتی بەقسەی وڵاتان دەكات هیچ لە سیاسەت نازانێت.
12/10/2026









