فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2026-10-21-20-54-34 دۆخی پێنج شاخەوان و چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوو هەفتە لەمەوبەر زیاتر لە ٣٠ چەکداری سەر بە فەرمانگەی ئیتلاعاتی سەقز،...
2026-10-21-20-53-19 و تەمەنی ۱۷ ساڵە و خەڵکی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵەکەیان، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری...
2026-10-21-20-52-07کاتێکدا چارەنووسی هەندێک لە دەستبەسەرکراوان نادیارە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ دوو هاووڵاتیی...
2026-10-21-20-44-27 تر ، ئاماژەی بەوەشكرد، سێ خولی دانوستان لەگەڵ واشنتۆن بە ئەنجامدانی شەڕەكان لەسەر ئێران كۆتایی هات و سەلماندی كە ئەستەمە متمانە بە بەڵێنەكانی بكرێت.عراقچی...
2026-10-21-20-42-27گەورە دەبێتەوە و جیهانیش دەکەوێتە ناو قەیرانێکی جدیی وزەوە. حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئەگەری ڕوودانی جەنگ پشتگوێ ناخات و لە ئەگەری پەرەسەندن...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

لە کاتی دەسپێکردنی هێرشەکانی ئیسراییلەوە بۆ سەر ئێران لە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا (١٣ی ژوەنی ٢٠٢٥) تا ئێستا لانیکەم پێنج چالاکوانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین قادری، سارا ڕەشیدیی کەچلانلوو، زەهرا پیردێهقان، پەروین (ئەختەر) ڕاسق قزڵباش و سیروان حەبیبی، لە شارەکانی بانە، پاوە، ورمێ و کامێران لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و پاشان ڕووبەڕووی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوونەتەوە. تا ئێستە هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.

لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نیشاندەری ئەوەن کە لەم قۆناغەدا دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەوتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی چاکوانانی سیاسیی کوردیان توندتر کردووەتەوە. بنەماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانە سەرباری بەدواداچوونی بەردەوام و سەردانکردنی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان، هیچ وەڵامێکی ڕوونیان لەسەر شوێنی ڕاگرتن، بارودۆخی جەستەیی و چارەنووسی منداڵەکانیان بە دەست نەهێناوە. هەروەها سەرباری بەڵگەکان و شایەتیی شایەتحاڵەکان لەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە، تا ئێستە ناونیشانی ئەم کەسانە بۆ دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەرکردن لە ناوەندە دادوەرییەکاندا تۆمار نەکراوە و دامودەزگا ئەمنییەکانیش بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندوون کە ئاگایان لە چارەنووسیان نییە.

بە گوێرەی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، ئەم پێنج چالاکوانە سیاسییە دوای دەستبەسەرکردن سەرەتا براونەتە دەستبەسەرگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بەڵام لەو کاتەوە هیچ دەرفەتێک بە دەستبەکاربوونی پارێزەر یان پێوەندی و دیداری بنەماڵەکانیان نەدراوە.

پێش شەڕەکە، زۆربەی ئەو کەسانەی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دەستبەسەر دەکران، بۆ لێپرسینەوە و ڕاگرتن لە دەستبەسەرگەکانی ئەم دەزگا ئەمنیانەدا دەبرانە ناوەندی پارێزگاکان. بەڵام لە شەڕەکەدا هەندێ لەم دەستبەسەرگە ئەمنیانە بۆردومان کران و هەر ئەمەش بووە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی گواستنەوە و ڕاگرتنی دەستبەسەرکراواندا. لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نیشاندەری ئەوەن کە دامودەزگا ئەمنییەکان هەندێ لە دەستبەسەرکراوانیان لە ماڵە پارێزراوەکاندا ڕاگرتووە یان گواستوونیانەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە پارێزگا نزیکەکانی وەک هەمەدان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات.

دامودەزگا ئەمنییەکان تا ئێستە بەرپرسایەتیی دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانەیان قبووڵ نەکردووە، شوێنی ڕاگرتنیان بە شاراوەیی ماوەتەوە، پێوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بڕاوە و دادگای ئەو شارانەیش ئامادە نیین هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان بدەن. ئەم بارودۆخە وای کردووە ئیمکانی بەدواداچوون بۆ بارودۆخیان ببێتە شتێکی مەحاڵ و نامومکین.

موحسین قادری
موحسین قادری، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٢ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە هاوینی ١٤٠٤ (٢٠٢٥) و لە مانگەکانی دوای دەستبەسەرکردنیدا، دوو جار بنەماڵەکەیان بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان لە سەرەتای پووشپەڕدا (کۆتایی ژوەن) لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە تێکهەڵچوونێکی سەربازیدا کوژراوە و بنەماڵەکەیشی بۆیان نییە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوە بەرن.

بەڵام دوای بەدواداچونی بنەماڵەکەی، ئەو کەسەی کە هاوکات لەگەڵ موحسین قادری دەستبەسەر کرابوو، هەندێ زنیاریی دیکەی درکاند کە چیرۆکێکی جیاواز لە ڕووداوەکە دەخاتە بەردەست. ئەم کەسە کە لە ناوچە سنوورییەکاندا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە و دوای سێ مانگ بە بارمتە ئازاد کرا، بە بنەماڵەکەی وتووە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا هیچ پێکدادانێکی چەکداری ڕووی نەداوە و هەردووکیان پێکەوە لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون و گوازرابوونەوە بۆ «دەستبەسەرگەی شەهرامفەر» لە شاری سنە.

ئەم کۆڵبەرە بە بنەماڵەی موحسین قادریی ڕاگەیاندووە کە ئەو و موحسین سەرەتا براونەتە دەستبەسەرگەی سوپای بانە و دوای چەند کاتژمێرێکیش ڕەوانەی دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە کراون. ئەم هاووڵاتییە دوای سێ مانگ لێپرسینەوە و کاتێک کە بۆیان سەلماوە هیچ پێوەندییەکی بە موحسین قادرییەوە نەبووە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراوە.

بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی خودی موحسین قادرییش لە شاری بانە دەری خستووە کە لەو بەروارەدا کە دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران وتوویەتی، هیچ جۆرە تێکهەڵچوونێکی سەربازی لە ناوچەی هەنگەژاڵ ڕووی نەداوە. هاوکات ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکەیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە هەمان ڕۆژ و ڕێکەوتدا دوو کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

موحسین قادری دواهەم جار لە خەرمانانی ١٤٠٤دا (سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەر بینراوە و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەکی جێباوەڕ لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی بەردەست نەکەوتووە، هاوکات هەندێ سەرچاوەی نافەرمی باس لە ئەگەری گواستنەوەی بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ دەکەن.

ئەمە یەکەم جار نییە دامودەزگا ئەمنییەکان هەواڵی کوژرانی ئەم ئەندامەی پژاک بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیەنن. ساڵی ١٤٠٠یش (٢٠٢١) دوای تێکهەڵچوونێکی سەربازی لە بەرزاییەکانی گوندی «عەلەمئاوا»ی بۆکان، دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بنەماڵەی موحسینی بانگهێشت کردبوو و پێی ڕاگەیاندبوون کوڕەکەیان کوژراوە.

ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ (٢٤ی جولایی ٢٠٢١) موحسین قادری لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) بە ناوی ئیدریس فیقهی لە بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیە کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسدارانەوە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سەرەتا هەواڵی کوژرانی ئەو دوو ئەندامەی پشتڕاست کردەوە. بەڵام دوای ماوەیەک لە بەیاننامەیەکی تردا ڕایگەیاند کە موحسین قادری زیندووە و ئیدریس فیقهییش دوای برینداربوون لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە. دوای ماوەیەکیش گرتەیەکی ڤیدیۆیی موحسین لە میدیاکانی پژاکدا بڵاو کرایەوە و ڕایگەیاند کە زیندووە.

سارا ڕەشیدیی کەچلانلوو
سارا ڕەشیدیی کەچلانلوو، هاووڵاتیی ٣٣ ساڵانی خەڵکی ماکۆ و ئەندامی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد، ڕۆژی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١١ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە کاتی ڕاپەڕینەکەی بەفرانبار لە ئۆتۆمبێلێکدا لە جادەی پاوە بۆ کرماشان، لە نزیک پاوە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا.

ئەم ژنەکوردە دوای ئەوەی دەستبەسەر کرا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان لە مەیدانی نەفتی ئەم شارە و لە کاتەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخ و چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی کرماشانیان کردووە و داوایان کردووە چارەنووسی کچەکەیان ئاشکرا بکرێت، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.

زەهرا پیردێهقان و پەروین (ئەختەر) ڕاسق قزڵباش
زەهرا پیردێهقان، ٣٢ ساڵان و خەڵکی چاڵدێران و پەروین (ئەختەر) ڕاسق قزڵباش، ٣٣ ساڵان و خەڵکی ماکۆ، ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، بە ڕیز لە ڕۆژانی ٤ و ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥دا (٢٥ و ٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران.

دەوترێت زەهرا پیردێهقان دوا ئەوەی دەستبەسەر کراوە ماوەیەک لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە تەورێز ڕاگیراوە و دواتر گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی نهێنیی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە ڕەزبەری ١٤٠٥دا (سێپتامبەری ٢٠٢٦) بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە زەهرا پیردێهقان و پەروین (ئەختەر) ڕاسق قزڵباش ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە بوون و هەردووکیان بۆ کاروباری سیاسیی پێوەندیدار بە ژنانەوە سەردانی ورمێیان کردووە.

بنەماڵەی ئەم دوو ژنە کوردە لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی دادگا، ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانیان لە ورمێ کردووە و داوایان کردووە بارودۆخ و چارەنووسی منداڵەکانیان ئاشکرا بکرێت، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

سیروان حەبیبی
سیروان حەبیبی بە کۆدی ڕێکخراوەیی ئارام سنەوە کە ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و خەڵکی سنەیە، ئێوارەی ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٦) لە گەڕەکی بێعسەتی شاری کامێران کەوتە ژێر چاودێریی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەوروبەر کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ١٨ی خەرمانان (٩ی سێپتامبەر) دەستبەسەر کرا.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، ئێوارەی ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٦) دەیان ئۆتۆمبێلی جامڕەشی وەزارەتی ئیتلاعات، هەندێ شەقامی گەڕەکی بێعسەتی کامێرانیان گەمارۆ دەدەن. نزیکەی کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، واتە ١٨ی خەرمانان (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٦)، سیروان حەبیبی لەسەر ماتۆرسیکلێتێک دەبێت و هێزە ئەمنییەکان دەکەونە دوای.

بە وتەی ئەم شایەتحاڵانە، ئۆتۆمبێلێکی وەزارەتی ئیتلاعات بە خێراییەکی زۆر خۆی بە ماتۆرسیکلێتی ئەم هاووڵاتییەدا دەکێشێت و لە ئەنجامدا سیروان بە سەختی بریندار دەبێت. دوای وەرگەڕانی ماتۆرسیکلێتەکەیش، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەری دەکەن.

ژمارەیەک هاووڵاتی کە بە ڕێکەوت لەو شوێنە بوون، دوای وەرگەڕانی ماتۆرسیکلێتەکە لەگەڵ پۆلیسی ١١٠ پێوەندی دەگرن و بە مەبەستی بەهاناوەچوون، لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک دەبنەوە. بەڵام هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنیان، تەقەی هەوایی دەکەن.

بە وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان، دوای چەند خولەکێک دەورییەیەکی پۆلیسی ١١٠ بەبێ ئەوەی ئاگای لە بارودۆخەکە بێت، دەگاتە شوێنەکە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێ دەکەن و پێیان ڕادەگەیەنن کێشەکە «ئەمنی»یە و ناچاریان دەکەن شوێنەکە بەجێ بێڵن.

بە وتەی شایەتحاڵان، سیروان حەبیبی لە کاتی دەستبەسەرکردندا بەرهەڵستی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی توندوتیژ لێیان داوە، پاشان پەڕۆیەکیان بەسەر دەموچاویدا کردووە و ڕایانکێشاوەتە ناو ئۆتۆمبێلێکی سەمەندەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

بنەماڵەی ئەم چالاکوانە سیاسییە چەندین جار چوونەتە ئیدارەی ئیتلاعات و فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی شارەکانی سنە و کامێران و داوایان کردووە چارەنووسی کوڕەکەیان ڕوون بکرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو دوو دەزگایە وتوویانە ئاگامان لە چارەنووسی کوڕەکەتان نییە. هەروەها بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، هیچ دۆسیەیەکی یاسایی لە دادگاکانی کامێران و سنەدا بۆ ئەم هاووڵاتییە نەکراوەتەوە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)یش ڕۆژی ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥ (١٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٦) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سیروان حەبیبی ئەندامی ئەم حیزبە بووە و لە کاتێکدا بەبێ هیچ جۆرە چەکێک سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی ڕێکخستنی بووە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرباری شایەتیدانی ئەو کەسانەی لە نزیکەوە ئاگایان لە ڕووداوی دەستبەسەرکردنی سیروان حەبیبی بووە، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نیین بەرپرسایەتیی ڕاگرتنی قبووڵ بکەن و هیچ زانیارییەکیش لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی تەندروستیی ئەم ئەندامەی پژاک، بەیایبەت کە لە کاتی دەستبەسەرکردندا بە سەختی بریندار بووە، بە بنەماڵەکەی نەدراوە.

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ئەم هاووڵاتیانە لە بەردەوامیی چەندین حاڵەتی دیکەدایە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا تۆماری کردوون. ئیدریس فێقهی و عوسمان مامە لەو کەسانەن کە دوای دەستبەسەربوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، چەندین ساڵە لە دۆخی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا ڕاگیراون و تا ئێستەیش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.

١١/١٠/٢٠٢٦

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان